Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۳۰ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۶| 22/10/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

پشتیوانیی ماناداری رۆژهەڵات لە رێفراندۆمەکەی باشوور

26/09/2017 | 01:16:56
22015606_1909916519023486_609139964_o
سمایل شەرەفی

دوای بەیەکجاری بڕیاردان لە سەر بەڕێوەچوونی رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان لە لایەن خەڵک و سەرکردایەتیی کورد لەم بەشە لە خاکی نیشتمان، لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش بڕیار لە سەر پشتیوانی لەم رووداوە مێژووییە درا. حیزب و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەرکردنی راگەیاندراو و بەیاننامە پشتیوانیی بێ‌ئەملاوئەولای خۆیان لەم پرسی نەتەوەییە راگەیاندو، هاوکات ڕوو بە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان داوایان کرد، لە رۆژی بەڕێوەچوونی رێفراندۆم‌دا بە لەبەرکردنی جل و بەرگی کوردی لەدەوری یەک کۆبوونەوە بیکەنە جێژن و خۆشحاڵیی خۆیان بەم بۆنەوە دەرببڕن.
هەر لەم پێوەندییەدا چالاکانی ناوخۆی وڵات بە وەرێخستنی کەمپەینی دەیان هەزار کەسی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کەوتنەخۆ بۆ ئەوەی لەم رۆژەدا خەڵکێکی زۆر زیاتر لە شارەکانی کوردستان لەم دەرفەتەدا بۆ پشتیوانی لە رێفراندۆمەکەی باشوور لە دەوری یەک کۆببنەوەو “جێژینی گشتپرسی” بگێڕن.
لە کۆتایی‌دا پرۆسەی رێفڕاندۆم لە باشووری کوردستان بە بەشداریی زۆربەی نزیک بە تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاو و کێشە لەسەرەکان بەڕێوەچوو و سەرکەوتنێکی بەرچاوی مێژوویی بۆخۆی تۆمار کرد. بەم بۆنەوە هەر وەک ئامادەکاری بۆ کرابوو خەڵکی بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت شارەکانی بانە، سنە، سەقز، بۆکان، مهاباد، سەردەشت و پیرانشار و…، سەرەڕای جموجۆڵی بەرچاوی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم و هەڕەشەوگوڕەشەیان لە خەڵک و چالاکان لە رێگای جۆراوجۆرەوە، بە هەزاران کەسیان بە کۆبوونەوە لە دەوری یەکتر لە شوێنە گشتییەکانی شار کردیان بە جێژن و شاییان گێڕا.
ئەم جۆرە لە رەفتارانە بە نیسبەت هەڵوێست دەربڕین بەرانبەر بە رووداو یان دەسکەوتێک لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان شتێکی تازە نیە. لە ماوەی لانیکەم ٢٠ ساڵی رابردوودا خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە نارەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە دەستبەسەرکردنی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بگرە تا خۆشحاڵی دەربرێن بەرانبەر بە بوونی بەڕێز جەلال تاڵەبانی بە سەرکۆماری عێراق و، چەسپاندنی فیدڕاڵی لە هەرێمی کوردستان و سەرکەوتنەکانی کۆبانی لە رۆژاوای کوردستان و ئێستایش بەڕێوەچوونی فیدراڵی لە باشووری کوردستان، خاوەن هەڵوێستی ئازایانەی نەتەوەیی خۆی بووە. ئەوەی لەم نێوەدا جیا لە لایەنی هاوپێوەندیی نەتەوەیی لە گەڵ بەشەکانی دیکەی نیشتمان، بە نیسبەت رەفتاری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم بۆنەو دەرفەتانەدا جێی سەرنج و بایخە، راست قۆستنەوەی ئەم دەرفەتانەیە بۆ ئەوەی پەیامە تایبەت و مێژوویەکەی خۆی بە گوێی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران بگەیەنێ.
لە هەموو ئەم بۆنە و مەجالانەدا خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوکات لە گەڵ دەربڕینی هاوپێوەندیی نەتەوەیی خۆی لە گەڵ براو خوشکەکانی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، لێبڕاوانە دەرفەتەکەی قۆستۆتەوە بۆ دژایەتی دەربڕین بەرانبەر بە رەفتارە نامەسئولانە و دژی‌گەلییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و پەیامی خۆی بە دەسەڵاتدارانی رێژیم لە تاران و کوردستان گەیاندوە.
لە کۆبوونەوەکانی دوێنی خەڵکی شارەکانی کوردستان‌دا بۆ پشتیوانی لە رێفڕاندۆمەکەی باشووری کوردستان، بە هەڵکردنی “ئاڵای کوردستان” و خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی “ئەی رەقیب” و دانی درووشمەکانی “بژی پێشمەرگە”، “سڵاو لە قاسملوو” و “مەرگ بۆ داگیرکەران” و “کوێر بێت چاوی دژبەران” و، لە هەمووی گرینگتر بەرزکردنەوەی درووشمی “قازی موبارەکت بێ” لە پایتەختی کۆماری کوردستان، واتە شاری مهاباد، خەڵکی هوشیاری کوردستان پەیامی خۆی بە گوێی دەسەڵاتداران لە تاران‌‌دا دایەوە.
ئەوان (خەڵک) بەم درووشمانەیان بە دەسەڵاتدارانی رەقیبیان لە تاران گووت کە، “کورد هەر ماوە” و، “پێشمەرگە” هەروا خۆشەویستی گەلە و، قاسملوو لە رێبازی‌دا هەر وەک هەمیشە بە زیندوویەتی ماوەتەوە و، ئەوان(دەسەڵاتدارانی رێژیم) بە سەرکوتکەر و دژی‌گەلی دەزانن و لە هەمووی گرینگتر، بە دەسەڵاتدارانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێڕانیان گوت کە ئەوەی لە باشووری کوردستان بەڕێوە دەچێت هەمان ئاوات و ئارەزووەکانی شەهید پێشەوا قازی محەممەدن کە ٧٢ ساڵ پێش لە ئێستا بە دامەزرانی کۆماری کوردستان ریشەیان لە دڵی خەڵک‌دا داکوتاوەو بە زیندوویی ماونەتەوە.
ئەوەی ڕاستی بێت کاربەدەستانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش زۆر باش لە هەڵوێست و رەفتاری خەڵکی خاوەن هەڵوێستی کوردستان گەیشتوون و زۆر باشیش دەزانن کە خەڵک لە سەر بنەمای چ خوێندنەوە و هەڵوێستێکی مێژوویی و نەتەوەیی هەڵوێست دەگرن و کێن ئەوانەی کە خەڵک بە هی خۆیانیان دەزانن. زیاتر لە یەک مانگە دام‌ودەزگا ئەمنیەتییەکانی رێژیم بە کۆکردنەوەی هێزی سەرکوتکەر لە ناوچە سنوورییەکان و گواستنەوەی ئەنواعی چەکی جۆراوجۆر بۆ ئەم ناوچانە و بڵاوەپێکردنیان لە نێو شار و ناوچەکان‌دا، خەریکی چاوترسێن‌کردنی خەڵک و هەڕەشەکردن لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە. هەر رۆژێک پێش لە بەڕێوەچوونی رێفراندۆم لە باشووری کوردستان، هێزەکانی رێژیم بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتیان بە مەبەستی لێدانی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕات، تۆپباران کرد. هەر لەم پێوەندییەدا رۆژێک پێش لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی خەڵک، بە سەدان هەزاران کەس لە هێزە سەرکوتکەرانی رێژیم بە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بڵاوبوونەوەو فڕۆکە شەڕکەرەکانیش بە سەر ئاسمانی شارەکان‌دا دەسووڕانەوە. هەمووی ئەمانە جیا لە ترس و دڵەڕاوکێیان لە ئەگەری تەقینەوەی رق و قینی خەڵک لە دەسەڵاتە ڕەشەکەیان، بۆ ئەوە بوو کە ترس بخەنە دڵی خەڵکەوە و پێش بەم کۆبوونەوە جەماوەریانە بگرن.
بەڵام هەر وەک دیتمان خەڵکی خاوەن هەڵوێست و هوشیاری رۆژهەڵاتی کوردستان بێ‌گوێدان بە هەموو ئەم بیلان و تۆقاندنانە نەتەنیا ئازایانە و نەتەوەییانە پشتیوانی خۆیان بۆ رێفڕاندۆمە مێژووییەکەی باشووری نیشتمان دەربڕی و شاییان گێڕا، بەڵکوو بە بێ لەبیرکردنی سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی رێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی، پەیامی رق و بێزاریی خۆیان بە گوێی دەسەڵاتدارانی ئەم رێژیمە گەیاند و پێیان گوتن کە بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان لە ئێران هەر وەک هەمیشە لە سەر پێیە.
بۆ جارێکی دیکەیش خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لاپەڕەیەکی زێڕین و پڕشنگداری دیکەی لە هاوهەڵوێستیی نەتەوەیی خۆی لە مێژووی پڕ لە شانازیی‌دا تۆمار کردو بۆ جارێکی دیکەیش سەلماندی کە شەڕکردن دژ بە ئیرادەی مافخوازانەی ئەم میللەتە چەندە کارێکی بێ‌هوودەو بێ‌ئاکامە.