وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پرێس کۆنفراسنێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ھیچ گومان لەوەدا نیە کە ئامریکا ڕۆڵی کورد و پێشمەرگە و قوربانییەکان بە گرینگ دەزانێ و، کورد بە هاوپەیمانی سەرەکیی خۆی دەزانێ.
ھێزر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان گوتی، “کورد دڵنیا دەکەینەوە کە ئەوان وەک ھاوپەیمانی ڕاستەقینەی ئامریکا دەمێننەوە”.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە کاتێکدا ئەو قسانەی دەکرد کە ھەموو ھەوڵەکان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و وتووێژ لە نێوان ھەولێر و بەغدا بەردەوامە و ھاوکات وتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش ڕایگەیاندووە کە ئەوان ھانی ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق دەدەن کە گفتوگۆکانیان بەردەوام بێ، ئاگربەستێکی درێژخایەن بێتە ئاراوە.
هەروەها لەوبارەیەوە ڕایان دیلەن، وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش ڕاگەیاندووە: “ئێمە ئاگامان لە کۆبوونەوەی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان هەیە و ئەگەر لەمەودواش داوامان لێ بکرێ، ئامادەین بەردەوام بەشداریی هەموو کۆبوونەوەکان بکەین”.