باڵیۆزی پێشووی ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ئێران لەمێژە پیلانی داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانیان داڕشتووە.
جۆن بۆڵتۆن، سیاسەتمەدار و باڵیۆزی پێشووی ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاوپێکەوتێنێکی لە کەناڵی “فۆکس”ی ئامریکاییدا پێداگریی لەوە کردووەتەوە، کە پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و ڕیاز ھیچ لە مەسەلەی دەسەڵاتداری لە عێراق ناگۆڕێ و ئێستا ئێران ستراتیژی عێراق دیاری دەکا و لە ڕێگەی خاکی عێراقەوە خۆی دەگەیەنێتە سووریە و لەوێشەوە لوبنان و گروپە تووندئاژۆکانی ئەو وڵاتە حزبوڵڵای لوبنانە.
جۆن بۆڵتۆن وێڕای ڕەخنەگرتن لە وڵاتەکەی دەڵێ، ئێران ستراتیژێکی ئامادەی ھەبوو بۆ قۆناغی دوا رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەویش فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر وڵاتانی ناوچەکە بۆ دروستکرنی ھیلالی شیعی و دواتریش ڕێگرتن لە سەربەخۆیی کوردستان، ”لە کاتێکدا ئامریکا بەردەوام ھاوکاریی عێراقی کردووە بۆ شەڕی دژ بە داعش، بەڵام ھیچ پلانێکی و ستراتیژێکی دیاریکراوی بۆ قۆناغی دوای داعش نیە“.
هەروەها ناوبراو سەبارەت بە ھێرشی چەکدارانی حەشدی شەعبی بە سەرپەرستیی و بەشداریی سپای پاسداران بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە و داگیرکردنیان، ئەو دیپلۆماتکارە ئامریکاییە ڕەخنە لە بێ ھەڵوێستیی ئیدارەی ئێستای وڵاتەکەی دەگرێ و دەڵێ، ”کوردەکان ھاوپەیمانی لەمێژینەی واشنگتۆنن و بێ ھەڵوێستی ئامریکا لەم ھێرشانەی بەغدا، کورد لە بەرامبەر ئایەتوڵڵاکانی تاران بە تەنیا بەجێ دێڵێ“.
بۆڵتن ڕەتی دەکاتەوە ھێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆسەر کەرکووک دەرئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بێ بەڵکوو ”ئەمە پیلانێکی پێشوەختەیە و لە ژێرناوی دژایەتیکردنی ریفراندۆم بەڕێوە چووە“.
جۆن بۆڵتن لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەی، ئاماژەی بەوە کردووە، کە عێراق وڵاتێکی داڕماوە و زۆر ئەستەمە دووبارە وەک یەک وڵات خۆی دروست بکاتەوە، ھەر بۆیەش ”باشترین ستراتیژی بۆ ئامریکا ئەوەیە پاڵپشتیی دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە کوردستان بکا“.