Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۳۰ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۶| 22/10/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

وتووێژی “کوردستان” لەگەڵ سکرتێری گشتیی حدک لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کوردستان و ناوچە

07/10/2017 | 22:20:15
mstafamulodiiiiiioro
دیمانە: شه‌ونم هه‌مزه‌یی

مسته‌فا مه‌لوودی:
ڕەوتی گۆڕانکارییەکان دەبێ بە ئاراستەیەکدا بڕواتە پێشێ کە نە بە زیانی دەوڵەتی کوردستان بشکێتەوە و نه‌ بەربەست دروستکردن بۆ بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێ بکەوێتەوە

[به‌ڕێز کاک مسته‌فا مه‌لوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان له‌ مانگه‌کانی گه‌لاوێژ و خه‌رماناندا سه‌فه‌رێکی دوو مانگه‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات کرد. ئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ میدیاکانی حیزبدا ده‌ماندی، به‌شداریی به‌ڕێزیان له‌ زۆر کۆر و کۆبوونه‌وه‌ی سیاسی و ته‌شکیلاتی کۆمیته‌کانی حیزب له‌و وڵاتانه‌ بوو که‌ به‌ڕێزیان سه‌ردانی کردبوون. هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک دیدار و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ و وتووێژ له‌گه‌ڵ میدیا و ڕاگه‌یه‌نه‌کانی چه‌ند وڵاتێک.
«کوردستان» دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سکرتێری گشتیی حیزب بۆ کوردستان، وتووێژێکی له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیان پێک هێناوه‌]

کاک مستەفا سەرەتا بەخێرهاتنەوەتان پێدەڵێین. جەنابتان سەفەرێکی چەند مانگەتان بۆ دەرەوەی کوردستان کرد، بفەرموون سەفەرکەتان بۆ مەبەستێکی سیاسیی تایبەت بوو، یان هەر بۆ بەسەرکردنەوەی کۆمیتەکانی حیزب لەو وڵاتانە؟
سه‌ره‌تا سپاس بۆ کارگێڕانی ڕۆژنامەی «کوردستان» بۆ ڕێکخستنی ئه‌م وتووێژه‌. زۆر سروشتییە سەفەری بەرپرسی حیزبێکی سیاسی لە کوردستانەوە بۆ ده‌ره‌وی وڵات، پێویستە سەفەرێکی سیاسی بێ و سەفەره‌که‌ی ئه‌منیش هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بوو. دیاره‌ پاش هەڵبژاردنم به‌ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئه‌م سه‌فه‌ره‌م زیاتر لایه‌نی تەشکیلاتیی به‌خۆوه‌ گرت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بە پێویستم دەزانی سەردانی کۆمیتە و ڕێکخراوەکانی حیزبی دێموکرات له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بکەم و لە نیزیکەوە و ڕاستەوخۆ لەگەڵیان دانیشتن و کۆبوونه‌وه‌م هه‌بێ.
بۆ خۆشتان ده‌زانن که‌ بە خۆشییەوە حیزبی دێموکرات تەشکیلاتێکی زیندوو، بەربڵاو و لەسەر هەستی هەیە و، بۆ ئەوەی ئه‌م ته‌شکیلاته‌ لە دروستبوونی بڕیاری سیاسی و تەشکیلاتیدا نەخش و دەوریان هەبێ؛ پێکهێنانی کۆر و سمیناری تەشکیلاتی و کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان پێویستە. به‌شێک له‌ مه‌به‌ستی سه‌فه‌ره‌که‌م وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌و پێویستییه‌ بوو.

وه‌ک له‌ هه‌واڵه‌کاندا هاتبوو، جەنابت سەردانی چەند وڵاتێکی وەک سۆئیس، ئوتریش، دانمارک، فینلاند، سۆئێد، نۆروێژ و ئاڵمانتان کرد. ئەگەر بکرێ بفەرموون گرینگترین کار و بەرنامەکانتان لە سەردان بۆ ئەو وڵاتانە چ بوو؟ تەوەری باس و خواسی کۆبوونەوەکانتان چ بوون؟
وه‌ک باسم کرد ئه‌من له‌ سه‌فه‌ر و سه‌ردانم بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی ناوت هێنان، لە ڕێگه‌ی کۆمیتەکانی حیزب لەو وڵاتانه‌ کۆبوونه‌وه‌ی سیاسی و تەشکیلاتیم لەگەڵ ئەندامانی حیزب بووه‌. شیکردنەوەی سیاسەت و هەڵوێست و ڕوانگەی حیزبی دیموکرات له‌ سه‌ر گۆڕانکارییه‌کانی ئێران و ناوچه‌، له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌ ئێران و قه‌یرانخوڵقێنییه‌کانی له‌ ناوچه‌، له‌سه‌ر جووڵە و تێکۆشانی چالاکانی مەدەنی لە نێوخۆی وڵات بە تایبەت له‌ کوردستان؛ ئه‌وانه‌ ته‌وه‌ری سه‌ره‌کیی ئه‌و باسه‌ سیاسییانه‌ بوون که‌ وێڕای باسه‌ ته‌شکیلاتییه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌کانی خۆمان و له‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وکاندا کردوومانن. له‌و کۆبوونه‌وه‌ و سمینارانه‌دا به‌ ڕاشکاوی باسمان له‌ هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌کانی به‌رده‌م خه‌بات و تێکۆشانی حیزبه‌که‌مان و هه‌روه‌ها کۆسپ و ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌م رێی جووڵانه‌وی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کردوه‌.
لە باسی کۆبوونەوە تەشکیلاتییەکانیشدا جیا لە باسی نەخش و ڕۆڵی تاک لە کاری ڕێکخراوەیی و ئەرک و بەرپرسایەتیی ئەندامانی حیزب لە هەر ئۆڕگان و بەشێکی حیزبدا، باسمان لە پلاتفۆرمی کاریی پەسندکراوی پلینۆمی شەشەمی حیزب کرد کە دەستنیشانی ئەرکی ئۆرگان و ڕێکخراوەکانی حیزبی کردوە. باس لە سروشت و تایبەتمەندیی ژیانی ئەندامان لە ئورووپا و جۆری تایبەتیی کاری ڕێکخراوەیی ئەوان تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەو کۆبوونەوانە بوون کە کردوومانن و ئاکامی باشیشمان لێ وەرگرتوون.
هەڵبەت جیا لەو کۆبوونەوە و دیدار و چاوپێکەوتنانە لەگەڵ کۆمیتەکان و ئەندامانی حیزب، لەگەڵ کوردەکانی تاراوگە و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی بەشەکانی تری کوردستانیش دیدار و چاوپێکەوتنم بوو و له‌سه‌ر پرس و باسه‌ پێوه‌ندیداره‌کانی کوردستان و نێوان حیزبه‌کان ئاڵوگۆڕی بیروڕامان بوو.

ئێوە لە وڵاتانی دانمارک، فینلاند، سۆئێد و نۆروێژ جیا لە کۆبوونەوە سیاسی و تەشکیلاتییەکان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتانەتان کردوە و لەگەڵ چەند پارلمانتارێکیش دیدار و چاوپێکەوتنتان بووە، ئەو دیدارانە لەسەر چ تەوەرێک رێک خرابوون و ئێوە لەگەڵ ئەوان باسی چیتان کرد؟
لەو دانیشتنانەدا لەگەڵ ڕاوێژکاری سیاسیی وەزیرانی دەرەوە و کاربەدەستانی بەشەکانی دیکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتانە کە لەسەر کەیسەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کار دەکەن، دیدار و باسمان بووە.
لە هەموو ئەو دانیشتنانەدا لەلایەن ئێمەوە باس لە حەوت دەیە مێژووی خەبات و تێکۆشانی حیزب کراوە، باس لە ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کراوە کە دابینکردنی مافە نەتەوەیی، سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی کوردستانی ئێرانە لە نیزامێکی سیاسیی دێموکرات و فیدڕاڵدا لە ئێران؛ باس لە جۆر و شێوازەکانی خەباتی حیزبەکەمان کراوە کە بەپێی هەلومەرج گرتوومانەتە بەر و لێی بەردەوامین. باسمان لەوە کردوە کە کورد خەباتێکی ڕەوا بۆ مافێکی ڕەوا دەکا و هەموو داواکانی کورد لە چوارچێوەی ئەو مافانەدا جێدەگرن کە وڵاتە دێموکراتیکەکان و کۆمەڵگای جیهانی سەلماندوویانە، بەڵام وەڵامی خەباتەکەمان نەک هاتنە سەر مێزی دانوستان، بەڵکوو ئاگر و ئاسن و سەرکوت و سیاسەتی حاشالێکردن بووە.
لەو دانیشتنانەدا بە وردی باسمان لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گشتی کرد و گوتمان کە کۆمەڵگای جیهانی و وڵاتانی دەرەوە دەبێ ئەو ڕاستییانە و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا ببینن و هەڵوێست و دژکردەوەی پێویستیان لەبەرامبەریدا هەبێ، بۆ ئەوەی تێچووی بەردەوامیی کۆماری ئیسلامی لەو جۆرە سیاسەتکردنەوە لەسەر ڕێژیم زیاتر بێ.

ئەوان چی؟ خوێندنەوەی لایەنە بیانییەکان بۆ پرسی کورد لە ئێران و گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەو وڵاتە چین؟ ئەوان چۆن سەیری پرسە سیاسی و مەدەنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی خەڵک و دەسەڵات لە ئێراندا دەکەن؟
لە هەموو کۆبوونەوەکاندا باسەکانمان بەباشی وەردەگیران، دیارە ئەوانیش شارەزایی باشیان لەسەر سیاسەت و شێوەی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبوو، بەدواداچوونیشیان بۆ کێشەی ئیتنیکی و مافی نەتەوە پەراوێزخراوەکان لە ئێراندا کردوە و ئاگایان لە بزاوتە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی نێوخۆی ئێران و دەنگی شەقامیش هەیە.
ئەوان حاشایان لەوە نەدەکرد کە دەزانن کۆماری ئیسلامیی ئێران حکومەتێکی نادێموکراتیک و سەرەرۆیە، مافی مرۆڤ بە بەربڵاوی پێشێڵ دەکا و دەشزانن پێکهاتە نەتەوەییەکان لە ئێراندا لە مافە سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانیان بێبەشن، هەروەها پێیان لەسەر ئەوە دادەگرت کە خەبات و تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسیییەکان بە ڕەوا دەزانن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لایان وابوو کە دەکرێ بە بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی دیالۆگی ڕەخنەگرانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەم بۆ گۆڕینی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی تێبکۆشن، هەم ڕەچاوی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆشیان کردبێ.
ئەوان ئەوەشیان دەگوت کە هەم لە چوارچێوەی تەعامولی یەکیەتیی ئورووپا لەگەڵ ئێران و هەم لە چوارچێوەی پێوەندیی وڵاتان بۆ خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بەردەوام سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و مافی کەمە نەتەوە و کەمایەتییە ئایینییەکان لەو وڵاتە ڕەخنەیان لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی گرتوە و ئەو بابەتانە لە چاوی ئەوان ون نین.

یەک لە ڕووداوە گرینگەکانی ئەم دواییانە ڕاپرسیی سەربەخۆیی بۆ باشووری کوردستان لەو هەرێمە بوو. کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆری فشار هێنا و پیلانی زۆر گێڕا کە ئەو ڕاپرسییە نەکرێ، بەڵام کرا. ئێوە نیگەرانییەکانی ئێران لە چیدا دەبینن؟ پێتان وایە هەنگاوی دواتری ئێران چ دەبێ؟
ڕاپرسی لە خەڵکی هەر وڵاتێک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی خۆی، مافێکی ڕەوای ئەو میللەتەیە. ئەوە بە ڕوونی لە جاڕنامەی گەردونیی مافی مرۆڤ و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا هاتووە. خەڵکی هەرێمی باشووری کوردستان قانوونی و لە ڕێگەیەکی زۆر مەدەنی تەعبیریان لە ئیرادەی سیاسیی خۆیان کردوە کە دەبێ هەموو لایەک ڕێزی لێ بگرن و ئێمەش وەک حیزبی دێموکرات پیرۆزباییان پێ دەڵێین و هیوادارین هەنگاوەکانی دواتریش بە سەرکەوتوویی ببڕن.
ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر کۆماری ئیسلامی، دیارە کە حکومەتێکی وەک ئەم ڕێژیمە بەو نێوەرۆکە و بەو ماهییەتەی هەیەتی دژی ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستانە و پێی ناخۆشە کە کورد لە باشووری کوردستان بە نواندنی ئیرادەی سیاسیی خۆیان بەم شێوازە مەدەنی و سەردەمیانەیە چارەنووسی سیاسیی خۆیان دیاری بکەن. هۆکارەکانیش ڕوون و ئاشکران: کۆماری ئیسلامیی ئێران حکومەتێکی نادێموکراتیکە و زیاتر لە ٣٨ ساڵە ئیرادەی سیاسی لە خەڵکی ئێران زەوت کردوە و مادام ئەوە ڕەفتار و سیاسەتی لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەیەتی کە کە بەسەریاندا حاکمییەت دەکا، بڵێی چۆن دژایەتی خەڵکی هەرێمی باشووری کوردستان بکا کە دەیبینین چۆنی دەکا.
هۆکارێکی دیکەی ئەو دژایەتییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێران پێی وایە ئەگەر کورد لە باشووری کوردستان بە سەربەخۆیی بگەن، ئەوە ناڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی هاندانی کورد لە ڕۆژهەڵات بۆ مافخوازیی زیاتریان و ڕادیکاڵبوونی خەباتەکەیان. دیارە ئەمن لام وایە حکومەتی ئێران هەر وەک بەڕاشکاوی دژی ڕاپرسییەکە بوو، لە ڕێگەی جۆراوجۆری سیاسی و دیپڵۆماتیک، دوایەش هاندانی حکومەتی عیراق و میلیشا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی، فشاری تایبەت لەسەر سنوورەکان، دروستکردنی کێشە و گەمارۆدانی ئابووری و راگرتنی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەموو کارێک دەکا ئەو پڕۆسەیە بەو شێوەیە سەر نەگرێ. بەڵام ئەگەر سەری گرت مەرج نییە پشت لە بەرژەوەندییەکانی دیکەی بکا و وەک ئەمری واقع نەیبینێ. بۆیە دەتوانم بڵێم ئەگەری زۆر گۆڕانکاری هەیە کە لە داهاتوودا ڕوو دەدەن.

تورکیە و ئێران کە لە دژبەرانی سەرەکیی ڕێفراندۆمەکەی باشووری کوردستانن، دەڵێن دژایەتییەکانیان بەوە ناوەستێ. پێشبینیی ئێوە لە پێشهاتەکانی دوایە چییە؟
دەبێ جیاوازی دابنێین لە نێوان چۆنیەتیی دژایەتیی ئەو لایەنانە لەگەڵ ئەو بڕیارە سیاسییەی هەرێمی کوردستان داویەتی. لە پێشدا ئێران. ئێران له‌ وڵاتەکەی خۆیدا زیاتر لە دە میلیۆن کوردی هەیە و پانتایەکی زۆر لە خاکی ئێران کوردستانە، هەروەها کورد لە ئێران ئێستاش لە سەنگەری خەبات و تێکۆشان بۆ دەستەبەری مافە سیاسی و نەتەوەیی و مەدەنییەکانیەتی، بۆیه‌ کۆماری ئیسلامی زۆر له‌وه‌ نیگەرانە. نیگەرانی شوێنکاری ئەو گۆڕانکارییانەیە لەسەر ڕەوشی کورد لە ئێران.
هەروەها لەگەڵ ئەوەی ئیران و عێراق مێژوویەکی پڕ ئاڵۆزی و شەڕی خوێناوییان لەگەڵ یەکتر هەیە، بەڵام ئێستا بەهۆی پێوەندیی پتەوی حکومەتی ئێران لەگەڵ دەسەڵاتدارانی شیعە لە عێراق، دەستی کۆماری ئیسلامی زۆر ئاوەڵا کراوە بۆ دەستێوەردانی هەمە جۆرە لەو وڵاتە. لەم ڕووەوە ئێران نایهەوێ کوردستان وەک بەشێک لە عێراق جیا بێتەوە و ببێ بە وڵاتیكی سەربەخۆ. بەڵام ئەگەر ئەو دوو هۆیە بنێینە ئەو لاوە کە بە زیانی حكومەتی ئێرانن، ئەمن پێموایە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان لە باشوور بە زیانی ئێران نیە و بەڵکوو زۆریش بۆ ئەو بە قازانجە. چ لە ڕووی سیاسی و چ لە باری ئابووری و چ لە ڕووی ئەمنییەتی و دڵنیایی، چونکی نزیک بە ٩٠٠ کیلۆمیتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئەو کوردستانە هەیە.
بەڵام تورکیە؛ حکومەتی تورکیەش ئەو نیگەرانییە هاوبەشەی هەیە کە سەربەخۆیی کوردەکان لە باشووری کوردستان دەبێتە هۆی هاندانی کوردەکانی باکووری کوردستان. لەو ڕوانگەیەوە تورکیە دژی ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی باشووری کوردستانە، بەڵام لە درێژخایەندا و تەنانەت ئیستاش حکومەتی کوردستان دەتوانێ زۆر بە قازانجی وڵاتی تورکیە بێ. هەر وەک ئێستا تورکیە سنوورەکانی لە سۆنگەی حکومەتی کوردستانەوە کەم کێشەن و لە باری ئابوورییەوە ئەو هەمووە گرێبەستە و هاوبەشییەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە کە لە زۆر بواری دیکەشدا پەرەیان پێ بدرێ. ئێستا دەبینین کە هەرێمی کوردستان بازاڕێکی گەورەی بۆ ورد کردنەوەی بەرهەمەکانی تورکیە دەستەبەر کردوە و تورکیە ئەو ڕاستییە زۆر باش دەبینێ. بۆیە پێموایە کاردانەوە و دژایەتیی دەوڵەتی تورکیە لەگه‌ڵ هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی سەربەخۆیی بۆ ماوەیەکی کەم دەبێ ئێستا زیاتر بە مەبەستی تەبلیغاتی دەکرێ و مەسرەفی نێوخۆیی هەیە.

بەڵام ئێوە وەک سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان چۆن باس لە کاریگەرییە ئیجابی و سلبییەکانی ئەو گۆڕانکارییانە لەسەر پرسی کورد لە ئێران و، هەروەها ژیانی سیاسیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بە ڕوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکەن؟
سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە کورت ماوەدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان نابێ، بەڵام دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەست و سۆزی نەتەوایەتیی کورد، وەک چۆن ئەوە بە خرۆشانی خەڵک و شەپۆلی شادی و خۆشیدەربڕینەکانیانەوە دیار بوو. ئەو کارناڤاڵانە وەک بینیمان ئەگەر لەلایەک بۆ پیرۆزبایی و هاوسۆزی لەگەڵ خوشک و براکانیان لە باشووری کوردستان بوو، خەڵک وەک دەرفەتێکیش بۆ هێنانەگۆڕێی ماف و داواکان کەلکیان لێ وەرگرت.
لە پێوەندی لەگەڵ کاریگەریی نەرێنییەکانی جارێ زووە بۆ قەزاوەت کردن و نابێ وەپێش رووداوەکان بکەوین. سروشتییە دەوڵەتی کوردستان ئەگەر لە باشووری کوردستان ڕابگەیەندرێ کۆمەلە مەسئولییەتێکی قانوونی و سیاسی و ئەمنییەتی و هاوسنووریی بۆ دروست دەبێ و، پێویستە وەک جیرانی باش لەگەڵ دەوڵەتانی جیران ڕەچاویان بکا. ئەوە لە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش شاراوە نییە و ئەوان بە هەستکردن بەو بەرپرسایەتییە مێژووییەی بوویانە و لە دوو دەیەی ڕابردووشدا بە نیسبەت هەرێمی کوردستان نواندوویانە، ڕەچاوی هەلومەرجی دەوڵەتی تازە دروستبووی کوردستان دەکەن. دڵنیام بەرپرسانی باڵای حکومەتی کوردستانیش کە دەزانن بزاوتی سیاسی و خەباتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات لە چ قۆناغێک دایە و لە چ بەستێنێکدا ڕوو لە گەشەیە، ئەو پرسەیان بۆ گرینگە. بۆیە بە خەم لێخواردنی هەموو لایەک ڕەوتی گۆڕانکارییەکان دەبێ بە ئاراستەیەکدا بڕواتە پێشێ کە نە بە زیانی دەوڵەتی کوردستان بشکێتەوە و نە کپکردن و بەربەست دروستکردن بۆ بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێ بکەوێتەوە.

چۆن باس لەو جۆش و خرۆشەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پشتیوانی لە رێفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەکەن؟ وەک هێزێکی سیاسیی دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندە بەشتان بەو شەپۆلە لە مافخوازی و لەسەر هەستبوونەوەی خەڵکەوە هەیە؟
جۆش و خرۆشی خەڵکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سەرکەوتنی ڕاپرسییەکەی باشووری کوردستان لە واقعدا خرۆشانی هەستی نەتەوەخوازیی خەڵكی کوردستانە. خەڵکی کوردستان یەک نەتەوەی لێک دانەبڕاوە و چارەنووسیان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ گرێدراوی چارەنووسی یەکترە. ئەوان لە خۆشی و ناخۆشییەکانی یەکتردا هاوبەشن، بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ لە کاتی کۆڕەوە ناخۆشەکەی ساڵی ١٩٩١ی زایینیدا _ کە دیتمان چۆن باوەشیان بۆ خوشک و برا کوردەکانیان کردەوە و زۆر بەرپرسانە لە نێو ماڵ و باوه‌شی گەرمی میوانداریی خۆیاندا وەریان گرتن_ چ لە کاتی خۆشیدەربڕینەکان بۆ ڕاگەیاندنی فیدرالی لە باشووری کوردستان، چ لە کاتی هاوخەمییەکان بۆ کارەساتی ڕووداوە تێرۆریستییەکەی یەکی شوبات و چ ئەو کاتەی بۆ پشتیوانی لە شنگال هاتنە سەر شەقام؛ هەمیشە پێشەنگ بووە. ئەمجارەشیان بینیمان کە بۆ سەرکەوتنی ڕاپرسییەکەی 3ی ڕەزبەر بە چ جۆش و خرۆش و حەماسەتێکەوە هاتنە سەرشەقام و کارنەڤاڵی خۆشی و شادییان وەڕێ خست و تێچوویەکی زۆریشیان بۆ دا. وەک دەبینین ئێستا سەدان کەس بەو هۆیە لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە گیراون و هیوادارم خوشک و بڕا کوردەکانمان لە باشوور ئەو ڕۆژانەیان لە بیر نەچێ.
بۆ بەشی دووهەمی پرسیارەکەش دەبێ بڵێم کە حیزبی دیموکرات هەموو کاتێ باوەڕی قووڵی بە ‌هێز و توانای خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە و هەیەتی و هەر لە گوڕوتینی ئەوانەوە هێز و ئیلهامی وەرگرتوە. بۆخۆتان دەزانن رۆژهەڵات بە خەبات و چالاکیی مەدەنی جۆراوجۆر قەت نەیانهێشتووە دەنگی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان کپ و بێدەنگ بێ. ئەو خەبات و لە مەیداندا مانەوە و لەسەر هەستبوونە لە ڕوانگەی ئێمەوە رەهەندێک و بەشێک لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە بزووتنەوەی سیاسی و مەدەنیی کوردستان و بە چاوی هیوا و پشتگەرمیی زیاترەوە دەڕوانینە خرۆشانی خەڵک. دیارە ئێمە لە ڕاگەیاندراوی رەسمیی دەفتەریی سیاسیی حیزبدا داوامان لە خەڵک کردبوو لە رۆژی ٢٥ی ئەیلوول (3ی رەزبەر و ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕاپرسییەکە) لە کاتێکدا کە خوشک و بڕا کوردەکانیان لە باشوور لە سەر سندووقی دەنگدانن، بە وەڕێخستنی کارنەڤاڵی شایی و خۆشی لە پشتیان بن و پشتیوانیان بمێننەوە. بۆیە لەگەڵ ئەوەدا کە بەخۆشیەوە خەڵکی رۆژهەڵات لە سەر هەستن و خاوەنی ئیرادەی خۆیانن و چالاکانی مەدەنیش لەسەر هەست و بەپلانن، بەڵام داوای حیزبی دێموکرات یارمەتیدەری باش بوو بۆ خرۆشانی خەڵک، بۆیە ئێمەش بەشێکی باشمان لەو خرۆشانە جەماوەرییە پێ دەبڕێ.

ئەوەندەی خەڵکی کوردستان بە دڵەوە پشتیوانییان لەو ڕاپرسییە کرد، نوێنەرانیان لە مەجلیس دژایەتییان کردن و لەبەریان وەستانەوە. ئەوە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێ؟
به‌ر له‌ هه‌موو شتێک ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان ئەوە دەگەیەنێ کە ئەوان نوێنەڕانی ڕاسته‌قینه‌ی خەڵک لە حەوزەی هەڵبژاردنی خۆیاندا نین و گوتار و قسه‌ و هه‌ڵوێستیان ته‌عبیر له‌ ویست و داوای خه‌ڵکی کوردستان ناکا.
ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ی نوێنه‌رانی کورد له‌ مه‌جلیس له‌سه‌ر پرسی ئاوا گرینگ و چاره‌نوسساز ده‌ریده‌خا که‌ لە حاڵەتی ئاوادا لە جێی ئەوەی ئه‌وان نوێنەرایەتیی بیر و هەست و داوای خەڵک بکه‌ن، شوێنکه‌وتەی هەڵوێست و سیاسەتی ڕه‌سمیی حکومەتی تارانن و له‌ پێناو پاراستنی مه‌وقعییه‌تی خۆیانه‌ ئاوا ده‌جووڵێنه‌وه‌. ده‌نا بێ گومان که‌سێک که‌ دڵی بۆ ئازادی لێ بدا و له‌گه‌ڵ خه‌م و ویستی خه‌ڵک و نه‌ته‌وه‌ی خۆی بێ، له‌ مه‌وقعییه‌تی ئاوادا ده‌بێ ئیراده‌ی خۆی بنوێنێ، به‌ تایبه‌ت که‌ هه‌ر له‌ تاران و له‌ نێو بازنه‌ی که‌سانی نیزیک له‌ حاکمیه‌تدا هه‌بوون که‌سانی غه‌یره‌ کورد که‌ هه‌ڵوێستی زۆر باشیان هه‌بوو.

کاک مسته‌فا زۆر سپاس له‌وه‌ی ده‌رفه‌تت پێداین بۆ ئه‌م وتووێژه‌.
سپاس بۆ ئێوه‌ش، به‌خێر بێن.

( لە ژمارەی ٧١١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)