Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۳ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 24/11/2017 |کاتژمێر:
جۆراوجۆر

گەل لە کۆنتێکستی دێمۆکراسیدا

23/09/2017 | 04:36:50
RZGAR-AMINNJAD
ڕزگار ئەمین نژاد

ڕەنگە خۆخەریک کردن بە مانای ئیپیدیمیکی دێمۆکراسی واتە؛ «دەسەڵاتی گەل» لەم سەردەمەدا کارێکی ژیرانە نەبێ، چوونکە ئەم وتەزایەش وەک زۆربەی چەمک و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کارتێکەریی «سەردەم»ی پێوە دیارە و بە شێوەیەکی رێژەیی گۆڕان بەسەر مانا و نێوەرۆکیدا هاتووە.
لەم سەردەمەدا قسەکردن لە دێمۆکراسی بە واتای مانا تەرکیبییەکەی «دێموس_ کراسیا» باوی نەماوە چوونکە خوێندنەوەی هاوچەرخ لەمەڕ دوو چەمکی «دەسەڵات» و «گەل» زۆر ئینتەزاعیتر بۆتەوە. تێگێشتنی ئێمە لە چەمکی ئاڵۆزی دەسەڵات و هەروەها مانای سەبجەکتیڤی گەل، جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ تێگێشتنی خەڵکی یۆنانی کۆن. کارل پۆپێر لە کتێبی وانەکانی ئەم سەدەییەدا دەڵێ: «دێمۆکراسی قەت دەسەڵاتی گەل نەبووە، ناتوانێ ببێ و تەنانەت نابێ واش بێ. ئەمە بۆچوونێکی ترسناکە کە خەڵک و بەتایبەت منداڵەکانمان فێری ئەوە بکەین کە دێمۆکراسی بە مانای دەسەڵاتی گەلە. چوونکە دەسەڵاتی گەل یانی هەموو کەس دەسەڵاتی هەبێ و ئەم شتەش ڕاست نییە و قەت ناگونجێ. کاتێ خەڵک بزانن کە دێمۆکراسی لە کردەوەدا وەها ئاکامێکی لێ ناکەوێتەوە، مەترسییەکی گەورە سەرهەڵ دەدا. لە وەها دۆخێکدا خەڵک هەست دەکەن تەفرە دراون و لە هەناوی ئەم هەستە شوومەشدا مەجالی ئەوە هەیە تێرۆریزم لەدایک بێ» (١٩٧٧).
جۆزێف شۆمپیتێر (١٨٨٣-١٩٥٠) ئابووریزان و کۆمەڵناسی خەڵکی ئۆتریش پێی وابوو کە دەرکی کلاسیکی ئێمە لە دێمۆکراسی زادەی وەهێمکی مۆرفۆلۆژیانەیە و بۆ ئەوەی لە زیندانی مانادا گیر نەکەین، پێویست دەکا ڕەچاوی جیاوازیی نێوان دونیای تیۆر و واقعی کۆمەڵایەتی بکەین. تێۆرە کلاسیکەکانی دێمۆکراسی هەمیشە ئیرادەی گەل دەکەن بە بنەمای دێمۆکراسی و چاوپۆشی لە واقعی ڕەفتارگەرایانەی گەڵ دەکەن. مەبەست لە واقعی رەفتارگەرایانەی گەل ئەوەیە کە سیستەمی سیاسی و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان ئاراستەی بزاڤە سیاسییەکان دیاری دەکەن و هاووڵاتی لەم میانەیدا کەمترین ئەرکی دەبێ، کەوایە زۆر سرووشتییە کەمترین بەرپرسیارەتیشی هەبێ. بە پێی بۆچوونی شۆمپیتێر نوخبە و سیاسەتمەدارە پۆپۆلیستەکان لە ڕێگای نفوزی سیاسی و دەسەڵاتی ئابوورییەوە دەست بەسەر ئیرادەی گەلدا دەگرن. کەوایە ئیرادەی گەل لە ڕاستیدا بەرهەمی ڕەوەندێکی کۆمەڵایەتییە کە نوخبەکان زۆرترین ڕۆڵی تێدا دەببینن. هاووڵاتیان لەکاتی دەنگدان بە پێی ئیرادەی خۆیان سیستەمی سیاسی دیاری ناکەن بەڵکە ئەوە نوخبە سیاسییەکانن کە چوارچێوەی ڕەفتاری سیاسی و ئیرادەی گەل بۆ دەنگدان دیاری دەکەن. بابەتێکی گرنگ کە لە بۆچوونەکانی شۆمپیتێردا بەرجەستە بۆتەوە ڕۆڵی پاسیڤی گەڵ لە ڕەوتی گەشەی سیاسی وڵات دایە. ئەو باس لەوە دەکا کە دەرکەوتەی تیۆری کلاسیکی دێمۆکراسی، لە ڕاستیدا ڕەخساندنی دەرفەتێکی کاتییە بۆ هاووڵاتیان تاکوو لە ڕێگای دەنگدانەوە نوخبەیەکی سیاسی بە دەسەڵات بگەیەنین. لەم سیستەمانەدا هیچ میکانیزمێک لە ئارادا نییە تاکوو ڕێگە بە هاووڵاتیان بدا کۆنترۆڵی دەسەڵاتی ئەو کەسانە بکەن کە لە ڕێگای دەنگی ئەوانەوە بە دەسەڵات گەیشتوون.
جیڤانی سارتۆری (١٩٢٤_٢٠١٧) مامۆستای زانستی سیاسی و خەڵکی ئیتالیا، پێی وایە کە ناوبردن لە دێمۆکراسی لە سەردەمی ئێمەدا بە ڕادەیەک ئیپیدێمیک کراوەتەوە کە تەنانەت ڕێژیمە فاشیستی و توتالیتارییەکانیش خۆیان وەک سیستەمێکی دێمۆکرات پێناسە دەکەن. یەکێک لە ڕەهەندە خەسارناسییەکانی ئەم دیاردەیە بە بۆچوونی سارتۆری، پێناسەکردنی چەمکی «گەل» و نۆرمالیزەکردنی دەنگدانە. هەڵبەت سارتۆری چاوپۆشی لە ڕۆڵی نوخبە لە دێمۆکراسیدا ناکا، بەڵام باس لە زەروورەتی پۆلیئارشی وەک سیستەمێکی گرنگ بۆ چەسپاندنی دێمۆکراسیش دەکا. رابێرت داڵ (١٩١٥-٢٠١٤) داهێنەری تیۆری پۆلیئارشی پێی وابوو کۆمەڵگای مۆدێرن بە ڕادەیەک پۆلاریزە کراوە کە ناتوانین چاوپۆشی لە بەرژەوەندییە هاوتەریبەکان بکەین، کەوایە سیستەمێکی چەندجەمسەری بۆ دێمۆکراسی پێویستە و، مەبەستی ئەو لە پۆلیئارشی بەشدارکردنی حیزبە سیاسی و گروپە فرەچەشنەکانە لە دەسەڵاتی سیاسیدا. سارتۆری پێی وایە دێمۆکراسی لەم سەردەمەدا چیدی بە مانای حکومەتی زۆرینە نەماوە، چوونکە زۆرینەبوون ناتوانێ ڕەوابوونی حوکمی دەسەڵات بسەلمێنێ، بە واتایەکی دیکە میزانی دەنگ ناتوانێ ئاستی ئاگایی و بەرپرسیارەتی زۆرینە دەربخا. کەوایە دەسەڵاتی سیاسی پێویستی بە پێشمەرجێکی نۆرماتیڤ هەیە و ئەو، «ئازادی» و «مافی مرۆڤ» وەک گرنگترین نۆرمی ئەم پێشمەرجە پێناسە دەکا. سارتۆری دەڵێ؛ دەسەڵاتی سیاسی نەک هەر دەبێ ڕەچاوی ئەم نۆرمانە بکا بەڵکە نابێ ئازادی و مافی مرۆڤ لە پێناو بەرژەوەندییە گروپی و سیاسییەکاندا قوربانی بکا. کەوایە پێویستە ئەم نۆرمانە وەک کاراکتێرێکی ئەخلاقی لە کارنامەی سیاسی نوخبەکاندا دەرکەوێ و، هەروەها دەسەڵاتی سیاسی دەبێ زەمینەی گەشەسەندوویی ئەم نۆرمانە وەها فەراهەم بکا کە ماشینی دێمۆکراسی لەدوای دەنگداندا ڕانەوەستێ، بەڵکە وەک بزاڤێکی زیندوو لە هەناوی کۆمەڵگادا شەپۆلان بداتەوە.
فۆکۆیاما (٢٠١٤) لە کتێبی «نەزمی سیاسی و دارمانی سیاسی»دا کاتێ باس لە دێمۆکراسی دەکا، مەودایەکی زۆری لەگەڵ چەمکی کلاسیکی دێمۆکراسیدا هەیە. ئەگەرچی فۆکۆیاما وەک شۆمپیتێر باس لە تیۆریی نوخبە ناکا و وەک سارتۆری باس لە زەروورەتی پۆلیئارشییەکی ئەخلاقگەرا ناکا، بەڵام ئاماژە دەدا بە ڕۆڵی ئەنیستیتۆ یاخۆ دامەزراوەکان لە دێمۆکراسیدا (واتە دامەزراوەگەلی؛ ئابووری، سیاسی و کولتورییەکان). چەمکی ئیرادەی گەل لەم کتێبەدا جێگای خۆی داوە بە دامەزراوەکانی نێو کۆمەڵگا. دامەزراوەکان دەورێکی گرنگ دەبینن لە ڕێکخستنی گرووپە سیاسی و کولتوورییەکان و ئەم گرووپانە لە هاودژییەکی دیالیکتیکی دان بۆ چەسپاندنی ناسنامە و دەسەبەرکردنی بەرژەوەندییە گرووپییەکانیان. چەمکی دێمۆکراسی لێرەدا چۆنایەتی تەعامولی سیاسی/کۆمەڵایەتی ئەم دامەزراوانە دەردەخا. دامەزراوەکان بە بۆچوونی فۆکۆیاما سیستەمێکی سەقامگرتوو نین بەڵکوو دینامیزمێکن بۆ بەرهەمهێنانی فرەچەشنی و جیاوازیی لە کۆمەڵگادا. کەوایە ئەگەر دامەزراوەکان نەتوانن پاڵنەری فرەچەشنی و هۆکاریی فرەڕەهەندی بن، ئەوا سیستەمی سیاسی تووشی داڕمانی سیاسی دەبێ. فۆکۆیاما نەزمی سیاسی وەک دیاردەیەکی بایۆلۆژیک پێناسە دەکا کە ناچارە پێڕەوی لە یاسای تەکامول بکا، واتە ئەسڵی «فرەچەشنی» و «هەڵبژاردنی سروشتی» وەک بنەمایەک بۆ مانەوە ڕەچاو دەکەن و، دێمۆکراسیش لە ڕاستیدا ژینگە و بەستێنێکی دیاریکەرە بۆ تەکامولی نەزمی سیاسی.
بە سەرنجدان بەو ڕوانگانەی کە لەسەرێدا ئاماژەیان پێدرا دەبینین کە یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی شۆمپیتێر، سارتۆری و فۆکۆیاما، کاڵبوونەوەی چەمکی گەڵ لە تیۆریی دێمۆکراسییە. سڕینەوەی چەمکی گەل لە بۆچوونەکانی ئەم بیرمەندانە لە ڕاستیدا پێوەندی هەیە بە خەسارناسیی دیاردەی پۆپۆلیزم لە کۆمەڵگای مۆدێرندا. ئێمە دەزانین مەبەست لە دێمۆکراسی لە سەردەمی مۆدێڕندا سیستەمێکی سیاسییە کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتی یاسا دامەزرابێ. کاتێ هاووڵاتیان دەنگ بە بەربژێرەکان دەدەن لە ڕاستیدا چاوەروانیی ئەوە دەکەن کە کاندیداکان هەول بۆ چەسپاندنی یاساسەروەریی بدەن، چوونکە هاوڵاتیان تەنیا لە ڕێگەی یاساوە دەتوانن چاودێریی دەسەڵات بکەن و دەوڵەتەکان بگۆڕن؛بەڵام بە پێچەوانەوە ڕوانگەی پۆپۆلیستی دێمۆکراسی، «گەل» لە بان «یاسا» دادەنێ و هەر ئەم ڕوانگەیە وای کرد کە لە سەدەی بیستەم و لە هێندێ وڵاتانی ئورووپایی حکومەتی فاشیستی و دیکتاتۆڕی بە دەسەڵات بگەن. ئەم نەریتە، واتە دیاریکردنی حکوومەت لە ڕێگای دەنگی گەلەوە، وەک ئیرادەی گەڵ پێناسە کرا و لە ئاکامدا یاسا لەو سیستەمانەدا هەڵپەسێردرا و لە ڕێگای ماشینی ترۆر و تۆقاندنەوە هەوڵ بۆ جێگیرکردنی نیزامی سیاسی درا. ئێمە دەزانین مانای گەل لە وەها سیستەمێکدا دیاردەیەکی سەبجەکتیڤ و بەرهەڵستکارانەیە، واتە دەسەڵاتی سیاسی دیاریی دەکا کێ گەل و کێ دژی گەلە. لەم سیستەمانەدا ئێمە لەگەڵ پێناسەیەکی ئابستراک سەبارەت بە چەمکی گەل بەرەوڕوو نابین بەڵکە مێژوو پێمان دەڵێ کە چەمکی گەل هەمیشە وەک ئۆبژەیەک دەکار هاتووە بۆ ڕەواییدان بە سەرکوتی دژبەرانی سیاسی.
ئەمرۆ لە ئێراندا بە شێوەیەکی گشتی، لەبری دێمۆکراسی باس لە گەلسالاری (مردم سالاری) دەکرێ. ئەم دیاردەیە لە ڕێگای ڕۆشنبیران و چالاکانی سیاسییەوە هاتۆتە نێو ئەدەبیاتی سیاسیی ئێران و تەنانەت رێژیمیش بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشوازی لەم وەرچەرخانە سێمانتیکسییەی دێمۆکراسی کردووە. ئەم دیاردەیە لەباری خەسارناسییەوە دوو ئاکامی ترسناکی لێ کەوتۆتەوە: یەکەم پەرەسەندنی مانای ئیپیدیمیکی دێمۆکراسی لە کۆمەڵگادا کە دواجار گەل لە سەرووی یاسا دادەنێ و، دووهەم: رێژیم چەمکی گەلسالاریی وەک کاتالیزۆرێک بۆ لەباربردنی بزاڤی دێمۆکراسیخوازی دەکار دەکا. هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانە پیشانمان دەدەن کە چۆن ڕێژیم لە ڕێگای میکانیزمی هەڵبژاردنەوە هەوڵ بۆ نۆرمالیزەکردنی ناتەباییەکانی نێو سیستەمی سیاسیی خۆی دەدا و لە ئاکامدا بێ باکانە پرۆژەی لاوازکردنی دەوڵەت (جمهوریەت) لە بەرامبەر حکومەتدا (ڕاڤەیەکی فێقهی لە ئیسلامیەت) دەباتە پێش. ئەزموونەکان پێمان دەڵێن هەتا رێژەی بەشداربووان زۆرتر دەبن، باڵی حکوومەت بازنەی دەسەڵاتی دەوڵت تەنگتر دەکاتەوە. ئەم ڕەوتە بە رادەیەک ئاسایی بۆتەوە کە تەنانەت لیستەی کابینەی وەزیرانی دەوڵەت سەرەتا لە بەیتی رێبەری نیزام سەردەردێنێ و دواتر لە داڵانە تەنگەبەرەکانی مەجلیس پەسەند دەکرێ کە پێشێلکردنی قانوونی ئەساسیی وڵاتیشە. لەوەش گرنگتر، ئیرادەی گەلسالاری، حکوومەتی وەها جەسوور کردووە کە ژنان لە کابینەی وەزیرانی دەوڵەتێک بێبەریی بکا کە گۆیا بە دەنگی ئۆپۆزیسیۆن و پۆزیسۆن هەڵبژێردراوە.

(لە ژمارەی ٧١٠ ی “کوردستان‌”دا بڵاو بۆتەوە)