هاوکات لە گەڵ بەڕێوەچوونی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان کە رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەری ٩٦ی هەتاوی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، خەڵکی بەهەست وهەڵوێستی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاهەنگی جێژن و شاییان گێڕا.
رۆژی دووشەممە لە گەڵ دەسپێکی ڕێفڕاندۆم لە باشووری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەست و سۆزیی نەتەوەیی لە گەڵ چرکە گشتپرسی مانەوەو لە کۆتایی ئەورۆژەدا لە شارو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک هاتنە سەر شەقام و بەشێوەی مەدەنییانە جێژنی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووریی کوردستانیان کردە دەرفەتێک بۆ سەلماندنی هەستی نەتەوایەتیی خۆیان و بەرپەرچدانەوەیەکی مانادار بەرانبەر بە نەیاران و دژبەرانی کورد.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە خەڵکی شارەکانی بانەو سنەو سەقز و مەریوان و سەردەشت و بۆکان و مەهاباد و پیرانشار لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ڕژانە سەرشەقام و تا درەنگانی شەوی ڕابردوو بوون بە پاڵپشتی ویست وئیرادەی خەڵکی کورد لە باشووری کوردستان و هاوکات ماف و داواکارییە ڕەواکانی خۆیانیان لەو جێژنە بەرز کردەوە.
ئەگەرچی هێزە ئەمنییەکانی رێژیم بۆ جاوترساندن و پێشگرتن لەو هاوپێوەندییەو رێگریی کردن لە هاتنە سەرشەقامی خەڵک لە حەوتووی ڕابردوودا هەوڵەکانی خۆی وەگەڕ خست و لە رۆژی شەممە بەولاوە شارەکانی کوردستانی میلیتاریزە کرد و تەنانەت لە ڕێگەی جۆراوجۆر هەڕەشەیان لە چالاکان و تێکۆشەرانی نێوخۆ کرد، بەڵام کۆمەڵگەی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان بە لە پێشچاو گرتنی ڕێگا و شوێنی گونجا توانییان سیمایەکی کوردانەو مافخوازانە بەو رۆژە ببەخشن و بۆ جارێکی دیکە و بە بۆنەیەکی دیکەوە خەڵک بهێننە سەرشەقام.
خەڵکی شارو شاروچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پاڵپشتی کردن لە مافی براوخوشکانی باشووری کوردستان ، رۆژی رابردوو بە بەرزکردنەوەی دروشم و سروودی نەتەوەیی و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان هەست وسۆزی نەتەوەیی خۆیانیان دەربڕی
بەڕێوەچوونی ئاهەنگی شایی بۆ گشتپرسی لە باشووری کوردستان لە دۆخیکدا بەڕێوەچوو کە نێوشار هێزی تایبەت و دژە شوڕشەکان بڵاوەیان کردبوو، هاوکات فڕۆکەشەڕ کەرەکان بەسەر ئاسمانی شارەکانی رۆژهەلات شریخەیان دەهات بۆ چاوترساندنی خەڵک، بەڵام خەڵکی خۆڕاگریی رۆژهەڵاتی کوردستان شایی و جێژنی خۆیانیان بەڕێوەبرد.
هەر لەو پێوەندییەدا دوو کەس لە شاری مەهاباد بە ناوەکانی رووناک ئاقایی و کاوەیس ئاقایی لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەسبەسەر کران .
شایانی باسە چالاکانی مەدەنی لە دوایین ڕاگەیاندراودا، سپاس و پیزانینی خۆیانیان پێشکەش بەخەڵکی کوردستان کرد و هەروەها رۆژی سێشەممە دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بەشێک لە پەیامەکەی خۆی کە بەبۆنەی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم بڵاوی کردوتەوە، چاونەترسی و هەڵوێستی نەتەوەیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی بەرز نرخاند.