سەناتۆر جۆن مەککین رایگەیاند، لە نێوان کورد و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی یەکێکیان هەڵبژێرێم، ئەوا کورد هەڵدەبژێرم.
جۆن مەکین، سەناتۆری کۆماریخوازەکانی ئامریکا، لە وتارێکدا لە رۆژنامەی “زە نیویۆرک تایمز”دا رایگەیاندووە، کە گەلی کوردستان ”هاوڕێی لەمێژینە“ی ئامریکان و لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیش زیاتر لە ئامریکا نزیک بوونەوە و ”کورد متمانەپێکراوترین هاوپەیمانی ئێمەیە“.
جۆن مەککین، کە سەرۆکی لێژنەی ”خزمەتگوزارییە سەربازییەکان“ـ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئامریکایە، هەروەها رایگەیاندووە، داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە کێشەیەکی گەورەی“بۆ ئامریکا دروست کردووە.
ئەو سەناتۆرە ئامریکاییە سیاسەتی ئامریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ”شکست خواردوو“ ناو دەبا، کە لە ئیدارەی سەرۆکی پێشوو بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئێستای ئامریکا ماوەتەوە.
جۆن مەککین داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکان و بە سەرپەرشتیی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سپای قودسی ئێرانی و بەکارهێنانی چەکی ئامریکای لەو داگیرکارییەدا ”بە تەواوەتی قبوڵ نەکراو“ دادەنێ.
مەککین ئامادەیی قاسم سولەیمانی لە کەرکووک دوای وتارەکەی سەرۆکی ئامریکا لە دژی سپای پاسدارانی ئێران وەک دەستێوەردانی ئێران بۆ وڵاتەکەی دادەنێ و رایگەیاندووە، لە کاتێکدا ئامریکا خەریکی شەڕی دژ بە داعش بوو، ”دوژمنەکانی وەک ئێران خەریکی قۆستنەوەی بارودۆخەکە بوون“.
ئەو سەناتۆرە کۆماریخوازە بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی لەبارەی لایەنگریی بۆ پێشمەرگە یان میلیشیاکانی حەشد ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، ”با بە روونی بیڵێم، ئەگەر بەغدا گەرەنتی ئاسایش، ئازادی و ماف بە کوردەکان نەدا و ئامریکا ناچار بی لەنێوان میلیشیاکان و کورد یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەوا من کورد هەڵدەبژێرم“.
جۆن مەکین هەروەها رایگەیاندووە، ئێرانییەکان لەڕێی میلیشیا عێراقییەکانەوە خەریکی چاندنی تۆوی دووبەرەکین لە عێراق و ”سیاسەتی عێراق بە ئاراستەی دژایەتیی لەگەڵ ئامریکا دەبەن“.