عاسمە جەهانگیر ڕاپۆرتنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەمبەر دۆخی زیندانییانی مانگرتوو لە زیندانی ڕەجاییشاری کەرەج نیگەرانیی خۆی دەربڕێ.
عاسمە جەهانگیر، ڕاپۆرتنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، لە بەیانییەکەدا لە هەمبەر بارودۆخی ئەو زیندانیانەی کە بۆ بەشی زۆر ئەمنیەتیی زیندانی ڕەجاییشاری کەرەج ڕاگواستراون و هەروەها شێوەی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو زیندانیانە نیگەرانیی خۆی دەربڕی.
ڕاپۆرتنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوە کردووە: “ڕاپۆرتەکان لەبارەی بارودۆخی خراپی زیندانیانی مانگرتوو و هەروەها بەردەوامیی ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی خراپ لەگەڵ ئەو زیندانیانە بە توندی منی نیگەران کردووە”.
هەروەها عاسمە جەهانگیر باسی لەوەش کردووە: ”بێبەشکردنی زیندانیان لە پێوەندی لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانیان و دەستپێڕاگەیشتن بە پزیشک پێویستە و پێچەوانەی ئەمەلادان لە قانوونە نێودەوڵەتییەکانە”.
ناوبراو لە درێژەدا داوا لە دەوڵەتی ئێران دەکا، لە ڕێگای گفتوگۆ و نیازپاکی لەبارەی سکاڵاکان و پێشێلکردنی مافی زیندانییان ڕێگاچارەیەک بۆ دۆخی زۆر نالەباری ئەو زیندانییانە بدۆزێتەوە و ڕێز بۆ کەرامەتی ئەو زیندانییانە دابنێ”.
لەو بەیانییەی ، ڕاپۆرتنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، لە لایەن “دێنیس پوراس” و “ئەحمەد شەهید” پشتیوانی لێکراوە.
لەو پێوەندییەدا، ماوەیەک پێش ئێستا جێگری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقای نێونەتەوەیی، دۆخی زیندانییانی ڕەجاییشاری کەرەجی بە “نموونەی هەڵسوکەوتی بێڕەحمانە و نامرۆڤانه” لە قەڵەم دا.
هەروەها ماگدلنا مەغربی باسی لەوە کردووە: “دۆخی تۆقێنەری زیندانییانی ڕەجاییشاری کەرەج “نموونەی هەڵسوکەوتی بڕەحمانە و نامرۆڤانەیە، کە بەرپرسانی ئێران بەردەوام کەڵکی لێوەر دەگرن”.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، محەممەد مەردانی، سەرۆکی زیندانیی ڕەجاییشاری کەرەج به بڕیاری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی زیندانەکان ٥٣ زیندانیی سالۆنی ١٢ بەندی ٤یان بۆ سالۆنی ١٠ ڕاگواستووە.
لە کاتی ڕاگواستنی ئەو زیندانییانە ئیزنیان نەداوە، کە کەرەستەی کەسۆکی و هەروەها دەوا و دەرمانەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەن.
شیاوی باسە ڕۆژی ڕابردوو کوردانی نیشتەجێی لە شاری کۆڵنی ئاڵمان بە ڕێکخستنێکی ئاکسیۆنێک سەبارەت بە بارودوخی زیندانیانی سیاسی ناڕەزایەتییان دەربڕی و لەو گردبوونەوەیەدا کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوەندەکانی داکۆکیکاریی مافی مرۆڤ خوازیاریی ئەوەبوون کە زیاتر سەرەنجی دۆخی زیندانیان و بەندکراونی سیاسی بدرێ و لەوە زیاتر ڕێگە ندەن مافی زیندانیانی سیاسیی کورد پێشێل بکرێ.