سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستپێکردنی عەمەلیاتی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی تەلەعفەری راگەیاند.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، حەیدەر عیبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، کە عەمەلیاتی رزگارکردنەوەی تەلەعفەر دەست پـێ کردووە و چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش تەنیا دوو رێگایان لە پێشە کوژران یان خۆ رادەستکردن“.
حەیدەر عیبادی هەروەها رایگەیاندووە، سپای عێراق، دەزگای دژەتیرۆر، پۆلیسی فیدڕالی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە پشتیوانیی فڕۆکە شەڕکەرەکان دەستی پێکرد.
بەپێی زانیارییەکان، 40 هەزار سەرباز و چەکداری میلیشیاکان بەشداریی ئەو عەمەلیاتە دەکەن و ژمارەی چەکدارانی داعشیش لە شارۆچکەکە بە دوو هەزار چەکدار دەخەمڵێندرێ.
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ دوای نۆ مانگ، تەنیا ناوەندی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە و شارۆچکەی تەلەعفەر و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ماونەتەوە.
لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای شکستی سپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی کەرکووک، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.