ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ی زایینی، سەدان کەس لە کوردستانیانی خاوەن هەستی کوردی دانیشتووی وڵاتی ئوتریش بە مەبەستی شەرمەزار کردنی هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای داگیرکەری عێراق، بە پاڵپشتی سپای پاسدارانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران، ڕژانە سەر شەقامەکان و لە خۆپیشانێکی هێمنانە دا پشتگیری خۆیان بۆ گشتپرسی خەڵکی کوردستان و حکومەتی کوردستان دەربڕی. خۆپیشاندەران لە بەردەم پارلەمانی ئوتریش کۆبوونەوە و بە ڕێپێوان و درووشم دان بەرەو باڵوێزخانەی ئەمریکا ڕێپێوانیان کرد. لەو خۆپیشاندانە دا کە سەدان کەس لە کوردستانیانی هەر چوارپارچەی تێیدا بەشدار بوو، دەیان درووشم دژ بە ڕژیمە داگیرکەرەکانی عێراق، ئێران و تورکیە دران و داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە بە هانای کوردەوە بێن وڕێگە نەدەن کە بە بەرچاویانەوە کورد و حکومەتی کوردستان کە لە ماوەی ٢٦ ساڵی ڕابردوو دا وەک ولات و بنیاتێکی دیموکراتیک لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هەوڵی پاراستنی خۆی و کەمەنەتەوەکانی دیکەی نیشتەجێی کوردستانی داوە لە ناو بچێ و تاقمێک میلشیای دژ بە ئازادی و دیموکراسی دەسەڵات بگرنە دەست.
پێویست بە ئاماژەیە کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەو خۆپیشاندانە دا بەشدارییان کرد. کوردانی ڕۆژهەڵاتی و ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، جگە لە خەمخۆریان بۆ ئەو دۆخەی کوردستانی تێکەوتووە، دڵگرانی خۆیان سەبارەت بە چارەنووسی هاوڕێیان لە ڕێزی حیزب و ڕێکخراوەکانی دژبەری ڕژیمی ئیسلامی دەربڕی و داوایان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵوێزخانەی ئەمریکا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە بە هانای کوردانی ڕۆژهەڵات نیشتەجێ لە باشووری کوردستانەوە بچن، چونکا لە ئیستا دا و بە هۆی ئەو ئاڵوگۆرانەی کە لە ناوچەکە دا هاتووەتە پێش، ڕژیمی ئیسلامی ئێران هیزی باڵادەستە و هەزاران جەکداری حەشدی شەعبی پەیڕەوی لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی پاسدار قاسم سلێمانی، فەرماندەی لەشکی قودسی سپای پاسدارانی ئێران دەکەن.