ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی هەڵاتنی هەزاران کەس لە شاری تەلەعفەری سەر بە پارێزگای مووسڵ هۆشداریی دا و دەڵێ هەتا ئێستا ٣٠ هەزار کەس هەڵاتوون.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ڕەسمییە جیهانییەکان، لیز گراندی، بەڕێوەبەری هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆڤدۆستانەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، ئاماژەی بە هەڵاتنی هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی لە شاری تەلەعفەر کردووە و لەبارەی بارودۆخی ژیانی خەڵک لەو شارە هۆشداریی داوە.
هاوکات داوای لە لایەنەکانی شەڕ کردووە، گیان و ماڵی هاووڵاتیانی مەدەنی بپارێزن، چونکە دۆخی تەلەعفەر زۆر خراپە و ئاو، خۆراک و پێداویستیەکانی ژیان زۆر کەم بوون.
حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی ڕابردوو دەسپێکی عەمەلیاتی ئازادکردنی تەلەعفەری ڕاگەیاند.
پاش شکستی داعش لە مووسڵ و ئازادکردنی ئەو شارە لەلایەن سپای عێراق، هەروەها شکستی داعش لە دەستی نەینەوا لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، داعش تەلەعفەری وەک دوایین پێگەی خۆی لە عێراق ناساندووە.
بەقسەی عیدان کالۆ، بەڕێوەبەری دەفتەری ئازادکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکان لەدەستی داعش لە دهۆک، لەکۆی ئەو هەموو هاووڵاتییە کوردە ئێزدییەکانەی کە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون، زیاتر لە ٣٥٠ کەسیان لە تەلەعفەر و لەژێر دەستی داعشن.