بێگومان راپرسی لە باشووری کوردستان وەک لوتکەی خەباتی نەتەوەیی گەلەکەمان لەو بەشە لە کوردستان کۆمەڵێک پەیامی گرینگ و پڕبایەخی بۆ کوردانی رۆژهەڵات تێدابوو کە ئەو پەیامە بە باشترین شێوە و بە شکۆیەکی کەم وێنەوە لە زۆربەی شار و شارۆچکە و ناوچە جۆراوجۆرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وڵامی درایەوە و گەلەکەمان لەو بەشە لە کوردستان بەڕێوەچوونی بەشکۆی راپرسیی سەربەخۆیی باشووری کوردستان بۆ جارێکی دیکە شەپۆلێکی بەرینی هاوپەیوەندیی نەتەوەیی و مافخوازانەی لە کوردستانی گەورە و بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەدواوە بوو.
گەلی کورد لە رٶژهەڵاتی کوردستان وێڕای دەربڕینی شادی و خاوەندارێتی لە سەربەخۆیی وەک مافێکی بێ ئەملاوئەولای نەتەوەکەمان، ویست و داخوازە پەنگخواردووەکانی خۆی بەرەوڕووی داگیرکەرانی کوردستان بەرز کردەوە.
لانیکەم بە دوای ئەزموونی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤، گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لێبڕاوانە هەوڵی داوە بە کەڵک وەرگرتن لە چەمکی دەوڵەت نەتەوە وەک یەک لە دوا وێستگەکانی رزگاری لە ستەم و ژێردەستی، دیسکۆرسێکی ئیرادە میحوەر و دەروەست پەروەر کە تیایدا سازش لە سەر سەربەخۆیی کوردستان جێگای نابێتەوە، بکاتە رێنوێنی خەباتێکی ڕەوا. ئامانجی ئەو دیسکۆرسە پشت بەستنە بە ئیرادەی گەل، بەها ئینسانی و ئەخلاقییەکان و لە هەمان کاتدا پڕەنسیپە پەسندکراوە نێودەوڵەتییەکان.
هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی کورد لە باشووری کوردستان وەک بەشێک لە جەستەی هەرگیز جیانەکراوەی کوردستان، دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ ئەوەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەسەڵاتدارانی ئێران لەو خەونە چەپەڵە راپەڕێنێ کە کورد هەرگیز ئامادە نییە ببێتە بەشێک لە ناسیۆنالیزمی مۆنتاژکراوی ئێرانی، بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شوناسخوازانەتر و رادیکاڵتر شەقام و گۆڕەپانەکانی کوردستان دەکاتە مەتەرێزی خۆڕاگری و خەبات دژی کۆلۆنیالیزمی نەتەوەی باڵادەست.
کاتێک چاو لە خرۆشانی جەماوەری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دروشمە واتادارەکانیان لە شارەکانی سنە و مەهاباد و بۆکان و بانە و سەقز و سەردەشت و … دەکەین بە ئاشکرا گەشەی هزری نەتەوەخوازی و سازش نەکردنی گەلەکەمان لە سەر دوا وێستگەی ئامانجیان کە هەمان بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە، دەبینین.
بێگومان لە چوارچێوەی ئەو حەڕکەتە جەماوەریانەدا خوێندکاران دەشێ و دەبێ وێڕای ئەوەی بەشێک بن لە ڕوحی بەرەنگاری و خەست کردنەوەی داخوازە باڵاکان، پێویستە لە بەرەبەری کرانەوەی زانکۆکاندا ڕۆڵی ئاوانگارد ببینن و بە ئاوێتە کردنی هزر و ئەندێشەی ناسیۆنالیستی لەگەڵ پڕاکتیکی شۆڕشگێڕانە رەساڵەتی مێژوویی و چاوەڕوانکراوی خۆیان بەئەنجام بگەیەنن.
ئەو پراتیکە شۆڕشگێرانە دەکرێ خوێندنەوەیەکی فرە لایەنی بۆ بکڕێ کە لێرە ئاماژە بە چەند خالێکیان دەکەین.
یەکەم :هەوڵ دان بۆ سەر لە نوێ پێناسە کردنەوەی هەبوونی ژن لە جەستەی گشتی خەبات دا کە بێگوومان دینامیزمی بزاوتنی سەرەکی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگایە،دیتمان چۆن ژنان پێشەنگی شەکاندنەوەی دیارترین هیمای هابوونی نەتەوەیەک دەکەن واتە ئاڵای کوردستان و بە سەخاوەتەوە نرخەکەی هەر لەجێوە دەدەن.
دوهەم:باس کردن لە دیاردەی بەکرێگیراوێتی لە کۆڕ و کۆبوونەوە و دانیشتنەکانی خۆتان دا و پێشنیار کردنی ڕێگا بەردەستەکانی ڕووبەوو بوونەوەی ئەو دیاردەیە کە دەکرێ سەرەتای ئەو خووێندنەوە و رووبەڕوو بوونەوە بە درووست کردنی دیالۆگی شاراوە و نهێنی بێ لە گەڵ ئەو خوێندکارانەی ئەندامی بنەمالە یان عەشیرەتێکی بەکرێگیراون.(بە داخەوە لە سەرهەڵدانەکانی دۆینێدا بەکرێگیراو و جاشە نیشتیمان فرۆشەکان وەک هەمیشە ڕۆلێکی یێکجار خراپیان لە لێدان و گرتن و سەرکوتی خەڵک دا گێڕا)
سێهەم:دروست کردن و کارکردن بۆ بە رەسمی ناسینی ئیرادەتان لە لایەن گەلەوە کە بێ گوومان بە هێز بوونی جەستەی گشتی خەبات و قایم بوونی پشتی بزوتنەوەی خوێندکاری لێ دەکەوێتەوە ،ئەوە دیالکتێکی بونیاتنەرە بۆ گەورە و بڵاو کردنەوەی خەباتی نەتەوەیی و دێموكراتی ئێمە بە پشت بستن بە باوەرەکانی ئەو قاسملویەی هاواری نەمری رێبازەکەتان بۆدا.
چوارەم :هەوڵدان بۆ بە سیستەم کردنی حەرەکەتی خوێندکاری کوردستان و دروست کردنی پێوەندی و کاری هاوبەش دەگەڵ نەتەوە کۆلۆنیزە کراوەکانی دیکەی دەستی فاشیزم لە ئێران دا.
پێنجەم :ڕۆشەنگەری دان لەسەر سەرکوتەکانی رژیم و هیوادان بە خەڵک بۆ ئەوەی سەرکوت وتۆقاندن کە پشەی دەسەڵاتە تۆتالیتێرەکانە شەقاممان لێ نەستێنێتەوە.
لەوە ڕێگایەدا یەکیەتی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد هاوکار،پشتیوان و یارمەتیدەری ئێوە خوێندکارانی کورد دەبی و ئەو ساڵی تێکۆشانی زانکۆ پڕ دەکەین لە دیاری بۆ مەعرەفەتی نەتەوەیی و قووڵ کردنەوەی شعوری شوناسخوازی گەلەکەمان .
خەونی گەورە دەبینین، چ
ونکە خاوەنی سەرمایەیەکی گەورەی مەعنەوی و ئینسانی و کلتورێکی دەوڵەمەندی خەباتی نەتەوەیی دێموکڕاتیکین کە بە درێژایی حەفتا ساڵ تێکۆشانی بێ وچان بەرهەم هاتووە، ئێمە نەسڵی وەدیهێنەری ئاواتە گەورەکانین و ئیرادەی پێشەنگایەتیمان دەبێ هەبێ.
یەکیەتی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد
٤ی رەزبەری ٢٧١٧ی کوردی