محەممەد نەزەری، یەکێک لە کۆنترین بەندکراوانی سیاسیی ئێران و کوردستان بە هۆی نالەباری بارودۆخی جەستەیی دوای ٨٢ ڕۆژ مانگرتن بۆ نەخۆشخانه ڕاگواسترا.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێو خۆییەکان محەممەد نەزەری، یەکێک لە کۆنترین بەندکراوانی سیاسیی ئێران و کوردستان لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرج کە ماوەی ٨٣ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە بە هۆی نالەباری دۆخی جەستەیی دوێنی دوای ٨٢ ڕۆژ مانگرتن بۆ نەخۆشخانه ڕاگواسترا.
محەممەد نەزەری ئێستا لە دۆخێکی نالەباری جەستەیی دایە، بە جۆرێک کە هێزی قسە کردن و ڕێگا ڕۆیشتنی نەماوە و زیاتر لە ٢٥ کیلۆ کێشی خۆی لە دەست داوە و زیندووبوونی کەتووەتە مەترسیەوە و تا ئێستا چەند جار سێرۆمیان لێ داوە، بەڵام هێشتا ناوبراو مانگرتنی خۆی نەشکاندووە.
محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی کورد، خەڵکی شاری “ساین قەڵا”، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەسبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە مافی هەر جۆرە مەرەخەسییەکی قانوونی بێبەش کراوە.
ناوبراو یەکێک لە کۆنترین بەندکراوانی سیاسیی کوردستان و ئێرانە، کە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و چالاکیی تەبلیغی بۆ ئەو حیزبانە دەسبەسەر کراوە و دادگا بەبێ بوونی پارێزەر و بە سەرۆکایەتی دادوەر “جەلیل زادە”، بەرپرسی دادگای شۆڕش لە شاری ورمێ، بە ئێعدام مەحکووم کرا و لە دادگای پێداچوونەوە لە ساڵی ١٣٧٨ حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.