سەرۆکووەزیرانی عێراق دوای سەردان و دیدار کردن لە گەڵ بەرپرسانی تورکیە، شەوی ڕابردوو گەیشتە فرۆکەخانەی مێهرئابادی تاران و لە لایەن شەریعەتمەداری وەزیری پێشەسازییەوە پێشوازی لێکرا.
حەیدەر عەبادی رۆژی چوارشەممە٣ی خەزەڵوەر لە گەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان و، چەند بەرپرسێکی دیکە لە تورکیە چاوپێکەتنی کرد و هەواڵەکان باس لەوە دەکەن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئوردوغان ڕایگەیاندوە: ئێمە هەمووکات دژ بەدابەشبوونی خاکی عێراقین و لەو بارەوە پاڵپشتی تەواو لە دەوڵەتی عێراق دەکەین.
حەیدەر عەبادی دوای سەردان کردن لە تورکیە ،خۆی گەیاندە تاران و رۆژی پێجشەممە لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی رۆژنامەوانی ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ناوەندی تەنیا بە هەڵوەشاندنەوەی گشتپرسی باشووری کوردستان رازی دەبێ و لەو بارەوە وتی: ئەنجامدانی گشتپرسی لەکاتێکدابوو، کە سەرقاڵی شەڕی داعش بووین و دوای ئەوەی یەکگرتوو بووین لە شەڕی داعشدا، هۆشداریمان دا کە ناوچە ئازاد کراوەکانی دەستی داعش ڕادەستی دەوڵەتی ناوەندی بکرێن.
قسەکانی عەبادی دوای چاوپێکەوتن لە گەل دوو وڵاتی دژبەری گشتپرسی لە کاتێکدایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا بە مەبەستی ڕەواندنەوەی ئاڵۆزییەکان و ڕاگرتنی شەڕ و گەڕانەوە بۆ سەر میزی وتووێژ ،سڕ کردنی ئاکامی ڕێفڕاندۆمی لە باشووری کوردستانی ڕاگەیاند.
بەڵام هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە حەیدەرعەبادی بە پاڵپشتی تاران و ئەنکارا لە هەوڵدایە بەتەواوی ئاکامی گشتپرسی هەڵوەشێنێتەوەو بە گوشاری نیزامی و سیاسی پاشەکشە بە ویستە سیاسییەکانی هەڕێمی کوردستان بهێنێن.
شیاوی باسە دوو وڵاتی ئیران و تورکیە لە سەرەتاوە بەرانبەر بە بەڕێوەچوونی ڕێفڕاندۆم دژایەتییان کردو، بە داخستنی سنوورەکان بەرووی باشووری کوردستان و هێنانی هێزی نیزامی و هاندانی دەوڵەتی، پەلاماری کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیان دا.
هێرش بۆ سەر شاری کەرکووک و تێکدانی دۆخی باشووری کوردستان لە کاتێکدایە کە پێشتر بەرپرسانی سیاسی و نیزامی کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا هەڕەشەیان لە هەرێمی کوردستان کرد و تەنانەت خامنەیی ڕێبەری نیزام ویستی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستانی بە خەیانەت ناوبرد.