ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ی زایینی، لە شاری ھامبورگ،ی وڵاتی ئاڵمان، خۆپیشاندانێکی گەورە لە بەردەم کۆنسوڵی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەو شارە ڕێکخرا. بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبەری ئەو خۆپیشاندانانە و چالاکییەکانی پەیوەندی دا بە هێرشی داگیرکەران بۆ سەر باشووری کوردستان، کومیتەیەکی هاوبەش لە نوێنەرایەتی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان کە بریتی بوون لە نوێنەری کومیتەی ح د ک، هەڤکا و کۆمکار، لە ژێر ناوی پلاتفۆرمی کۆمکار پێک هاتبوو کە لەو خۆپیشاندانە دا دەوری سەرەکی و کاریگەریان هەبوو.
لەو خۆپیشاندانە دا کە هەزاران لە کوردستانیانی دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان تێیدا بەشدار بوون، دەیان درووشم دژ بە دەستدرێژی و دوژمنکاری ڕژیمە داگیرکەرەکانی ئێران و عێراق و تورکیە بەرز کرابوونەوە. کوردستانیانی خاوەن هەڵوێست، لەو خۆپیشاندانە دا داوایان لە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ڕێگە نەدەن کوردستان ببێتە مەیدانی تەراتێنی حکومەتە دژی گەلییەکانی ئێران و عێراق و ئەو ئازادییەی کە دەیان ساڵە بە خوێنی دەیان هەزار ڕۆڵەی گەلەکەمان هاتووەتە دیی لە دەست بچێ. پێویست بە ئاماژەیە کە ڕێژەیەكی بەرچاوی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستان و یەكێتی لاوانی دێموكراتی ڕۆژھەڵاتی كوردستان لە وڵاتی ئاڵمان بەشدارییان لەو خۆپیشاندانە كرد و بە بەرز كردنەوەی درووشمی دژی ڕژێمی ئیسلامی ئێران و وڵاتانی داگیركەری كوردستان،بوونە دەنگی ھەرچوارپارچەی كوردستان بە تایبەت باشوری نیشتمان و ڕۆژھەلاتی كوردستان.