بە پێی هەواڵی ڕویتەرز بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی نزیک بە حەسەن روحانی سەرۆککۆماری ئێران ، بەشداریی کردنی سپای پاسدارانی لە هێرش و داگیرکردنی کەرکووک پشتڕاست کردهوه.
دوا بەداوی پەلاماری شاری کەرکووک و داگیرکردنی ئەو شارە لە لایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ،لقێک لە سپای قوودسی کۆماری ئیسلامیی ئێران ,فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ، باسیان لە دەورو نەقشی هێزەکانی سپای پاسداران بە فەرماندەی قاسم سوڵیمانی کرد.سەرەتا هێندیک لە دەمڕاستەکانی نیزام ڕایانگەیاند کە لە ئاژاوەکانی عێراق بەشدار نین. عەلی ئەکبەر ولایەتی ڕاوێژکاری خامنەیی دوای داگیرکردنی شاری کەرکووک وتی: کۆماری ئیسلامی لە کێشەو ئاڵۆزییەکانی کەرکووک و عێراق بێ لایەنە.
بەڵام بوونی قاسم سوڵیمانی لە شاری کەرکووک ئیدهعاکانی وڵایەتی، وە درۆ خستەوە.
لە لایەک دیکەش بەرپرسێکی ئێرانی نزیک لە حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند “چیدیکە یارمەتی سەربازیی ئێران شتێکی نهێنی نییە. دەتوانیت وێنەکانی سولەیمانی لە هەموو شوێنێکی عێراق ببینیت”. بەپێی هەواڵەکەی رۆیتەرز ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندوە کە جگە لە پرسی سیاسی، نەوتی کەرکووک بۆ ئێران زۆر گرنگە، ئێرانیش وڵاتێکی ئەندامی ئۆپێکە. کۆنترۆڵکردنی ئەو بیرە نەوتانە لەلایەن دووژمنەکانی ئێرانەوە بۆ ئێمە کارەسات دەبێت.
ئهو بهرپرسی ههرێمی کوردستانی به دوژمنی ئێرانی زانی.
شایانی باسە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی سپای قودسەوە چەند ساڵە لە وڵاتانی ناوچە خەریکی دەستێوەردانە ، بەتایبەتی لە دوو وڵاتی سووریە و عێراق.
جێی وەبیر هێنانەوەیە لە بەرەبەری ڕێفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان بەرپرسانی سیاسی و ئەمنی ئێران بە ئاشکرا هەڕەشەیان لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم کرد. رێبەری نیزام دوای ئاکامی گشتپرسی، ڕایگەیاند پرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان بە خەیانەت دەزانێ و ڕێگریی لێدەکا.
لە درێژەی بەشداریی کردنی سپای پاسدران لە شەڕ و هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕۆژی ڕابردوو خەڵکی شاری هەوڵێر لە بەردەم کۆنسۆلخانەی ئێران کۆبوونەوەو ئاڵای ئەو وڵاتەیان داگرت.
بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی دەڵێین: دەبێ هەرێم کۆنسۆلی ئێران لە هەوڵێر دابخات و بە توندی وەڵامی دەستێوەردانە نیزامییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان بداتهوە.