Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۹ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۶| 20/11/2017 |کاتژمێر:
کۆمەڵایەتی

هەنگاوەکانی نافەرمانیی مەدەنیی کوردستان بەرەو سەرکەوتنە

07/09/2017 | 03:33:51
asazmastoooo
ئازاد مستەوفی

ئەو جوغرافیایەی پێی دەگوترێ ئێران، لە درێژایی مێژوودا چونکە دەسەڵاتگەلی ناوەندیی لە کەشوهەوایەکی دیموکراسییانە و ئازادانەدا نەهاتوونەتە سەر کورسی دەسەڵات تا کاروباری خەڵکی وڵاتەکەیان بەڕێوە ببەن و هەروەها کە مێژوو شایەتی دەدا حکوومەتگەلێکی دەستنیشانکراو لەلایەن زلهێزەکانەوە بوون و دەسەڵاتی دەستنیشانکراویش هەموو هەوڵی بۆ ڕەزامەندکردنی زلهێزەکان و چەوساندنەوەی خەڵکەکەی داوە؛ بۆیە هەر جۆرە ناڕەزایەتییەکی گشتیی و مەدەنی و سەردەمیانە، بەتوندترین شێوەی نامرۆڤانە لەلایەن دەسەڵاتی تارانەوە وەڵام دراوەتەوە. لەم پەڕە ڕەشەی دەسەڵاتدارێتییدا، جینایەت و توندوتیژی و تەنانەت قەتڵوعامی خەڵکیش دەبینرێ و نموونەگەلێکی زۆر لەم بارەوە هەن کە ئێران بەناوی خۆیەوە لە مێژووەکەیدا تۆماری کردوە.

هه‌ر بۆیەشه‌ خەڵکی ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەمێ ساڵەوە هەوڵی ئەوەیان داوە بە نافەرمانیی مەدەنی، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر دوژمن بنوێنن و بتوانن بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە و بە کەمتر هەزینەکردنی مادی و مەعنەوی، کاریگەریی زیاتر بخەنە سەر ناوەندی دەسەڵات. وەکو نموونەیەک لە نافەرمانی مەدەنی لە مێژووی ئێراندا دەکرێ بۆ سەردەمی سەفەوییەکان بگه‌ڕێینه‌وه‌. لەو سەردەمەدا توندوتیژیی دەسەڵات بەرامبەر خەڵک و بەتایبەت نەیارانی لەوپەڕی خۆیدا بوو بۆیە خەڵک لەو سەردەمەدا وەکوو نەریتێکی لێ هاتبوو کە ئەوکەسانەی لەلایەن دەسەڵاتەوە دەخرانە ژێرچاودێری یاخود زیندانیی زۆریان بەسەر دەسەپێندرا، بۆ ئەوەی پێداچوونەوەیەک بەسەر دۆسیەکەیان لەلایەن دەسەڵاتەوە بکرێ و یان عەفوو بکرێن؛ پەنایان بۆ گۆڕ و زیارەتگەی ئیمامەکان و ئیمامزادەکان دەبرد.

بۆ یەکەم جار لە سەردەمی پاشایەتیی «محەممەد شا»ی قاجار (١١٨٦-١٢٢٧ هەتاوی)، هەندێک لە شازادەکان لە باڵوێزخانەی ڕووسیه‌ دژی حاجی میرزا ئاقاسی مانیان گرت. لە سەردەمی «ناسرەین شا»ی قاجاردا (١٢١٠-١٢٧٥ هەتاوی) بۆ ئەوەی خەڵک و بەتایبەت کەسایەتیگەلی ناڕازی هانا بۆ باڵیۆزخانەکان نەبەن، ڕێگەی چوون بۆ باڵیۆزخانەکان بەسترا. هەر لەبارەی ئەم بەشەی مێژووی ئێرانەوە دەتوانین ئاماژەیەکی کورتیش بکەین بەو مانگرتنەی کە بە مانگرتنی شاعەبدولعەزیم بەناوبانگە. لە ڕۆژەکانی ٣ تا١٠ی بانەمەڕی ١٢٨٤ی هەتاوی لە سەرەتای سەفەری «موزەفەدرین شا» بۆ ئورووپا، بازرگان و تاجرەکان لە شاعەبدولعەزیم مانیان گرت چونکە خوازیاری نەمانی ئەو باجە نوێیە بوون کە گومرک داینابوو. بازرگانەکان هەروەها خوازیاریی نەمانی دووچاوگی لە گرتنی حقووقی گومرک لە موسڵمانەکان و لادانی «ژۆزیف نووز» موستەشاری ماڵیی بەلژیکیی دەوڵەتی ئێرانیان، دەکرد.

لە مێژووی هاوچه‌رخی ئێرانیشدا دەتوانین ئاماژە بکەین بەو خۆپیشاندان و مانگرتنانەی لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتە وەها پەرەی سەند کە دەسەڵاتی پاشایەتی پەهلەویی ڕووخاند و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێکه‌وته‌وه‌ که‌ ئه‌ویش نه‌یتوانی وه‌ڵامده‌ری چاوەڕوانیی خه‌ڵک بۆ ئازادی و دیموکراسی بێ.

هاوکات لەگەڵ خەباتی چەکداریی بەشێک لە پارتەکان له‌ دژی ئه‌و رێژیمه‌ بەڵام نافەرمانیی مەدەنی و مانگرتن لەلایەن خەڵکەوە هەر درێژەی کێشا و لەمبارەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆڵێکی پێشەنگی بۆ ئێران گێڕاوە. لە کۆچی بەکۆمەڵی خەڵکی مەریوان لە سەرەتای شۆڕشی ئێران هەتا خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کرماشان و بەرخۆدانی خەڵکی سنە و ڕێپێوانه‌کانی نێوان شارەکانی سەقز و بۆکان و هتد، چه‌ند نموونەن کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نافەرمانی مەدەنی کردوویه‌تی و بێ پسانەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێ هەر درێژەی پێ داوە.

هەرچەند پاش سەرکوتی بزووتنەوەی سەوز کە خەڵکی ئێران داوای دەنگی خۆیان دەکرد کەم تا کورتێ نافەرمانی مەدەنی وا دیار بوو کە نوشستی بەخۆیەوە دیتووە بەڵام ئەم نافەرمانی مەدەنییە بەجۆرەها شێوەی دی لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانەوە درێژەی کێشا و دەبینین کە خەڵکی ئێرانیش لە شارە جۆراوجۆرەکانی وەکوو تاران و مەشهەد و ئیسفەهان و تەورێز و ورمێ درێژەی بەم شێوازە ناڕەزایەتی دەربڕینە داوە و ساڵانە لە بۆنەگەلی جیاوازدا وەکو «شەڕە ئاو» لە هاوین، خۆپیشاندانی سینفی مامۆستایان، خۆپیشاندان دژی وشکبوونی ئاوی دەریاچەکان بەهۆی سیاسەتی نادروستی دەسەڵات، خۆپیشاندانی خەڵکی ئیسفەهان دژی سیاستی ئاوی حکوومەت، خۆپیشاندانی خوێندکاران بەبیانووگەلی سینفییەوە، مانگرتنی بازاڕی زێڕینگەرانی تاران، خۆپیشاندانی ئافرەتان بۆ داوای مافی یەکسان و هتد، ناڕەزایەتی مەدەنی هەر زیندووە و خەونی دەسەڵات بۆ سەرکوتی نەهاتووەتەدی.

له‌ ئێران هەموو جومگەکانی دەسەڵات لە یاسادانەرییەوە هەتا سەربازیی و میدیا و ئابوورییەوە لە پاوانی دەسەڵاتی ناوەندە و لەم پێوەندییەدا بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان چونکە هەم ستەمی ئایینی و هەمیش ستەمی نەتەوەیی لێ کراوە و دەکرێ و زلهێزەکانیش بەهۆی سوودی ئابوورییانەوە نەیانویستووە گوێ لە داوا ڕەواکانی نەتەوەی کورد بگرن، هەمیشە ئەم پارچەی کوردستان کە هەزینەیەکی زۆریشی بۆ ئازادی داوە و زیاترین ستەمی لێ کراوە بەڵام گەورەترین بەرخۆدانی مەدەنیانەشی تۆمار کردووە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ته‌نانه‌ت قەتڵوعامەکانی قاڕنێ و قەڵاتانی بەخۆوە دیتووە بەڵام هەرگیز وازی لە خەباتی ڕەوای خۆی نەهێناوە و درێژەدانی نافەرمانی مەدەنی و خۆپیشاندان و مانگرتن و ڕێکخستنی دامەزراوەگەلی سڤیل و ژینگەپارێزیی و پەروەردەیی، یەکێک لەو ڕەهەندانە بووە کە نیشتمانپەروەرانی کورد بۆ وەستان و بەرخۆدانی خۆیان بەرامبەر دەسەڵاتی داگیرکەر هەڵیان بژاردووە.

لەمبارەوە زۆر جێی خۆشحاڵییە کە کوردستان توانیویەتی ڕۆڵێکی پڕشنگداریی پێشڕەوانە لە ئێراندا ببینێ و ببێتە پێشەنگی نافەرمانیی مەدەنی لەو جوغرافیایەی کە دیموکراسی بەخۆوە نەدیتووە. وەکوو نموونەی هەنووکەیی دەتوانین ئاماژەیەک بکەین بە بەرخۆدانی نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، هەواڵنێران بۆ درێژەدان بە کاری پرۆفێشناڵ و خستنەڕووی ڕووداوەکانی ئەمڕۆی کوردستانی بندەستی ئێران، بەرخۆدانی ئافرەتانی کورد بۆ گەیشتن بە مافەزەوتکراوەکانیان لە دەسەڵاتێکی ویلایەتی فەقیهدا کە هەموو ئازادییەکی لێ قەدەغە کردوون، بەرخۆدانی چالاکانی مەدەنی بۆ وەڕێخستنی کەمپەینگەلی جۆراوجۆر کە پشتگیریی ژیانێکی شارستانیانە دەکەن وەکو «نا بۆ ئێعدام» و «گەڕانەوەی موعتادەکان بۆ ژیان» و «شکاندنی قەفەس» و «شکاندنی چەکی ڕاو» و هتد.

بێگومان ئەوەی کە ئەمڕۆ چالاکانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیکەن ئازایەتییەکە و پێویستە کەسانی خەمخۆر لە بواری بەڕاگەیاندنکردنی ئەو پرسانە و ڕێزگرتن لەو چالاکانە، ئاوڕێک لە دۆخەکە بدەنەوە.

ئەوەی لە نافەرمانی مەدەنیدا گرنگە ئەوەیە کە ڕێگەگەلی زۆر بۆ چالاکان دەکاتەوە کە بەرامبەر گەندەڵیی دەسەڵات بوەستنەوە و خۆیان بە یەک ڕەهەندەوە نابەستن و لە زۆر بواردا دەسەڵاتی ناوەند و هەروەها دەسەڵاتی لۆکاڵی گەندەڵ ناچار بە وەڵامدانەوە و بەخۆداچوونەوە دەکەن. چونکە چالاکانی ئەم بوارە دەرفەتی کەڵکی خراپوەرگرتن هەم بە ئەندامانی خۆیان و هەمیش بە دەسەڵات نادەن کە خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە و داوای ڕەوا بخرێتەوە چوارچێوەیەک کە دەسەڵاتی سەرکوتگەریی ئێران بیەوێ بۆ خەڵکی جیهان و میدیاکان و هەروەها ناوەندگەلی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ بە ناڕەوا و توندئاژۆیی بیانناسێنێ. بۆ نموونە چالاکیی هەلسووڕاوانی ژینگەپارێزیی لەبارەی خراپبوونی ڕێ و بانی ڕێگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەردەوام کارەساتی دڵتەزێنی لێ دەکەوێتەوە، چالاکییەکە سوودی بۆ خەڵک هەیە و دەسەڵاتیش بۆ ئاوەدانی نیشتمانەکەمان بەچالش دەکێشێ و ناوەندگەلی تەناهیش ناتوانن تۆمەتی ئەمنییەتی لەو چالاکانە بدەن. هەروەها ناوەندێک کە زمانی کوردی و موسیقا فێری لاوان دەکا با لایەنێکی ئەمنی دەسەڵاتیش بیسووتێنێ بەڵام چالاکییەکی مەدەنییە کە داگیرکەر ناتوانێ بیروڕای گشتیی و نێودەوڵەتی دژی ئەم چالاکانە بورووژێنێ و مافی ئینسانییان لێ زەوت بکا. هەروەها چالاکانی مەدەنیش بە درێژەدانیان دەسەڵاتی داگیرکەری کوردستان زیاتر و زیاتر ڕیسوا دەکەن.

بۆ کۆماری ئیسلامی داگیرکەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر ئاسانە هەر کەسێک گومانی کاری چەکداری لێ کرد ئێعدامی بکا و دەتوانێ بەشێکی بەرچاوی تێکنۆکراتەکانی خۆیشی لەگەڵ ئەم سەرکوتە هاوڕا بکا و پاساوگەلی جۆراوجۆریشی لە بەرامبەر ناوەندگەلی نێودەوڵەتی بۆ بهێنێتەوە بەڵام کاتێک داواکردنی مافێک لە ڕێگەگەلی ئاشتیخوازانەوە بێ و لە سەردەمی مۆدێرنیتە و بەجیهانیبوون و میدیادا خەڵکی جیهان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، نافەرمانییەکی مەدەنیانە دەبینن کە خەڵک داوای مافی ڕەوای خۆی دەکا هەر جۆرە سەرکوتێک لەلایەن داگیرکەرەوە، توندترین ئیدانەکردنیی ناوەندگەلی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لێ دەکەوێتەوە.

هەرکات خەڵک خۆیان هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بدەن، گۆڕانی بنەڕەتیش لە کۆمەڵگەی کوردستان ڕوو دەدا. بۆ سەرکەوتنی نافەرمانی مەدەنی، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە قورساییان لە خۆپیشاندان و مانگرتن، یەکگرتوویی و هەماهەنگییان لە داواکانیان، بەرخۆدان دژی هەرجۆرە گەندەڵییەک لەلایەن دامودەزگاکانی هەر جۆرە دەسەڵاتێکەوە، کەمکردنەوەی درزی نێوان گوفتمانی نوخبە و جەماوەر، زیاتر لە جاران پتەو بکەن. چونکە هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکیش لە دەسەڵاتدارێتیدا ڕوو بدا، ئەوە هەبوونی کۆمەڵگەیەکی مەدەنییە کە گەرەنتی ژیانێکی شارستانیانە دەکا و ڕێ لە دووبارەبوونەوەی سەرکوت و خوێنڕێژی دەگرێت. بۆیە ئەرکی چالاکانی ئەم بوارە هەرچەند زۆر پیرۆزە بەڵام ئەرکێکی قورسە کە پشوودرێژیشی دەوێت و مێژووی بەرخۆدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش سەلماندوویەتی کە نەتوانراوە پێشگیریی بەم ئەرکە پیرۆزەی نیشتمانپەروەرانمان بگیردرێ.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٩.