Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۴ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۶| 26/09/2017 |کاتژمێر:
جۆراوجۆر

ئاژاوە و نەزم لە جیهانێکی هەردەم لەگۆڕاندا (ڕووسیە و چین)

07/09/2017 | 15:40:29
qalam
هێنری کیسێنجێر

کەماڵ حەسەنپوور کردوویەتی بە کوردی

 

خاتوو تاچێر یەکێک لە ڕێبەرە هەرە مەزنەکانی سەردەمی ئێمە بوو. خاوەن بڕیار، بەجۆش و خرۆش، بەغیرەت و وەفادار. ئەو لە جیاتی گوێدان بە بۆچوونی گروپی ڕاوێژکار، خۆی بۆ دروستکردنی داهاتوو تەرخان کردبوو.

من یەکەم جار لە سەرەتای حەفتاکان چاوم پێی کەوت، کاتێک کە ئەو وەزیری خوێندن لە کابینە ئێدوارد هیس بوو. لە یەکەم دیدارماندا، خاتوو تاچێر بێزاریی خۆی لە بۆچوونی باوی ئەوکات کە لای وابوو کە لە کێبڕکێی سیاسییدا بردنەوەی نێوەڕاست [و. مەبەست پێوەری سیاسی لە چەپ _ ڕاست] ئامانجی سەرەکییە، درکاند. ئەو پێی وابوو کە ئەرکی ڕێبەریی ئەوەیە نێوەڕاستی سیاسی بەرەو پرەنسیپی دیاریکراو ببا نەوەک بە پێچەوانە.

بۆ جێبەجێ کردنی ئەو فەلسەفەیە، ئەو لە ماوەی تەمەنی سیاسیی خۆیدا رێچکەیەکی سیاسیی نوێی لە کۆمەڵگای خۆیدا دروست کرد. ناوبراو ئەو کارەی بە تێکەڵاوێک لە تایبەتمەندیی تاکیی (کاراکتەر) و غیرەت ئەنجام دا: کاراکتەر لەبەر ئەوەی کە بژارە  داهێنەرەکانی کە پرۆسەی سیاسیی دەیخوازن زۆرجار وەک رۆیشتن بە ڕێگایەکی باریک لە شوێنێکی پڕ لە کەندولەند دەچێ و غیرەت بۆ ئەوەی کە بە ڕێگایەکدا کە هیچ کەس لە پێشدا پێیدا نەڕۆیشتووە بەرەوە پێشەوە بڕۆی.

مارگارێت تاچێر ئەو تایبەتمەندییانەی زۆر بە باشی لە وتارێکدا لە زانکۆی وێست مینستێر لە فاڵتۆن، میزوری، هەمان شوێن کە پەنجا ساڵ پێشتر وینستۆن چرچیل وتاری «پەردەی ئاسنین»ی پێشکەش کردبوو، نیشان دا. ئەو ئاماژەی بەو کێشانە کرد، کە ئەوڕۆش لە نێوەڕۆکدا ڕێگاچارەی خێرا دەخوازن:

* ئاخۆ ڕووسیە وەک هەڕەشە سەیر بکرێ یا وەک هاوبەش؟

* ئاخۆ پێویست دەکا کە ناتۆ سەرنج بداتە پرسی «دەرەکی»؟

* ئاخۆ ناتۆ بە وریایی و خێرایی تەواو ددان بە دیموکراسییە نوێکانی ناوەندی ئورووپا بە پەرپرسیاریی تەواوەوە بنێ؟

* ئاخۆ ئورووپا پێویست دەکا لە نێو ناتۆ دا «ناسنامەی بەرگریی» تایبەت بەخۆی پەرە پێ بدا؟

دوو دەیە دوای وتارە پێشبینیکەرەکەی خاتوو تاچێر، جیهانی ئەمبەر و ئەوبەری ئاتلانتیک بەرەوڕووی هەندێک پرسی هاوشێوە بوونەتەوە. ئەو نەزمە جیهانییەی کە خۆرئاوا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی سی ‌ساڵە لە ١٦٤٨ی زایینی دروستی کرد [و. مەبەست رێککەوتننامەی وێستفالە]، لە سەر بنەمای سەربەخۆیی دەوڵەتان کە لە ڕێگای هاوسەنگیی دەسەڵات لە نێوان چەندین پێکهاتە دەپارێزرا، دامەزرابوو. ئەو نەزمە ئێستا بەرەوڕووی چەمکی وەرگیراو لە ئەزموونی مێژوویی و کولتوریی جیاواز بە تێکەڵاوێک لە ڕوانگەی ئایینی لە ئاستی کیشوەریی یا جیهانیی بۆتەوە. کەوابوو بابەتی درێژخایەن ئەوە دەبێ کە ئاخۆ ئەو پرسانە لە ڕێگای تێئۆریی دەوڵەت _ نەتەوەوە چارەسەر بکرێن یاخود چەمکی جیهانییتر و دەرئەنجامەکەی بۆ نەزمی داهاتووی جیهان چی دەبێ.

ڕێگام بدەن ئەو کارە بە گونجاندنی کێشە ئاماژە پێکراوەکانی وتاری خاتوو تاچێر لەگەڵ دۆخی ئێستامان دا بکەم.

 

ڕووسیە

موشکیلەی ڕووسیە، یەکەم پرسی خاتوو تاچێر، ئەمڕۆ جەخت لەسەر ئوکراین و سورییە دەکاتەوە بەڵام نوێنگەی تەریک کەوتنەوەیەکی قووڵترە. وڵاتێک کە خاوەنی یازدە هەرێمی کاتە و ڕووبەرەکەی لە ئورووپاوە و بە سنووری ئیسلامدا تا ئۆقیانووسی ئارام دەچێ. ڕووسیە چەمکی تایبەت بەخۆی لە نەزمی جیهانیی دروست کردوە. لە هەوڵی بێ پسانەوە بۆ ئاسایش لە سنوورە بەربڵاوەکانی کە بە ڕێژەیەکی کەم سنووری سروشتین، ڕووسیە بەرەو ئاسایشی تەواو کە بە واتای بێ ئاسایشیی تەواو بۆ بەشیک لە جیرانەکانیەتی هەنگاوی ناوە.

لە هەمان کاتدا قەبارەی ژێئۆ_ستراتێژیکی ڕووسیە و چەمکی ئەفسوناوی مەزنیی و ویستی خەڵکەکەی بۆ تەحەممولی دژوارییەکان یارمەتیی کردووە کە ماوی سەدان ساڵ خۆی لە داگیرکاریی مەغول، سوێدی، فەڕانسەوی و ئاڵمانی پاراستووە. ئاکامەکەی بۆتە هۆی دروستبوونی دووهەستیی، خولیای قەبووڵکران لە لایەن ئورووپاوە و لە هەمان کاتدا تێپەڕین لەو هەستە. ئەو هەستە تایبەتییەی شوناس بۆ شیکردنەوەی لێدوانی پوتین یارمەتیدەرە کە دەڵێ «لەنێوچوونی یەکیەتیی سۆڤیەت مەزنترین کارەساتی ژێئۆپۆلیتیکی سەدە بوو.»

ڕوانگەی پوتین لەبارەی سیاسەتی جیهانییەوە زۆر جار وەک دووبارەبوونەوەی دیکتاتۆریی ناسیۆنالیستیی سییەکانی زایینی ئورووپا باسی لێوە دەکرێ. بە شێوەیەکی دەقیقتر، ئەوە میراتی جیهانبینیی فیۆدۆر داستایەفسکییە، کە لە وتارێکدا لە ١٨٨٠ بۆ پەردەلادان لە پەیکەری پوشکین، پێشکەشی کرد. داوا پڕ هەستەکەی بۆ دەورانێکی نوێ لە مەزنیی رۆسیی کە لەسەر بنەمای بایخەکانی ڕووحی و تایبەتمەندیی ڕوسی پێکهاتبێ لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا لە لایەن ئالێکساندێر سولژێنیتسین دووپات کرایەوە.

سۆلژێنیستین لە کاتێکدا کە دەیهەویست کۆتایی بە تاراوگەنشینی لە ڤێرمۆنت بهێنێ و بۆ ڕووسیە بگەڕێتەوە، لە کتێبەکەیدا بە ناوی «لەبارەی پرسی ڕووسیە»، داوای هەنگاوی بە کردەوە بۆ ڕزگار کردنی ئەو شارۆمەندانەی ڕووسیەی کرد کە لە ڕووسیە «وەدەر نراون». بە هەمان شێوە پوتین هێرشی کردۆتە سەر ئەو شتەی کە لە ڕوانگەی ناوبراوەوە ٣٠٠ ساڵ هەوڵی خۆرئاوایە بۆ گەمارۆدانی ڕووسیە. لە کۆنفرانسی ئاسایشی مونیخ لە ٢٠٠٧ هەر وەک داستایەفسکی،  ئەو خۆرئاوای بەوە تۆمەتبار کرد کە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە هەوڵی کەڵکی خەراپ وەرگرتن لە موشکیلەکانی دوای شەڕی سارد لە ڕووسیەیە بۆ تەریک خستنەوە و مەحکومکردنی.

خۆرئاوا چۆن دەتوانێ پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕووسیە پەرە پێبدا، وڵاتێک کە لایەنێکی حەیاتیی ئاسایشی ئورووپایە بەڵام بە هۆی مێژوویی و جوگرافیایی، ڕوانگەیەکی لە بنەڕەت جیاوازی لەبارەی بنەماکانی ڕێککەوتننامەیەک لە بارەی ڕێکخستنی ناوچەکانی هاوسنووری ڕووسیە کە جێگای پەسەندی هەردوو لا بێ هەیە. ئاخۆ ژیرانەترین هەڵوێست ئەوەیە کە زەخت بخرێتە سەر ڕووسیە و ئەگەر پێویست بوو سزا بدرێ، تا ڕوانگەی خۆرئاوا لە بارەی نەزمی ناوخۆیی و جیهانیی پەسەند بکا؟ یا بۆ گەڕان بەدوای نەزمی جیهانیی جێگای پەسەند، بوار بۆ پرۆسەیەکی سیاسیی بڕەخسێ تا بە سەر لێک نامۆبوونی دوولایەنە سەر کەوین یا لانی کەم ئاسەوارەکانی کەمتر بکەینەوە؟

ئاخۆ سنووری ڕووسیە وەک ناوچەی بەرەوڕوو بوونەوەی هەمیشەیی چاوی لێبکرێ یاخود دەتوانێ بکرێ بە ناوچەیەک بۆ هاوکاریی و پێوەرەکان بۆ پرۆسەیەکی ئەوتۆ کامانەن؟ ئەوانە ئەو پرسیارانە لەبارەی نەزمی ئوروپایین کە پێویستیان بە لەبەرچاوگرتنی سیستەماتیک هەیە. هەرکام لەو چەمکانە پێویستیان بە توانایی بەرگریی هەیە بۆ لەناوبردنی وەسوەسەی زەختی سەربازیی لەلایەن ڕووسیەوە.

 

چین

پرسی خاتوو تاچێر لە بارەی ناوچە دەرەکییەکان لە سەردەمی ئێمەدا زۆرتر چین و خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەگرێتەوە. چین پڕۆژەی «ڕێگای ئاوریشمی نوێ»ی وەک بەرنامەیەکی سیاسیی، ئابووریی، کولتوریی و ئاسایشیی دەست پێکردووە کە لە دەریای خۆرهەڵاتی چین تا کاناڵی ئینگلستان دەگرێتەوە. ئەوە بیرەوەریی وانەیەکی ئەنجومەنی جوگرافیای سەڵتەنەتیی لە ١٩٠٤ کە لە لایەن هالفۆرد ماککیندێر پێشکەش کرا دێنێتەوە بیر کە باسی وڵاتانی ناوەندی ئەوراسیای وەک تەوەری ژێئۆ_ ستراتێژیکی جیهانی کرد.

بە بەستنەوەی چین بە وڵاتانی ناوەندی ئاسیا و لە کۆتاییدا بە ئورووپاوە، ڕێگای ئاوریشمی نوێ بەکردەوە ناوەندی کێشی جیهان لە ئاتلانتیکەوە بەرەوە وڵاتانی ئەوراسیا دەگوێزێتەوە. ڕێگاکە بەنێو ڕێژەیەکی بەرچاو لە کولتوور، نەتەوە، ئایین، دامەزراوە و وڵاتی سەربەخۆدا تێپەڕ دەبێ. لەسەر ئەو ڕێگایە کولتوری مەزنی ڕووسیە، هیندوستان، ئێران و تورکیە هەڵکەوتووە و لە خاڵی کۆتایی وڵاتانی خۆرئاوای ئورووپا دەگرێتەوە کە هەرکامیان بڕیار لەسەر پەیوەست بوون، هاوکاریکردن یا دژایەتیکردنی و شێوەکانی دەدەن. ئاڵۆزییەکانی بۆ سیاسەتی جیهانی سەرسوڕ هێنەر و لەهەمان کاتدا دڵڕفێنە.

«ڕێگای ئاوریشمی نوێ» لە هەلومەرجێکی ستراتێژیکی نێونەتەوەیی وەک هی وێستفال، کە لە سەر فەلسەفەی نەزمی خۆرئاوایی دامەزرا پێشکەش دەکرێ. بەڵام چین تاقانەیە و لە دۆخی وێستفالیی تێپەڕ دەبێ: ئەو هاوکات شارستانییەتێکی لەمێژینەیە، دەوڵەتێکە، ئیمپراتورییەکە و ئابووریی بە جیهانیی بووی هەیە. لە کۆتاییدا، چین داوای ڕێکخستنی نەزمێکی نێونەتەوەیی دەکا کە لەگەڵ ئەزمونی مێژوویی، توانای پەرەئەستێن و دوورە دیمەنی ستراتێژیکی ئەو بگونجێ.

ئەو سووڕی کامڵبوونە سێهەمین وەرچەرخانی چین لە نیوسەدەی ڕابردوویە. مائۆ یەکیەتیی هێنا، دێنگ چاکسازیی هێنا، سەرکۆمار شی جینگپینگ بە دوای گەیشتن بەو شتەیە کە ناوی «خەونی چینە»، واتە گەڕانەوە بۆ چاکسازییەکانی ئیمپڕاتۆریی چینگ لە ڕێگای ‌هێنانەدی «دوو ١٠٠ە کان». کاتێک کە کۆماری گەلیی چین لە ٢٠٤٩ پێ دەنێتە دووسەد ساڵیی، بە پێی پێناسەی سەرکۆمار شی، چین ئەگەر بەتواناتر نەبێ، دەبێ هەمان توانای هەر کۆمەڵگایەکی تری ئەم جیهانەی هەبێ و داهاتی سەرانەی لە ساڵدا وەک هی وڵاتانی گەشەسەندوو بێ.

بەمجۆرە، ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین دەبنە دوو وڵاتی هاوکێش لە بواری ئابووریی و جوگرافیای سیاسییەوە کە ناچارن خۆگونجاندنی پێشتر نەبینراو لە بیرکردنەوەی نەریتیی یان دا بکەنەوە. لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانییەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بوو بە زلهێز، لەگەڵ هاوشانێکی ژێئۆپۆلیتیک کێبڕکێی نەکردووە. ‌هیچ کات لە مێژووی هەزار ساڵەی چینیش دا هیچ نەتەوەیەکی بێگانە زیاتر لە شتێکی بچووک لە چاو دەوڵەتی پاشایەتیی ناوەند یا «ناوین» نەبووە.

هەردوو وڵات خۆیان بە شتێکی هەڵکەوتوو دەبینن، ئەگەر چی بە شێوەی جیاواز: ئامریکا بڵاوکردنەوەی بایخەکان و سیستەمی  خۆی لە ناو وڵاتانی دیکە وەک بەشێک لە مەئمورییەتی خۆی دەزانێ، چین بە شێوەی مێژوویی وا جووڵاوەتەوە کە دەسکەوتە پڕشکۆیەکانی وڵاتانی دیکەی بۆ ڕەچاو کردنی هیرارشی لەسەر بنەمای ڕێز دانان هان دەدا.

لە هەردوو وڵات دا زۆر بۆچوون لە سەر لێک نزیک کردنەوەی ئەو جیاوازیی ڕوانگانە لە ئارا دایە، یا لە ڕێگای تێئۆری دەوڵەت_نەتەوە یا بە شتێکی نوێ، وەک چەمکی زۆرتر بە جیهانیی بوون، کە هەندێکیان سەرکۆمار شی لە وتاری «خەونی چینی» ئاماژەی پێکردوون. بۆ هەردوو کۆمەڵگا و بۆ باقی جیهان، ڕەوتی کامڵبوونی ئەوان دەبێتە ئەزمونی سەردەم.

دەوری ئورووپا لە جیهانێکی ئەوتۆ دا چی دەبێ؟ وەک بەشێک لە جیهانی ئاتلانتیک یا وەک پێکهاتەیەک خۆی پێناسە دەکاتەوە و سەربەخۆ خۆی لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی دەوروبەری دەگونجێنێ؟ وەک بەشێک لە ڕیککەوتنی ئەمبەر ئەوبەری ئاتلانتیک؟ یا وەک پێکهاتەیەکی جیاواز کە یەکەکانی لە هاوسەنگییەکی مێژوویی مۆدێلی دەسەڵات دا بەشدار دەبن؟ کام نەزمی جیهانی بەستراوەتەوە بە پێکەوە سازانی چەمکەکانی ترانس_ ئاتلانتیک و «ڕێگای ئاوریشمی نوێ»؟

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٩.