سەرۆك وەزیرانی توركیە رایگەیاند کە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان پشێویی لێناکەوێتەوە.
سەرۆك وەزیرانی توركیە رایگەیاند، كە ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان نابێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەكەدا و هەروەها رۆژنامەی حوریەت دەیلی نیوزیش وەڵامی هەڕەشەكانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپەی داوەتەوە و نووسیویەتی كە توركیە ناتوانێ رێگری لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بكا.
لە لێدوانێكیدا، بینالی یلدرم سەرۆك وەزیرانی توركیە لەبارەی پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان رایگەیاندوە كە نابێتە هۆی نانەوەی پشێوی و ئاڵۆزی و بەو هۆیەوە هیچ شەڕێکیش روونادا.
هەروەها لەلایەكی دیكەوە رۆژنامەی “حورییەت دەیلی نیوز”، “یوسف كانلی” بڵاوكردووەتەوە کە توركیە ناتوانێ رێگری لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان بكا.
رۆژنامەكە ئەو وتارەی وەك وەڵامدانەوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە بڵاو كردووەتەوە كە ئەوە كاری توركیە نیە دەست بخاتە نێو پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و هیچ کات ناتوانێ شەڕ لە دژی كوردەكانی ئەو بەشەی کوردستان هەڵگیرسێنێ.
نووسەری وتارەکە نووسیویەتی كە توركیە وەك سەرۆكی وڵاتان پێشوازی لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەكەن و ئەمە جۆرێكە لە دانپێدانانی مافەكانی كوردانی باشووری کوردستانە .