Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۳ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 24/11/2017 |کاتژمێر:
جۆراوجۆر

بیری چەپ و دۆزی سەربەخۆیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان(٧_٦)

23/10/2017 | 11:57:45
kamaranaminawa
د. کامران ئەمین ئاوە

بیری چەپ و پرسی نەتەوەیی لە نێوان ساڵەکانی ١٣٢٠ هەتا ١٣٥٧ی هەتاوی

پاش ڕووخانی دەوڵەتی ڕەزاشا، حیزبی توودەی ئێران وەکو جێگرەوەی حیزبی کۆمونیستی ئیران لە ١٠ی ڕەزبەری١٣٢٠ دامەزرا. لە بەرنامەکانی حیزبی توودەی ئێران لە ٢ کۆنگرەی یەک [١٠ گەڵاوێژی ١٣٢٣] و بە تایبەتی کۆنگرەی ٢ دا کە دوو
ساڵ دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و حکوومەتی میللیی ئازەربایجان لە ٥ی بانەمەڕی ١٣٢٧ پێکھات، لە بەندی ١٠ی بەشی خەباتی سیاسیدا تەنیا باسی» ئازادییتهواو بۆ کەمایەتییەکان لە کاروباری فەرھەنگی و ئایینیی خۆیان»دا(١) دەکرێ و باسێک سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوەیی و مافی چارەنووسی لێنینی لە گۆڕێدا نیە. ھەروەھا لە پلینۆمەکانی ١ ھەتا ٦ی حیزبی توودەی ئێران لە کۆی سەنەد و بەڵگەکانی حیزبی توودەی ئێران کە لە ساڵی ١٣٦٠دا بڵاو بۆتەوە،هیچ باسێک لهپرسی میللی لە ئیران وەبەرچاو ناکەوێ، بەڵام لە بەرنامەی حیزبی توودەی ئێران پاش پلنۆمی ٧ و کۆنفرانسی یەکگرتن لەگەڵ فرقەی دیموکراتی ئازەربایجان لە ھاوینی ١٣٣٩ی ھەتاوی لە بەشی «بریارنامەی پلینۆمی ٧ (گەورە) کۆمیتە ناوەندی حیزبی توودەی ئێران سەبارەت بە مەسەلەی یەکگرتویی ڕێبەری و سازمانی حیزبی چینی کریکار لە ئێران» لە بەندی ٤دا ئاماژە بە «بایەخ و هەستیاریی مەسەلەی میللی لە ئێران» دەکا و بە چەشنێکی ڕەسمی لە بەرنامەی خۆی، لە بەشی مەسەلەی میللیدا باسی «مافی کامیلی چارەنووسی گەلەکانی دانیشتووی ئێران» دەکا.(٢)لە درێژایی تەواوی ئەو ساڵانە کە بەسەر ھەوەڵین بەیانییەی فرقەیکۆمۆنیستی ئێران تێپەر بووە سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی ڕێکخراوەکانی چەپی ئێرانی لە پرۆگرامی خۆیاندا باسی یەکیهتیی دڵخوازانەی نەتەوەکانی ئێران و جاروبار مافی جیابوونەوە دەکەن بە ھۆی بڕوامەندییان بە تەواوهتیی خاکی ئێران، یەکیهتیی چینی کریکار و دامەزراندنی سۆسیالیسم لە ئێراندا ئەم مەسەلەیە تەنیا لە سەر لاپەرەی پڕۆگرامەکەیاندا ماوەتەوەو کێشەی «میللی»یان وەکو پاشکۆی کێشەی چینایەتی پێناسە کردوە. سەرەڕای ئەوەش کە «خەبات بۆ یەکگرتنەوەی وڵاتە دابڕاوەکانی میللی»(٣) وەکوو چەشنێک لە خەباتی دژی ستەمی میللی پێناسە دەکەن، کاتێک ئەمباسه بە ئێران دەگا، بەپێی ئەم قسهیهی لێنین کە» بەرژەوەندی سۆسیالیسم سەرتر لە بەرژەوەندی و قازانجی میللەتەکان بۆ چارەنووسی خۆیانە»(٤) لە ڕوانگەی حیزبێکی سەرتاسەری چەپەوە، خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی لە چوارچێوەی وڵاتێک، یانی لە چوارچێوەی یەکپارچەیی وڵاتی ئێرانن. تەنانەت کاتی ھەڵسەنگاندنی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانە کوردیش نیشانەی ناسیۆنالیست و وەدواکەتوویی لێدەدەن. بۆ وێنە دوکتور گەڵاوێژ یەکێک لە کادرە کوردەکانی حیزبی توودەی ئێران و فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان بەم چەشنە باسی کۆمەڵەی (ژ. ک) دەکا: ئەم حیزبە لە ژێر دروشمی دژی فاشیستی، دژی فئودالی و خەباتی دژی کۆنەپەرەستی لە ماوەیەکی کورتدا نفووز و وەج و ڕێزێکی بێ وێنەی لە نێو خەڵکی نیشتمانپەروەر و پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێری کوردستان وەدەست ھێنا(٥) [بەڵام] «دروشمی سەرەکیی کۆمەڵە وەکوو «کوردستانی گەورە» ھۆی دوورکردنەوەی خەباتی گەلی کورد لە ڕاستییەکان، بەھێزکردنی دوژمن و لاوازکردنی گەلی کورد بوو.(٦)
دوکتۆر ڕەحیم قازیش لە تێزی خوێندنی بۆ وەرگرتنی دەرەجەی دوکتۆریی زانستی مێژوو لە ساڵی ١٩٧١ لە باکۆ دروشمی وێکخستنی تەواوی بەشەکانی لەتلەتکراوی کوردستان لە لایەن کۆمەڵەی ژ، ک بە هەڵە دەزانێ و دەڵێ: ئاشکرایە کە ئەمە ئامانجی تەواوی گەلی کودە بە تێکڕایی و، ئامانجی دواڕۆژی جووڵانەوەی ڕزگاریی نەتەوایەتیی گەلی کوردە؛ بەڵام لە زرووف و سەردەمی کاتی شەڕی دووەمی جیهانیدا(تەنانەت ئێستاش) خەبات بەڕێوەبردن لەژێر ئەم دروشمەدا بە ئەنجامێکی پێویست و باش نەدەگەیشت.(٧)
دوکتۆر قاسملووش کە نزیک بە سی ساڵ ئەندامی حیزبی توودەی ئێران بوو، تەنانەت کاتێک لەم حیزبە جیادەبێتەوە و ڕۆڵێکی سەرەکی لە بووژاندنەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەگێرێ، بەبیری چەپێکی ئێرانییەوە مەسەلەی سەربەخۆیی کۆمەڵەی ژ. ک لێکدەداوەتەوە و لە «چڵ ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی»دا، کۆمەڵەی ژ. ک بە ڕێکخراوێکی ناسیونالیست و داخراو ناو دەبا کە بۆ «کوردایەتییڕووت» ھەوڵی دەدا و نەیتوانی «خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لەگەڵ جووڵانەوەی ھەمووی ئێران» لێکگرێ بدا.(٨) لە لایەکی دیکەوە دوکتۆر قاسملو ووەک دوکترینی خودموختاری سەرەتا لە کۆنفرانسی سێھەمی حیزبی دیموکراتی کوردستان و پاشان کۆنگرەکانی حیزب و بە تایبەتی لە بابەتێک بە ناوی «باسیک لە سەر دروشمی بنەرەتیی حیزب» لە ساڵی ١٣٦٤دا بە پێی نەبوونی بارودۆخ و ھەڵومەرجی پێویست بۆ هێنانهبهرباسی دروشمی سەربەخۆیی یان فیدراڵیزم، «دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان» وەکو دروستترین دروشم لە قەڵەم دەدا و، لە باشترین شێوەدا تیوریزەی دەکا و ئەم دروشمە وەک بەرھەمی «لێکۆڵینەوەیەکی دوور و درێژ» ناودەبا. دوکتۆر قاسملو لهبارهی ھێنانی دیموکراسی بۆ ئێران پێش خودموختاری بۆ کوردستان دەڵێ:»[…] دێمۆکراسیمان لە پێشەوە داناوە ھۆی ئەوەیە کە ھەم پێوەندیی بە ئێرانەوە ھەیە کە گشتیترە، بەرینترە لە کوردستان و ھەم ھاتوینە سەر ئەم بڕوایە کە بهبێ دێمۆکراسیی ڕاستەقینە، تەنانەت ئەگەر ئێمە خودموختاریشمان دەستکەوێ، ئەو خۆدموختارییە زامنێکی دیکەی نیە […]. ئێمە بەش بە حاڵی خۆمان موخالیفی ھەموو شێوە دیکتاتۆرییەکین کەوابوو بۆ ئێمە دێمۆکراسی وەک حیزبێکی دیموکرات ھەدەفە. حیزبێکی دیموکراتین بۆ ئازادی یان بۆ ئازادی ھەموو گەڵانی ئێران تێدەکۆشین». دوکتۆر قاسملو لەو بەشەدا کە باسی چەشنەکانی جێبەجێ کردنی مافی چارەنووس دەکا، سەبارەت بە خودموختاری کە شکڵی ھەڵبژاردەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بۆ چارەسەرکردنی مافی کورد لەو سەردەمەیە، ئاوا دەبێژێ: «شکڵی سێھەم؛ دیاریکردنی چارەنووس بە شیوەی خودموختارییە. خودموختاری وەختێک دێتە گۆڕێ کە بە گشتی ئەو گەلە نەیھەوێ جودا بێتەوە، یانی واز لە سەربەخۆیی بێنێ. نەشیھەوێ یان بارودۆخی وڵات بۆ فیدراڵی لەبار نەبێ.»(٩)
چەپ و مەسەلەی نەتەوەیی پاش شۆڕشی ساڵی ٥٧ی هەتاویی
پاش شۆڕشی ساڵی ٥٧ی ھەتاویی لە ئێران و ڕاگەیاندنی ڕەسمیی هاتنهمهیدانی سازمانێکی تازەی کوردستانی وەکوو «شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران _ کۆمەڵە» لە گۆڕەپانی خەباتی ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا کە بەشێکی بەرچاو لە ڕووناکبیر و کەسایەتیی کورد لە ڕیزیدا دەستیان بە کار و تێکۆشانی سیاسی کرد، بە ھۆی نەبوونی کۆنسێپتێکی نەتەوەیی و گرێدانی بەرژەوەندیی کورد لەگەڵ خەباتی چینایەتی لە کوردستان و ئێراندا گۆڕانکارییەک لە ڕەوتی بزووتنەوەی کورد پێک نەھات و دروشمی خودموختاری ھەر وەکوو دروشمی سەرەکیی کورد مایەوە.
«کۆمەڵە» خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان وەکو «بزووتنەوەی مقاومەتی کورد» کە بەشێک لە خەباتی شۆڕشگێرانە_دیموکراتیکی ئێران و سەنگەری سەقامگرتوویی دیفاع لە دیموکراسی لە ئێرانە، پێناسە دەکا. «کۆمەڵە» سەرەڕای دەربڕینی باوەری خۆی بە «مافی چارەنووس تا ئاستی جیابوونەوە»، خودموختاریی بە ویستی تایبەتمەندی گەلی کورد بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی میللی لە قەڵەمدا، و وەکو بەشێک لە «پرولیتاریای ئاگای ئێران» ھاوکات خۆی بە «نوێنەر و بەرەنگاری قازانجی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان» پێناسە کرد، بەم باوەڕە بوو کە لە نێو بزووتنەوەی میللی _دیموکراتیکی ئەو کاتی کوردستان، خەباتی چینایەتی لە نێوان بۆرژوازی و پرۆلیتاریا لە جەریانە و پەرەی گرتووە،»(١٠) ھەر بەم پێیە، کۆمەڵە لە بڕیارنامەیەکدا کە لە جەنگەی شەڕی کۆمەڵە و دیموکرات وەک سازمانی کوردستانی حیزبی کمۆنیستیی ئێران بڵاویکردوە، حیزبی دیموکرات به«حیزبێکی بورژوازی لە بزووتنەوەی میللی کوردستان»(١١) ناو دەبا. کۆمەڵە سەرەڕای ئەوەی کە زۆرینەی کادر و ئەندامەکانی کورد بوونو گۆڕەپانی خەباتی ئەم ڕێکخراوەیە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو، بەڵام بە پێی ئایدۆلۆژیا و بیرو ھزری سیاسییەوە حیزبێکی تەواو چەپی ئێرانی بوو کە لە کاتی دامەزرانییەوە بۆ پێکھێنانی «حیزبی چینی کرێکاری ئێران»(١٢) و «خەبات لە پێناوی شۆڕشی دیموکراتی بە ڕێبەریی چینی کرێکار و دامەزراندنی کۆمەڵێکی سۆسیالیستی»(١٣) تێکۆشا و چارەسەری مافی نەتەوایەتیی گەلی کوردی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران گڕێدا. لەم پێناوەدا کۆمەڵە بە ڕوونی لە وتارێکدا ئاماژەی کرد:» […] ئێمە بۆ گەلی کورد تەوزیح دەدەین کە لە ئێرانێکدا کە ھی کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەرانسەری وڵات بێ، مافی نەتەوایەتی بە باشترین شێوە بەدی دێ. ئێمە بە زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێن کە ئازادیی ڕاستەقینەی ئەوان و ڕزگارییان لە نەبوونی و چەوسانەوە و زوڵم و زۆر، بەھاوپەیوەندیی لەگەڵ چینی کرێکاری ئێران تەئمین دەبێ».(١٤)
بەم چەشنە، حیزبی دیموکرات، کۆمەڵە و ھێزەکانی چەپی سەرتاسەری بە تایبەتی حیزبی توودەی ئێران و سازمانی فیداییانی ئەکسەریەت [زۆرینە] لە ڕاستیدا لە سەقامگرتنی ئەم دروشمە لە «ڕەوانی کۆمەڵگادا» دەوری سەرەکییان گێرا و خودموختاری وەک باشترین ڕێگای چارەسەری کێشەی کورد ڕەخنەی کردە نێو مێشکی رووناکبیری کوردەوە.
***

سهرچاوهکان:
١)اسناد و دیدگاەھا، حزب تودە ایران از آغاز پیدایی تا انقلاب بھمن ١٣٥٧ ، چاپ اول ١٣٦٠. ص: ٦٦و ١٤٣
٢)سەرچاوەی سەرەوە لاپەرەی ٤٠٣ و ٤١٩
٣)کۆی نووسراەکانی لێنین، بەرگی ٢٣، لاپەرەی ١٩٨، وەرگیراو لە « در بارە ملت ومسلە ملی، احسان طبری، مردم، ارگام مرکزی حزب تودە ایران، دورەھفتم، سال اول، شمارە ٥٣، پنجشنبە ٢٥ مرداد ماە ١٣٥٨
٤)سەرچاوەیسەرێ
٥)«یک نقطە تحول بزرگ در تاریخ خلق کرد»، ع. گلاویژ، دنیا شمارە ٩ – آذرماە ١٣٥٤
٦) یادی از جنبش دوم بهمن “ نظری بە پیدایش جنبش دموکراتیک در کردستان ایران” ع. گلاویژ، نشریە سیاسی تئوریک «دنیا»، دی ماە ١٣٥٦، شمارە ١٠ ، سال چهارم دورە سوم ، هەروەھا بروانە بابەتێکی رزا شەلتوکیلە: نشریە سیاسی تئوریک «دنیا»، دی ماە ١٣٥٨، شمارە ٦، باز نشر
٧) بزووتنەوەی ڕزگاریی نەتەوایەتیی گەلی کورد و قازی محەمەد ١٩٤١-١٩٤٧، ڵاپەرەی ١٣٤ رەحیمی قازی. دەزگای چاپ و بڵاکردنەوەی ئاراس، هەوڵێڕ، چاپی یەکەم ٢٠١٢
٨)کورتە مێژووی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، چڵ ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی د. عبدالرحمن قاسملو، لاپەرەی ١٥-١٦
٩) تاڤگەی ھەقیقەت ١، کۆکردنەوەی کاوە بەھرامی، باسێک لە سەر دروشمی بنەرەتیی حیزب،١٣٦٤، لاپەرەکانی ٢٨٧-٢٨٥
١٠)پیشرو، ارگان تئوریک سیاسی، قطعنامەھای مصوب کنفرانس اخیر کۆمەلە، جنبش مقاومت خلق کرد و مسئلە ملی در کردستان. ٧ و ٨. شمارە ٢ضمیمە ٢) ١٤مهر ٦٠)
١١)اطلاعیە پایانی سومین پلنوم کمیتە مرکزی کومەلە، قطعنامە نشست وسیع کمیتە مرکزی کومەلە در بارە جنگ جاری میان حزب دمکرات و کومەلە، ص. ٥،تیر ماە ١٣٦٤
١٢)بررسی انتقادی تجربە حزب کمونیست ایران، گۆڤاری «افق سوسیالیسم» شمارە ٤
١٣)پێشرەوی ژمارە ٢ ئورگانی تیئوریک-سیاسیی کۆمەڵە، ١٣٦٠ی ھەتاویی، وتاری لە کۆنگرەی یەکەمەوە بۆ کونگرەی دووھەم
١٤) پاشکۆی پێشرەوی کوردی، ژمارە ٢، ٥ی خەرمانانی ١٣٦٠، وتاری کۆمەڵە و مەسەلەی نەتەواویەتی لە کوردستان

( لە ژمارەی ٧١٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)