Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۱ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 12/12/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردی لە ڕکەی فکری و ڕێکخراوەییدا

07/10/2017 | 22:04:43
Nasir.BaBaXanii
ناسر باباخانی

ئیزن دەخوازم سەرەتا بەم پرسیارە دەست پێبکەم کە ئایا لە بنەڕەتڕا لە ئێرانی ئێستادا، ئەم جموجۆڵانەی دەکرێ، دەتوانین لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە بە پێی ئەو تایبەتمەندییانەی کە بۆ بزووتنەوە دیاری کراوە پێی بڵێین بزووتنەوە بە مانا گشتییەکەی؟ کە خۆیشی دواجار بە هێندێک ژێرمەجمووعەی دی یا وردەبزووتنەوە (خردەجنبش) دابەش دەبێ؟
بە باوەڕی من ئەمڕۆکە شتێک بەم ناوە لانیکەم لەسەر ساحەی سیاسیی ئێران بوونی نییە. چون هیچ کام لە پاڕامێترەکانی کۆمەڵناسی کە بۆ تاریفی ئەو چەمکە ڕەچاو کراوە، ئێمە نایبینین. بەڵام ئەگەر بکرێ بە «تەساهول و تەساموحەوە» قائیل بە بوونی بزووتنەوە بین، بزووتنەوە بە تەواوی ئەو سنووردارییانەی کە ئەمڕۆکە لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە، دەکرێ ڕێک ئەو ئیستدلالەی کە بۆ بزووتنەوەی گشتی یا بۆ بزووتنەوەی سەراسەری دەکەین بۆ بزووتنەوەی خوێندکاری، بۆ بزووتنەوەی ژنان، بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و سەرجەم بزووتنەوەکانی دیکەی ڕەچاو بکەین و بڵێین لە ڕاستیدا بە هۆی زەبروزەنگ و سیستمی داخراو و دەسەڵاتی تایبەت کە بەسەر ئەم وڵاتەدا حاکمە، ئێمە ئەو بزووتنەوانەمان نییە.
بەڵام ئەگەر بمهەوێ باسەکە گرێ بدەم لەگەڵ بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی لەم سەردەمەی ئێستادا، دەبێ ئاوڕێک بدینەوە سەر بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران. بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران، بزووتنەوەیەکە کە ڕیشەیەکی سەدساڵەی دێموکراسیخوازی هەیە و لە سەد و چەند ساڵی ڕابردوودا لەسەر بنەمای دێموکراسی و بەرابەری وەک ژێرمەجمووعەیەک لە بزووتنەوەی گشتی، لە ئێران بوونی هەبووە. کەوابوو دەکرێ بە جۆرێ بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی لە تای تەرازووی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێراندا هەڵسەنگێندرێ. بەڵام بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی تایبەتمەندییەکی زۆر گرینگی دیکەشی هەیە کە میراتگری شتێکە بە ناوی بزووتنەوی نەتەوەیی. کەوابوو ئەگەر بە شێوەیەکی پێکهاتەیی بێنین باس لە بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی بکەین، دەبینین کە بزووتنەوەی خوێندکاری لە بزووتنەوە دەست پێدەکا وەک بزووتنەوەیەکی سەراسەری و دواجار بە بزووتنەوەیەکی کوردی کۆتایی پێدێ. مەبەستم ئەوەیە کە بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی هەم لە ئاستی بزووتنهوهی سهراسهریدا، ههم له ئاستی بزووتنهوهی نهتهوهییدا و له نێوان ئهو دوو گوتارەدا بوونی ههیه و کهڵکی لێوهرگرتوون. دیارە ئەمە بەم واتایە نایە که بزووتنهوهی خوێندکاری کوردی پەلکێشی کردبێ بۆ لای بزووتنهوهی سهراسهری، بەڵام له ههر شوێنێک کە بزووتنهوهی سهراسهری به شێوهیهکی بهرحهق و دێموکراسیخوازانه، به دژی دهسهڵات ههستابێ ئهوه بزووتنهوهی خوێندکاری کوردیش تهئسیراتی تایبهتی خۆی لێ وهرگرتووه و توانیویەتی هاوتهریب لهگهڵ بزووتنهوهی نهتهوهیی، لە نێوان ئەم دوو گوتارەدا ئەرکەکانی خۆی بەڕێوەبەرێ. که وا بوو دهکرێ بڵێین بزووتنهوهی خوێندکاری کوردی، جگه له بزووتنەوەی خوێندکاری سەراسەری، لە هەمان کاتیشدا میراتگری بزووتنهوهیهکی نهتهوهیی حەفتاوچهند ساڵهشە.
دهمههوێ دهستهواژهیهکی ساموئێل هانتینگتۆن به قهرز وهربگرم بۆ دەسنیشانکردنی هۆکاری سهرهکیی گوورانی بزووتنهوهی خوێندکاری کوردی و بە گشتی بزووتنهوهی خوێندکاری، کە ئهویش بریتییه له «کهلێنه کۆمهڵایهتییهکان». هانتینگتۆن پێی وایه کاتێک بزووتنەوەی خوێندکاری شکڵ دەگرێ کە خوێندکار دەچێتە شارێکی گەورەتر، دەچێتە کەلانشارێک و لەوێدا هەست بەوە دەکا کە لە باری کۆمەڵایەتی و چینایەتییەوە چ جیاوازییەکی بەرچاو هەیە و تەنانەت هەر لەم سۆنگەیەوە بۆ ڕادیکالیزمی بزووتنەوەی خوێندکاری پاساو دێنێتەوە.
کەوابوو ئەگەر بمانهەوێ ئەو تەعبیرەی هانتینگتۆن بەکار بەرین زۆر ڕاشکاوانە دەتوانین بڵێین ئەو مەسئەلەیە دەقاودەق لە نێو بزووتنەوەی خوێندکاری کوردیدا هەیە و لەسەر ئەم کەلێن و جیاوازییانە شکڵی گرتووە. واتە کاتێ خوێندکارێکی کورد لە کوردستانێک کە بە گشتی لە باری ئابوورییەوە، لە باری کلتوورییەوە، لە باری گەشەسەندنی هەمەلایانەوە بە نیسبەت گەورە شارەکانی ئێران زۆر لە دۆخێکی دواکەوتووتردا ڕاگیراوە، کاتێک هەست بەم جیاوازییە دەکا بە پێی جەوهەری زاتی خۆی واتە وەک: گەنجێتی، ئاڕمانخوازبوون و ڕادیکاڵ بوون وردە وردە وەک کاتالیزۆرێک بۆ بیچمگرتنی ئەو بزووتنەوەیە بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ شوێندانەر دەبێ.
بەڵام بۆچی بزووتنەوەی خوێندکاری بە گشتی لە ئێران و بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی لە کوردستان، لە سەر ساحەی سیاسیی ئێران لەوپەڕی کزی دایە؟
ڕەنگە سووکەئاوڕێک بۆ سەر ڕابردوو یارمەتیدەرمان بێ بۆ وڵامی پرسیارەکە، بە تایبەتی مێژووی بزووتنەوەی ساڵانی چل تا کۆتاییەکانی دەیەی پەنجای هەتاوی، لەو کاتەدا کە بیری چەپ بە سەر کەشوهەوای سیاسی وڵاتدا حاکم بوو دەتوانێ بۆ پێکگرتنێكی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوان سەردەمان یارمەتیمان بدا و دواجار بە ئاکامێکی ئیجابیمان بگەیەنێ. هەر وەک دەزانن بەر لە شۆڕشی گەلانی ئێران و لە ساڵانی چل تا نێوەڕاستەکانی پەنجای هەتاوی، بە تەعبیرێک «موتوری محرکە»ی سیاسی لە وڵاتدا جەریاناتی چەپ بوون کە بە شوێنوەرگرتن لە بیری چەپی ئەو سەردەمی توانیبوویان لە بواری تیۆری و عەمەلییەوە بەسەر جەریاناتی جۆراوجۆری سیاسی نێوخۆی وڵاتدا شوێندانەر بن.
ئەوەی ئەمڕۆ چ ڕووی داوە و بۆچی ئەو جەریاناتە نابینین و بۆچی ئەم دوو بزووتنەوەیە تووشی قەیران و بنبەست بوون، بە باوەڕی من دەگەڕێتەوە سەر چەند هۆکارێک کە زۆر بە کورتی و بە تیژی بەسەریاندا تێ دەپەڕم و ئاماژەیان پێ دەکەم:
١) یەکەم شت کە زۆر گرینگە و دەبێ ئاوڕی لێ بدەینەوە پرسی تاکە، واتە دەوری تاک لە جەریاناتی سیاسیدا. دیارە نەک بە واتای کاریزماییەکەی، بەڵکوو بە مانا ڕووناکبیرییەکەی.
لەو سەردەمدا بزووتنەوەی خوێندکاری وامداری هێندێک سیمایە کە دواتر لە سەر هاوکێشە سیاسی و فەرهەنگی و تیۆریکییەکانی نێو ئەحزابی سیاسی شوێندانەر دەبن، یانی تا ئەو ئاستە ئەو شوێندانەرییە دەچێتە پێش کە لە سیماڕا یانی لە کەسایەتی، لە تاکڕا دێنە ئاستی ڕووناکبیری. بە چ مانا؟ بەو مانایەی کە دوو کارکردی داهێنەری و شوێندانەری لەو سیمایانەدا دەبیندرێ. یانی کەسایەتییەکی سیاسی، کەسایەتییەکی کە لە قالبی ڕێکخراوە و حیزبدا کار دەکا، ئەو ئاستە دەبڕێ بەرەو ئاستی ڕووناکبیری کە هەم داهێنەرە و هەم لە

کۆمەڵگەدا شوێندانەرە.
ئەگەر بمەوێ ئاماژە بە ناوەکانی ئەو سەردەمە بکەم بۆ وێنە دەبێ ئاماژە بە مەسعوود ئەحمەدزادە، بیژەن جەزەنی، ئەمیرپەرویز پوویان، عەباس مێفتاحی و… بکرێ کە ئەوانە هەموویان بە تەئسیروەرگرتن لە بیر و باوەڕی چەپی ئەو سەردەمە بە تایبەتی «ڕۆژێ دۆبڕۆی» کە بە قەولێک دەتوانین بڵێین مامۆستای تیۆریکی چێگواراش بوو، لەو سەردەمدا دێنن لە خەڵوەتی تاکەکەسی خۆیاندا پڕۆسەی داهێنان وەک یەکەم ئەرکی ڕووناکبیری دێننە گۆڕێ.
بۆ وێنە مەسعوود ئەحمەدزادە کتێبی «مبارزە مسلحانە، هم استراتژی هم تاکتیک» دەنووسێ، بیژەنی جەزەنی «پێشەنگیی شۆڕش و ڕێبەریی گەل» دەنووسێ، ئەمیر پەرویزی پوویان «ضرورت مبارزە مسلحانە» و «تئوری رد بقا» دەنووسێ. ئەوانە هەموویان بە تەئسیروەرگرتن لە بیری چەپی ئەو سەردەم دێنە گۆڕێ، بەڵام مەبەستم ئەوەیە کە لە خەڵوەتی تاکەکەسیدا بە شێوەیەکی داهێنەرانە دێنن ئەو بەرهەمانە دەخوڵقێنن و دواجار قۆناغی دووهەمی پڕۆسەی ڕووناکبیری کە شوێندانەرییە لەسەر ڕێکخراوە و ئەحزابە سیاسییەکان و دواجار گیانیشیان لە سەر ئەو ڕیبازە دادەنێن و شوێندانەریی خویان لە سەر کۆمەڵگە تا هەنووکەش دادەنێن.
بەڵام لەم سەردەمەدا ئێمە ئەو سیمایانەمان نییە، ئێمە ئەو ئاستی ڕووناکبیرییەمان نییە، چ لە سەتحی ئێراندا و چ لە ئاستی بزووتنەوەی خوێندکاری کوردیدا.
٢) هەموومان ئاگادارین کە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئەو سەردەمی لەگەڵ ئێستا جیاوازییەکەی یەکجار زۆرە. یانی ئەگەر تۆ ژینگەی سیاسی ئەو سەردەمی لەگەڵ ئێستا پێک بگری هەردووکیان سیستمێکی دیکتاتۆڕن بەڵام لانیکەمەکەی ئەوە بوو کە لە سیستمی ئەو سەردەمدا دادگایەک لە گۆڕێدا بوو، لانیکەم گوێبیستنێک لە گۆڕێدا بوو، بەڵام لەو سەردەمەدا بە پێی ئەوەی زەختەکان بۆ سەر خەڵک، بۆ سەر چینی خوێندکار ئەوەندە بەرز بۆتەوە بۆتە هۆی ئەوەی کە جۆرێک پاشەکشە و پاشگەز بوونەوەی بزووتنەوەی خوێندکاری لە کوردستان بە تایبەتی و بە گشتی لە سەراسەری ئێراندا بەدی بکەین.
٣) ئەگەر بزووتنەوە وەک گوتارێکی گشتی سەیر بکەین، دەتوانین بزووتنەوەی خوێندکاری وەک گوتارێکی تایبەت پێناسە بکەین و لە کۆتاجاردا دەتوانین لە بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی وەک گوتارێکی تایبەتتر باسی لێوە بکەین، دەبینین کە لە هەرسێک لەو قۆناغانەدا بەرەبەبەرە بازنەی چالاکییەکان سنووردارتر و سنووردارتر دەبێ. واتە ئێمە لە بزووتنەوەی سەراسەریڕا دێینە سەر بزووتنەوەی خوێندکاری، لە بزووتنەوەی خوێندکاریڕا دێینە سەر بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی و ئەوە هەمان سنووردارتر کردنەوەی ڕادەی بەردەنگ یان با بڵێین گوتارە، لە گوتاری گشتیڕا دەڕۆین بەرەو گوتاری تایبەت و لە گوتاری تایبەتڕا دێین بەرەو گوتاری تایبەتیتر. کەوابوو لە نەفسی خۆیدا ئەو جۆرە بزووتنەوانە بە پێی ماهییەتەکەی خۆیان گوتارێکن بە بەردەنگی تایبەت بە خۆیانەوە، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر جەوهەری خودی ئەو جۆرە بزووتنەوانە.
٤) هەرچەند بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی ئەو شانسەی هەبووە و هەیە کە پەیوەندییەکی ئەم ئەوێتی و ڕاستەوخۆی لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی هەبێ و بتوانێ هەم شوێندانەر و شوێنوەرگر بێ، بەڵام ئێستا بە پێی ئەو دۆخەی کە بزووتنەوەی نەتەوەییش تێیدا قەتیس ماوە و بەداخەوە ئەو جۆرەی کە دەبێ چالاک نییە لە ئاستی وڵات و لە ئاستی کوردستاندا، کەوابوو ئەوەش بۆخۆی بووە بە هۆکارێک بۆ ئەوەی دووقات ئەوەندەی دیکە ئەم بزووتنەوەیە، بزووتنەوەیەک بێ کە گەیشتبێتە ئاستی قەیران.
هێبربێرت مارکووزە ڕستەیەکی جوانی هەیە دەڵێ: بزووتنەوەی خوێندکاری زیاتر هۆکارێکە بۆ گەشەونەشەی بزووتنەوەی نەتەوەیی. جا من دەمەوێ لەم ڕوانگەیەوە سەیری ئەو ڕستەیە بکەین کە بە هەرحاڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی و بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی پەیوەندییەکی دوولایانەیان هەیە کە وەک باسم کرد بەداخەوە ئێستا ئەم پەیوەندییە هەم لە لایەن بزووتنەوەی نەتەوەیی و هەم لە لایەن بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی، دەکرێ بڵێین زۆر لە کزی و نزمی داوە.
٥) لە سەردەمێکدا زانکۆ زۆر کەم بوون لە ئێران، بۆیە زۆربەی هەرەزۆری خوێندکارەکان ڕوویان دەکردە تاران و تەورێز وەک دوو گەورەشار کە لە باری سیاسییەوە بەتایبەتی تاران زۆر ئاوانگارد بوو و لەم زانکۆیانە خوێندکارەکانی شارەکانی دیکە یەکتریان دەگرتەوە، مەبەستم ئەوەیە کە زانکۆ ببوو بە شوێنێک بۆ کۆبوونەوە و لەو شوێنەدا ئەوانە یەکتریان دەدیتەوە و لێرەدابوو کە بیروبۆچوونەکان ئاڵوگۆڕی بەسەرداهات.
بۆ وێنە ئەوان سەردەمان خوێندکارێک کە لە شاری مەهابادەوە بەرەو تاران دەبێ وەك شەهید سمایلی شەریفزادە، وەک زۆر خوێندکاری دیکە کە دەچنە ئەم گەورەشارانە و ئەو دۆخە دەبینن ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێ. هەر وەک ئیشارەم پێکرد بە دەستەواژەکەی هانتینگتۆن واتە کەلێن، کاتێ کەلێنە جۆربەجۆرەکانیان دەدی، دواجار کە دەگەڕانەوە بەرەو وڵاتەکەی خۆیان هەوڵیان دەدا کە لە ڕوانگەی ئەو شکافەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، بە شێوەیەکی ئاڕمانخوازانە قەرەبووی ئەو کەلێنانە بکەنەوە.
بەڵام لەو سەردەمەی ئێستادا بە پێی ئەوە کە زانکۆ لە هەموو کوێرەدێیەکی ئێستای ئێران ئەویش بەبێ کارناسی داندراوە [ زانکۆی سەراسەری، زانکۆی ئازاد، زانکۆی پەیامی نوور، زانکۆی جامعی عیلمی کاربوردی و زۆر زانکۆی کەرتی تایبەتیش…] دەبینین کە خوێندکار لە چوارچێوەی جوغرافیای ژیانی شوێنی خۆی ناچێتە دەر، یانی خوێندکارێک کە قەرار وابوو لە تەمەنی ١٨ و ١٩دا هەستێ بڕوا بۆ شارێکی دیکە و لەوێ هەست بەم جیاوازییانە بکا، نایبینێ و لە سنوورێکی زۆر بەرتەسکی جوغرافیایی ژیانی خۆیدا قەتیس دەمێنێ و دواجار ئەو ئاڵوگۆڕەی کە دەبێ بەسەر بیروبۆچوونیدا بێ، ئەو دگردیسی سیاسییەی دەبێ پێکبێ، نایەتە دی.
٦) هەوڵێکی جیددی و بەبەرنامە هەیە بۆ دەستەمۆ کردنی خوێندکار. لەوەتی کۆماری ئیسلامی هاتۆتە سەر کار، بە تایبەتی لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا هەولێک هەیە بۆ سڕینەوەی چەمکی سیاسەت لە گشت کۆمەڵگا بە تایبەتی لە زانکۆکان. ئێمە ئەگەر سەیری قسەکانی ڕێبەری ئەم وڵاتە دەکەین بەردەوام لە قسەکانیدا هەولی ئەوە دەدا کە زانکۆ نابێ ببێتە شوێنی مشتومڕی سیاسی، کەچی لە تەواوی دنیادا ئەوە زانکۆکانن کە دەبنە شوێنی مشتومڕی سیاسی و گۆڕینی بیروڕای جیاوازی سیاسی. شۆڕشی بە قەولی خۆیان فەرهەنگی لە زانکۆکان، سازکردنی هەندێ ڕێکخراوەی چاوەدێری خوێندکاران وەک ئەنجومەنی ئیسلامی لە سەرەتای شۆڕش و دواتر جامعەی ئیسلامی لە زانکۆکان هەموو ئەوانە بۆ ئەوەن کە کۆنتڕۆڵێکی بەردەوام و زیاتر بە سەر خوێندکاراندا هەبێ و لەم هێڵە سوورانەی بۆیان دیاری کردوون نەترازێن.
٧) ئەگەر لەبیرمان بێ لە ساڵانی ٦٧ و ٦٨ی زایینی، چینی گەنج و خوێندکاری کۆمەڵگای ئێمە وەک زۆر شوێنی دی کەوتبووە ژێر تەئسیری بیری چەپ و ئامانجی لابردنی ستەمی چینایەتی و نەتەوایەتی بوو. لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئەو بیرە شکڵی گرتبوو، بۆ وێنە لە جوغرافیای زۆر جیاواز، مەسەلەن لە تورکیە دێنیز گەزمیشمان هەبوو، لە کوردستان سمایل شەریفزادەمان هەبوو، لە باکووری ئێران مەسعوودی ئەحمەدزادەمان هەیە، هەمووی ئەوانە بە شوێنوەرگرتن لە بیرۆکەی چەپ لە حەولی ئەوەدان کە بە شێوەیەکی ئاڕمانخوازانە ستەمی چینایەتی بە تایبەتی و لە لایەن ئێمەوە وەک نەتەوەی کورد ستەمی نەتەوایەتیش لاببەن. ئەوان لە باری سیاسییەوە زیاتر کەوتبوونە ژێر تەئسیری بیر و بۆچوونەکانی کتێبی «شۆڕش لە شۆڕش»ی ڕۆژێ دۆبڕۆ، بیردۆزی فەڕەنسی کە شاگردی لوویی ئاڵتۆسیری مارکسیست بوو و لە باری خەباتی چەکدارییەوە کەوتبوونە ژێر تەئسیری چێگواراوە.
ئەمڕۆ ئێمە، لەسەر ساحەی سیاسی کوردستان، نە لە بواری سیاسییەوە ڕۆژ دۆبڕۆیەکمان هەیە کە کتێبێکی پیرۆزی وەک شۆڕش لە شۆڕشمان بۆ بنووسێ _قەیرانی فکری_ و نە لە بواری خەباتی چەکدارییەوە چێگوارایەکمان هەیە _قەیرانی ڕێکخراوەیی_. یانی لە هەموو ساحەکانی خەباتی چەکداری و خەباتی سیاسیدا ئێمە کەلێنمان هەیە. بۆیە ئەمن پێموایە لە نەبوونی ئەو دوو باڵەدا فڕین بۆ خوێندکاری کورد زۆر ئەستەمە.
دواقسە:
دەمێکە کاتی ئەوە هاتووە کە بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی پێداچوونەوەیەکی جیددی بەسەر خۆیدا هەبێ و ستراتێژییەکی تۆکمە بۆخۆی دیاری بکا لەسەر سێ بنەمای: ئاوڕێکی ڕەخنەگرانە و لێکۆڵینەوەیی بۆ ڕابردووی، پێناسەیەکی سەرلەنوێ بۆ گرفتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی ئێستا و دواتر دۆزینەوەی ڕێکارێک بۆ داهاتوو.
ئەو کۆنفرانسە بۆیە گیراوە کە ئێمە خەسارناسی بکەین. دەبێ یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکاران و ئەو کەسانەی کە لە قالبی ڕێکخراوەکانی خوێندکاریدا کار دەکەن گۆڤاری تایبەت بە خۆیان هەبێ کە بە شێوەیەکی بەردەوام دەربچێ، بەردەوام دەبێ سمینار و لانیکەم کۆنفرانسی ساڵانەیان هەبێ، پەیوەندییان لەگەڵ ئەو شوێنانە هەبێ کە لە ڕوانگەی نێونەتەوەییەوە وەک سازمان و ڕێکخراوەی خوێندکاری چالاکن. من پێموایە ئەرکی سەرەکی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکاران دەبێ سازدانی پەیوەندییەکی ئۆرگانیک بێ لە سێکوچەکەیەک کە پێکهاتووە لە پێشمەرگە – خوێندکار، خوێندکار – تاراوگە، خوێندکار – نێوخۆ.
داوای لێبوردن کە بە پەلە کۆتاییم بە قسەکانم هێنا. زۆر سپاس.

( لە ژمارەی ٧١١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)