زانکۆ و گرینگییه‌کانی
خوێندی باڵا لە ئێران‌دا، زۆر کۆنە. بەڵام لە دوای دروستبوونی زانکۆی تاران له ساڵی ١٣١٣ڕا، ئەو شوێنە وه‌ک پێگه‌یه‌کی زانستی، سیاسی، ڕووناک‌بیری، کاریگه‌ریی تایبەتی له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران‌دا، هه‌بووه. توێژی خوێندکار هه‌م بۆ داخوازی سینفیی خۆیان و هه‌م چاکسازی لە کۆمه‌ڵگەدا، له‌گه‌ڵ دەسەڵات کێشه‌ی هه‌بووه. بیر و باوه‌ڕی چه‌پ و عه‌داڵه‌تخوازانه و پێشەنگ بوون لە چالاکییەکاندا، به‌هۆی مامۆستاکانی زانستگە، به‌تایبه‌تی له به‌شه‌کانی یاسا، سیاسه‌ت، فەلسەفە، ئابووری و زانستە مرۆییەکان لە رۆژەڤدا بوون.
لەساڵی ١٣١٦دا، گیرانی ژماره‌یه‌ک مامۆستا و خوێندکار که ٥٣ که‌س بوون و پاشانیش هه‌ر به‌و ناوه پێناسه کران، گرینگیی پرسی بزووتنەوەی خوێندکاری و کێشه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی، زه‌قتر کرد. دادگایی و بەندکردنی ئه‌وان و پاشان کۆشتنی دوکتور ته‌قی ئه‌رانی_ یه‌کێک له هه‌ڵکه‌وته‌کان لە ئێران که له وڵاتی ئاڵمان دوکتوڕای فیزیکی ئه‌تۆمیی خوێندبوو و مامۆستای زانای زانکۆ بوو_ دوو ساڵ دوای تێپه‌ڕکردنی زیندانییەکەی له زیندان، مه‌سه‌له‌ی خوێندکاری کرد به کێشه‌یه‌کی جیدی‌تر لە نێوان ده‌سه‌ڵات و زانکۆ‌دا. گۆڤاری دنیا که ئەرانی و هاوبیرانی بڵاویان ده‌کرده‌وه، کاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر توێژی خوێنده‌وار هەبوو.
له ره‌زبه‌ری ساڵی ١٣٢٠دا په‌هله‌ویی یه‌که‌م (ره‌زا شا)، له‌به‌ر لایه‌نگری له وڵاتی ئاڵمان _له‌شه‌ڕی دوویه‌می جیهانی دا_ به هۆی وڵاتانی موته‌فیق (سۆڤیەتی پێشوو، ئه‌مریکا و بریتانیا)، له ده‌سه‌ڵات لابرا و بۆ دووڕگه‌ی موریس له ئافریقای باشوور دوورخرایه‌وه. پاش ئەو ڕووداوە زیندانییه سیاسییه‌کان ئازاد بوون و به‌شی هه‌ره‌زۆری گرووپی ٥٣ که‌سی، له‌گه‌ڵ بیر چه‌په‌کان، حیزبی تووده‌ی ئێرانیان پێک هێنا. له‌و کاتی ڕا به‌ردی بناخه‌ی تێکۆشانی پتری خۆێندکاران به‌هۆی نه‌بوونی تێکۆشانی ئازادانه‌ی حیزب و رێکخراوه‌کان داندرا.
ماوه‌ی ١٢ ساڵ ئازادیی رێژیی له ئێران‌دا و دروستبوونی فه‌زایه‌کی نوێتر له‌پێشوو و ڕووداوه جۆراوجۆرە سیاسییه‌کان، به‌تایبه‌تی دامه‌زرانی حکوومەتی میللیی ئازه‌ربایجان و کۆماری کوردستان و شوێندانه‌ریی گرینگ‌یان له کۆمه‌ڵگەکانی خۆیان_ هەر چەند بەداخەوە ماوەیەکەیان لە نزیک ساڵێک تێنەپەڕی_ و پاشان قبووڵی بەناچاری سه‌رۆک وه‌زیریی دوکتور محەممەدی موسه‌دیق و ژمارەیەک وەزیر لە لایەن په‌هله‌ویی دووهه‌م (محه‌ممه‌د ره‌زا شا) وە و دروستبوونی زانکۆی ته‌ورێز _ ساڵی ١٣٢٦_ بزووتنەوەی خۆێندکاریی بەرەوسەر چوو.
کوودێتای ٢٨ ی گه‌لاوێژی ١٣٣٢(١٩٥٣) و گێڕانه‌وه‌ی په‌هله‌وی دوویه‌می راکردوو، بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵات، توندوتیژی و دادگاییە ناعادڵانه‌کانی د. موسه‌دیق، و ژمارەیەک لە گیراوەکانی دیکە، رۆژی ١٦ی سه‌رماوه‌زی ١٣٣٢ ناڕه‌زایه‌تیی له زانکۆی تاران، له‌کاتی هاتنی ریچارد نیکسۆن _جێگری سه‌رکۆماری ئەوکاتی ئه‌مریکا_ بۆ ئیران ڕووی دا. خوێندکارەکان هێرشی نیزامی‌یان کرایە سەر و سێ که‌س لەوان به ناوه‌کانی قەندچی_ لایه‌نگی جه‌بهه‌ی میللی_ و شه‌ریعه‌ت ره‌زه‌وی و بوزورگ‌نیا – لایه‌نگرانی حیزبی تووده_ کوژران و چه‌ند که‌س بریندار و ژماره‌یه‌کیش گیران. له‌و کاتی ڕا، هه‌موو ساڵێ، یادی ئەو رۆژە خوێناوییە ده‌کرێته‌وه. رێژیمی شا، له ماوه‌ی ٢٥ ساڵ دوای کوودێتادا، نه‌یتوانی سه‌نگه‌ری ناڕه‌زایه‌تیی زانکۆکان کپ بکا.
دوای سەرنەکەوتوویی رێفۆرمی ١٣٣٩_ ١٣٤٢ له لایه‌ن په‌هله‌ویی دووم و دەسەڵاتبەدەستەکانی و ئیزننەدان بە حیزب و رێکخراوەکانی دژبەر بەشێوەی یاسایی، تێکۆشانی چریکی و چه‌کدارانه له ژێر کاریگه‌ریی بزووتنه‌وە چه‌کدارییه‌کانی ڤێتنام، کووبا، ئه‌لجه‌زایر و… دوو رێکخراوی موجاهیدینی خه‌لقی ئیران_ له ساڵی ١٣٤٤_و چریکه فیداییه‌کانی خه‌ڵقی ئێران _لە ساڵی١٣٤٩_ دروست بوون. زۆربەی ڕێبەرانی ئەو دوو رێکخراوەیە، خوێندکار یا دەرچووی زانکۆکان بوون. هەروەها، خوێندکاران له وڵاتانی ئورووپایی، ئه‌مریکا و کانادا به‌دژی سه‌ره‌ڕۆیی و ته‌په‌سه‌ری رێژیمی شا، زۆر چالاک بوون و کۆنفێدڕاسیون پێگه‌یه‌کی گرینگی له‌و خهباتەدا، هەبوو.
له گه‌رمه‌ی ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران، به‌تایبه‌تی له دوای ڕه‌زبه‌ری ١٣٥٧دا، زانکۆ و قوتابخانه‌کان شوێنی گرینگی ناڕه‌زایه‌تییەکان بوون و تەنانەت زانکۆی تاران وه‌ک سه‌نگه‌ری ئازادی ناوی دەبرا.
ده‌فته‌ری ته‌حکیمی وه‌حده‌ت
دوای ٢٢ ی رێبه‌ندان و ئازادی رێژیی له ئێران بۆ ماوه‌یه‌کی کورت، تێکۆشانه سیاسیی و فه‌رهه‌نگییه‌کان له‌نێو زانکۆکان‌دا، بەشێوەی نوێ پەره‌یان گرت. چونکه ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگە، به‌ره‌و وه‌زعێکی نوێ ده‌چوون. پێکهاته‌ی زۆربه‌ی زیندانییه سیاسییه‌کانی ده‌یه‌ی ٥٠ لە رێژیمی شادا، خۆێندکارانی زانکۆ یا دەرچووانی زانکۆ بوون. به‌پێی مێژووی زانکۆ_ که بە کورتی باس کرا_ مه‌سه‌له‌ی سیاسی و دامه‌زرانی ژماره‌یه‌ک له ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی به‌رایی له ئێران، هه‌ڵقوڵاوی هەناوی زانکۆکان بوون. بۆیه به‌پێی کێش و فه‌زای نوێ، زانکۆکان ناوه‌ندێکی گرینگی سیاسی بوون و بەشێک لە رێکخراوه سهرانسهریهکان، به ناوێک خوێندکارانی لایه‌نگری خۆیان سازمان دابوو. سێ پێکهاته‌ی به‌هێز به ناوه‌کانی «خوێندکارانی پیشگام_ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی چریکه فیداییه‌کان_»، « سازمانی خوێندکارانی موسڵمان _ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی موجاهیدینی خه‌لق_» و « خوێندکارانی دێموکڕات_ لایه‌نگرانی حیزبی تووده_»، له زانکۆ و زانستگەکاندا چالاک بوون.
خوێندکاره ئیسلامگه‌راکانیش له ده‌یه‌ی ٢٠ی هەتاوی به‌ولایه‌وه له چوارچێوه‌ی «ئه‌نجومه‌نه ئیسلامییه‌کان»دا، هه‌ڵسووڕ بوون و به‌پێی هه‌لومه‌رج تێ ده‌کۆشان. ئه‌وان زۆرتر چالاکییه‌کانیان به دژی گرووپه چه‌په‌کان بوو. له ده‌یه‌ی ٤٠دا، و به‌دوای دامه‌زرانی موجاهیدینی خه‌ڵق و به‌تایبه‌تی له ساڵی١٣٥٧ دا، به هاتنەبەرباسی پتر و داسەپاندنی ئا. خومه‌ینی وه‌ک رێبه‌ری راپه‌ڕین، خوێندکارانی موسڵمان، له پێشوو چالاک‌تر بوون.
«له هاوینی ١٣٥٨دا، ژماره‌یه‌ک له نوێنه‌رانی به‌شی خوێندکاره ئیسلامییه‌کان چوونه لای ئایەتوڵڵا خومه‌ینی و دامه‌زرانی یه‌کیه‌تیی خوێندکارانیان له‌گه‌ڵ باس کرد. ئەویش پشتیوانی لێکردن.(١)
له مانگی گه‌لاوێژی ئه‌و ساڵه‌دا، ئه‌نجومه‌نه ئیسلامییه‌کانی ٢٢ زانکۆ، له زانکۆی ئه‌میر که‌بیری تاران کۆبوونه‌وه و بابه‌ته‌کانی «ئیسلامی ناب، خه‌تی ئیمام و چۆنیه‌تی به‌ربه‌ره‌کانی له‌سه‌ر کارتێکه‌ریی ڕۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات و هه‌روه‌ها دژایه‌تیی له‌گه‌ڵ گرووپه چه‌پ و میللیگهراکان» تاوتۆێ کران.
پێره‌و و به‌رنامه‌ی سه‌ره‌تایی ئه‌نجومه‌نه ئیسلامییه‌کان له هاوینی ١٣٥٨ ئاماده کران. یه‌که‌م شوڕا که بریتی بوون له: حه‌بیبوڵڵا بێته‌ره‌ف، موحسین میردامادی، ئیبڕاهیمیئهسغهرزاده، …. سه‌یدزاده و محموود ئه‌حمه‌دی نیژاد و… ئەوان بۆ درێژه‌ی کاره‌کانیان ناوی کاتیی «ده‌فته‌ری ته‌حکیمی وه‌حده‌تی ئه‌نجوومه‌نی ئیسلامی»یان لێنا. ناوبراوان چونه لای ئا. خومه‌ینی و داوای نوێنه‌ری تایبه‌تیی ئه‌ویان له رێکخراوه‌که‌یاندا، کرد. (٢)
سەرچاوەکان:
١ و ٢: گفتگوی علی شکوری راد، دیروز و امروز دفتر تحکیم وحدت، سایت جهان امروز.
( لە ژمارەی ٧١٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)