Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۳۰ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۶| 22/10/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

باوەڕ و بنەما فیکرییەکانی دوکتور شەرەفکەندی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ سمایل بازیار

07/10/2017 | 21:41:26
smailbazyarrrrrr
دیمانە: مووسا باباخانی

سمایل بازیار:
ئەو کاتەی چەپی کورد خۆی بە نەقدی پۆپۆلیزم و مارکسیزمی شۆڕشگیرەوە سەرقاڵ کردبوو، د. شەرەفکەندی مێژووی جووڵانەوەکانی کوردی دەنووسی
[ڕەهەندە فیکرییەکانی د. سادق شەرەفکەندی چی بوون؟ ڕوانگەی دوکتور شەرەفکەندی بۆ پرسی نەتەوایەتی و سۆسیالیزم و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی چ بوو؟ کامیان بۆ ئەو لە پێش بوون؟ ئەو فاکتانەی د. شەرەفکەندی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئیدیعای چەپ و ڕاستەکانی دژبەری چارەسەری پرسی نەتەوەیی دەیهێنانەوە چ بوون؟ ئەوانە چەند تەوەرێکی وتووێژێکی «کوردکاناڵ» لەگەڵ کاک سمایل بازیار، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی ڕێبەریی پێشووی حیزبی دێموکراتە کە «کوردستان» پۆختەیەکی لێ بڵاو کردۆتەوە]
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان حیزبێکی نەتەوەییە دەکرێ پێناسەی «چەپ بوون» بۆ سەرکردەکانی و یەک لەوان د. شەرەفکەندی بەکار بهێندرێ؟
لە ڕاستیدا هەر کەس کە دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێشدا بەرنامە و ئەساسنامەی ئەو حیزبە دەخوێنێتەوە و دوایە هەڵیدەبژێرێ. نەک هەر کاک دوکتور سەعید بەڵکوو هەر کەسێک هەوڵ بدا بۆ پیادەکردنی بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کورستان، ئەوە ئینسانێکی میللییە بە پلەی یەکەم و لە دواتردا ئیسانێکی چەپێشە، چونکی بەرنامەی حیزب لەسەر دوو کۆڵەکە ڕاوەستاوە، کۆلەکەیەکیان بۆ چارەسەری مەسئەلەی نەتەوایەتییە کە ئەوە لە ئەولەویەت دایە و پاش چارەسەری پرسی نەتەوایەتی جا بە هەرکام لە فۆرمۆڵەکانی _ خودموختاری، فدرالیزم یان سەربەخۆیی_ ئینجا نۆرەی پیادەکردنی بەرنامەیەکی دی دێ کە دابینکردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتییە؛ کە بۆ چارەسەری ئەم پرسەش بەرنامەی حیزبی دێموکرات فۆرمۆلی کۆنکرێت و موشەخەسی هەیە: «سۆسیالیزمی دێموکراتیک».
کەوابوو هەرکەس ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بێ ئوتوماتیک هەم ئینسانێکی نەتەوییە، چونکی بۆ حیزبی دێموکرات پرسی نەتەوەیی پرسی سەرەکی و بنەڕەتییە و لە بنەڕەتدا فەلسەفەی وجوودیی حیزبی دێموکرات لەسەر ئەوە دامەزراوە. پاشان حیزبەکان چۆن درووست دەبن ئەوە ئەم کەلەبەرانەن لە نێو کۆمەڵگەدا کە حیزبیان لەسەر درووست دەبێ، وەک کەلەبەری چینایەتی، کەلەبەری کولتووی، کەلەبەری دینی، کەلەبەری نەتەوایەتی. حیزبی دێموکراتی کوردستانیش ساڵی ١٣٢٤ لەسەر کەلەبەری نەتەویی دروست بووە، بەڵام پاش چارەسەری ئەو پرسە خۆ حیزبەکە لەبەر یەک هەلناوەشی، ئەوجار حیزب بەرنامەی هەیە بۆ مەسائیلی کۆمەڵایەتی، بۆ دابینکردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی. ئەگەر تۆ دابینکردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی بوو بە دەغدەغەی تۆ و بەرنامەت بۆی هەبوو، کە ناعەداڵەتی و چەوسانەوە لە کۆمەڵگەدا نەمێنێ و فورسەت بۆ ئێستێعدادەکان یەکسان بێ، بێ گومان تۆ و حیزبەکەت لە خانەی چەپدا جێدەگرن.
لە پێوەندی لەگەڵ دروشمی ستراتیژیکیی حیزبدا، ئایا سووسیالیزمی دێموکراتیک دژایەتیی نییە مەسەلەن لەگەڵ هەڵگرتنی شوعاری خودموختاری یان فدرالیزم؟
بەرنامەی حیزب ئاماژەی دەقیقی بەو مەوزووعە کردووە و دەڵێ ئامانجی دواڕۆژی حیزبی دێموکراتی کوردستان پیکهێنانی کۆمەڵگەیەکی سوسیالیستی دێموکراتیکە. خۆ نەمانگوتووە لە ئێران، مەعلوومە ئەوە بۆ دواڕۆژی کوردە ئەوە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆیە خۆ ناکرێ لە تاران سیستمی ئابووریی بازاڕی ئازاد پێڕەو بکرێ و ئەتۆش لە کوردستان سیستمی ئابووریی سوسیالیست پیادە بکەی.
هۆی چییە کە چەپی کورد لە کوردستان لە مێژووی خۆیدا پرسی نەتەوەیی بەلاوە گرینگ نەبووە؟
دەبێ بۆ ئەو مەوزووعەی بگەڕێینەوە بۆ ساڵەکانی سەرەتای دەیەی شێست و کۆتایی دەیەی پەنجای هەتاوی. لەو کاتدا گوفتمانی سیاسیی زاڵ لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان گوفتومانی چەپ بوو و هەموو ئەو دیاردە و چەمک و مەقوولانەی ئەو کات باو بوون وەک مەسەلەی دێموکراسی و مەسەلەی نەتەوایەتی هەمووی کەتبوونە ژێر کاریگەریی تێڕوانین و تێفکرینی چەپەوە.
چەپی کورد ئەو کات مەسەلەی نەتەوایەتیی پێ پرسی بنەڕەتیی کوردستان نەبوو، بەڵکوو پێی وابوو مەسئەلەی نەتەوایەتی دەرەجە دوو و دەرەجە سێیە. ئەوانیش چەند تەیفێکیان هەبوو ئەو کات ڕەوتێک کە لە خەتی یەک و دوودا جێگەیان دەگرت، وەک حیزبی توودە و رێکخراوی چریکە فیداییەکان پێیان وابوو تەزادی سەرەکیی کۆمەڵگەی کوردستان تەزادی خەڵک و ئیمپریالیزمە، کەوابوو دەبوو پرسی کۆمەڵایەتی تابعێک بێ لە خەباتی دژی ئیمپریالیستی. خەتی سێهەمیش کە زۆرتر ئەو گرووپانە بوون کە زۆرتر تێڕوانین و بیر و باوەڕی مائوییستیان هەبوو _وەک کۆمەڵە و پەیکار و…_ ئەوانە پێیان وابوو تەزادی ئەسڵی کۆمەڵگای ئەو کات کار و سەرمایەیە و دەبێ کێشەی نەتەوایەتی لە کاناڵی چینایەتییەوە تێپەڕ ببێ. یانی چەپی کلاسیک دەیەویست مەسەلەی نەتەوایەتی بباتە پەڕاوێزەوە. بنەمای هەموو ئەو سیاسەتانەی چەپی کورد بۆ پەراوێزخستنی پرسی نەتەوایەتی بۆ «متافیزیکی کۆمۆنیسم» دەگەڕێتەوە کە هەموو لێکدانەوە و تەحلیلێکی لەسەر ئەساسی چینایەتی بوو. بۆیە پرسەکانی دیکەی کۆمەڵگە، وەک پرسی ژنان، کولتوری و نەتەوایەتیی دەخستە پەراوێزەوە و تا خۆیان لە میتافیزیکی کۆمۆنیسم ڕزگار نەکەن هەر بەمجۆرە دەڕواننە کێشەی نەتەوایەتی. ئەو دەمی بەرپرسی ڕاگەیاندنی حیزب بوو بۆیە ئەرکی قورسی لەسەر شان بوو. ئەو بە نووسینی دەیان وتاری زانستی و موستەنەد و موستەدەل باسی ئەوەی کرد کە تەزادەکانی کۆمەڵگەی کوردستان چین؟ چین و توێژەکانی کوردستان کامانەن؟ چۆنن؟ یانی هەوڵی دا بیسەلمێنی ئەوە پرسە نەتەوایەتییەکەیە کە سەرەکییە و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری کوردستان دەتوانن خۆیانی تێدا ببیننەوە و بە پرسی خۆیانی دەزانن.

کاک سمایل کە دەگوترێ دوکتور سەعید یەکێک لە داڕێژەرانی سەرەکیی سیاسەتی حیزبی دێموکرات بووە، دەکرێ ئاماژە بە چەند نموونەی دیار بکەن و بڵین ئەو سیاسەتە یان ئەو بیرۆکەیە بەرهەمی فکریی دوکتور سەعیدە بووە؟
کاری حیزبی کارێکی بە کۆمەڵ و «خرد جمعی»یە، بەڵام بێگومان کەسانێک دیارترن و دەوری بەرچاوتر دەگێڕن. د.شه‌ره‌فکه‌ندی لە دوای دوکتور قاسملوو و لەو ساڵانەدا یەکێک لە داڕێژەرانی سەرەکیی سیاسەتی حیزب بوو بە تایبەت لە پێوه‌ندی لەگەڵ پرسی نەتەوایەتیدا کە پرسی سەرەکی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. پێشتر ئاماژەم بە نووسینەکانی دوکتور سەعید کرد کە لە وڵامی چەپی کلاسیکدا دەینوسین. ئێستا با نموونەیەکی دیکەت بۆ بێنمەوە، ساڵی ١٣٥٩ و ١٣٦٠ چەپی کورد بە چییەوە مەشغوڵ بوو بە نەقدی پۆپۆلیزم و بە شیکردنەوەی مارکسیزمی شۆڕشگێڕ کە پرسی کۆمەڵگەی کوردستان نەبوون، بەڵام کاک سەعید بە چی مەشغووڵە؟ ئەو کات لە ساڵی ١٣٦٠ کتێبەکەی چاپ کرد کە باس لە مێژووی ڕاپەڕین و جووڵانەوەکانی کورد دەکا. ئەو کتێبەی ئێستاش لەبەردەستمان دایە و زۆربەمان دیتوومانە و وەختی خۆی لە کۆڵەپشتیی پێشمەرگەکاندا شاخ و کێو و دۆڵی کوردستانی زۆر دەکرد. سەیر کەن چەپی کورد بە چییەوە سەرقاڵە و د. شه‌ره‌فکه‌ندی بە چییەوە ماندووە. ئەو دەیهەوێ لاوانی کورد ئەزموون وەرگرن لە خەبات و لە ڕاپەڕینەکانی پێشوو، ئاشنا بن بە مێژووی نەتەوەکەی خۆیان. ئاخر ئەو دەیزانی لاوی کورد ئەگەر زانیاریی لەسەر مێژووی نەتەوەکەی خۆی نەبێ چۆن لە مێژووی نەتەوکانی دیکە تێ دەگا؟ ئەو هەروەها ئاشنایان دەکا بە سیمبولەکانی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەمان وەک شێخ عوبەیدوڵڵا، شێخ سەعیدی پیران، سەید ڕەزای دەرسیم، سمایل ئاغای سمکۆ، قازی محەممەد و مستەفا بارزانی. چەپی کوردیش باسی چێگوارا، کاسترۆ، هوشیمینە، ئەنوەر خۆجە و …. دەکرد و ئەوانی بە لاوانی کورد دەناساند. جیاوازییەکان یەکجار زۆرن.
د. شەرەفکەندی بە کورتی و پوختی هەوڵی دەدا بۆ شوناسسازی، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە ئێمە «کورد» جیاوازین لە ئەو «فارس، عەڕەب و تورک» و هۆڤییەتێکی سەربەخۆمان هەیە و نووسینەکانی زۆرتر لە چوارچێوەی ئەو بابەتە دان

دەگوترێ دوکتور سەعید لە سەر پرسی کورد کێشەی فکریی لەگەڵ بەرەی ڕاستیش لە ئۆپۆزۆسیۆندا هەبوو، هۆکاری ئەمە چی بوو؟ ئەوان وەک ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هەڵگری چ جۆر بیرکردنەوەیەک بوون؟
د. شه‌ره‌فکه‌ندی ساڵی ١٣٧١ کە سەفەری دەرەوەی وڵاتی کرد و بە داخەوە سەفەری بێگەڕانەوەی بوو، ئەم سەفەرە هاوکات بوو لەگەڵ ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە باشووری کوردستان، دامەزراندنی پارڵمان و تەسویبی فدرالیزم. ئەوە دەنگدانەوەیەکی یەکجار زۆری بوو لە نێو ئۆپۆزیسیونی ئێرانی بە تایبەت لە نێو بەرەی ڕاستدا، هەمدیسان ئەوە دووبارە دەبینین کە ئۆپۆزیسیوونی ئێرانی بە چەپ و ڕاستەوە بە مەسەلەی ڕیفڕاندۆم زۆر تەنگەتاون و بە هەر جۆرێک و لە ژێر ناوی جۆراوجۆر دژایەتیی دەکەن. ئەو کاتیش کە بۆ یەکەمجار کورد دەبێتە خاوەن پارلمان و مەسەلەی فدرالیزم پەسند دەکرێ، کاک سەعید لە دەرەوەی وڵات بوو. ئەمجار شویینیزمی فارس نەک لە دەسەڵاتدا، بەڵکوو لە نێو ئۆپۆزیسیوونی ئێرانیدا سیمای خۆی دەرخست، لە سەڵتەنەت تەڵەبەکان ڕا بگرە هەتا میللییەکان و هێندێک ئینترناسیونالیستی دۆینێ و ئینترناسیونالیستی تازەی ئەو کاتی فارس کە خۆیان پێ لیبڕال بوو. ئەوانە لە وتووێژەکانیاندا لە گەڵ دوکتور سەعید سەیر تەنگەتاو بوون و زۆرتر لە کاک سەعید دەپرسن و لەسەر ئەوە پێداگرن کە دواڕۆژی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ ده‌بێ؟ ئەوان دەیانگوت کە له‌ ڕێگای مه‌جلیسی موئه‌سیسانه‌وه‌ دەبێ چاره‌سه‌ر بکرێ و قانوونی ئه‌ساسی ده‌بێ به‌ ڕه‌ئی گشتیی خەڵکی ئێران دابنرێ. هەروەها بەهۆی ئەوەی ڕابردوو‌یه‌کی هاوبه‌شی هه‌زار و چەند ساڵه‌مان ‌ پێکه‌وه هه‌یه ، ئەوە‌ مه‌جبوورین ئێمه‌ ئه‌و هاوبه‌شییه‌ ڕابگرین، یانی ئیوه‌ بۆتان نییه‌ جودا ببنه‌وه‌ له‌ ئیران چونکی ڕابردوویه‌کی هاوبه‌شمان هه‌یه‌ پێکه‌وه‌ و دواتر ده‌یانگووت ده‌بێ بێن له‌ به‌ره‌یه‌کدا بن که‌ هێندێک له‌و هێز و که‌سایه‌تییانه‌ی له‌و به‌ره‌یەدا‌ بوون هەر باوه‌ریان به‌ مه‌سئه‌له‌ی میللی نەبوو، و تەنیا پرسی ئازادییان بۆ گرینگە.
لێره‌دا د. شەرەفکەندی زۆر دەقیق وڵامی ئه‌وانه‌ ده‌داته‌وه‌ و بە بەڵگە و ئیستدلالی بەهێز بەرگری له‌ ماف و داواکانی خه‌ڵكی کورد دەکا. بۆ نموونە کاک سه‌عید پێیان ده‌ڵی خه‌ڵکی ئیسفه‌هان و شیراز و ته‌ورێز بۆیان نییه‌ بریار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خه‌ڵکی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بدەن و ئێمه‌ بۆخۆمان ده‌بێ بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆمان بده‌ین و پرسی نه‌ته‌وایه‌تی نابەینە مه‌جلیسی دامه‌زرینه‌ران که‌ له‌وێدا کورد کەمایەتییە‌ و زۆرینه‌ی غه‌یری کورده‌، ئێمه‌ بۆخۆمان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆمان ده‌ده‌ین و هیچ کات پرسی میللی و چاره‌سه‌ری ئەو پرسە ناسپێرین به‌ مه‌جلیسی موئه‌سیسان. له‌ بارەی ئیدیعای مێژووی هاوبه‌ش کاک سه‌عید ده‌ڵی دۆستایه‌تییه‌کان، هاوپه‌یمانییه‌کان هیچ کات ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دی نین. ئەمجارەیان لەو یه‌که‌ جوغرافیایه‌ی‌ پێی ده‌گوترێ ئێران له‌ ڕابردوودا که‌م وڵات و ناوچەی‌ لێ جودا بۆته‌وه‌؟ بەوە هیچ دنیاش خراپ نه‌بووه‌ بۆ مه‌گەر‌ ئازه‌ربایجان، گورجستان، ئه‌رمه‌نستان، به‌حرین، ئه‌فغانستان و ئه‌وانه‌ هه‌موویان ڕۆژێک به‌شێک له‌و یه‌که‌ جوغرافیایه‌ نەبوون که‌ پێی ده‌گوترێ ئێران؟ بۆیە ئەوە کورد تەنیا خۆی بڕیار دەدا کە دەیەوێ لەو چوارچێوەیەدا بمێنێتەوە یان نا. لەبارە مه‌سه‌له‌ی به‌ره‌ ده‌ڵێ ئێمه‌ ناچینە هیچ به‌ره‌یه‌که‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ پێشدا ئه‌و به‌ه‌ره‌یه‌ گه‌ره‌نتیی چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وایه‌تیی نەدابێ، یانی ئاوێکی پاک به‌ ده‌ستیاندا ده‌کا و ده‌ڵێ ئیمه‌ ناچین له‌ هیچ به‌ره‌یه‌که‌وه‌ با ئه‌و به‌ره‌یه‌ ئازادیخوازیش بێ، یان سیکولار و کۆماریخواز بێ، ئەگەر پرسی نەتەوەیی بەلاوە گرینگ نەبی و لە بەرنامەی خۆیدا نەیگونجێنی؛ چونکی بۆ ئێمه‌ی کورد مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ئه‌وله‌ویه‌ت دایه.‌ که‌ وابوو ده‌بی ئه‌و به‌ره‌یه‌ له‌ پێشدا ئه‌و گه‌ره‌نتی و ته‌زمینە له‌ به‌رنامه‌که‌یدا بگونجێنێ و چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وایه‌تی یەکلا کردبێتەوە.
ڕوانگە و بۆچوونەکانی دوکتور شەرەفکەندی لەمەڕ پرسی نەتەوەیی و چارەنووسی نەتەوەکەمان کە له‌ وتووێژ له‌ گه‌ڵ «عه‌لی کیشتگه‌ر»دا خستوویەتە بەرباس، ئەوە ده‌توانی‌ وه‌ک مانیفیستێک و وه‌ک سه‌نه‌دێکی موعته‌به‌ر و میژوویی هه‌میشه‌‌ له کارنامه‌ی د. شه‌ره‌فکه‌ندی‌دا وه‌ک لاپه‌ره‌یه‌کی دره‌وشاوه‌ بمێنێته‌وه‌. ‌

( لە ژمارەی ٧١١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)