دوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەربەخۆیی بۆ هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک لە وڵاتان بە پارێزەوە هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە.
لە درێژەی کاردانەوەکانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەربەخۆیی بۆ هەرێمی کوردستان هێزەر نۆرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا رایدەگەیەنێ، کە ریفراندۆم کاریگەریی نەرێنی لەسەر ”پێوەندییە مێژووییەکان“ی نێوان واشنگتۆن و هەولێر نابێ، بەڵام پێوەندییەکانی نێوان کوردستان و عێراق ئاڵۆزتر دەکا.
چاودێران پێیانوایە کە ئەم هەڵوێستەی ئامریکا دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان نواندوویەتی، زۆر نەرمترە لە هەڵوێستی پێشووی ئامریکا کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد، ئەگەر ڕیفراندۆم دوانەخرێ، ئەوەی هەیە دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە. چاودێران نوێترین هەڵوێستی ئامریکایان بە ”ئەرێنی و نەرم“ لەقەڵەم داوە.
بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، ڕووسیە بە نەرمی ھەڵوێستەکانی دەیەوێ خۆی لە کوردستان نزیک بکاتەوە.
رووسیە دوای ئامریکا ئەو هێزەیە کە چاوی لەسەر هەرێمی کوردستان هەڵنەگرتووە، لەم ماوەیەی کە کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دا، ھەڵوێستەکانی نەرم و ئەرێنی بوون، تەنانەت گرێبەستی گەورەی لە بواری نەوت و گازدا لەگەڵ کوردستان ئەنجام دا، لە کاتێکدا کە ئامریکا پێش بەڕێوەچوونی ریفراندۆم ھەڵوێستەکانی بەتوندی لە دژی ئەنجامدانی پرۆسەکە دابوو.
پێشتر سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیە رایگەیاندبوو کە بایەخ بە خواستەکانی کوردستان دەدەن، کە دەیانەوێ بۆخۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.
هەروەها لە دراوسێی خۆمان لە تورکیە کە ھەر لە یەکەم رۆژی کە ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدا، دژی وەستایەوە و گوتی وەکو تورکیە لەگەڵ دەوڵەتی کوردیدا نین، بەڵام لەبەرامبەر ئەم ھەڵوێستەدا، ھەندێک لە رۆشنبیرانی تورکیە رەخنەیان لە حکوومەتی تورکیە گرت و ھەندێکیش پشتگیری. ھەروەھا نیوەی ئەندام پارلمانانی ئاکپارتیش پشتگیریی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.
کەمال بورکای، سیاستمەداری گەورەی کورد لە تورکیە، لە بارەی سەربەخۆیی کوردستانەوە دەڵێ، کوردیش وەکو ھەر نەتەوەیەکی دیکەی دنیا ئەو مافەی ھەیە دەوڵەتی خۆی ھەبێ.
نایم بابڕئۆغلو شارەزای سیاسەتی دەرەوە، پێی وایە ئەو رۆژەی تورکیە گرێبەستی فرۆشتنی نەوتی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، ھەر ئەوکات وەکو دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا کردووە، ئەمەیش بە ھەڵەیەکی ستراتیژی دادەنێ و ئێستاش دەبێ پشتیوانیی لێ بکا.
جهستین تروودۆ سهرۆك وهزیرانی كانادا وێڕای ڕێزگرتن لە پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستان ڕایگهیاند كه وڵاتهكهی ههڵوێستێكی بێ لایهنانه سهبارهت به ریفراندۆمی سهربهخۆیی كوردستان ههڵبژاردووە.
پێشتریش بهرپرسانی كانادا ڕایانگهیاندبوو كه وڵاتهكهیان ههڵوێستی تایبەتیان له بارهی ریفراندۆمی سهربهخۆیی كوردستان نابێ لەبەر ئەوەی کە ئهم بابهته دەبێ لە ڕێگەی گفتوگۆی نێوان ههرێمی كوردستان و حكومهتی عێراقی چارەسەر بکرێ.
هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەکانی ئورووپاش بێدەنگ نەبوون ، ڕۆژنامە پڕتیراژی “مێترۆ”ی سوئید لە ڕۆژانە ١ میلیون و ٣ سەد هەزار دانەی لێ بڵاودوبێتەوە دەنووسێ، هەرێمی کوردستان و کاتالۆنیاش بەرەو سەربەخۆیی دەڕۆن.
هەروەها وتەبێژی ڕەسمیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەیان لە هەرێمی کوردستان ”بەبێ سنووردارکردن“ بەردەوام دەبێ و داوای بە وتووێژ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدای کرد.
ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی ئەوە دەکا، چالاکییە ڕێپێدراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرتاسەری عیراق “بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەبێ سنووردارکردن بەردەوام دەبن” و داوای لە لایەنە دەسەڵاتدارە پەیوەندیدارەکان کردووە، لە هاوکاریکردن بەردەوام بن.
بەو پێیە ڕاگەیاندراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان نەرمە، هیچ توندییەکی تێدا نیە و هیچ ڕەتکردنەوەیەکیش بۆ ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم ئاماژەی پێ نەدراوە کە دەرخەری ئەوەیە ڕێکخراوەکە لە داهاتوودا مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم دەکا.