Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۳ ی خه‌رمانانی ۱۳۹۸ | 25/08/2019 | کاتژمێر:
بابەتی رۆژ

پێشڕەوییەکانی داعش لە عێراق و سوریە

23/05/2015 | 10:54:51
+A
-A
رەحمان پیرۆتی

رۆژی هه‌ینی، ٢٢ی مای ٢٠١٥، داعش دوایین بنکەی نیزامی سوریەی لە سنووری عێراق کۆنترۆڵ کرد. بە داگیرکرانی بنکەی نیزامی “ئەلتەنف” لە پارێزگای حومس ، بە کردەوە حکومەتی بەشار ئەسەد، هیچ سنوورێکی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق نەما. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە رۆژانی رابردوو، داعش، شاری “پاڵمێرا”ی لە رێگای سەرەکی دەمێشق کۆنترۆڵ کرد تا نزیک بە نیوەی خاکی ئەو وڵاتەی لە ژێر دەسەڵات دا بێ.
جگە لە بایەخی مێژوویی، پاڵمێرا لە رووی ستراتێژیکی¬یەوە گرینگی تایبەتی بۆ داعش هەیە، بەو مانایه‌ کە ئەو شارە وەکوو دەروازەی گەیشتن بە سەحرای گەورەی سوریە، و رێگای پێوەندی لەگەڵ پارێزگای ئەنباری عێراق لە ئەژمار دێ کە هەفتەی پێشوو کەوتە ژێر رکێفی ئەو رێکخراوەیە.
داگیرکردنی شاری رومادی، ناوەندی پارێزگای ئەنبار، گەورەترین پارێزگای عێراق، گرینگ¬ترین دەسکەوتی رێکخراوی داعش پاش داگیرکردنی موسڵ لە هاوینی ساڵی رابردوو لە ئەژمار دێ. پارێزگای ئەنبار لەگەڵ وڵاتانی ئۆردۆن، سوریە و عەرەبستانی سعودی سنووری هاوبەشی هەیە و نزیک بە سەد کیلۆمیتر لە بەغدا دوورە. ئەو پارێزگایە نزیک بە دوو میلیۆن کەس حەشیمەتی هەیە کە زۆربەیان سوننی مەزهەبن.
پێشڕەوی¬ داعش لە عێراق تەنیا بەرتەسک بە شاری رومادی نەبووە. ئەو رێکخراوە تا پاڵاوگەی بیجی، گەورەترین پاڵاوگەی نەوت لە عێراق، پێشڕەوی کردووە و باس لەوە دەکرێ کە نزیک بە شه‌ست له‌ سەدی ئەو پاڵاوگەی کۆنترۆڵ کردووە. داعش هەروەها سنوورەکانی رومادی تێپەڕاندووە و هێڵەکانی بەرگری لە شارەکانی حەدیسە و فەلوجە تەواو لاواز کردووە و لە ئەگەری سەرکەوتن لەو بەرانە، ده‌توانێ به‌صێرایی به‌ره‌و به‌غدا پێشڕه‌وی بکات.
لە سوریەش، هێزەکانی داعش لە شاری حەلەب لە پارێزگای حومس، و لە شاری “قۆنیتەرە” لە باشووری سوریە و لە سنووری ئیسرائیل رووبەڕووی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و ئەرتەشی بەشارد ئەسەد بوونەتەوە.
پێشڕەوی¬یەکانی داعش بێ گومان نیشاندەری توانا نیزامی¬یەکانی ئەو رێکخراوەیە کە سەرەڕای شەڕ لە چەند بەرەدا و هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، بە سەر زۆرێک لە بەرە سەرەکی¬یەکانی شەڕدا زاڵە و توانای هێرش¬کردن و داگیرکاری¬ ماوە. لە لایەکی دیکە، پێشڕەوی¬یەکانی ئەو رێکخراوە لە عێراق، دووپاتەکردنەوەی ئەو راستییەیە کە ئەرتەشی عێراق، ئەرتەشێکی نارێکخراو، تێک رووخاو، بێ پلانه‌ کە نەتەنیا توانای بەرەنگاری نەماوە، بەڵکوو بووەتە سەرچاوەی سەرەکی دابین¬کردنی تەقەمەنی و تەسلیحات بۆ هێزەکانی ئەو رێکخراوەیە.
جگە لەوە، داگیرکرانی رومادی، پرسیارێکی گەورەی لەسەر کارایی ستراتێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەدژی داعش دروست کردووە. بە پێچەوانەی داگیرکردنی شاری موسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراق، پێشڕەوی داعش لە ناوچە سوننی¬نشینەکان چاوەڕوان¬نەکراو نەبوو. وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاندووە کە بۆ پێشگرتن لە کەوتنی رومادی، تەنیا ٧ هێرشی ئاسمانی ئەنجام داوە. رێژەی ئەو هێرشانە بە مانای بوونی ناکۆکییەکی جیددی لەنێوان واشێنگتۆن و بەغدا لەمەڕ چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعشە. ئەوە دووەمین جارە کە ناکۆکی¬یەکانی ئەو دوو وڵاتە لە بەرەکانی شەڕ ئاشکرا دەبێ؛ مانگی رابردوو لە عەمەلیاتی تکریت کە بە بەشداری راستەوخۆی ئێران و هێزەکانی سپای قودس بەڕێوە دەچوو، ئەمریکا رایگەیاند کە تا کاتی پاشەکشەی هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، هێرشە ئاسمانی¬یەکانی خۆی بۆ سەر بارەگاکانی داعش لەو بەرەیەدا رادەگرێ.
حکومەتی عێراق، سەرەڕای داواکاری ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی دژ بە داعش، بە شێوەیەکی جیددی کاری بۆ چەکدار کردنی عەشیرەت و هێزە سوننی¬یەکان ناکا و لەبڕی ئەوە بە نیازە هێزەکانی “حەشدی شەعبی” رەوانەی ناوچە سوننی¬نشینەکان بکا. حەشدی شەعبی یان هێزی خۆبەخشی جەماوەری، نوسخەی عەرەبیی سپای پاسدارانە کە لە لایان ئێران و لە دەرەوەی قالبی سازمانی ئەرتەشی عێراق رێکخراون، تا وێڕای گروپە شێوە نیزامی¬یەکانی دیکەی هاوشێوەی رێکخراوی بەدر، بەڕێوەبەری سیاسەتەکانی ئێران لەو وڵاتە بن. ئەو هێزانە پاش کۆنترۆڵ کردنەوەی تکریت، بە تاڵان کردن و سووتاندنی ئەو شارە، نیگەرانی جیددی¬یان بۆ دانیشتووانی ئەو شارە دروست کرد. واشێنگتۆن نیگەرانی ئەوەیە کە بوونی ئەو هێزانە لە ناوچە سوننی¬نشینەکان، شەڕی فێرقەیی و مەزهەبی چڕتر بکاتەوە و گروپە تیرۆریستی و تووندڕەوەکان، ئەو دۆخە لە بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە.
باراک ئۆباما، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، بە ئاماژە بەوە کە “شەڕ بە دژی جیهادییەکان شکستی نەخواردووە”، کەوتنی رومادی بە “پاشەکشەی تاکتیکی” ناو برد. تەنانەت ئەگەر ئەو ئیددیعایەش راست بێ، داگیرکردنی رومادی، حەولەکانی ئەمریکای بۆ راکێشانی هێز و راهێنانی لایەنە سوننییەکان بۆ شەڕ بەدژی داعش بەرەوڕووی شکست دەکا. بە پێچەوانەی ساڵی ٢٠٠٦، کە عەشیرەت و لایەنە سوننی¬یەکان بە دژی ئەلقاعیدە یەکیان گرت، ئێستا لە پرسی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش یەکگرتوو نین. بە کەوتنی رومادی، ئەو هێزانەی لەگەڵ داعش بەیعەتیان کردووە، بە ئاماژە بە شکستی هێزەکانی لایەنگری دەوڵەت لە پارێزگای ئەنبار، پێگەی باشتر بۆ راکێشانی هێزەکانی دیکە وەدەست دەهێنن.
راستییەکەی ئەوەیە، کە جەختی کۆشکی سپی لەسەر ئاکام¬وەرگرتن لە هێرشە ئاسمانی¬یەکان لە عێراق، لە حاڵێکدا پێشکەوتنێکی ئەوتۆی لە راکێشان و راهێنانی هێزەکانی سوننی دژبەری داعش چ لە عێراق و چ لە سوریە وەدەست نەهێناوە، دەرفەتی شیاوی بۆ سەرکەوتنی پلانەکانی داعش رەخساندووە. پێشڕەوی داعش، هەرچەند کەمتەرخەمی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پێوە دیارە، بەڵام بەرپرسیارێتی سەرەکی ئەو دۆخە بۆ حکومەتی شیعەی عێراق و هاوپەیمانانی لە ناوچە و بە تایبەت کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە، کە ئامادەی دابەشکردنی دەسەڵات و بەشداری پێکردنی لایەنە سوننی¬یەکان، لە بەڕێوەبردنی عێراقێکی فێدراڵ و نامتمرکزدا نین. هەر ئەو هۆکارەش وایکردووە کە سەرەڕای هێرشی ئاسمانی¬ بەربڵاو، و بوونی سپای قودسی کۆماری ئیسلامی و راهێنانی دەیان هەزار چەکداری شیعە لەناو رێکخراوەکانی بەدر و حەشدی شەعبی، داعش بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە بەرەکانی شەڕ لە پێشڕەوی دابێ.