Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۱ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 12/12/2017 |کاتژمێر:
بیروڕای_ئازاد

بیری چەپ و دۆزی سەربەخۆیی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان (1)

09/08/2017 | 15:49:41
kamaranaminawa
د. کامران ئەمین ئاوە

«کورد بە ھەمو ھێزی خۆی ئەچریکێنێ ئەڵێ کوردستان ماڵی خۆمە، بە کەسی نادەم؛ و وڵاتی خۆم بۆکەس بەجێ ناھێڵم، لە کوردستان بووم لە کوردستان ژیاوم و ئەژیم، ئەبی ھەر لە کوردستان و لە ڕێگای کوردستان‌دا بمرم»

گۆڤاری نیشتمان ژمارەی یەک، پوشپەری ١٣٢٢

 

ھاتنی بیری چەپ بۆ ئیران لە سەدەی ١٩ی زایینی و بە تایبەتی ڕوودانی شۆڕشی ئۆکتۆبر لە ساڵی ١٩١٧ لە ڕووسیەدا ھاوکات بوو لەگەڵ گەشەسەندنی بیری ئازادیخوازی و دادپەروەری سۆسیالیستی و سەرھەڵدانی ڕێکخراوەی چەپ و تێڕوانینێکی‌ دیکە بۆ چارەسەرکردنی زوڵم‌ و زۆری چێنایەتی، ودەستھێنانی سەربەخۆیی ‌و وەدەرنانی ئەمپیریالیسمی ئینگلیس لە ئێران. ئەم ڕەوتە ‌کاریگەریی لەسەر کوردیش ھەبوو.

لە کاتی دەستەڵاتدارەتیی ڕەزاشا‌دا کورد قەڵاچو کرا، «سەرکوتکردنی شۆڕشی سەردار ڕەشید، سەرۆکی کەڵھۆرەکان لە ساڵی ١٩٢٣؛ شۆڕشی جەعفەر سولتان، سەرۆکی عەشیرەتەکانی ھەورامان؛ کوشتنی سمایل ئاغای سمکۆ لە ١٨ی ژوئیەی١٩٣٠؛ سەرکوت و دوورخستنەوەی جەلالی‌یەکان بۆ ئیسفەھان و قەزوین لە ساڵی ١٩٣٦ و کوژرانی پتر لە سەتا ٤٠ی ئەوان لە کاتی ناردنیان بۆ ئەو دوو شارە؛ تیرباران و کوشتاری پتر لە ١٠ ھەزار کورد بە دەستوری ژێنڕاڵ ئەحمەدی؛ هەروەها لە بەندیخانە خستنی زۆرتر لە ٤ ھەزار کوردی ڕۆژھەڵات لە دەیەی ١٩٣٠ بە ھۆی ڕاپەڕین دژی حکوومەتی پاشایەتیی ڕەزاشا؛  هاوکاری لەگەڵ سپای تورکیە و عێراق بۆ سەرکوتی کوردەکان و گۆڕانی ناوی بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێناسەکردنی وەکو ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ساڵی ١٣٠٧ی هەتاوی بەشێک لە سیاسەتەکانی حکوومەتی تاران بۆ سەرکوت و تواندنەوەی کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، تێکدانی سنوورەکانی جوغرافیایی و داگیرساندنی ئاگری دووبەرەکی لە نێوان کورد و ئازەری بوو. یەکێک لە شێوەکانی دیکەی حکومەتی ڕەزاخان بۆ سەرکوت و تواندنەوەی خەڵکی کورد سیاسەتی هەڵوەشاندنەوەی کۆچەرایەتی و بە زۆر نیشتەجێ‌کردنی عەشایر و هۆزە نیوە‌کۆچەر و کۆچەرەکان لە وڵات بوو[…] ئەم تەگبیرە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە کۆجێی ئابووری_ سیاسی _ نیزامی وڵات گێڕا. کۆجێی دژە‌میللی و دژە دیموکراتیکی ڕژێمی پەهلەوی کە یەکێک لە هێمانەکانی بەزۆر نیشتەجێکردن(تەختە قاپی یان ئارانشینی) بوو،  بە پێی ئەو خسارە قەربوونەکراوانەی کە بۆ جەماوەری زەحمەتکێشی کوردی هەبوو و بوو بە هۆی کوشتن و دوورکردنەوە و لەنێوبردنی پەیتا پەیتای هەزاران کەس لە عەشایر و هۆزەکانی کوردستان و سەدان هەزار سەر ئاژەڵ و چوارپێ و وێرانکردنی ناوچەیەکی بەرین لەم وڵاتە، رۆڵێکی وێرانکەری لە مێژووی ئەم ناوچەیەدا گێڕا.

ئەم چەشنە سیاسەتە لەلایەکەوە هۆی شۆڕشی بەردەوامی کوردەکان بۆ ڕزگاریی نەتەوایەتی و هەوڵ بۆ یەکگرتنەوەی کوردستانی دابەشکراو بوو و لە لایەکی دیکەوە هۆی ڕووهێنانیان بە وڵاتە دەرەکییەکان وەکو ڕووسیە و ئینگلیس بوو کە کاریگەرییەکی بەرچاویان لە سەر تەواوی ئاڵوگۆڕەکانی نێودەوڵەتیی ئێران بوو و  هیچ شا و وزیرێک بێ پشتیوانیی ئەوان کە خاوەنی مڵک و ماڵ و دەوڵەتی ئێران بوون، بە دەستەڵات نەدەگەیشتن. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبر ی ١٩١٧ی زایینی، زۆربەی ڕێبەرانی کورد ئەم جار زۆرتر بەو هیوایە بوون تا بەڵکوو دەوڵەتی تازە پێگەیشتووی سۆڤییەت پشتیوانیی ئەوان لە خەباتی ڕزگاریخوازانەیان بێ.

لەوەدەچێ پێش شۆڕشی ئۆکتۆبر بە پێی ئەوەی کە لە سەرەتای دەیەی هەوەڵی سەدەی نۆزدەی زایینی پێوەندییەکی بەردەوامی بازرگانی لە نێوان شارەکانی سابڵاخ، سنە‌ و کرمانشان لەگەڵ ڕووسیە بووە، کوردەکانی ڕۆژهەڵاتیش وەکوو خەڵکی باکووری ئێران و باکووری ئازەربایجان بە چەشنێک ئاگاداری گۆڕانکارییەکانی ئەم وڵاتە و بیری بلشویزم بووبێن.

بلیایف لە کتێبی «وەزعی سیاسیی ئێستای سابڵاخ» دا کە لە ساڵی ١٩٠٩ چاپ و بڵاوبۆتەوە دەنووسێ: سابلاخ یەکێک لە ولایەتە پڕبایەخەکانی کۆبوونەوە و بەشینەوەی هاوردەکانە‌ و لە نێوانی ئەم ناوچەیە و ڕووسیە لە مێژە پێوەندیی ئابووری پێکهاتووە. بەشێک لە بازرگانەکانی ئەم شارە هەر ساڵ بۆ پێشانگاکانی نیژنی‌نووگۆرد دەرۆن و بەشێکشیان تەنانەت لە مۆسکۆ نوێنەری دایمییان هەیە.» […]»تەنیا لە ساڵی ١٩١٢ چەند بازرگانی ڕووسی بەرامبەر بە ٢٠٠ هەزار ڕۆبڵ پێستی بەرخ‌یان لە ولایەتی سنە و هەمەدان کڕیوە و بۆ پێشانگای نیژنی‌‌نووگۆردیان هەناردە کردوە.»

«لە شەڕی یەکەمی جیھانیشدا کە ھەریمی موکریان و بە تایبەتی شاری سابڵاخ ببووە گۆڕەپانی شەڕی نێوان دەوڵەتەکانی ڕووسیە و عوسمانیلەوە[لەوەدەچێ] ژمارە کوردێکی سابڵاخی لە ژێر کارتێکردنی ئەفسەرە ڕووسەکانی لایەنگری حیزبی سوسیال دیموکراتی ڕووسیە، خویان بە بلشویک زانیوە و لە شار و گوندەکاندا بۆ ئامانجی خۆیان ھەڵسوراون». سەرۆکی ئەم کەسانە حەمە ھەتیو لەگەڵ ھاوڕێیانی لە شەڕێکی قورس و نابەرامبەر لەگەڵ چەکدارەکانی حکوومەتی ئێراندا کوژرا[وە].

بە‌ پێی بیرەوەرییەکانی تێکۆشەری کورد ئەحمەد تەقی کە پێوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ سمایل ئاغای سمکۆ و شێخ مەحموود ھەبوو، سمایل ئاغا بە پێی داوای خالد بەگ جبرنلی بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ ڕووسەکان ئەحمەد تقی بە نوێنەرایەتیی خۆی بۆ کۆنسولخانەی ڕووسیە[سۆڤییەت] لە ورمێ ناردوە تا داوا لە دەوڵەتی سۆڤییەتی بۆ پشتیوانی لە کوردەکانی تورکیە، ئێران و ئێراق بکا، بەڵام بۆ ئەو پێشنیارە وەڵامێکی ئەرێنی وەرناگرێ.

لە کتێبی «بزووتنەوەی میللی کورد»دا  کریس کوچرا ئاماژەی بە ھەوڵی سمایل ئاغای سمکۆ بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ یەکیەتیی سۆڤییەت کردوە: «بە پێی دەنگوباسان، سمکۆ لە کاتێکی زۆر ناڵەباردا کە سۆڤییەت و ئێران پەیماننامەی دۆستییان بەستبوو و یەکیەتیی سۆڤییەت چیدی درێژەی بە یارمەتیدانی «حکوومەتی شۆڕشگێری گیلان (١٩٢٠-١٩٢١) نەدەدا، ھەوڵی ‌دا تا سەرنجی سۆڤییەتییەکان بۆ دانی یارمەتی و ئاوڕدانەوە لە کورد ڕاکێشێ، سمکۆ، لە ساڵی ١٩٢٢ بەۆ ئەم مەبەستە نوێنەرێکی بۆ باکۆ نارد، بەڵام «ڕووخانی» کۆماری سۆڤییەتی ئێران»[مەبەست حکوومەتی گیلانە] وەکو ڕاگەیاندنی کۆتاییھێنان بە کاری سمکۆ پێناسە دەکرێ. لەوەبەدوا شای دادێی ئێران تەواوی ‌ھێزی خۆی تەرخانی ئەرکێک کرد کە وەئەستۆی گرتبوو: راکێشانی خێڵەکان بۆ ژێر حوکمی دەوڵەتی ناوەندی، چەککردن و تێکشکاندنی ھێزی سەرۆکە نەریتخوازەکان.»  بە واتایەکی دیکە چڕکردنی دەسەڵات لە ناوەند، واتە ناوەندکۆیی [تمرکز] ئێران. «لە ڕاستیدا «ناوەندکۆی‌یەک کە پێک‌ ھات بریتی‌ بوو لە تاڵانکردنی سامناکی وەرزێران و عەشیرەتەکان، سەرکوتی خوێناویی ئەوان، دەوڵەمەند‌بوونی «فەرماندەرانی سپا» وەکوو «ئاقا خان» ناسراو بە قەساب و «جان محەممەد خان» جەلادی خێڵەکانی تورکەمن و ھتد[…]  ھەروەھا ژنرال ئەحمەدی بکوژی کورد و لۆڕەکان]. ناوەندکۆییەک کە بەشێوەیەکی دڕندانە و زۆر ناحەز لە ڵایەن ڕەزاشا و قەزاقەکانی بەکار گیرا و لە ڕێگای بەکارھێنانی شێوە ڕزیوکانی فئودالی(خەڵەتاندنی عەشیرەتەکان و قورئان مۆرکردن و ئەمان‌دان و پاشان کوشتاری بە کۆمەلی ئەوان و تاڵانکردنی ماڵی وەرزێران و ڕەشماڵێ خێڵەکان و شێوە نزمەکانی دیکە) بەرێوە چوو.

لەم ڕەوتەدا ئینگلیس بۆ کۆتاییھێنان بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە ژێر ڕێبەرایەتیی سمایل ئاغای سمکۆ و پشتیوانی و بە‌ھێزکردنی ڕەزاخان نەخشێکی سەرەکی دەگێڕێ. بە وتەی ئێحسان تەبەری «ڕۆڵی ئینگلیس بۆ بە ھێزکردنی ڕەزاخان و چڕکردنی دەسەڵاتی ڕەزاخان لە ناوەند و دژی سمایل ئاغای سمکۆ و شێخ خەزعەل دوو سەرۆک عەشیرەتی بەھێز بوو کە مەترسییەکی جیددی بۆ ڕەزاخان بوون. بۆ لەنێوبردنی ھەر دووکیان دەستێوەردان و یارمەتیی کاڕگێرانی ئینگلیس کاری ڕەزاخانی زۆر ئاسان کرد».  «ڕەزاخانی سەردارسپە و پاشان ڕەزاشا تا سەرەتای ساڵەکانی ٣٠ سەرقاڵی سەرکوتی عەشیرەتەکانی عەڕەب، کورد، لۆر و مەمەسنی و بەختیاری و بەلوچ و ھتد […] بوو و لە ڕاستیدا ھەر لە سەرەتاوە ھەتا کۆتایی پاشا‌یەتیی خەریکی سەرکوتی بزووتنەوەی خەڵک (ڕاپەرینەکان، مان‌گرتن و خۆپێشاندان و خۆڕاگری تاکەکەسی) بوو و لەم ڕەوتەدا لە بەکارھێنانی ھیچ چەشنە توندوتیژییەک درێخی نەکرد.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٧.