ئیمانوێڵ ماكرۆن سه‌رۆكی فهڕانسە رایگه‌یاند كه وڵاته‌كه‌ی رێگر له بەڕێوەچوونی پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ناکا و هەروەها گوتی، “ئێمه له‌گه‌ڵ گه‌لی كوردستان پێوه‌ندییه‌كی مێژووییمان هه‌یه”.
ڕۆژی ڕابردوو سه‌رۆكی فهڕانسە له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هیوای خواست ریفراندۆمی سەربەخۆیی هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا بێ و داوای له مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد هه‌موو پێكهاته‌كانی هەرێمی کوردستان له ریفراندۆمدا به‌شدار بکا.
هەروەها ماكرۆن رایگه‌یاند پشتگیری له سه‌قامگیریی عێراق ده‌كه‌ن و پاڵپشتیی وڵاته‌كه‌شی بۆ هاوكاریكردنی هێزه عێراقییه‌كان له شه‌ڕی دژی تیرۆر دووپات كرده‌وه.
سه‌رۆكی فهڕانسە لە درێژەدا گوتی، وڵاته‌كه‌ی رێگری لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان دەکا و هانی هه‌ولێر و به‌غداش دەدا كه له رێگه‌ی گفتوگۆ و وتووێژ بە رێكه‌وتن بگەن.
ماكرۆن لە بەشێکی دیکەی لە قسەکانیدا له‌باره‌ی قه‌یرانی سووریە رایگه‌یاند كه به‌شار ئه‌سه‌د هیچ داهاتوویه‌كی له سووریەدا نیه و پێویسته هاوپه‌یمانان بۆ له‌ناوبردنی داعش هێرشه‌كانیان چڕتر بكه‌نه‌وه و هاوكاریی هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كان بكه‌ن.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ته‌ها ئاكیون مێژوونووسی ناوداری توركیە و گۆشه‌نووسی رۆژنامه‌ی (حوریه‌ت)ی توركی، له وتاری ئه‌مڕۆیدا نووسیویەتی ئا‌مریكا لە پشت دروستبوونی دەوڵەتی كوردستانە. هەروەها دەڵێ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتوویه‌تی رێكه‌وتنی لۆزان نه‌ماوه و ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نیا له‌سه‌ر كاغه‌زه.