Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۳۰ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۶| 22/10/2017 |کاتژمێر:
ئەدەب

ڕەگم داکوتاوە لەم خاکە

08/10/2017 | 01:10:05
faridonnnmoshiri
و: کامیل نەجاڕی فەرەیدوون موشیری

ئەتۆ لەم دەشتە وشکە تینووە ڕۆژێک دەکەی کۆچ و

لەگەڵ تۆ دێنە ماڵئاوا نمەی ئەسرینی چاوانم

 

نیگات تاڵ و پەشۆکاوە

دڵت بە دڕک و داڵی نائومێدی زۆر ڕەنجاوە

خەم و ژانی نەهاتی تین و توانی نێو هەناوی تۆی هەڵێنجاوە

بە خوێن و ئارەقە هێزت وەبەر ئەو جەنگەڵە ژاکاوە هێناوە

بەرامبەر هەڵمەتی ئەو گشتە تۆفانەی ڕەگ و ڕیشە لەبن دێنن

بە تەنیا و دەسبەتاڵ سنگت وەبەرداوە

 

لە بۆ تۆ کۆچ لەم خاکە وەهایە دەست لە گیان بەردەی

ئەتۆ وا خاوەنی ڕازێکی شاراوە لەگەڵ دار و گەڵای ئەو چیمەن و هەردەی

 

ئەتۆی ئەو هەوری تاریک هێنەری بێ ڕەحمی بێ باران هەراسان کرد

ئەتۆی ئەو ویشکەساڵە بەردەوامانە

ئەتۆی هاواڵی نیوەی ڕێگە بوونی ئاشنا و یاران هەراسان کرد

ئەتۆی فێڵ و درۆی هاوڕێ و کەسوکاران هەراسان کرد

ئەتۆی هاوار و ژاوەی کەمتیاران و

قڕەی ناخۆشی بێ کۆتای قەل و داڵان هەراسان کرد

 

 

ئەتۆ بە نێوچاوانی پاک و بێگەرد و نەجیبی خۆت

کە لەو لای گەنمەجاڕان

خۆشتر و زۆر پڕشکۆتر لە هەزاران تاجی خۆر هەڵدێ

بە گۆنای تاوەسووتت وا بە تینی تاوی سەر ئەم دەشتە سووتاوە

بە ڕوخسارێکی داگیرساو بە تینی ئاگری غیرەت

کە وا ئێستا لەبەر چاوم گەلێ بەرزە و

بەرزتر لە هەزاران جامی جەمشیدە

ئەتۆ بەو چاوە خەمبارانە وا ڕۆژگارێ کانی بوون

کانگای شەوق و شادی و کامەرانی بوون

ئێستاکەش جەخار و حەسرەت و خەم سێبەری خستۆتە سەر سەریان

دەڕۆی لێرە و

لەگەڵ تۆ دێنە ماڵئاوا نمەی ئەسرینی چاوانم

 

ئەمن لێرە ڕەگم داکوتاوە لەو خاکە

ئەمن لێرە ئەویندارم بە ئەو خاکەی ئەگەر پیسە و ئەگەر پاکە

هەتاکوو دوا پشوو لێرە دەمێنم من

سەرم سوڕماوە چیم لێرە دەوێ و چی لێ ئەسێنم من

هیوای ئاسۆگی گەش گەرچی لە نێو تاریکە شەوگاران بە دی ناکەم

ئەمن دیسان لە نێو ئەو دەشتە وشکە تینووە داژۆم

سەرئەنجام لێرە تەنیا و دەست بەتاڵ ڕۆژێک

لە نێو جەرگ و دڵی ئەو خاکە دەشتێ گوڵ دەڕوێنم من

سەرئەنجام لێرە ڕۆژێک دێ لە سەر لوتکەی چیا وەک خۆر

سروودی بەرزی سەرکەوتن دەخوێنم من

دەزانم

ڕۆژێ دیسان دێیەوە ئێرە.

 

فەرەیدوون موشیری

و: کامیل نەجاڕی

( لە ژمارەی ٧١١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)