کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، سەرکۆماری کە ئامریکا لەگەڵ پاشای سعوودیە لەبارەی مەترسیییەکانی ئێران و ناکۆکیی چوار وڵاتی عەرەبی لەبارەی قەتەر پێکەوە گفتوگۆی تەلەفۆنیان هەبووە و یەک هەڵوێست بوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە، مەلەک سەلمان بن عەبدولعەزیز لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترامپ هاوخەمی وهاودەردیی لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی تۆفانەکەی ئامریکا کرد.
لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا رێبەرانی ئامریکا و سعوودیە لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران بۆ ناوچە هاوڕا و یەک هەڵوێست بوون.
بەرپرسانی نیزامیی ئامریکا لەسەر ئەو باوەڕن کە ئێران گەورەترین هەڕەشەی درێژخایەنە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە هاوکات وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکەش تاران بە (پاڵپشتی تیرۆریزم و هەڕەشەی ئاسایشی ناوچەکە) تۆمەتبار دەکەن، ئەمە لە حاڵێکدایە ئێران ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.