٣ به‌ندكراوی كورد كه به تۆمه‌تی سیاسی ده‌سبه‌سه‌ركرابوون له گرتنگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعات له شاری ورمێ بۆ گرتنگه‌ی شاری شنۆ گواسترانه‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی دێموكراسی و مافی مرۆڤی كوردستان، له دووهه‌مین حه‌وتووی مانگی گه‌لاوێژ، ٣ به‌ندكراوی كورد به ناوه‌كانی یوسف سه‌یده‌پوور، ئه‌نوه‌ر عه‌بدوڵاهی و ئومید سه‌یده‌پوور پاش ٤٠ ڕۆژ لێكۆڵینه‌وه و فشارهێنان له ئیداره‌ی ئیتلاعات له شاری ورمێ بۆ گرتنگه‌ی شاری شنۆ گواسترانه‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك به بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و به‌ندكراوانه ڕایگه‌یاند كه ده‌زگای قه‌زایی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌گه‌ڵ دانانی بارمته به مه‌به‌ستی ئازادكرانی كاتیی ئه‌و به‌ندكراوانه ڕه‌زامه‌ندیی ده‌رنه‌بڕیوه و چێیان ڕاگه‌یاندوون كه هێشتا لێكۆڵینه‌وه‌یان ماوه. كه‌سێكی دیكه به ناوی فه‌رعان سه‌یده‌پوور كه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه ده‌سبه‌سه‌ركرابوو پاش لێكۆڵینه‌وه ئازاد كراوه.
ئیداره‌ی ئیتلاعات له شاری ورمێ به تۆمه‌تی پروپاگه‌نده دژی كۆماری ئیسلامی و پێوه‌ندی هه‌بوون به یه‌كێك له حیزبه به‌رهه‌ڵسكاره‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌سبه‌سه‌ر كردبوو و ده‌زگای قه‌زاییش به‌پێی لێكۆَلینهوهی ئیتلاعات حوكمیان بۆ ده‌بڕێته‌وه به‌ڵام تا ئێستا له‌م پێوه‌ندییه‌دا هیچیان پێڕانه‌گه‌یاندوون.
پێویست به وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه كه ڕۆژی ٣١ جۆزه‌ردان ئه‌و ٤ كه‌س له گوندی بێژه‌ن ئاباد و گه‌ڕه‌كی تاج ئه‌لدین ئابادی شاری شنۆ كه له ساردخانه‌ی ئه‌و شاره كاریان ده‌كرد، ده‌سبه‌سه‌ركران و بۆ گرتنگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعات له ورمێ گواسترابوونه‌وه.
شایانی باسه كه ئه‌و كه‌سانه‌ی به تۆمه‌تی سیاسی ده‌سبه‌سه‌ر ده‌كرێن له‌گه‌ڵ دیارده‌یه ڕووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه به‌ناوی لێكۆڵه‌ر و تیمی لێكۆله‌ری ئه‌منیه‌تی. ئه‌وان به پێچه‌وانه‌ی قانوون ده‌ست له په‌روه‌نده‌ی بهندكراوای سیباسی و مه‌ده‌نی وه‌رده‌ده‌ن كه له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی ئهمنهیتیی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه دیاری كراون و ئه‌گه‌ر گومانلێكراوێك دادگایی بكرێ قسه‌كانی بۆ په‌روه‌نده‌كه‌ی هیچ پێوه‌رێك نین به‌ڵكوو ئه‌و قسانه‌ی له لایه‌ن لێكۆلهرانهوه له ژێر فشار و ئه‌شكه‌نجه‌دا گوتوویه‌تی به‌و پێیه حوكمی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێ.