ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ی زایینی، هەزاران کوردی خوێن گەرم و خاوەن هەڵوێست، بۆ سەرکۆنە و شەرمەزار کردنی هێرشی سوپای عێراق و چەکدارانی حەشدی شەعبی و پاسدارانی ئێران، کە لە ژێر چاوەدێری راستەوخۆی پاسدار قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودس،ی ئێران بۆ سەر شاری کەرکووک و ناوچە ئازاد کراوەکانی دیکە باشووری کوردستان ئەنجام درا، خۆپیشاندانێکی کەم وێنەیان لە شاری بێرلین،ی پایتەختی ولاتی ئاڵمان ڕێکخست.
لەو خۆپیشاندانە کە دەکرێ وەک ڕیفراندۆمێکی دیکە بۆ پشتگیری خەڵک و خاکی کوردستان ناوببرێ، هەزاران کەس لە کوردستانیانی هەر چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشدار بوون و بە دانی درووشمی جۆراوجۆر و بەرز کردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و گوتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە، نارەزایەتی توندی خۆیان بۆ هێرش و پەلاماری هێزە دڕندە و وەحشییەکانی وڵاتانی داگیرکەر بۆ سەر کوردستانی ئازاد دەربڕی و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئامریکا و ئوروپا کرد کە بە هانای گەلی کوردەوە بچن و سنوورێک بۆ دەستدرێژژەکانی ئێران و عێراق و دەستێوەردانەکانی حکومەتی فاشیستی تورکیە دابنێن. کوردستانیانی خۆپیشاندەر داوایان لە ولاتانی ڕۆژئاوا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بە زووترین کات پێش بە دەستێوەردانەکانی ڕژیمی ئێران و سپای پاسدارن لە خاکی عێراق و ناوچەکە و جێهان بگرن و ڕێگە ندەنە کە ئەو ڕژیمە دژی ئینسانی و دژی ئازادییە لەوە زیاتر کوردستان، وڵاتانی ناوچە و جیهان بخاتە نیو شەڕ و ئاژاوەوە.
پێویست بە ئاماژەیە کە کۆمەڵێکی یەکجار زۆر لە کوردانی خاوەن هەڵوێستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان، لەو خۆپیشاندانە دا بەشدار بوون و بۆ جارێکی دیکە و بە دەنگی بەرز پشتگیری خۆیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان و دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دووپات کردەوە.