رووداو : نارەزایەتییەکەی مەهاباد، پرسێکی سیاسی بوو یا کۆمەڵایەتی ؟
خالید عەزیزی : لەئێراندا پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان تێکەڵن، تەنانەت جاری وایە لە ولاتانی دێمۆکراتیکیش پرسی کۆمەڵایەتی دەبێتە پرسێکی سیاسی و هەندێک لایەنیش لەو ناوە هەەوڵ دەدەن داواکارییەکانی خۆیان زەق بکەنەوە، هەرچەندە پرسەکەی مەهاباد کۆمەڵایەتی بوو بەڵام لە درێژەیدا بوو بە سیاسی، هۆکاری ئەوەش زوڵم و زۆری کۆماری ئیسلامی و پشتکردن لە داخوازییەکانی خەڵکە کە بەستێنی ئەوە دەرەخسێنێت .
رووداو : ئایا توندوتیژی لە پرسی کۆمەڵایەتیدا پاساو هەڵگرە ؟
خالید عەزیزی : من هیچکات لایەنگری توندوتیژی نیم بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان، بەڵام هۆکاری ئەو توندوتیژییە ئەوە کە حکومەت وڵامدار نییە و گوێ لە داواکاری خەڵک ناگرێت، خەڵک لەناچارییەوە پەنای بۆ دەبەن. لە وڵاتانی دیموکراتیکیش توندوتیژی روودەدات، بەڵام بەو جیاوازییە کە بەرهەمی کاردانەوەیەکی کورت ماوەیە، بەڵام لە ئێران بەهۆیی کەڵەکەبوونی داخوازییەکانی خەڵک ئەو بەستێنە لەمێژە رەخساوە .
رووداو : پێت وانیە کە توندوتیژی لە پرسی کۆمەڵایەتیدا نەزۆکە و شۆرشی لێناکەوێتەوە ؟
خالید عەزیزی : لە رووانگەی من ئاگردانی هۆتێلەکە کارێکی باش نەبوو، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەیتوانی کارێک بکەن کە ئەوە روونەدات، ئەوان زۆر بە ئەزموونن لە جۆری هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵکی نارازی و خۆپیشاندەر، من پێموایە ئەوە کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە بەکردەوەکانی خەڵکی هاندا، هێزە ئەمنییەکان دەیانویست وێنایەکی توندیژ لە خەڵکی کوردستان نیشان بدەن و روو بەدەرەوە بڵێن کە ئەوە هۆتێل ئاگر دەدەن ، واتە کۆماری ئیسلامی ئێران مودیرییەتی قەیرانی کرد، بۆ ئەوەی نارەزایەتییەکە بە رێرەوێکی ئارامدا نەڕوات و نەگوازرێتەوە بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان .
رووداو : دووای سوتانی هۆتێل تارا هێزە ئەمنییەکان پاشەکشەیان پێکرا ! بۆچی ؟
خالید عەزیزی : کاتێک کە زانیان نارەزایەتییەکان گەورە دەبێتەوە پاشەکشەیان بە هێزە ئەمنییەکان کرد، بۆ ئەوەی خەتا لەسەر شانی خۆیان لاببەن و پرۆپاگەندەی پێوە بکەن، واتە لە قۆناخی یەکەمدا خەڵکیان وروژاند بۆ ئەوەی توند و تیژی رووبدات و لە قۆناخی دووهەمدا پاشەکشەیان بەهێزە ئەمنییەکان کرد. بە پێی ماددەی ٢٧ی دەستووری ئێران، خۆپیشاندانەکەی مەهاباد رەوا بوو، نە کەس چەکی پێبوو و نە لە دژی ئیسلام بوو، بەڵام ئەوان یاسای خۆشیان پێشێل دەکەن و ئەو مافە لە خەڵک دەستێننەوە ،هۆکارەکەشی نیگەرانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە پرسی کورد، دەسکەوتی کورد لە پارچەکانی دیکە هیوا و ئومێدی بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتیش دروست کردووە و حکومەت لەوە دەترسێت.
رووداو : نارەزایەتییەکە چۆن دەیتوانی روواڵەتێکی مەدەنییانەتر و بەردەوامی تری هەبا ؟
خالید عەزیزی : با خۆپیشاندان واسەیر نەکەین کە تەنیا دەبێ کاردانەوە بێ بەرامبەر کردەوەیەکی حکومەت، با بژاردە و رۆشەنبیرانی ئێمەش کە لەناو خۆدا کار دەکەن بەشداری نارەزایەتییەکان بن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەیهەوێ لەلایەنی مەزهەبییەوە، کەڵکی خراپ لە هەستی مەزهەبی وەرگرێت و لە دژی هەستی نەتەوەیی ئێمە بەکاری دێنێت، با مامۆستایانی ئایینیش بەشداری خۆپیشاندانەکان بن، ئەوە یارمەتی دەرە کە نارەزایەتییەکان درێژەی هەبێت و دەستی حکومەت دەبەستێت بۆ ئەوەی نەتوانێ ئەو بە ئاسانی ئەو جۆرەیکە پێی خۆشە لێکدانەوە بکات. ئەگەرچی خۆپیشاندان و نارەزایەتی لە هەر حاڵەتێکیدا رەوایە و مافی خەڵکە با بیکەن بە عادەت و لەوەبەدواوە بەشیوەیە نارەزایەتی دەرببرین .
رووداو : بەشێک لە میدیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێ ئەوەی بەڵگەیان لەبەردەست بێت،ئەو تۆمەتانەی دەخوانە پاڵ خاوەن هۆتێلەکە پشتراستیان دەکردەوە، چەندین هەواڵیشیان بڵاو کردەوە کە دوای دەرکەوت دورن لە راستی! ئەوە زەبر لە پرستیژی ئێوە نادات؟
خالید عەزیزی : ئێمە دەسپێراگەیشتووی میدیاییمان سنووردارە و جار واهەیە زانیاری راست ناگاتە میدیای ئێمە و ئەوە قبوڵ دەکەم.
رووداو : لەلایەن هەندێک ئەندام و پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتەوە، لەناویاندا حیزبی ئێوە، هێرش کرایە سەر چالاکڤانانی سیاسی نێوخۆی رۆژهەڵات، بەوە تۆمەتباریان کردن کە بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی دەپارێزن! لێکدانەوەت بۆ ئەوە چییە ؟
خالید عەزیزی : پێوستە هەموو لایەکمان کاتێک باسی کوردستانی ئێران دەکەین، هەرکەسە بەپێی گرێدراوی پێگەی جوگرافیایی، حیزبی و تاکە کەسی خۆی دادوەری نەکات، ئەوە تووشی هەڵەمان دەکات، هەڵوێستی چالاکڤانانی ناوخۆ و دەرەوە کە زیاتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەوڵوێست دەگرن، یا هەڵوێستی حیزبەکان سەبارەت بە رووداوەکەی مەهاباد، زۆر شتی تێدابوو کە دەبێ لەیی فێر بین ،کوردستانی ئێران موڵکی هەموو لایەکمانە، نابێ هیچ لایەک حوکم لەسەر لایەنەکەی دیکە بدات، کاری چالاکڤانانی ناوخۆ بەرز دەنرخێنم ،دەبێ لەیەک حاڵی بوونێک هەبێ و خۆ بپارێزین لە بەکارهێنانی وشەی خائین و جاش و خۆفرۆش ،کە ئەو رەفتارە لەدژی زمانی بەیەکەوەبوون و یەکگرتووییە .
رووداو : لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە دەسپێکی شەڕی چەکداری و تێکهەڵچوون دەکرا، بەڵام هیچکات بەشێوەی فەرمی پشتراست نەکرانەوە !
خالید عەزیزی : کۆنترۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دەستی ئێمە بەدەرە، هەندێک کەس بە پێی حەز و خولیای خۆیان بیر دەکەنەوە و دەیانهەوێ وەها وێنایەک لە رووداوەکە پیشانی رای گشتی بدەن کە خۆیان حەزیان لێیە وابێ، ئەو کێشەیە بەهۆی دابران و نەبوونی گوتاری هاوبەش لەنێو لایەنەکانی رۆژهەلاتی کوردستان دروست بووە، لە نەبونی گوتار و حەرەکەتێکی هاوبەشدا بوشای سەرچاوە دروست دەبێت .
رووداو : چالاکڤانان و رۆژنامەنوس ناوخۆی رۆژهەڵات لە دوو لاوە لەژێر گوشاردان، ئێران مۆرکی سیاسی بوون و جیاخوازیان لێدەدات و هەندێک لە پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش مۆرکی “جاش” بوونیان لێدەدەن! ئەوە هەمان رەفتاری کۆماری ئیسلامی نییە ؟
خالید عەزیزی : لە هەمانکاتدا کە کار بۆ نەمانی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراتیک دەکەین، بەش بەحاڵی خۆم لە ئەگەری شێوانی داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان نیگەرانم، کە لە ئاکامی نەبوونی سەرچاوەیەکی هاوبەشدا، کەش و هەوایەک دروست بێت کە ئێمە تەیدا زەرەرمەند بین، رەوایە کە لەوەها کەش و هەوایەکدا رەخنەگران و راگەیەندنکارەکان نیگەرانیان هەبێت. بەڵام گەشبینم چوونکە رووداوی هاوشێوەی ئەوەی لە مەهاباد روویدا فێرمان دەکات ، ئێمە ئیستا لە دەستەڵات و کۆمەڵگای خۆمان دورین، بە شیوەیەی ئاشکرا تەنیا هەوڵسوکەوتمان لەگەڵ ئەندامانی خۆمان هەیە. حیزبێک لەلایەنی سیاسیەوە قەت ناتوانێت باش بیر بکاتەوە کە ئەگەر تەنیا بە گوێرەی ئەقڵییەتی ئەندامانی خۆی بیر بکاتەوە و ئەو شتەی دەیڵێت رۆژانە لەناو کۆمەڵگای خۆیدا فیت بەگی بۆ نەیەتەوە، ئێمە دورین لە کۆمەڵگای خۆمان و زۆربەی ئەو کەسانەی لەسەر کارەکانی ئێمە رایان دەردەبرن خەڵک نینە ، زۆربە خەڵکانێکن کە لەدەرەوە دانیشتوون یا ئەندامی خۆمان یا خەڵکی دەگمەن لە نێوخۆی کوردستانی ئێرانن،ئەوەش گەورەترین کەمایەسی ئێمەیە.
رووداو : وابزانین ئێوە لە رۆژهەڵات بوونەتە دەستەڵات، من بابەتێکی رەخنەگرانە لەسەر ئێوە بڵاو دەکەمەوە، دڵنیاییم پێدەدەن کە هەرەشە و مەترسیم بۆ دروست نەبێت ؟
خالید عەزیزی : ئەوەی پەیوەندی بە منەوە هەیە دڵنیات دەکەمەوە کە شتی وا روونەدات، بەڵام لە نیگەرانییەکان تێدەگەم، بەو هۆکارە کە کەش و هەوای دیالۆگ لەنێو ئێمەدا پۆلاریزە بووە، ئێمەش وەک حیزبە سیاسییەکان لە خانەی لەیەکدانی یەکدی، بچووک کردنەوە و دابران داین، جا مادام فەرهەنگی حیزبەکان لەگەڵ یەکتر ئاوابێ، بێگومان ئەندامانی ئەو حیزبانەش لە رێبەرانی خۆیان شت فێر دەبن و هەوڵ دەدەن لە دژی دژبەرانی خۆیان و کۆمەڵگاشدا بەکاری بێنن. بە نیگەرانییەوە سەیری دەکەم ، بەڵام تا ئەو جێگای پەیوەندی بە من و حیزبی منەوە هەیە، هەوڵ دەدەم فەرهەنگ سازی بۆ بکەم . ئێمە لە بەفەرهەنگ کردنی ئەساس نامەی خۆشماندا سەرکەوتوو نەبووینە، فەرهەنگ لەو شوێنانە دروست نابێ کە حیزبەکان لە کوردستانی عێراق تەیدان ، بەڵکوو لەناو کۆمەڵگادا دروست دەبێت .
رووداو : کاردانەوەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە رووداوەکانی مەهاباد چۆن هەڵدەسەنگێنن ؟
خالید عەزیزی : ئێمە هەوڵماندا لە چەند بوواردا کاری بۆ بکەن، یەکەم، بە خەڵک بڵەیین کە خۆپیشاندان و نارەزایەتی مافی ئێوەیە و دەبێ شارەکانی دیکەش پشتیوانی لێبکەن ، دووهەم راکێشانی پیشتیوانی لە پارچەکانی دیکە بوو، سێهەم بە میدیایی کردنی ئەو پرسە لەئاستی جیهانیدا بوو، کە بە خۆشییەوە، بە هاوکاری لایەنەکانی دیکە ئەوە مسۆگەر بوو .
رووداو : پێشتریش گتوتە کە ئێرانمان پێناروخێ ؟ ئەوە بەرهەمی چ عەقڵییەتێکە ؟ پێتوانییە ورە روخێنەرە ؟
خالید عەزیزی : دووای تێپەڕینی ٧٠ ساڵ لە مێژووی حزبی دیموکرات و ٣٦ ساڵ بەربەرەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، دەبێ پێداچوونەوە بەخۆماندا بکەین، رووخێنەر نییە، من ئێستاش بە راشکاوی بە خەڵک دەڵێم خەبات و تێکۆشانی کورد لە هیچ پارچەیەک بۆ روخاندنی حکومەتی ناوەندیی نییە، کورد حکومەتی ناوەندیی پێ ناروخێ ، پێشی وانەبێت ئەگەر بی روخێنێ لە ناوەند دەبێتە دەستەلات، ٣٦ ساڵ بڵەین دەروخێ و دووای بۆمان نەروخێ! ئەوە روخێنەرە . کاری ئێمە مسۆگەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی خۆمانە، لەسەر ئەو ئەساسە دەزانین کە چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ناوەند بکەین. سەردەمێک حیزبە ئێرانییەکان چەپلەیان بۆ ئێمە لێدەدا کە کوردستان سەنگری ئازادییە، بۆخۆشم لە رابردوود گتوومە ، ئێمە نابێ لە ژێر کاریگەری ئەو دروشمانە خۆمان بخەینە پانتای شەڕێک کە بۆمان ناکرێ، با شتێک بڵەین کە بۆمان جێبەجێ دەبێ.
رووداو : ئەگەر ناتوانن حکومەتی ناوەندی برۆخێنن ، ناتوانن کوردستانیش ئازاد بکەن ؟
خالید عەزیزی : نا ، ئێمە تا ئیستا نەمانتوانیوە کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان وەدەرنێین ، تا ئێستا نەمانتوانیوە یەک گوندیشی لێبستێنینەوە و حکومەتی تێدا رابگەیەنین ، ئێمە دەبێ پێداچوونەوە بەسەر ئەو فکرەدا بکەین ، تا کەنگێ! مێتودێکە کە ٣٦ ساڵە لەگەڵی بەرەورووین ، لایەنێکی سیاسی وەک حیزب و خەڵک وەک گەل دەبێ پێداچوونەوە بەسەر خۆیاندا بکەن، بڵێن ئەوەمان بۆ جێبەجێ نابێت ، خۆ ئەوە نە گوناهە و نە کوفرە ، بەڵکوو تۆ لە حەلێکی دیکە دەگەرێی کە لەدەستت دێت .
رووداو : کاتی ئەوە نەهاتووە کە پێداچوونەوە بە فۆرمی کلاسیکی حیزبی دیموکرات واتە سانتریالیزمی دیموکراتیک بکەن ؟
خالید عەزیزی : دەتوانین پێداچوونەوە بە زۆر شتدا بکەین ،بەلام لەت بوونی حیزبی دیموکرات و دروستبوونی رکابەرییەکی ناسالم لە نێوان هەر دووباڵی حیزبی دیموکرات ،گۆڕانکاری بە دیل گرتووە ، نەهامەتییەکە لەوەدایە کاتێک باسێک دێتەگۆر و هەست بە پێویستی گۆرانکارییەک دەکرێت، کە سەبارەت بە پرسی کورد لە کوردستانی ئێران ، لایەنەکەی دیکە تەنیا لەبەر رکابەری حیزبی خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ ئەو پرسە دەکات ، ئەوە تایبەت نییە بە لایەنێک . بەڵام سەرەرای ئەوە پێموایە کە مەجالێک هەیە بۆ پێداچوونەوە لە ساڵرۆژی ٧٠ سالەی حیزبی دیموکرات .
رووداو : چ فۆرمێکی جێگرەوە پێشنیاز دەکەیی ؟
خالید عەزیزی : رەنگە لە داهاتوودا باسی ئەوە بکرێت، بەڵام با ئەندامانی هەردوولای حیزبی دیموکرات یەکەم وەک تاک بیر لەوە بکەنەوە .دەبێ بیر لە تاکتیک و ستراتژی و شیوەی هەڵسوکەوتمان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بکەنەوە . دووهەم دەبێ بە راشکاوی ئەوە بڵەین ٣٦ ساڵە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە شەڕداین، جیاواز لە نێوەرۆکی کۆماری ئیسلامی کە ئێمە بەخراپی دەزانین ، بەڵام ئێمەش بێ هەڵە نەبووین دەبێ بە بوێرییەوە لانیکەم لە ژوورە داخراوەکانی خۆماندا باسی لێبکەین، لانیکەم ٥٠ ساڵی رابردووی حیزبی دیموکرات، سەڕەرای قوربانی و تێکۆشانێکی زۆر، بە ناکۆکی و لەیەکدابران تێپەڕبووە .
رووداو : یانی عەقڵییەتی دێموکراسی خوازی کە هەفتا ساڵە خەباتی بۆ دەکەن لەناو حیزبدا پراکتیزە نەبووە !
خالید عەزیزی : عەقڵییەتی دێموکراسی خوازی باس هەڵگرە،ئێمە ١٥ کۆنگرەمان گرتووە، لە کۆنگرەی چووارەوەتا ئیستا هەمووی لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێران دابووە، بەردەوام رامانگەیاندووە کە کۆنگرە بە سەرکەوتووی کۆتایی پێهات، بەڵام لەسەردەمی شۆڕشەوە تا ئێستا حیزبی دیموکرات پڕکێشەترین حیزبی کوردستانی ئێران بووە، مێژوویەک پڕ لە دەستە بەندی، لەیەکدابران، جناح بازی، رکابەری نابەجێ و ناوچەگەرایی، پێداچوونەوە نەترسی دەوێت، ئەوەش یارمەتی دەردەبێت بۆ عەقڵییەتی وەسەر دروستکردنەوەی دووبارە و خستنەوەسەر یەکی هەر دووباڵی حیزبی دیموکرات .
رووداو : باسی یەکگرتنەوەت کرد، لەو ماوەی رابردوودا چەند کتێب و وتارێک سەبارەت بە پرسی لەیەک دابرانەکانی دیموکراتەکان بە قەلەمی رێبەرایەتی دوولایەن بڵاو بوونەوە، چ کاریکەرێکیان لەسەر پرسی یەکگرتنەوە داناوە؟
خالید عەزیزی : رێز و حورمەتم هەیە بۆ نوسەرانی ئەو کتێب و بابەتانە، بەلام کاریگەری نەرێنیان هەبووە و ئێمەیان لە رابردوودا هێشتووەتەوە و بەس برینەکانیان کولاندووەتەوە .
رووداو : پرسی یەکگرتنەوە بەکوێ گەیشتووە ؟
خالید عەزیزی : بەداخەوە هیچ دانیشتنێکمان لەسەر ئەو پرسە نییە ، هیچیشمان بەدەستەوە نییە ، تەنیا پەیوەندی دۆستانە و ئەمنییەتی مان بەیەکەوە ماوە .
رووداو : یانی هیوایەک بە یەکگرتنەوە نەماوە ؟
خالید عەزیزی : لە کورت ماوەدا هیچ هیوایەک نییە ، بەڵام لە درێژماوەدا من هیوادارم .
رووداو : پێتوانییە کە نەبوونی رێبەرێکی کاریزماتیک خەساری گەیاندووە بە بزوتنەوەی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان ؟
خالید عەزیزی : ئەگەر تۆ قسە لە بزوتنەوە و خەبات و تێکۆشان دەکەی ! ئەوە رێبەری دەوێ ،تەواو ! خەبات و تێکۆشان بە قسە ناکرێ ، ناتوانی کۆمەڵێک کەس بیو خەریکی شەڕ و دمەچەقە و دمەقاڵە بی ، خەبات حیزبی بەهێز بەرە و پێشی دەبات، خەبات و شۆڕش بە پەرلەمان ناکرێت، بە دەستەڵات دەکرێت.
رووداو : رۆژهەڵاتی ناوێن بە قۆناخێکی تایبەتدا تێدەپەڕێت، دو بەرە پێکهاتووە ،ئێوە چیو کردووە بۆ قۆزینەوەی هاوکێشەکان لە بەرژەوەندی رۆژهەڵات ؟
خالید عەزیزی : نابێ سەبارەت بەو ئاڵوگۆڕانە بێ تەفاوت بین، بەڵام ناشمانهەوێ ببین بە بەشێک لە کێشەی سوننە و شیعە، بەڵام هەوڵ دەدەین لە بەرژەوەندی خۆماندا سوودی لێوەرگرین .
رووداو : بەرژەوەندی ئێوە لەوەدا نییە بچنە بەرەی سوننە ؟
خالید عەزیزی : بەهیچ شێوەیەک، ئێمە ناچینە بەرەی شیعە یا سووننە ،ئێمە لە بەرەی دژی ئێران دەبین .بەرەی شیعە یەکگرتوویە و ئێران رێبەری دەکات ، بەڵام بەرەی سوننە چەند دەنگن و هەر ولاتێک خولیایەکی هەیە . ئێمە نە وەک بەرە بەڵکوو بە هەڵسوکەت لەگەڵ وڵاتەکان بە نیازین تەعامول لەگەڵ ئەو پرسە بکەین، بەڵام تا ئێستا بە ئاکامێکی تایبەت نەگەیشتووین .
رووداو: سەرکۆنسوڵی ئەمریکا لە هەولێر سەردانی بنکەی رێبەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی کرد ؟ بۆچی ؟
خالید عەزیزی : رووداوەکانی مەهاباد دەنگدانەوەی زۆری لە میدیاکانی جیهانیدا هەبوو ، پرسیاریان لەسەر خوێندنەوەی ئێمە لەو رووداوە و بارودۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان و مەهاباد، لەسەر داواکاری خۆیان هاتن و میوانداریمان کردن، لە روانگەی خۆمەوە کارێکی باشیان کردووە ،ئەمریکا زلهێزە و دەبێ لە دەلاقەی راستییەکانەوە رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ببینێت، ئێمەش بەرچاو روونییەکمان لە بارودۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان پێدان .
رووداو : باسی شەڕی چەکداری یا وەرگرتنی یارمەتیتان نەکرد ؟
خالید عەزیزی : دڵنیاتان دەکەمەوە کە شتی وا نەبووە .
رووداو : وەکوو دووایین پرسیار میدیای سێبەری ئێوە، باس لەوە دەکات کە پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە هێزێکی چەکدارییە و لە نێوخۆی رۆژهەڵاتدا بوونی هەیە ، ئەمساڵ بڕیارە جوڵەیان پێبکرێ؟
خالید عەزیزی : پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دامەزراون و بۆخۆیان بڕیار دەدن بۆ هەر جوڵەیەک و بەرپرسیارەتی هەر کردەوەیەکیان دەکەوێتە سەر شانی خۆیان و پەیوەندی بە حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە نییە .