سەرۆکی ئامریکا لە کاردانەوەی تاقیکردنەوەی مووشیکیی ئەو دواییانەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، کە وڵاتەکەی هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران نەماوە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئامریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەری تایبەتیی خۆی رایگەیاندووە، کە ئەو مووشەکە قاڕەبڕەی ئێران تاقی کردەوە، دەتوانێ ئیسرائیل بپێکێ.
دۆناڵد ترامپ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە رێژێمی ئێران لەگەڵ کۆرەی باکوور کار دەکا بۆ پەرەپێدانی چەکە ناوەکییەکانی.
هەروەها سەرۆکی ئامریکا رایگەیاندووە، دوای تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیی “خورەمشەهر” لەلایەن سپای پاسدارانی ئێرانەوە، رێککەوتنی ئەتۆمیی ئامریکا و ئێران بە هەڵوەشاوە دادەنرێ، ”هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا نەما“.
رۆژی ڕابردوو سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، مووشەکی قاڕەربڕی خوڕەمشەهری بە ”سەرکەوتوویی“ تاقی کردووەتەوە، کە دوو هەزار کیلۆمیتر بڕ دەکا و و دەتوانێ چەندین جۆر کڵاوی ناوەکی و نیزامی لێ ببەسترێ.
رۆژی سێشەممەی حەوتووی ڕابردوو نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی ٥+١، لە ڤییەنی پێتەختی ئۆتریش رێککەوتنیان راگەیاند، کە بەپێی یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە، بە مەرجی دەستبەرداربوونی ئێران لە بەرنامەی چەکی ناوەکی هەموو گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن.