Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۱ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 12/12/2017 |کاتژمێر:
راگەیەندراوەکان

بەیاننامەی ده‌فته‌ری سیاسیی حدک سه‌باره‌ت به ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان

23/09/2017 | 14:21:59
hdkkk1

خه‌ڵکی تێکۆشه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ری کوردستان!
حکومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نه سیاسییه‌کانی باشووری کوردستان!
ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان!
دوابه‌دوای ساغبوونه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم و زۆرینه‌ی هێزه سیاسییه‌کان له باشووری کوردستان له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له ڕۆژی ٢٥ ی سێپتامبری ٢٠١٧ دا و پاش وه‌رزێک باس و خواسی چڕی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به‌و پرسه، سه‌ره‌نجام سه‌رکردایه‌تیی کورد و دامه‌زراوه شه‌رعییه‌کانی باشووری کوردستان له‌سه‌ر زاری به‌ڕێز کاک مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه‌وه؛ لێبڕاویی خۆیان له‌مه‌ڕ جێبه‌جێکردنی ئه‌م هه‌نگاوه مێژوییه له کاتی خۆیدا به ئاگاداریی خه‌ڵکی کوردستان و سه‌رجه‌م جیهان راگه‌یاند.
حیزبی ئێمه هه‌ر پاش په‌سندکرانی بڕیاری به‌ڕێوه‌بردنی ڕێفراندۆم، له ڕاگه‌یاندراوی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب (به ڕێكه‌وتی ١٣ی ژووئه‌نی ٢٠١٧)‌دا، ئه‌و بڕیاره‌ی به بنیاتنراو له‌سه‌ر مافی ڕه‌وای گه‌لی کورد بۆ دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆی و به ئاکامی سروشتیی ڕه‌وتێکی دوور و درێژ له چه‌وساندنه‌وه و نه‌خوێندنه‌وه‌ی گه‌لی کورد له عێراق و جێبه‌جێ نه‌کردنی پره‌نسیپه‌کانی ڕێککه‌وتن و هاوبه‌شی له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و وڵاته‌دا له قه‌ڵه‌م دا. حیزبی ئێمه وێڕای ئاره‌زوو ده‌ربڕین بۆ ئه‌وه‌ که گه‌له‌که‌مان له باشووری کوردستان به یه‌کڕیزیی هه‌رچی زیاتره‌وه به‌ره‌و جێبه‌جێکردنی ئه‌م پرۆسه چاره‌نووسسازه بچێ، هه‌م ئه‌و کاته و هه‌م له سه‌رجه‌م گوتار و په‌یام و لێدوانه فه‌رمییه‌کانی دواتریدا پێشوازی و پشتیوانیی خۆی له ئیراده‌ی سه‌روه‌ریخوازانه‌ی برا کورده‌کانمان له باشووری کوردستان و پێویستیی گوڕ و تین به‌خشین به‌م ئیراده‌یه ده‌ربڕیوه.
ئێستا که ڕۆژی به‌ڕێوه‌بردنی ڕێفراندۆم له باشووری کوردستان نزیک بۆته‌وه، حیزبی ئێمه وێڕای دووباره‌کردنه‌وه‌ی پشتیوانی و پشتیگریی خۆی له‌م پرۆسه‌ ڕه‌وا و مێژووییه‌، ئاماژه به‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه به‌ پێویست ده‌زانێ:
١/ له هه‌ر روویه‌که‌وه بیگرین، چ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌خلاقی، سیاسی و مێژوویی، و چ له‌سه‌ر بنه‌مای قانوونیی عیراق و یاسای نێوده‌وڵه‌تی، مافی دیاریکردنی چاره‌نووس مافێکی بێ ئه‌ملاوئه‌ولای گه‌لی کورد به گشتی و گه‌لی کورد له باشووری کوردستان به‌تایبه‌تییه. به باوه‌ڕی ئێمه، پاش تێپه‌ڕینی زیاتر له سه‌د ساڵ له نه‌زمی ناکارا و ناعادلانه‌ی سایکس_پێکۆ، له سه‌رده‌مێکدا که هه‌م هاوکێشه سیاسییه‌کانی جیهان و ناوچه گۆڕانی بنه‌ڕه‌تیان به‌سه‌ردا هاتووه، هه‌م نه‌ته‌وه‌ی کورد هه‌قانیه‌ت و قابلیه‌ته‌کانی خۆی له هه‌موو کاتێك زیاتر به جیهان نیشان داوه، هه‌م یاسای نێوده‌وڵه‌تییش زۆر کراوه‌تر له پێشوو ته‌عامول له‌گه‌ڵ مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی گه‌لان ده‌کا، موخالفه‌تی به‌ربڵاوی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ ته‌مرینی ئه‌و مافه له‌لایه‌ن گه‌لی کورده‌وه هه‌ڵوێستێكی تاڵ و ناڕه‌وا و ته‌نانه‌ت به پێچه‌وانه‌ی پره‌نسیپه‌ چه‌سپاوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانە. هه‌ربۆیه‌ حیزبی ئێمه‌ش وه‌ک به‌شێک له نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌نگی خۆی ده‌خاته پاڵ هاواری هه‌قویستانه‌ی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌ڕووی جیهاندا.
٢/ به‌ڕووی ده‌وڵه‌تانی ناوچه به‌تایبه‌تی ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستاندا و له‌ڕیزی پێشه‌وه‌یان کۆماری ئیسلامی که له مانگه‌کانی ڕابردوودا چالاکترین ده‌وڵه‌ت بۆ موخالفه‌تی گوتاری و عه‌مه‌لی به‌دژی پرۆسه‌ی ڕێفراندۆمی باشووی کوردستان بووه، ده‌ڵێین ویستی جیابوونه‌وه به‌ده‌ر له‌وه که مافێکی ڕه‌وای گه‌لی کورده، ئه‌نجامی سروشتیی سیاسه‌تی سه‌رکوت و په‌راوێزخستنی کوردیشه. ئێمه ئاره‌زوو ده‌خوازین که ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستاندا به باشی ئه‌و په‌یامه وه‌ربگرن و له‌جیاتی ئه‌وه‌ که به هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه ڕووبه‌ڕووی ئیراده‌ی گه‌لی کورد ببنه‌وه، باشتر وایه تێ بکۆشن پرسی کورد و ئاوڕدانه‌وه‌ له خواسته ڕه‌واکانی ئه‌و گه‌له وه‌ک ده‌رفه‌تێک بۆ بنیاتنانی ئاینده‌یه‌کی باشتر بۆخۆیان و پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌گشتی چاو لێ بکه‌ن.
٣/ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له سه‌رجه‌م کوردستان و دامه‌زراوه‌کانی کورد له باشووری کوردستان، حاشای لێ ناکرێ که به‌رێوه‌بردنی ڕێفراندۆم ره‌نگه گه‌له‌که‌مان رووبه‌ڕووی فشار و مه‌ترسیی نوێ بکاته‌وه. ئێمه وێڕای جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستیی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌له‌که‌مان له باشووری کوردستان له‌گه‌ڵ سیناریۆکانی پاش ڕێفراندۆم به یه‌كڕیزی و یه‌کگرتوویی، وه‌ک حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ئاماده‌یی خۆمان بۆ پشتیوانی و پشتگیری له براکانمان له‌و به‌شه‌ له کوردستان له هه‌ر شکڵێکی مومکین و پێویستدا ڕاده‌گه‌یه‌نین.
٤/ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئێمه له‌پێشدا ده‌سخۆشییان پێ ده‌ڵێین که ئه‌مجاره‌ش وه‌ک جاره‌کانی پێشوو نیشانیان دا که سه‌رکه‌وتن و ده‌سکه‌وتی کورد له هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان به ده‌سکه‌وت و سه‌رکه‌وتنی خۆشیان ده‌زانن و خه‌مخۆر و دڵسۆزی خوشک و براکانیان له پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانن. پاشان داوایان لێ ده‌كه‌ین، وێڕای گرینگیدان به ئه‌رک و ڕیساله‌تی خه‌باتگێڕانه‌ی خۆیان وه‌ک کوردی رۆژهه‌ڵات و له به‌رامبه‌ر کۆماری ئیسلامیدا، ئێستا که گه‌لی کورد له باشوور له‌به‌رده‌م شیپانه‌ی قۆناغێکی بێ وێنه له مێژووی خۆی ڕاوه‌ستاوه، به هه‌موو شێوه‌یه‌کی گونجاو و له ڕێگای ئاشتییانه و مه‌ده‌نییانه‌وه به‌تایبه‌تی له رۆژی به‌ڕێوه‌چوونی ڕێفراندۆم خۆشحاڵی و پشتگیریی خۆیان له‌و هه‌نگاوه‌ی گه‌له‌که‌مان له باشووری کوردستان ده‌رببڕن. ئه‌وان له زیمنی ئه‌وه‌دا که پێویسته هاوپێوه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان له‌و ده‌م و ساته مێژووییه‌دا هه‌رچی گه‌رم و گوڕتر و به‌ربڵاوتر نیشان بده‌ن، پێویسته له‌م ده‌رفه‌ته‌شدا په‌یامێکی ڕوون بده‌ن به کۆماری ئیسلامی که چیدیکه ناتوانێ نه له‌سه‌ر ئاستی ئێران و نه له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ناوچه‌دا به ئه‌قڵیه‌ت و سیاسه‌تی تا ئێستای مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وجوود و ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد بکا.
به‌هیوای سه‌رکه‌وتنی ئیراده‌ی سه‌روه‌ریخوازانه‌ی کورد له باشووری کوردستان و هه‌ڵهاتنی رۆژی رزگاریی سه‌رجه‌م کورد.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
٢٣ی سێپتامبری ٢٠١٧