ئۆرگانی ڕاهێنان و زانست و فەرهەنگی ڕێکخراوی وڵاتە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند؛ کە توندوتیژی بەدژی هەواڵنێران و ڕاگەیاندکاران لە سەرانسەری جیهان بەرز بووتەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە گیانی هەواڵنێران لە مەترسیدایەو، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان دەسبەسەر و ئەشکەنجە دەکرێن.
یونیسکۆ رۆژی دووشەممە ٨خەزەڵوەر لە شاری بۆنی ئاڵمان ڕایگەیاند لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٦ لە ئاستی جیهاندا زیاتر لە ٩٣٠ هەواڵنێر کوژراون.
لە بەرەبەری دوویەمی نوامبر کە ڕێکەوتە لەگەڵ رۆژی جیهانیی “لە قاودانی بکەرانی تاوان و جەنایەت بە دژی ڕاپۆرتنێران” ، یوونیسکۆ بە بڵاو کردنەوەی ئامارێک باس لە کوژرانی ١٠٢ هەواڵنێر دەکا کە تەنیا لە ساڵی ٢٠١٦بەملاوە رووی داوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی یونیسکۆ وڵاتانی ئەفغانستان ، مکزیک ، یەمەن و عێراق و سووریە لە ساڵی رابردوودا زیاترن هەواڵنێریان تێدا کوژراوە.
ڕفاندن و ئەشکەنجە کردن و کوشتنی هەواڵنێران لە زۆربەی وڵاتان، لە کاتێکدایە کە بە وتەی یوونسکۆ تەنیا ١٠٠ی دە لە دۆسیەی پێوندیدار بە مەرگی هەواڵنێران لە دەساڵی ڕابردوو بەدواداچوونی یاساییان بۆ کراوەو، بکەران و بکوژانی هەواڵنێران لە لایەن دادگاوە سزا دراون.
ڕێکخراوی یونیسکۆ بە ئاماژەدان بە ڕێژەی بەرزبوونی ڕفاندن و دەسبەسەر کردن و کوشتنی هەواڵنێران بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبی و چین و تورکیەو ئێران، لەو بارەوە نیگەرانی خۆی دەربڕێوە.
شیاوی باسە ساڵی ٢٠١٤ بە هەوڵی ڕێکخراو و ناوەندە داکۆکیکارانی مافی رۆژنامەنووسان و پەیامنێران، رۆژێک لە ژێر ناوی گرینگی دان بە سزا و جەنایەت بە دژی ڕاپۆرتنێران و میدیا کاران لە رۆژ ژمێری فەرمی ئەو ڕێکخراوەیە دەسنیشان کرا.
جێی ئاماژەیە ٢ی نوامبر ڕێکەوتە لە گەڵ کوژرانی دوو هەواڵنێری ڕادیۆ فەرانسە لەوڵاتی “مالی” و لە کاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرت ، کە ئێستاشی لەگەڵ بێ بکەران و بکوژانی ئەو دوو هەواڵنێرە ئاشکرا نەکراون و، هەربۆیە بە رۆژی جیهانیی لە قاودانی بکەران و بکوژانی هەواڵنێران ناودێر کراوە.
شیاوی باسە لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی هەواڵنێران لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو وڵاتە هاوشان لەگەڵ وڵاتانی چین ، سووریە، بە زیندانی رۆژنامەنووسان و هەواڵنێرانی حرفەیی ناسراوەو جیا لە بانگ کردن و هەڕەشە کردن و ڕفاندنی هەواڵنێران، دەیان پەیامنێر و رۆژنامەنووس لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا ڕاگیراون.