بە پێی هەواڵێک کە بەدەستمان گەیشتوە، خاتوو تووبا بڵکامە خەڵکی سەرچناری چۆمی مەجیدخان، دوای ژیانێکی سەرفەرازانە ، رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
خاتوو تووبا بڵکامە کە لە ئازایەتیی وکوردپەروەری ناوێكی ئاشنایە لە ناوچەی چۆمی مەجید خان، هەمووکات بە هەموو تواناوە پاڵپشت وداژداری نیشتمانپەروەران و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات بووەو لە لای خەڵکی سەرچنار بە نموونەی بوێری و ئازایەتیی ناسراوە.
ئەو ژنە خەمخۆر و چاونەترسە، لە سەروبەندی شەڕی نەخوازراوی کوردستان و سەردەمی خەباتی چەکداری وەکوو دایکێکی بەجەرگ وهەڵسووڕ خزمەتی بە شۆڕشگێران و تێکۆشەرانی دێموکرات کردووە.
خاتوو تووبا بەتایبەتی لە دەیەیەکانی ٦٠و٧٠ی هەتاوی لە چۆمی مەجیدخان پشتیوانی لە خەباتکاران و تێکۆشەرانی کوردی دەکردو، زۆرجار بە جەسووری وهەڵوێستی خۆی بەگژی سپای داگیرکەر چووتەوەو، لە ئەوەپەڕی نیشتمانپەروەریدا بەرگریی لە خەڵکی ستەملێکراوی ناوچەکە کردووە.
ناوبرا تا دوا هەناسەی ژیان هەروا بە ڕووسووری و سەربڵێندی ژیانی بەسەر بردو ناوێکی ئاشناو هەتایی لەخۆی بەجێهێشت.
شایانی باسە ئەو خاتوونە بوێرە، دایکی وەسیم سدێقزادە یەکێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی دێموکراتە.
بەم بۆنەوە ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی بەرێزی بڵکامەو بەتایبەتی هاوڕێ وەسیم سدێقزادەو سەرجەم خەڵکی سەرچنار دەکا، تەمەن درێژییان بۆ بە ئاوات دەخوازێ و، خۆی لە خەم و پەژارەیان بە شەریک و بەشدار دەزانێ.