Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۳ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 24/11/2017 |کاتژمێر:
هزروکولتور

لە سەرکەوتندا هەمووکەس قارەمانە ئازا ئەو کەسەیە لە شکستیشدا قارەمان بێ

23/10/2017 | 12:56:02
qalam
سامان خزری

دۆستێکم لە نێوخۆی وڵات هەیە کە زۆرجار بە تەلەفون قسەی لەگەڵ دەکەم و لەهەموو بابەتێک دەدوێین. دوێنێ (دووشەممە ٢٤ی ڕەزبەر) دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕووداوەکانی کەرکووکی باشووری کوردستان بە پەشۆکاوییەوە تەلەفونی بۆ کردم و دوای چاکوچۆنییەکی بەپەلە بە پشووسواری پرسی بۆخاتری خوا ئەوە چیە؟ دڵمان تۆقی، ئێستا لە هەموو ماڵێک تازیەیە و هەموو کەس خەفەتبارە. هەرچەند لەوکاتەدا بۆخۆشم هەر بەقەد ئەو دۆستەم لێ دەزانی، هەرچۆنێک بوو کەمێکم دڵخۆشیی ئەو دایەوە و بەڕواڵەت ئارامم کردەوە. بەڵام لەپاڵ خۆمدا هەر بیرم لێدەکردەوە و پێیەوە دەتلامەوە. هەتا ئەمڕۆ پاش دەرکەوتنی بەشێکی دیکە لە ئەڵقەکانی ئەو سێناریۆ خەمبزوێنە، بیرەکە بوو بە هەوێنی ئەم وتارە.
بەداخەوە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا پڕە لەو جۆرە تڕاژیدیایانە و کورد لە درێژایی ئەو خەباتە ڕەوا و پڕسەروەرییەدا زۆرتر ئەم جۆرە ڕۆژانەی تاقی کردۆتەوە و کەمتر بووکی ئاواتی لەمێژینەی لەباوەش گرتوە. داخی گەورەتریش ئەوەیە کە زۆرجار تڕاژیدییەکان پتر لەجارێک دووپاتە بوونەوە و کوردەکە کەمتر دەرس و ئەزموونی لێ وەرگرتوون. ئەگەر بمانەوێ لە ڕووداوە دڵهەژێنەکانی ئەو دوو ڕۆژەی باشووری کوردستان ورد بینەوە، بەجێیە شوێنەوارەکانی لەسەر ژیان و خەباتی کوردانی باشوور و کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان و (لێرەدا خۆرهەڵاتی کوردستان) بە جیا بخەینە بەر باس.

لەبارەی باشووری کوردستانەوە:
گەلی کورد لە باشووری نیشتمانی دابەشکراوی کورد، مێژوویەکی دوورودرێژ و پڕحەماسە و فیداکاری و قوربانیدانی هەیە. بەئاسانی دەتوانین بڵێین باشووری کوردستان لە سەد ساڵی ڕابردوودا پتر لە هەموو بەشەکانی کوردستان شانۆی خەبات و تێکۆشانی قارەمانانە بۆ وەدەستهێنانی ماف و ئازادییە ڕەوا و زەوتکراوەکانی نەتەوەی کورد بووە. بەو پێیە ئەم بەشەی خەڵکی کوردستان زۆر ڕۆژی پڕشنگداریان بەخۆوە دیون و زۆر ڕووداوی تاڵ و نەخوازراویشیان تاقی کردوونەوە. کەوایە لەو بارەیەوە خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندن و دەگەڵ هەموو گەورەیی ئەم کارەساتە لەتوانایاندا هەیە لەو هەورازەش سەرکەون و ئەم کۆسپەش تێپەڕێنن.
بۆیە جێی دڵگرانی و سەرسوڕمانە کە دەبینین لەم نسکۆیەدا سەرکردەکانی بزووتنەوەی کوردی باشوور بە جۆرێک هەڵچوون و شڵەژاوییەوە بەرەوڕووی ڕووداوەکە بوونەوە. چونکە کەوتوونەتە تۆمەتبارکردنی یەکتر و تەنانەت بێ پەروا ناووناتۆرەی وەک خائین و خۆفرۆش و کوردفرۆش بەسەر یەکتردا دەبەشنەوە. کار گەیوەتە جێگایەک کە نیگەرانی لە لێکترازان و دروستکردنەوەی دوو ئیدارەیی و لەوەش زیاتر دابەشکردنی باشووری کوردستان دڵ و هەناوی هەموو دڵسۆزێکی کوردی داگرتوە. واتە ئەگەر لە پەیمانی سایکس _ پیکۆ کوردستانی گەورە لەسەر دەستی دەسەڵاتە سەردەست و بێدەربەستەکان کرایە چوار بەش، ئێستا مەترسی هەیە دووەمین چووکترین بەشی وڵاتەکەمان لەسەر دەستی کورد خۆی بکرێتە سێ بەش: زۆنی زەرد و زۆنی سەوز و زۆنی «مۆر».
گومان لەوەدا نیە کە ئەوەی لەو دووڕژەدا بەسەر کورد و بزووتنەوە دادخوازانەکەی هاتوە یەکێک لە گەورەترین نەهامەتییەکانی مێژووی هەموو کوردستانە. بەڵام ئەمە نابێ دەستوپێ لە ڕێبەرانی کورد ون بکا و لەجیاتی هەوڵی یەکڕیزی و دۆزینەوەی هۆ یان هۆیەکانی ئەم کارەساتە، ڕیزەکانیان لێک بترازێنن و کارەساتێکی گەورەتر بخوڵقێنن. ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو پێکەوە و هەر حیزبە بەجیا و تەنانەت هەرسەرکردەیەک لەبەر خۆیەوە بیر بکەنەوە کە ئەوەی ڕووی دا چەندی خەتای خۆم و خۆمان بوو و چەندی بەهۆی نەخشە و پڵانی دوژمنانەوە بوو. وەختی ئەوەیە هەر لایەنە بەشی خۆی لە بەرپرسایەتی بگرێتە ئەستۆ و ئازایانە داوای لێبووردن لە نەتەوەکەی بکا. ئاسانترین کار ئەوەیە لە هەر ڕووداوێکدا تۆمەت بدەیە پاڵ خەڵک و پاکانە بۆخۆت بکەی، بەڵام ئەمە ناتوانێ برینەکە چارەسەر بکا و زیانەکە قەرەبوو بکاتەوە.

بۆ کوردی خۆرهەڵاتی کوردستان:
ئەوە کە کوردی خۆرهەڵات دڵی دەگەڵ کوردی باشوورە و لە سەرکەوتن و نەهامەتییەکانیدا خۆی بە شەریک دەزانێ هەستێکی زۆر پیرۆزی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتییە. دیتووشمانە کە لە زۆربەی ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکانی باشووری کوردستاندا هەست و سۆزی خۆرهەڵاتییەکان لە هی باشوورییەکان گەرموگورتر دەرکەوتوە و بەربڵاوتر خۆی نواندوە. بەڵام کوردی خۆرهەڵات دەبی لەبیریان بێ کە پێش هاودەردی و هاوپێوەندیی کوردی باشوور و باکوور و خۆرئاوا ئەرکێکی شۆرشگێڕانەی گرنگتریان لەسەر شانە. دەگەڵ ئەوەی هەموو ویژدانێکی سالم دەزانێ کوردستان یەک وڵات و کورد یەک نەتەوەیە، نابێ ئەو ڕاستییە لەبەر چاومان ون بێ کە بەدەر لە ویستی ئێمە کوردستان بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کراوە و ئەرکی بنەڕەتیی کوردی هەر بەشێک خەبات بۆ پساندنی کۆت و بەندی دیلی و ژێردەستی لە شان و ملی خۆیەتی.
دەگەڵ داوای لێبووردن لە هەموو ڕۆڵەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان و شانازی بە هەستی شۆرشگێڕانە و هەڵوێستی ئازایانەیانەوە، ئیزن دەخوازم بڵێم هاودەردی لەگەڵ بەشەکانی دیکە ئەگەر هەوڵوتەقەلای بەکردەوە بۆ ڕزگارکردنی بەشەکەی خۆمانی لەپشت و لەپێشەوە نەبێ خۆفریودان و کوردایەتیی بێ باج و خەراجە. با لەبیرمان نەچێ ئەگەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زۆرجار چاو لە دەربڕینی هەستی هاودەردی بەرامبەر بەکوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان دەپۆشێ، نە لەبەر دێموکڕاتبوونیەتی نە لە خۆشەویستی بۆ کوردانی دەرەوەی ئێرانە. هەر ئەو پیلانگێڕییە تازەیەی لە دژی کوردی باشوور کردی بەڵگەی ڕاستی و دروستیی ئەم بۆچوونەیە. کەوایە کۆماری ئیسلامی بەو چاوپۆشییە دەیەوێ وا بە دنیا نیشان بدا کە کورد لە ئێران لە هیچی کەم نیە و هە رئەوەندەی ماوە غەمی کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان بخوا. قسەی خۆمان بێ تاڕادەیەکیش توانیویەتی لەو بوارەدا سەر بکەوێ.
دەردی کوردی خۆرهەڵات شتێک نیە هیچکەس بۆیان بەیان بکا. ئەمە ئازارێکە هەموو کوردێکی خۆرهەڵاتی بە ئێسک و پێست و گۆشت و خوێن هەستی پێدەکا و پێیەوە دەتلێتەوە. ئەمە دردێکیشە نە بەو هاودەردییانە دەرمان دەکرێ و نە جگە لەخۆیان بەهیچ کەس دەرمان دەکرێ. خۆفریودانیش نیە ئەگەر بڵێین کورد لە ئێران بەومەرجە بۆخۆی لە غەمی خۆیدا بێ ئاسۆیەکی ڕوونی لەبەر دەمە. چونکە داخوازەکانی ڕەوان، پلەیەکی بەرزی لە وشیاریی سیاسی و نەتەوایەتی هەیە و ئەگەر لە مەیدانەکەدا چالاک بێ دەتوانێ بەزوویی و بەئاسانی هاودەردییەکی بەرینی بیروڕای گشتیی جیهان و تەنانەت کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکانیش وەدەست بێنێ، چونکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە هەر لەجێدا ڕێژیمێکی بەدناو و بێزراو بووە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر لەڕادەی جیهانیدا تاک و تەریک کەوتۆتەوە.
کەوایە ڕۆژی بڕیار و هەستانەوەیە. پێویست ناکا (وەک زۆر جارمان دیتوە) چاومان لەخەباتی پێشمەرگانە یان چالاکیی حیزبە سیاسییەکان بێ. مەیدان بۆ دەربڕینی داخوازەکان زۆر و زەوەندن. دەبێ لە هەموو دەرفەتەکان کەلک وەربگیرێ و هیچ بوارێکی تێکۆشان بە کەم نەگیرێ. خۆ ئەگەر شێوەی خەبات و بەرەنگاری کەم تێچووتر بێ زۆر باشتریشە و هەر هەنگاوێکمان دەتوانێ ڕێخۆشکەری هەنگاوی دواترمان بێ.

لە کۆتاییدا:
دەڵێن هەتا شەو تاریکتر بێ بەیانی ڕووناکتر دەبێ. لەخۆمانی ناگۆڕین کە ئەوەی دووشەممەی ڕابردوو ڕووی دا کارەساتێکی جەرگبڕ بوو کە هەر نەبێ بۆ ماوەیەک زۆر لە هیوا و هومێدەکانی لە دڵی دڵسۆزانی کورددا سڕیەوە. لە هەمووشی تاڵتر ئەوە بوو کە دیتمان ئەو گشتە «دۆست»ە هەرێمی و نێودەوڵەتییە کە هێندێ کوردی خۆشباوەڕ هومێدیان پێ بەستبوون لەو تڕاژیدییەدا متەقیان لەخۆ بڕی و حاشا لە هاودەردییەکی سەرزارەکییش، کە بەحەق بۆ پەندلێوەرگرتن دەبێ. بەڵام گەلانی ئازادیخوازی دنیا بەزۆر ئەزموونی وا تاڵدا تێپەڕیون و سەرەنجامیش بە ماف و ئامانجە ڕەواکانیان گەیشتوون. بە دڵنیاییەوە کوردیش لەو ڕێسایە هەڵنابڕێ.
لە گەورەپیاوێک دەگێڕنەوە کە دەڵێ: «قارەمان ئەوە نیە قەت نەکەوێ، قارەمان ئەوەیە دوای هەموو کەوتنێک هەڵستێتەوە». ئێمەش بێگومان پشت لەژێر باری ئەم نوشوستییە ڕاست دەکەینەوە. بەڵام با فێر بین نە لە سەرکەوتندا لەخۆمان بایی بین و نە لە ڕۆژی تەنگانەدا بڕووخێین و ورە بەردەین و ناهومێد بین.

( لە ژمارەی ٧١٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)