Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۹ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۶| 20/11/2017 |کاتژمێر:
جۆراوجۆر

لە حوجرەوە (عەلائەددین سەجادی)

07/09/2017 | 03:11:54
alaadinnnsejadi
عادل مەحموودی

مزگەوت و حوجرەی فەقێیان لە کوردستان کەمیان بلیمەت و کەسایەتیی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر پێ نەگەیاندوە، ئەویش لە کاتێکدا کە حوجرە و مزگەوتەکانی کوردستان، بە خێر و سەدەقە، یان بە ڕەنجی شان و ئارەقەی نێوچاوانی جووتیار و سەپان و وەرزێڕە ڕەنجکێشەکان درووست دەکران و، مامۆستایان و قوتابیەکانیشیان هەر بە پاڵپشتیی ئەوان دەژیان و فێری زانست دەبوون.

هەر لەبەر ئەوەشە کە زانایانی ئایینی زیاتر لە هەر چینێکی دی قەرزداری ئەم گەلە چەوساوەیەن و دەبێ پێش هەر شتێکیتر وەفاداری خۆیان بۆ ئەوگەلە بسەلمێنن، بەڵام مەخابن بە پێی ژمارەی دەرچووانی حوجرەکان، زۆرنین ئەو ڕۆڵە بە ئەمەگانەی ئاوڕێکی گەرموگوڕیان لە گەلەکەیان دابێتەوە و خزمەتیان کردبێ و عەلائەددین سەجادی یەک لەوانە.

عەلائەدین سەجادی ساڵی ١٢٨٦ی هەتاوی لە گەڕەکی قەتارچیانی شاری سنە

پێی نایە ژیانەوە. ئەو کوڕی نەجمەدین کوڕی عیسامەدینە و لە بنەماڵەی سەجادییەکانی گوندی کەلجی سەر بە هەورامانی تەختە.

سەجادی لە حوجرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی بە خوێندن کرد و دواتر وەک نەریتی فەقێیەتی ڕووی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کرد و بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ناوچەکانی ڕواندز و باڵەکایەتی لە باشووری کوردستان مایەوە. لەو سەردەمەدا شاری سلێمانی یەکێک بووە لە ناوەندە هەرە بەناوبانگەکانی زانست و ڕووناکبیری لە کوردستاندا، بۆیە عەلائەدینی سەجادی هەگبەی فەقێیەتی لە شان دەکا ڕوو دەکاتە شاری سلێمانی و، لە مزگەوتی حاجی مەلا ڕەسووڵی دێلێژە و مزگەوتی شێخ جەلال دەگیرسێتەوە لە ئاستێکی بەرزتردا و درێژە بە فێربوونی زانستە ئایینیەکان دەدا.

عەلائەدینی سەججادی وەک بۆ خۆی دەڵێ: «لەوەتەی لە بیرم دێ تامەزرۆی ئەدەب و ئەدەبیات بووم و، بەردەوام سەرقاڵی خوێندنەوەی ئەو بابەتانە بووم کە ئەدەبی، یان پێوەندیان بووە بە ئەدەبیاتەوە» لەو سەردەمەدا بازاڕ بازاڕی ئەدەبیاتی فارسی و عەڕەبی و ڕۆژئاوایی بووە و، سەجادیش دووکاندارێکی ئەو بازاڕە بووە، هەتا ئەو ڕۆژەی کە لە پڕێکدا لە خۆی دەپرسێ ئەی ئەدی من کێم؟ فارس؟ عەرەب؟ یان ئینگلیز؟ هەر بۆ خۆیشی وڵام دەداتەوە کە من کوردم و ئێستا کە کوردم دەبێ بەکوردیش بدوێم و بنوسم و بخوێنمەوە. ئەمجارەیان عەلائەدینی سەجادی خۆی لە بەرانبەر خەرمانێک لە کەموکوڕی دەبینێتەوە و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ لە ئاستی ئەدەبیاتی دەوڵەمەندی نەنووسراوی گەلێکدا و، دەگاتە ئەو باوەڕەی کە دەبێ لە جێیەکەوە دەس پێ بکا و قۆڵی لێ هەڵمالێ و، هەروایشی کرد.

گەڕەکەکانی سابوونکەران و گاوران و قەزازەکان، هەتا بەردەرکی سەرا زۆر بەگەرمی بیرەوەریی پیاسەی گۆران و سەجادی و بێکەس بەنێو ئەدەبیاتی کوردیدا دەگێڕنەوە.

عەلائەدینی سەجادی ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی، بڕوانامەی مەلایەتی لە خزمەت مامۆستا شێخ بابەعەلی تەکیەیی وەردەگرێ و دەچێتە شاری بەغدا و دەبێتە پێشنوێژی مزگەوتی نەعیمەخاتوون. ئەو لەوێ پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەرفراوان دەکا و هەر لەو کاتەدا لەگەڵ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد ئاشنا دەبێ کە سەرقاڵی وەرگرتنی مۆڵەتی گۆڤاری گەڵاوێژ بوو. ئەوان پێکەوە شان وەبەر ئەو ئەرکە دەدەن و یەکەم ژمارەی گەلاوێژ لە ڕۆژی ١٠ی سەرماوەزی ساڵی ١٣١٩دا دەردەکەن. «گەلاوێژ» بە بەڕێوەبەرایەتیی ئیبراهیم ئەحمەد و بە سەرنووسەریی مامۆستا عەلادینی سەجادی لەشاری بەغدا دەر دەچوو و گۆڤارێکی مانگانە بوو کە سەرەڕای هەموو کێشە و بەربەستەکانی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بڵاو بۆوە و ١٠٥ ژمارەی لێ بڵاو کرایەوە.

گۆڤاری گەلاوێژ ببوو بە دەنگی کپکراوی نووسەرانی گەلی کورد لە باشوور و تەنانەت بەشەکانی دیکەی کوردستانیش. سەجادی هێندە بە گەرموگوڕی و دڵسۆزییەوە گەلاوێژی دەرەکرد کە نووسەر و ئەدیبانێکی وەک پیرەمێرد، فایەق بێکەس، ئەمین زەکی بەگ، عەبدوڵڵا گۆران، بێخود، زیوەر و تۆفێق وەهبی  بە تامەزرۆییەوە بابەت و نووسراوەکانی خۆیان بۆ دەنارد. دەسەڵات کە چیدی چاویان بە پرشنگی گەلاوێژ هەڵنەدەهات، گۆڤارەکەیان ڕاگرت. سەجادی ساڵێک پێش داخستنی گۆڤاری گەلاوێژ، مۆڵەتی گۆڤاری (نزار)یشی وەرگرتبوو و، هاوکات ئەو گۆڤارەشی دەردەکرد کە گۆڤارێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەدەبی بوو و مانگێ دوو جار دەردەچوو. بەڵام

لەگەڵ داخستنی گۆڤاری گەلاوێژ لە ساڵی ١٣٢٨ی هەتاویدا، گۆڤاری «نزار»یش داخرا.

سەجادی کە تەمەنێک بوو سەرقاڵی خوێندنەوە و نووسین و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیاتی کوردی بوو، و بەتایبەتی لە ماوەی ئەو دە ساڵەی سەرنووسەری ئەو دوو گۆڤارە بوو زەریایەک لە زانستی کۆ کردبۆوە؛ لە دوای داخرانی ئەو دوو گۆڤارە دەستی کرد بە نووسینی ئەو کۆپەڕانەی کە ئاواتی نووسینیانی هەبوو.

لە ساڵی ١٣٣١ی هەتاویدا سەجادی یەکەم پەرتووکی خۆی کە (مێژووی ئەدەبی کوردی) بوو، چاپ کرد. ئەو پەرتووکەی سەجادی، بە یەکێک لە شاکارەکانی دادەنرێ و لە پەڕاوگەی کوردیدا تا ئێستاش بێ وێنە بووە. سەجادی لە تەمەنی پڕ بەرهەمیدا زیاتر لە بیست کۆپەڕی زۆر بەنرخی لە بوارە جیاجیاکاندا نووسیون و بڵاوی کردوونەتەوە. وەک: ڕشته‌ی مرواری، شۆڕشه‌کانی کورد و ده‌ستوور و فه‌رهه‌نگی زمانی کوردی.

مامۆستا عەلائەدینی سەجادی ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی بە بڕوانامەی حوجرەیەکی کوردستانەوە بووە مامۆستای زانکۆی بەغدا و لە کۆلیژی زمان و ئەدەبی کوردیدا بۆ ماوەی پازدە ساڵ وانەی گوتەوە و ماندوو نەناسانە، خزمەتی بە زمان و ئەدەبیاتی گەلەکەی کرد؛ بە جۆرێک کە قوتابیە عەڕەبەکانی ئەو زانکۆیە ئیرەییان بە قوتابیە کوردەکان بردوە، بە بوونی وەها مامۆستایەکی زانا و بلیمەت لە زمانەکەیان دا.

مامۆستا عەلائەدین سەجادی ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی بە ڕەسمی بووەتە ئەندامی کارای کۆڕی زانیاریی کورد لە بەغدا و لە ساڵی١٣٥٣ وەک وەزیری ئەوقافی ناوچەی ئۆتۆنۆمیی کوردستان دەستنیشان کراوە و بۆ ماوەی سێ ساڵ لەو پۆستەدا بە بێ جیاوازیی ئایینی خزمەتی گەلی کوردی کردوە و تا ئێستاش ئەو یەکسانیخوازییەی سەجادی لە پێوەندی لەگەڵ ئایینەکان جێگای ڕامان و دەست خۆشییە.

عەلائەدین سەجادی دوای سێ ساڵ مانەوەی لەو پۆستەدا، لە خزمەتی دەوڵەتی خانەنشین کرا و هەتا کۆتایی تەمەنی، درێژەی بە نووسینە بە نرخەکانی دا.

مامۆستا عەلائەدینی سەجادی لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی بوو بە ڕێبواری ڕێگای شاری خامۆشان و پێنووسەکەی بۆ درێژەدەرانی ڕێگای سەجادی بەجێهێشت و لە ئاپۆڕایەکی دەیان هەزار کەسیدا بەرەو گۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا بەڕێ کرا.

ڕاستە کە مامۆستا سەجادی بە جەستە بەجێی هێشتووین، بەڵام هەتا پەڕاوگەیەکی کوردی مابێ ناوی عەلائەدین سەجادیش دەدرەوشێتەوە.

ڕۆ‌حی شاد و ڕێگای پڕڕێبواربێت.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٩.