سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێ، کە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرەسی هێناوە و ئاماژە بە رێککەوتنێکی چاوەڕواننەکراو، دەکا.
بنیامین نتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ناوەندی توێژینەوەی “چاتام هاوس” لە لەندەنی پێتەختی بریتانیا، رایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران وڵاتە دراوسێکانی ”یەک لە دوای یەک“ بەشێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەڕێی میلیشیاکانەوە، داگیر کردووە و خەریکە ڕیشە دادەکوتێ، ”دەستی بەسەر لوبنان و یەمەندا گرتووە و هەوڵی ئەوە دایە دەست بەسەر عێراق و سووریاشدا بگرێ“.
هەروەها بنیامین نتانیاهوو رایگەیاندووە، ئەو هەڕەشەیەی ئێران لەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستی کردووە، وا دەکات ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتی ”سوننی مەزهەبی هاوچەرخ“ بیر لە دامەزراندنی هاوپەیمانییەک دژی ئەو وڵاتە بکەنەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە هەڵوەشانەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە و رایگەیاندووە، وڵاتەکەی بەهەموو شێوەیەک هەوڵ دەدا ئەو هاوپەیمانییە لەگەڵ وڵاتە عەرەبییە سوننی مەزهەبییەکان پێک بهێنێ، چونکە ئێستا ”رێککەوتننامەی سایکس بیکۆ هەرەسی هێناوە“.
بنیامین نتانیاهوو وریای کردەوە کە ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی، ئەوا بارودۆخەکە زۆر لەوەی هەیە خراپتر دەبێ لە بارودۆخی چەکی ناوەکیی کۆریای باکوور، چونکە ”توانای ناوەکیی ئێران 30 هێندەی توانای ناوەکیی کۆریای باکوورە“.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆتاییدا تیشکی خستەسەر ئەوەی کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە چاو بە سەربەخۆیی و سەروەریی وڵاتاندا بخشێنرێتەوە و مافی هەموو گەلانی جیهان دەستەبەر بکرێ.