Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۳۰ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۶| 22/10/2017 |کاتژمێر:
جۆراوجۆر

پرسی کورد لە سەربەخۆییەوە بۆ خودموختاری

07/10/2017 | 21:30:51
kamaranaminawa
د. کامران ئەمین‌ئاوە

(بیری چەپ و دۆزی سەربەخۆیی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان 5)
پرسی کورد لە سەربەخۆییەوە بۆ خودموختاری

کاتێک ئاوڕ لە مێژوو و ڕەوتی بزووتنەوەی کورد لە سەت ساڵی ڕابردوودا دەدەینەوە، دەبینین بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بە پێی هەلومەرجی کوردستان چەند قۆناخێ تێپەر کردوە. بۆ وێنە لە زۆربەی بەشە لێک‌جیاکراوەکانی کوردستان تا کاتی کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی، دروشمی یەکگرتنەوەی کوردستان دروشمی سەرەکی بووە. لەسەرەتادا سەرۆک عەشیرەکان بە هۆی وەزعییەتی ئابووری – کۆمەڵایەتی، سەروەربوونی سیستەمی فئودالی، نەبوونی بارودۆخی ڕەخساو، ئاست نزمیی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی حیزبایەتی، ڕێبەری ئەم بزووتنەوەیە بوون. لە ڕاستیدا هەر ئەوان بە‌پێی پێگەی کۆمەڵایەتییان توانایی ‌و دەرفەتی کۆکردنەوەی خەڵک، پێکهێنانی هێزی چەکدار، هەروەها پیوەندیگرتن لەگەڵ دەوڵەتەکانی دیکەیان بۆ وەدەستهێنانی یارمەتی وپشتیوانی لە بزووتنەوەی کورد هەبوو. ئەم قۆناخە دەکرێ وەکوو بزووتنەوەی فئودالی – ڕزگاریخوازیی کورد پێناسە بکرێ. پێکهاتنی حیزبی ڕزگاریخوازی کوردستان، حیزبی هیوا، کۆمەڵەی ژ – کاف (و پاشان حیزبی دیموکراتی کوردستان) تا ڕادەیەکی زۆر بزووتنەوەەی کوردی خستە ژێر ڕێبەرایەتیی بەشێک لە ڕووناکبیرانی ئەو کاتەی کوردستان کە هەستێکی بە‌هێزی سەربەخۆییخوازی‌ و یەکگرتنەوەی تەواوی کوردستانیان هەبوو.
پێکھاتنی کۆمەڵەی ژ. ک و درێژەی چالاکیی ئەو ڕێکخراوەیە ‌لە ژێر عینوانی تازەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەو سەردەمە‌ و دامەزراندنی دەوڵەتی کۆماری کوردستان سەرلوتکەی ئەم بزووتنەوەیە بوو و بۆ ھەوەڵین کەڕەت لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕێبەریی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد کەوتۆتە دەست ڕووناکبیری ئەو کاتە و حیزبی شیاوی خۆی بۆ خوڵقاوە. لە نوسخەی یادداشتێکی خانم ئەن لەمبتۆن [Ann Lambton] سەبارەت بە بارودۆخی ئەو کات و ھەستی خەڵکی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ئاوا نووسراوە: “ناوچە ڕووسیەکان لە دەرەوەی تەورێزەوە تا میاندواو و مەھاباد، بە شار و گوندەوە پڕ بوون لە چەکداری تەیاری کورد. من ھیچ جەندەرمە یان پۆلیسی ئێرانم چاو پێنەکەوت. لەگەڵ ژمارەیەک لە کوردی ناوچە قسەم کرد، ھەموویان لە ناخی دڵەوە لە سەربەخۆیی کوردستان دەدوان. یەکیان بازرگانێک بوو لە میاندواو کە ئەستەم دەبیندرا سوودێکی ڕاستەوخۆی لە کوردستانێکی سەربەخۆدا وەچنگ بکەوێ[بەڵام] دەیگوت کوردستانی سەربەخۆ، ھەرچەندە ھەژاریش بێ و قوربانیی لە پێناودا درابێ، دیسان لە بارودۆخی ئێستا ھەر باشتر دەبێ. […] لە مەھاباد قازی محەممەد کە کوردێکی خەڵکی ناوچەکە و برای نوێنەری مەڵبەندەکەیە[لە مەجلیسی شۆرای میللیی ئێران] وادیارە سەرۆکی خاوەن دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە بێ. من وا ھەستم کرد کە لە نزیکەوە پێوەندیی لەگەڵ رووسەکان ھەبێ و ھەرچییەکی لەدەست بێ، بۆ بنەبڕکردنی نفووزی کاربەدەستە ئێرانییەکان درێغی ناکات […] رۆژنامەیەکی کوردی [مەبەست دەبێ نیشتمان بێ] کە دەگوتری بە نھێنی بڵاو دەبێتەوە، قازی محەممەد لە چاپی دەدا و بەشداری تێدا ھەیە. رۆژنامە کە بە گوێرەی قسەی ئەو، پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکا و لەوە دەچێ وتاری لە سەر کۆمۆنیزمیشی تێدا بنوسرێ. لە ڕاپۆرتی سێر ر. بوللارد(باڵوێزی بریتانیا لە ئێران) لە ژێر عینوانی “لە تارانەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە، ٢٩ی سیپتامبری ١٩٤٤” سەبارەت بە کوردستان ئاوا نووسراوە: “ئێمە، نیشانەمان لە لایەن ‘ئەتاشەی چاپەمەنی’ باڵوێزخانەی ئەعلا حەزرەت[شای بریتانیا]وە بە دەستەوەیە، کە کوردی ناوچەی رووس لە ئێران، بە ئاشکرا چەکیان ھەڵگرتووە و لە سەربەخۆیی دەدوێن.[…] سەبارەت بە مەھابادیش ڕاستە و وا دیارە قازی محەممەد، مەرکەزی بزووتنەوەی سەربەخۆیی بێ لە کوردستان”.
کۆمەڵەی ژ. ک لە ھەوەڵین ژمارەی نیشتمان لە پوشپەری ١٣٢٢ دا بەم چەشنە باس لە “ئامانجی ایمە” دەکا:
“… کومەلەی ژ. ک […]. بە ھەمو ھیزو توانای خوی تی‌ئەکوشیت تا زنجیر و کەلەمەی دیلی و ژیردەستی لە ئەستوی نەتەوەی کورد دامالی و لەم کوردستانە لەت و کوتەی ایستا کوردستانیکی گەورەو ریک و پیک بینیتە بەرھەم کە ھەمو کوردیک بە سەربەستی تیابژیت.”
چالاکیی حیزبی دیموکراتی کوردستان و پێکھاتنی کۆماری کوردستان دەوامی ئەم ڕێبازە بوو. پێویستە ئاماژە بەم راستییەش بکردرێ پێشەوا قازی محەممەد و ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە پێی بارودۆخ و لاسەنگیی هێزەکانی دەرەکی و ژوورەکی و بە چەشنێکی پراگماتیستی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی کردوە. بۆ وێنە پێشەوا قازی محەممەد لە “گفتوگو” لەگەڵ “خاوەنانی چەند ڕۆژنامەی تاران” کە لە ژمارەکانی یەک و دووی کوردستان لە ٢٠ و ٢٢ی بەفرانباری ١٣٢٤ واتە کەمتر لە دوو حەوتوو پێش ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان چاپ و بڵاو بۆتەوە لە وڵامی ئەم پرسیارە کە:
” * لە تاران دەلین کوردان بەرەهبەری جەنابت جوی بونەوە و استقلالی کوردستانیان دەوی; آیا راستە؟”
ئاوا وڵام دەداتەوە:
“خیر راست نیە; لەبەر ئەوەی ایمە لەدەولەتی ایران اجرای قانونی اساسیمان دەوی‌و دەمانەوی بە خودموختاری لە ژیر بەیداغی ایراندا بژین; و خودموختاریشمان وەگیر کەوتووە.”
هەر لەم وتووێژەدا لە وڵامی پرسیاری سەبارەت بە “مەرامی فرقەی دیموکراتی کوردوستان” پێشەوا وڵام دەداتەوە:
“میللتی کورد لە ایراندا لە هەلسوراندن و پیک‌هینانی کارو باری جیگای خود آزاد بی و لە سنوری دەولەتی ایراندا بژی.”
بەڵام پاشان بە پێی شیاوبوونی بارودۆخ، ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دووی ڕێبەندان دامەزراندنی کۆماری کوردستان ڕادەگەیەنی. لەم پێوەندییەدا پێشەوا قازی محەممەد لە “نطقی” خۆی کە لە ژمارەی ١٠، ڕێکەوتی١٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ و ژمارەی ١١ لە ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ لە “کوردستان” وەکوو بڵاوکەرەوەی بیری ئەم حیزبە لە ژێر سەردێری “جیژنی سەربەخۆیی و استقلالی کوردستان” بڵاو بۆتەوە، وێرای ئاماژە‌ بە مێژووی کوردستان و کۆبوونەوەی کوردان لە ژێر “عنوانی حزب دیموکراتی کوردستان” باسی وەدەستھێنانی “استقلال و آزادی کورد” بە ھۆی پێکھاتنی کۆماری کوردستان دەکا و دەڵێ:
[…] “ملتی کورد هەزاران سد و بەرهەلستی سخت و سهندی لەری‌دابو دەستە‌ودایرەی دیکتاتوری بی‌ووچان کارشکینی ایمە‌یان دەکرد و لە هیچ نامردیەک رانەدەستان اختلافاتی عشایر بو داخلیش ئشکالی‌کی گەورە بو بو ایمە اما ئەوانە هیچکامیکیان نەیان‌توانی پیش بە ایمە بەگرن بە دلیکی بە‌هیز پایەداری‌مان کرد و ادامەمان بفعالیتی خومان‌دانا تا استقلال و آزادی نەتەوەی کوردمان بدست هینا.”
پێشەوا قازی محەممەد نزیکەی دوو مانگ پاش چوونەدەرەی سپای سوور لە ئێران و گۆڕانی بارودۆخی نیوخۆیی و دەرەکی بە پێی وەزعییەتی تازەی سیاسی ئێران لە “نطقی” خۆی لە ڕۆژی ٣١ بانەمەڕی ١٣٢٥ی هەتاوی لە بەرامبەر تەواوی سەران و سەرکردە و ژنراڵەکانی کۆمار، کە لە ژمارەی ٥٠ی کوردستان بە کوردی و لە ژمارەی ٥١ بە فارسی بڵاو بۆتەوە، وێرای باسێکی دوور و درێژ لە پێوەندی لەگەڵ زوڵم و زۆریی پەهڵەوییەکان و سەرەڕای ئەوەی کە “ئاماژە بە سەربەخۆیی تام و تەمامی” کورد دەکا، هاوکات ئاماژە بەمەش دەکا ئەگەر ئازادی لە سەرتاسەری وڵاتدا دابین بێ هیچ بەربەستێک بۆ ژیانێکی برایانە لە چوارچێوەی ئێراندا نابینێ. لە ئەسڵدا ئەگەر سەرنجی قسەکانی بدەین بە پێی ئەو نموونانەی کە دێهێنێتەوە دەتوانین باس لەوە بکەین کە پێشەوا قازی محەممەد وەکوو یەکەم کەسایەتی لە مێژووی کوردستاندا بە چەشنێک باس لە وڵاتێکی فیدراڵ دەکا. پێشەوا لە بەشێک لە “نطقی” خۆی ئاوا دەبێژێ:
… ئەگەر بیتو آزادی لە ایران دا بەرقەراربی چە مانعیک هەیە ئەوەی لە ایرانی‌دا دەژین تیکرادەستی برایەتی بدەن بە یەکتری. بزانن شوروی چل پەنجا ملتن عدالت کردونیە برا امریکا چل‌و چەند جمهوری سویس دوو سی‌یکن یەک روح‌و گیان پیکەوە دەژین…
بەرەبەرە پاش دانوستانی یەکیەتیی سۆڤییەت لەگەڵ حکوومەتی قەوام، پاشگەزبوونەوەی حکوومەتی ئازەربایجان لە ژێر گوشاری مۆسکۆ و خۆهەڵوەشاندنەوەی ئەم حکوومەتە پاش دانوستانی یەکلایەنەی لەگەڵ دەوڵەتی قەوام بێ ئەوەی کە ڕێبەریی کۆماری کوردستان ئاگادارکرابێتەوە، گۆڕانی “مەجلیسی میللی بۆ ئەنجومەنی ئەیالەتی” و دەستەکانی فیدایی بۆ “سازمان نگهبان”، هەروەها ئامادە‌ی بوون بۆ پێدانی دەسەڵات و ڕێبەری سپای میللیی ئازەربایجان بە دەوڵەتی قەوام و دەستپێکی پێدانی تەواوی دەسهاتی خۆیان بە خەزانەی بانکی میللیی ئێران، ڕێبەرانی کۆماری کوردستان هەست بە بێ پشتیوان‌ مانەوەی خۆیان لە ئاستی ژوور و دەرەوەی ئێراندا دەکەن و هەوڵ بۆ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی تاران دەدەن، کارێک کە ئاکامێکی ئەرێنی بە شوێنەوە نەبوو و لە کۆتاییدا قەوام هیچ یەک لە بەڵێنەکانی خۆی بە جێ نەهێنا و سپای ئێران بزووتنەوەی کوردیشی سەرکوت کرد.
پاشەکەشەی حکومەتی ئازەربایجان و بە شوێن ئەودا کۆماری کوردستان ‌و بەرەنگارنەبوونەوەیان لەبەرامبەر سپای ئێران، کۆمەڵکوژیی خەڵکی ئازەربایجان و لە سێدارەدانی ڕێبەرانی بزووتنەوەی کورد‌ و گرتن و دوورکردنەوەی ئازادیخوازنی کوردستانی بە شوێنەوە بوو. بە داخەوە لە بەرامبەر ئەم کارەساتە گەورەیەدا ئازەربایجان و کوردستان لە ئاستی ژوورەکی و دەرەکیدا بێ پشتیوان مانەوە. دوکتۆر ڕەحیمی قازی بەم چەشنە ئاماژە بە هۆی دەرەکیی تێکشکانی ئەم بزووتنەوەیە دەکا و دەڵێ:” هۆیەکی‌ دیکەی دەرەوەی تێکشکان و سەرنەکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە ئەمە بوو، کە لە لایەن هێزە پێشکەوتووەکانی دەرەوە پشتیوانی ئەوتۆی، کە پێویست بوو لێ نەکرا، وە یا باشتر بڵێین بە چاوێکی تەسک و بێ گرینگی تەماشای دەکرا. لە ڕاستەقینەدا سەردەمێک لە لایەن یەکیەتیی سوڤیەتەوە ئەم بزووتنەوەیە وەک بزووتنەوەیەکی نێو بزووتنەوەی دیموکراتیکی ئازەربایجانی ئێران تەماشای دەکرا و وەک بزووتنەوەیەکی سەربەخۆیان دانەدەنا. تاوانی ئەمەش بێ شک لە سەر شانی ریزەیەک لە سەرۆکەکانی بزووتنەوەی دیموکراتیکی ئازەربایجان بوو. چونکە ئەمان بیروباوەڕێکی وایان بڵاو دەکرتەوە، کە چون بە گوێرەی دابەشکردنی ئینیزیباتی ئێران، کە ڕەزا شا کاتی خۆی کردبووی، مەڵبەندی مەهاباد، بۆکان و شنو و نەغەدە و دەوروبەری ورمێ و خوی و شاپور و میاندووئاو خراونەتە سەر ئازەربایجان دەبێ بزووتنەوەی دیموکراتی کوردانیش لەم جێگەیانە لە نێو بزووتنەوەی دیموکراتیکی ئازەربایجاندا بێ و سەربەخۆ نەبێت. چاکتر بڵێین بە گوێرەی ئەم بیروباوەڕە دەبوایە کوردەکان خودموختاری وەدەست بخەن لە نێو ئازەربایجاندا، کە ئەویش لە هەمان کاتدا دەیویست خودموختاری وەچەنگ بخات لە نێو ئێراندا. ئەم بیروباوەڕە بە داخەوە ماوەیەکی زۆر حوکمانی کرد و تەنانەت کاتێک کە نێوان نوێنەرانی حکوومەتی خودموختاری ئازەربایجان و دەوڵەتی ئێراندا وتووێژ بەرێوە بردرا و پەیمان بەسترا، ئەم بەشەی کوردستان وەک مەڵبەندێکی نێو ئازەربایجان داندرا، ئەمە هەڵەیەکی زۆر گەورە بوو.” بە باوەڕی د. ڕەحیمی قازی “نەبوونی ناوچەی یەکیەتی و خەباتی بەیەکەوەی هێزە دیموکراتیکەکانی ئێران هۆیەکی دیکەی تێکشکانی بزووتنەوەی ڕزگاری نەتەوایەتیی کورد بوو … و حیزبی توودەی ئێران وەک حیزبێکی پێشکەوتوو و بەهێزی مارکسیستی، کە لە تەواوی ئێران ڕێکخراوەکانی بە پان و بەرینی لە تێکۆشاندا دابوون ئەرکی خۆی لە بەرامبەر بزووتنەوەی ئازەربایجان و کوردوستان بە جێی نەگەیاند و لە مەڵبەندەکانی کرماشان و قەسر و شاە‌ئاباد سەرەرای هەبوونی ڕێکخراوەیەکی بە هێز هیچ پشتیوانییەکی بە هێزی لە جووڵانەوەی مەهاباد لەو مەڵبەندانەی کوردستان پێک نەهێنا.
د. ڕەحیمی قازی ئاماژە بەم ڕاستییەش دەکا: “نابێ ئەمەش لە بیر بەرین، کە لەسەر مەسەلەی نەتەوایەتی، کە لە وڵاتێکی زۆر نەتەوەیی وەک ئێران مەسەلەیەکی زۆر گەورە و گرینگی شۆڕشە، حیزبی توودە هەڵەیەکی زۆری کرد. هەر ئەوەندە بەسە، کە بوێژرێت لە بەرنامەی حیزبی توودەدا مەسەلەی نەتەوایەتی دانەندرابوو.” د. ڕەحیمی قازی باس لەمەش دەکا کە تەنیا پاش پێکهاتنەکەی لەمەڕ یەکبوونی حیزب حیزبی توودە و حیزبی دیموکراتی ئازەربایجان لە ساڵی ١٩٦١ی زایینی و لە ژێر کاریگەریی هێزە دیموکراتیکەکانی ئازەربایجان و کوردستاندا مەسەلەی نەتەوایەتی بە چەشنی مارکسیستی_لینینی لە بەرنامەی ئەم حیزبەدا گونجاندرا.
سەرکوتکردن و ڕووخاندنی کۆماری کوردستان و شەهیدکردنی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی کۆتاییهاتن بە دۆزی سەربەخۆییخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و دەستپێکی گرتن و کوشتن و دوورخستنەوەی ئازادیخوازانی کورد بوو. مامۆستا هێمن لە پێوەندی لەگەڵ ڕووخانی کۆماری کوردستان و شەهید بوونی پێشەوا قازی محەمەد هەستی خۆی لە “ڕۆژگاری ڕەش”دا ئاوا دەردەبڕێ:

ئەو ساڵ جێژنەمان تاڵە دوژمنی زاڵم زاڵە
لاو جێیان سیاچاڵە دەستی دۆیان بەتاڵە
[…]وەپاش کەوت خەباتمان داگیراوە وڵاتمان
تێپەڕی ڕۆژی ھاتمان ڕووخا کۆشکی ئاواتمان

[…]بووینەوە دیل و یەخسیر وڵاتمان کرا داگیر
ڕاوکەر بوونەوە نێچیر یووسف خرانە ناو بیر

[…]دەستیان کرد بەڕەشبگیر ناپارێزن جوان و پیر
دێ زڕەی کۆت و زنجیر ھەر لێمان دەسوون شمشیر

[…]سواریان کردن پیادە جامیان کردن بێ بادە
داریان کردن ئامادە شەھید کران “بەگزادە”

لە سەقز و لە بۆکان شین و شەپۆڕە و گریان
تێکۆشەر لە دار دران قارەمان لەناو بران

لە چوارچرای مەھاباد لە کانگای بیری ئازاد
دەستی ڕەشی ئیستیبداد چەقاندی داری بێداد

لە کاتی نیوەشەوا لە جەنگەی شیرن خەوا
کرا کاری ناڕەوا لە دار درا پێشەوا

ڕۆڵەی وەفاداری کورد پێشەوای ئارام و ورد
بۆ کورد ژیا، بۆ کورد مرد گیانی فیدای گەلی کرد[…]

پاش ڕووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی قازی محەممەد و هاورێیانی پەیتا پەیتا دروشمی سەرەکیی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە هۆی بەهیزتربوونی دەوڵەتە داگیرکەرەکان‌ و پەیمانی هاوبەشیان دژ بە بزووتنەوەی کورد، پشتیوانی دەوڵەتە زڵهێزەکانی جیهان لەوان، لاوازبوونی هێز و کاریگەری سەرۆک عەشیرەکان ‌و گۆڕانکاریی بنەمای ئابووری ئەم وڵاتانە‌، پەرەسەندی سیستەمی سەرمایەداری، کاریگەری بیری چەپی سەرتاسەری ‌و هیوا بە کۆتاییهێنان بە زوڵم‌ و زۆری نەتەوەیی لە وڵاتێکی سۆسیالیستیدا خەباتی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە سەرەتادا خستە قۆناخی خەبات بۆ مافی شارۆمەندی، پاشتر خودموختاری لە چوارچێوەی ئێراندا، هەروەها هەڵبژاردنی ئامانجی سۆسیالیسم‌ و پاشان سۆسیالیسمی دیموکراتیک. باوەڕ بە چارەسەرکردنی ڕاستەقینەی چەوسانەوەی چینایەتی ‌و نەتەوەیی لە یەکیەتیی سۆڤییەت ‌و وڵاتە سۆسیالیستەکانی ئورووپاپی، خەباتی کۆمۆنیستەکان وەکو هێزی سەرەکی – پێشکەوتنخوازی دژ بە زوڵم‌ و زۆری چینایەتی ‌و نەتەوەیی کاریگەریی زۆری بۆ ڕاکێشانی ڕووناکبیرانی کورد بەرەو ئەم حیزبانە بوو. حیزبە سەرەکیییەکانی کوردستانی لەو دەورانەی کە جیهان لە نێوان دوو بەرەی سۆسیالیستی‌ و کاپیتالیستی دابەش کرابوو، بەرەی “سۆسیالیستی”یان هەڵبژارد.

سەرچاوەکان:
1) Fo371/401173/13978 نوسخەی یادداشتێکی خانم ئەن. ک. س. لەمبتۆن. ئاتاشە(راسپێراوی) چاپەمەنی باڵوێزخانەی بریتانیا لە تاران ١٣ی سیپتەمبەری ١٩٤٤، پێوەندیی کورد لەگەڵ ڕووس. سەرچاوە: ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیادا(وەرگێراوی کوردی ١٣٠بەڵگەنامە) لاپەرەی ٦٧، ئەنوەر سوڵتانی بنکەی ژین ٢٠٠٥
2) سەرچاوەی سەرێ، لاپەرەی ٧١
3) بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوایەتیی گەلی کورد و قازی محەمەد ١٩٤١-١٩٤٧، ڵاپەرەکانی ٣٦٦-٣٦٣، رەحیمی قازی. دەزگای چاپ و بڵاکردنەوەی ئاراس، هەوڵێڕ، چاپی یەکەم ٢٠١٢
4) سەرچاوەی سەرێ، ڵاپەرەکانی ٣٧٤-٣٧٢
( لە ژمارەی ٧١١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)