Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۳ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 24/11/2017 |کاتژمێر:
ژنان

خۆکوژی نەمان و مانەوەی پرسیار و هۆکارەکان

23/09/2017 | 00:19:52
shawnemmmhamzaiiiii
شەونم هەمزەیی

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ١٠ی سێپتامبر(١٩ی خەرمانان)ی هەموو ساڵێکی بە ڕۆژی جیهانیی پێشگرتن لە خۆکوژی ناودێر کردوە.
دیاریکردنی ڕۆژێک لە ساڵ بۆ پێشگرتن لە خۆکوژی لە حاڵێکدایە کە لە کوردستان ڕۆژ نییە کەس یان کەسانێک بەهۆی جۆراوجۆر و لە ڕێگەی جۆربەجۆرەوە هەوڵی خۆکوژی نەدەن کە بە داخەوە بەشی زۆریشیان سەرکەتوو دەبن و کۆتایی بە ژیانیان دەهێنن.
دڵسۆز سەلیمی لە بانە، نیگار شەریفی لە بۆکان، گەلاوێژ وەیسی لە ڕوانسەر، ئەسرا میرزایی لە سەقز، جەعفەر ئەحمەدتاش لە شنۆ، عەبدوسەلام خوشامەن لە مەریوان تەنیا چەند ناوێکن کە لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا خۆیان کوشتوە. ئامارەکان ئەگەرچی ورد و دقیق نین، بەڵام دەگوترێ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٦٥ کەس لە کوردستان بەهۆی خۆکوژی کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە. کچ و کوڕ، ژن و پیاو، پیر و لاو، خوێندەوار و نەخوێندەوار قوربانیی ئەو قەیرانەن کە لە کوردستان زۆر زیاتر لە ناوچەکانی دیکە بەرچاو دەکەوێ.
زۆر لە چاوەدێرانی کۆمەڵایەتی دەڵێن پانتایی ئەو قەیرانە زۆر لەوە زیاترە باسی دەکرێ، بەڵام شاڵاوی گرتن و بەندکران و ئێعدامەکان و کوشتوبڕی کاسبکاران وایکردوە پرسی خۆکوژییەکان بخرێتە پەراوێزەوە. پرسی بە ئەمنیەتیکردنی ئەو بابەتە لەلایەن دەسەڵاتیش چەند قات وادەکا خۆکوژییەکان کەمتر لایان لێبکرێتەوە و خۆکوژییەکان هەم لەلایەن دەسەڵات و هەم لەلایەن بنەماڵەی قوربانیان _بەبیانووی پاراستنی کەرامەتی خێزان_ پووش بەسەر و دیزە بەدەرخۆنە بکرێن.
دوکتور شەیدا ئەمینی، دەروونناس باس لە شوێنکاری بارودۆخی کۆمەڵگا لەسەر هەڵکشان و داکشانی خۆکوژییەکان لە کوردستان دەکا و دەڵێ: «بەشی زۆری خۆکوژییەکان ڕەنگدانەوەی واقعی کۆمەڵگان. بێکاری، هەژاری و دەسکورتی، ڕمێنی زۆر داب و نەریتی دواکەوتوانە لە خێزان و کۆمەڵگا، بوونی قانوونەکانی دژ بە ژنان و هەروەها باڵادەستیی پیاو لە سەر زۆربەی جومگەکانی ژیانی خێزانیی ژنان بارودۆخێکی ڕەوانیی خراپ بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا، بە تایبەت ژناندا دەسەپێنێ، بە جۆرێک کە زۆر لەوان پێیان وایە پەنابردن بۆ خۆکوژی چارەسەری کێشەکانیانە.»
خۆکوژییەکان لە کوردستان ئەگەرچی بە ئامار زۆر و لە ڕووی چۆنایەتیش گەلێ جار دڵتەزین و تڕاژیدیکن_خۆکوژیی دوو خوشک پێکەوە لە دێولان_ بەڵام هێشتا نەبۆتە خەمێکی گەورە و جیددی، نەلای خەڵک و چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی؛ نە لای دەسەڵات و دامودەزگا پیوەندیدارەکان.
دوکتور شەیدا ئەمینی دەڵێ: «بەشێوەیەکی کارناسانە کار لەسەر ئەو دیاردەیە نەکراوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە حکومەت نایهەوێ باسەکەی لێ گەورە بێتەوە و خەمخواردن لە کێشەکەی لەسەری ببێتە ماڵ؛ هەروەها لە کۆمەڵگاش روانینکی سادە و ڕواڵەتی بۆ ئەو بابەتە هەیە و خۆکوژی بە شتێکی کەم بایەخ و تەنانەت کێشەیەکی ئاسایی دادەنرێ.»
کۆمەڵناسان پێیان وایە ئەوانەی هەوڵی خۆکوژی دەدەن نوقمی کێشە و دالغە دەروونییەکانی خۆیانن و دەکرێ بە یارمەتیدانیان لە مردن و لە خەیاڵی خۆفەوتاندن ڕزگاریان بکەن، چونکی ڕایان وایە ئەوانەی هەوڵی خۆکوشتن دەدەن ڕێگای بەردەوامیی ژیانیان لێ ون بووە. بۆیە کۆمەڵگا و هەروەها نیزامی سیاسی و ئیداری و بەڕێوەبەریی وڵات خەمی جیددی لێ بخۆن. خۆکوژی خەمی کۆمەڵگایە و هەر لە نێو کۆمەڵگاشدا دەکرێ بەدوای چارەسەردا بگەڕێین.
بەڕۆژکردنی سیستمی پەروەردەیی، وشیاریی خێزان و ڕاوەستان لە بەرامبەر نەریتە زیانبارەکان، سڕینەی قانوونەکانی ناتەبا لەگەڵ روحی یەکسانی و بەرامبەری ژن و پیاو، باشکردنی دۆخی ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و دڵنیا بۆ تاکەکانی کۆمەڵ ڕێگەچارەی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ خۆکوژی وەک خەسارێکی کۆمەڵایەتییە.
خۆ ئەگەر رەگ داکوتانی کلتووری توند و تیژی له کۆمەڵگای کوردی، بێ ئیرادەیی ژنان و کچان له بەرەوەڕووبوونەوه لەگەڵ کێشەکانیان و کەمی و کەمایسیی هەوڵەکان بۆ بردنه سەریی ئاستی تێگەیشتوویی خەڵک به تایبەت ژنان له بواری ماف و چەمکەکانی کۆمەڵایەتی له تەنیشت کۆمەڵه هۆکارێکی کۆمەڵایەتی و ئابوریی دیکه بەستێنی لەبار بۆ روودانی ئەو هەوڵه خۆکوژییانه له کوردستانن، بەڵام جۆری بینین و خەسارناسیی ئەو دیاردهیه له لایەن حکومەت و، خەمساردیی ئەوان به نیسبەت ئەو کێشانە وای کردوه که ئەو دیاردهیه زیاتر له چوارچێوەی کێشەیەکی خێزانی دا بمێنێتەوه و به هێشتنەوەی ئەو قەیرانه له چوارچێوەی کێشەیەکی خێزانیدا رێگا بۆ خودزینەوه و له کۆڵ خۆکردنەوەی هەموو بەرپرسیارەییەک لەو پێوەندییەدا له لایەن ناوەنده حکومییەکان و دهزگاکانی دهسەڵاتەوه خۆش بکرێ.
زۆربەی کۆمەڵناس و خەسارناسه کۆمەڵایەتییەکان دوو رێکاری سەرەکی بۆ بەروەروو بوونەوەی ئەو قەیرانه دەستنیشان دەکەن، ئەوانیش دەکەونە خانەی ئەو ئەرک و بەرپرسیارەتییانەی که هەموو دەوڵەت و حکومەتێک دەبێ له بەرامبەر خەڵکەکەی خۆیدا هەیبێ.
وەک بە کورتیش ئاماژەی پێکرا گرینگی پێدان به فێرکردن و پەروهرده و پلاندانان بۆ بردنه سەریی ئاستی تێگەیشتن و پێگەیشتوویی تاکەکانی کۆمەڵگا له هەمبەر پرسه گرینگەکانی کۆمەڵایەتی و خێزانی، ئەویش به مەبەستی بەرجەستەکردنی بەهاکانی مرۆڤ و ماف و ئازادییەکانی یەکێک لەو ئەرکانەیه که دەبێ دەوڵەت و دامودەزگا حکومییەکان له تەنیشت ناوهند و رێکخراوه مەدەنییەکان پلانی بۆ دابنێن.
هاوکات هەوڵدان بۆ باشتر کردنی ئاستی بژیو و کەمکردنەوه له کێشه ئابوورییەکانی خەڵک وەک پاڵنەر و بەستێنیک بۆ سەرهەڵدانی دیارده و خەساره کۆمەڵایەتییەکان، یەکێکی دیکه له رێکاره کردەییەکان بۆ ئەو ئامانجەیه که ئەویش راستەوخۆ پێوەندی به سیستم و دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتەوه هەیه کە پێویستە بە بەردەوامی لەلایەن خەڵک و نوێنەرانیان و کۆمەڵگای مەدەنییەوە گوشاری بخرێتە سەر.
(لە ژمارەی ٧١٠ ی “کوردستان‌”دا بڵاو بۆتەوە)