Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۱ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 12/12/2017 |کاتژمێر:
هزروکولتور

بیری چەپ و دۆزی سەربەخۆیی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان(٤)

23/09/2017 | 04:13:29
kamaranaminawa
د. کامران ئەمین‌ئاوە

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کێشەی نەتەوەیی
سەبارەت بە بۆچوونی کۆمۆنیستەکانی ئێرانیش بۆ مەسەلەی نەتەوەیی پێش ڕووخانی ڕەزاشا، دەتوانین ئاماژە بەم ڕاستییە بکەێن کە سەرەڕای ئەوەی کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران یەکەمین ھێز بوو لە مێژووی ئێراندا کە باوەڕی بە چارەسەری مەسەلەی نەتەوەیی لە چەشنی یەکیەتیی ئازاد و دڵخوازانەی نەتەوەکانی ئێران هەبوو تا ئاستی جیابوونەوە، بەڵام ھاوکات سەربەخۆییخوازی کوردی بە فیت و سیاسەتی ئینگلیس لە قەڵەم دەدا.
«بیانیەی فرقە کمونیست ایران _ ١٣٠١» لە بەشی «مەسەلەی میللیەت لە ئێران و خەبات بۆ کۆماری میللی» بەم چەشنە باسی مەسەلەی کورد دەکا: «بەشێک لە کوردەکان لە خاکی ئێران و بەشی دیکەیان لە وڵاتی تورکیەدا دەژین و دروشمی کۆکردنەوەی تەواوی بەشەکانی کوردستان و یەکگرتنی کوردان لە نێو دەوڵەتێکی یەکگرتووی کورد لە نێو کوردەکاندا بەناوبانگ و سەرنجڕاکێشە. ئەمپیریالیستەکانی ئینگلیس لەم مەسەلەیە کەڵک وەردەگرن و ھاوکات بۆ ھەڵایساندنی ھەست و دەمارگرژی نەتەوەیی لە نێو کوردان، خەباتی ئەوان دژی دەوڵەتی ئێران و تورکیە بەھێز دەکەن. ئینگلیسییەکان دەیانەوێ دەوڵەتێکی کوردی لە ژێر سەرپەرستیی ئینگلیس پێک بێنن، ھەر کاتێک ئەم پیلانە ڕەنگی ڕاستی بە خۆیەوە بگرێ ئەو کاتە پێگەی ئەمپیریالیستی ئینگلیس چ لە باری نیزامی یەوە و چ لە باری سیاسی و ئابورییەوە و بە تایبەتی دەرکێشانی نەوتی ئێران قایمتر دەبێ.
ئاوتیس سوڵتانزادە یەکێک لە ڕێبەرانی بەناوبانگی حیزبی کۆمونیستی ئێران لە کتێبی «ئێرانی ئەمڕۆ»دا کە لە ٢١ ژوئیەی ١٩٢٢ لە مسکۆ بڵاوکرایەوە لە بەشی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ئەم بیرۆکەیە دیسان ئاوا دووپات دەکاتەوە: «جارێ چوار مانگ لە سەرکوتکردنی شۆڕشەکانی گیلان و خوراسان تێپەرنەببوو کە حکوومەتی تاران سەرقاڵی ئەو مەسەلەیە بوو کە چۆن کۆتایی بە شۆڕشی کوردەکان بە سەرۆکایەتیی سمکۆ بێنێ کە بە پشتیوانیی جیددیی ئینگلیس داوای سەربەخۆیی کوردستانیان دەکرد.» لە ژێرنووسی ھەر ئەو لاپەرەدا بۆ شیکردنەوەی ئەم ڕستەیە ئاماژە دەکا: ئینگلیس دەیەوێ لە ژێر سەرپەرستیی خۆی کوردستان سەربەخۆ بکا تا لە لایەک ئێران و تورکیە لاواز بکا و لە لایەکی دیکەوە پشتبەرەیەکی بەمتمانە بۆ قازانجی نەوتی نێوان دووچۆمان تەرخان بکا». لە تێزەکانی حەیدەر عەمۆغلی لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ئێران کە سەبارەت بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی _ سیاسیی ئێران و تاکتیکی فرقەی کۆمۆنیستی عەداڵەتی ئیران بە واژۆی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمونیستی ئێران (عەدالەت) لە ژانویە _ مارسی ١٩٢١ دا بڵاوبۆتەوە، باسی مەسەلەی نەتەوەیی ناکرێ.
لە بەرنامەی بەلانیکەمی حیزب لە ئێران ( لقی ئێرانی کۆمینتێرن) بە قەڵەمی حەیدەرخان لە بەندی ٤ی کاروباری سیاسیدا باسی «ڕاگەیاندنی کۆماری سەربەخۆی توودەیی وەک یەکەیەکی دابەشنەکراو» کراوە.
ئەبوالقاسمی لاھووتی، شاعیری شۆڕشگێر و کۆمۆنیستی ئێرانیی بە ڕەچەڵەک کورد لە وتارێک بە ناوی «کورد و کوردستان» کە لە ساڵی ١٩٢٣ لە گۆڤاری «ڕۆژھەڵاتی نوێ» لە مۆسکۆ بڵاوبۆتەوە و لازایڤ کوردناسی ڕووس وەکوو یەکەمین لێکدانەوەکانی مەسەلەی کورد لە ڕوانگەی مارکسیستییەوە لە قەڵەمی داوە، سەرەرای ئەوەی کە زانیارییەکی بەرچاو سەبارەت بە مێژووی کورد و کوردستان و بارودۆخی بزووتنەوەی کورد بە خوێنەر دەدا بەڵام ھاوکات بە ھۆی لێکدانەوەی مەسەلەی کورد لە ڕوانگەی کۆمۆنیستێکی ئێرانییەەوە دەیەوێ بیسەڵمێنێ کە «ژیانی کوردەواریش بەڵگەی ڕوون و ئاشکرای ئێرانییەتی کوردان»ە و»مێژوو و زمان و فەرھەنگی کورد و کوردستان بە فەرھەنگ و زمان و ئەدەبیاتی فارس گرێ دراوە»، ھەروەھا دەور دەگێرێ لە پێکھێنانی ئەم بیرۆکەیە کە «بیر و باوەڕی جووڵانەوەی کوردایەتی و دامەزراندنی کۆمەڵ و ڕێکخراوەکانی کوردی لە لایەن ئینگلیزەوە دروست کراون و سەرانی کورد پیاوی ئینگلیزن و زوو بە زوو ھەڵوێستیان دەگۆڕن و ھەرجار بە ھان و فیتی لایەک دژی دەوڵەتانی نێوچەکە رادەپەڕن. ئەم بوچوونانەی لاھووتی کە لەلایەن کوردێکەوە نووسراون […] بوونە مۆڕێک بۆ نێوچەوانی بزاڤی نەتەوەیی کوردەوە» کە وەک سەرچاوەیەکی متمانە پێکراو بوو بە بناخەی لێکدانەوەی مەسەلەی کورد لە لایەن» ڕۆژھەڵاتناسانی یەکیەتیی سۆڤێەت و پاشان لە ولاتانی دیکەی بەرەی بە نێو سۆسیالیستدا و بەرھەمی ھەموو فەریکە کۆمۆنیستێکی گەڵانی سەردەست و […]».
سوڵتانزادە ساڵی ١٩٢٧ی زایینی لە بابەتێک بە ناوی» ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیی» جارێکی دیکە ئاماژە بە کێشەی نەتەوەیی و بە تایبەتی عەڕەب و کوردەکان دەکا و دەنووسێ:» لە لایەن کارگێرەکانی ئینگلیسەوە چالاکییەکی بەرین و بەرنامەڕێژیکراو لە نێو کورد و عەرەبەکاندا وەرێ کەوتووە[…] بەشێک لە کوردەکان لە ناوچەی ئێران و بەشێکیشیان لە تورکیە دەژین. بیرۆکەی یەکگرتنی ئەم دوو بەشەی کوردستان لە چوارچێوەی حکوومەتێکی نەتەوەیی لە نێوکوردەکاندا لایەنگەرێکی زۆری هەیە. ئەمپیریالیسمی ئینگلیس لەم بارودۆخە کەڵکی خۆی وەردەگرێ هەتا شوینیسمی کوردەکان گڕ بگرێ و لە خەباتی ئەوان دژ بە دەوڵەتەکانی ئێران وتورکیە پشتگیری بکا، ئینگلیسییەکان دەیانەوێ حکوومەتێکی کورد لە ژێر سەرپەرەستیی خۆیان پێک بێنن. ئەگەر ئەم پیلانە سەرکەوێ، کەڵکوەرگرتنیان لە چاڵە نەوتەکانی نێوان دوو چۆمان مسۆگەرتر دەبێ. یانی دەوڵەتی «ئازادی کوردستان» پاڵپشتێکی تەواو بۆ ئەوان دەبێ. کاتێک دەوڵەتی ئێران لەگەڵ ویستەکانی دەوڵەتی ئینگلیس دژایەتی نەکا، ئینگلیس تینی ئاگری ناڕەزایەتیی نەتەوەیی کەم دەکاتەوە، بەڵام هەر «شای شایەکان» هەوڵ بدا لەبەرامبەر ئینگلیس تەگبیر و ئیرادەیەکی سەربەخۆ پیشان بدا لە نێو عەڕەب و کوردەکاندا نائارامی و شۆڕش دەس پێ دەکا. بەم پێیە ئەمپیریالیستی ئینگلیس لە مەسەلەی نەتەوەیی لە ئێران کەڵک وەردەگرێ هەتا هەوساری دەوڵەتی ئیستای ئێران لە دەستی خۆیدا ڕابگرێ.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەگەڵ ئەرکێکی جیددی ڕووبەروو بۆتەوە، ئەوەش ڕفاندنی ئەم کارتە پربایەخە لە دەستی ئینگلیسەکانە. ئەم ویستەش کاتێک مسۆگەر دەبێ کە حیزب شێلگیرانە ڕیگای لێنینی هەڵبژێرێ. کۆنگرەی حیزب ئەمەی پەسەند کرد کە حیزب سەرلەنوێ ڕیگەی چارەسەرکردنی هاوبەشی تەواوی حیزبە کۆمۆنیستەکان واتە مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان هەتا ئاستی جیابوونەوەی تەواو هەلبژێرێ. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێویستە تێبکۆشێ بچێتە نێو تەواوی ئەو ڕێکخراوە نەتەوەییانەی کرێکار و جوتیارە دیموکراتەکان لە خۆدەگرن و ئەم کەسانە بە پێی ویستی نەتەوەیی یان شۆرشگێرانە ڕیک بخا.»
سوڵتانزادە سەرەرای داننان بەم ڕاستییە کە کوردەکانی ئێران و عوسمانی خوازیاری یەکگرتنەوەی کوردستانی دابەشکراون، بە دووپاتکردنەوەی ئەم بیرۆکە بێبنەمایە کە شۆڕشی کوردان فیتی ئینگلیسییەکانە، نێوەڕۆکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد چەواشە دەکا و هەتا ئاستی کارتی کایەی ئیمپریالیسمی ئینگلیس دژ بە دەوڵەتی ئێران دەیهێنێتە خوارێ، هاوکاتیش دەیەوێ کۆمۆنیستەکان دزە بکەنە نێو ڕێکخراوە کوردییەکان و ڕێبەریی ئەم بزووتنەوەیە بگرنە دەست، ئەویش لە وڵاتێکدا کە عەشیرە بنەمای پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی پێکدەهێنێ و بێجگە لە کرماشان ئەم حیزبە لە هیچ جێگەیەکی کوردستان، بوونی نەبوو.
ڕێبەریی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە نێوان دوو کۆنگرەی هەوەڵ(١٩٢٢ی زایینی) و کۆنگرەی دووهەم(١٩٢٧ی زایینی) خوێندنەوەیەکی دروستی لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی جیهان و بە تایبەتی سیاسەتی ئینگلیس کە خوازیاری پێکهێنانی حکوومەتە
بە هێز و یەکگرتووەکان لە سنووری یەکێتی سۆڤییەت بوو، نەبوو. لە لایەکی دیکەشەوە پاش ڕووخانی حکوومەتی قاجار ئەم حیزبە لە هەڵسەنگاندنی ڕەزاخان و پاشان ڕەزاشا تووشی هەڵەی سیاسی بوو و کودەتای ڕەزاخانی دژ بە قاجار وەکوو «ڕووخانی حکوومەتی بۆرژوازی و سەرەتایەکی تازە لە مێژووی ئێرانی ئەمرۆ» و سیاسەتەکانی ڕەزاخانی وەکو سیاسەتێکی میللی پێناسە کرد. لەم قۆناخەدا بۆچوونی حیزبی کۆمۆنیست هاوئاهەنگی لەگەڵ سیاسەتی یەکێتی سۆڤییەت لە پێوەندیی لەگەڵ ڕەزاخان بوو. یەکێتی سۆڤییەت لە کۆتایی ساڵی ١٣٠١ی هەتاوی پەیتا پەیتا پێشوازی لە بە دەسەڵاتگەیشتنی ڕەزاخان دەکرد و پێی وابوو ڕەزاخان ڕێبەری
بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز و میللییە و دەتوانێ ببێتە هۆی کەمکردنەوەی دەستەڵاتی ئینگلیس لە ئێران.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هاودەنگ لەگەڵ هیزە پێشکەوتنخوازەکانی ئێران هێرشی سپاسی ئێران دژ بە شێخ خەزعەل و تێکشکاندنی ئەم سەرۆک عەشیرەیەی وەکوو دۆڕانی سیاسەتی ئینگلیس پیناسە کرد و لە گۆڤارەکانی ئەو کات وەکو «نصیحت» بە قەسیدەی» من ڕەزا و تۆ ڕەزا و میللەتی ئێران ڕەزا» پێشوازییان لێکرد. سۆسیالیستەکانی مەجلیسی ئێرانیش بە ڕێبەری سولەیمان میرزا ئەسکەندەری هەر ئەم سیاسەتەیان گرتە بەر.
بێجگە لە کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکان ئەم چەشنە بۆچوون و سیاسەتە لە نووسراوەکانی دەوڵەتی سەرکوتکەری پەھلەوی و لێکدانەوەی
کەسایەتییەکانی بەناو ڕۆشنبیری ئەو کاتەی ئێرانیش وەکو ئەحمەد کەسرەوی و بەھار بە جوانی دەبیندرێ. ھەمووی ئەوان بە ڕوانگەی جیاواز بە ھۆی پاراستنی چوارچێوەی یەکپارچەیی وڵاتی ئێران بەم خاڵە ھاوبەشە دەگەن کە بیری سەربەخۆییخوازی پیلانی بێگانەیە یان کوردەکان ئاژاوەچی و شەڕفرۆشن. کەسرەوی لە کتێبی مێژووی ١٨ ساڵەی ئازەربایجان بەم چەشنە باسی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازی کوردەکان دەکا: «کوردەکان ھەر کات دەرفەتێکیان بۆ ھەڵکەوتووە دەستیان بە نافەرمانی لەگەڵ دەوڵەت کردوە. بڕای ئەو جەعفەر ئاغایە و محەمەد ئاغای باوکی، کاتی خۆی زۆر جار نافەرمانییان کردوە، بەڵام سمکۆ لەم زەمانەدا سەربەخۆیی بۆ کوردستان دەویست و لە ڕێگای ئەم ئاواتە دەستی بە خۆسازکردن کرد. یەکێک لەو تۆوی ئاژاوەگێری و زیانکارییە کە ئوروپاییەکان لە خۆڕھەڵات چاندیان، ئەوە ئاواتی سەربەخۆییە. کارگێرەکانی ئەوان چەندین ساڵە دەگەرێن و چوونە نێو کوردەکان، ئەرمەنییەکان و تورکەمەنەکان و ئاسۆرییەکان و بەختیارییەکان و ھتد […] و ئەم توویەیان لە دڵی ئەواندا چاندوە.
ھەروەھا مەلیکالشعورای بەھار سیاسەتڤان و شاعیری بە ناوبانگی ئێرانی، دۆستی زۆر نزیکی حەیدەرخان کە کاتی حکوومەتی ڕەزاشا چەند ساڵیش لە بەندیخانە بووە و تا ڕادەیەک لایەنگری یەکیەتیی سۆڤییەت بوو لە کتێبی «کورتە باسی مێژووی حیزب سیاسییەکانی ئێران_ لەناوچوونی قاجار» گرتنی قەڵای چەھریق پەناگای سمایل ئاغای کورد ناسراو بە سیمتقو بە پیلانی سەرتیپ ئەمانەاللا میرزای جەھانبانی وەک یەکێک لە گرینگترین کارەکانی دەوڵەتی ڕەزاشا لە قەڵەم دەدا و شێخ عوبەیدوڵلا، حەمزە ئاغای مەنگوڕ و سمایل ئاغای سمکۆ وەک «ئەشڕار»[ئاژاوەچی، شەرفڕۆش] ناو دەبا کە لە سەردەمی کەواناراوە کاریان ڕاپەڕین دژی دەوڵەتی ئێران بووە.
***
1-حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە کۆنگرەی یەکی خۆی لە ١ی گەلاوێژی ١٢٩٩(٢٣ ژوئنی ١٩٢٠) لە بەندەر ئەنزەلی باسی» ماڤی خودموختاریی تەواوی نەتەوەکان لە چوارچێوەی یەکێتی ئێران» دەکا. (بڕوانە حزب کمونیست ایران/ شوروی/ گیلان، پروفسور سپھر ذبیح.) بەڵام لە کۆنگرەی ٢ لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٧دا بەم چەشنە ئاماژە بە مەسەڵەی نەتەوەیی لە ئیران دەکا:» ئێران ولاتێکی فرەنەتەوییە و پێویستە زەحمەتکێشانی ئەم وڵاتە سەرنجێکی تایبەتی بەم مەسەڵەیە بدەن…. حیزب لایەنگڕی ئازادی کەمینەکانی نەتەوەیی تا ئاستی جیابوونەوەیە. صفحاتی چند از جنبش کارگری و کمونیستی ایران در دوران اول سلطنت رضا شاە( ١٩٢٢-١٩٣٣) اردشیر آوانسیان، سال ١٣٥٨، لاپەرەی ٣٩
2- http://iran-archive.com/sites/default/files/sanad/gunagun-ketab-2%20sanad_fergheye_komonist.pdf
3- بیانیە فرقە کمونیست ایران (١٣٠١) ص ٦٩-٦٦
4-ایران معاصر، آ. سلطانزدە، مسکو ١٩٢٢، ص ٩٧
5-حیدرخان عمواوغلی، اسماعیل رائێن، چاپ سوم ٢٥٣٥ ص: ٣٧١-٣٨٦
6-کورد و کوردستان، لاھووتی، وەرگێرانی لە ڕووسییەوە دوکتور جەبار قادر: ١٩٩٨، سەرچاوە:لاھووتی کرماشانی شاعیری شۆرشگێری کورد، پاشکۆی دووھەم. لاپەرەی ١٩٧ / نووسینی ئەنوەر سوڵتانی سڵێمانی، بنکەی ژین ٢٠٠٦
7-پێشەکی دوکتور جەبار قادر بۆ کورد و کوردستان – لاھووتی، سەرچاوەی سەرێ لاپەرەکانی ١٩٣-١٩٢
8-دومین کنگرە حزب کمونیست ایران، سلطانزادە، سناد تاریخی جنبش کارگری، سوسیال دمکراسی و کمونیستی ایران، جلد چهارم، انتسارات مزدک، ص ١١٩، ترجمە از آلمانی م. شین.
9- سەرچاوەی سەرێ، لاپەرەی ٣٨
10- سەرچاوەی سەرێ، لاپەرەی ٣١
11- تاریخ ھیجدە سالە آذربایجان، بازماندە تاریخ مشروطە ایران، بخش چھارم ص ٨٣٠چاپ دھم ١٣٧١، انتشارات امیر کبیر.
12- تاریخ مختصر احزاب سیاسی ایران – انقراض قاجار، بەرگی یەکەم، ملک الشعرای بھار، ص ٢٦٥-٢٦٦انتشارات امیر کبیر، تھران ١٣٥٧
(لە ژمارەی ٧١٠ ی “کوردستان‌”دا بڵاو بۆتەوە)