Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۱ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 12/12/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

قاسملوو، ناسیونالیزم و ئەندێشەی چەپ(1)

07/08/2017 | 18:16:39
smailbaziarrrrrr
سمایل بازیار

قاسملوو لە چەپێکی کوردەوە بۆ کوردێکی چەپ

٧٠ سال پێش ئێستا لە فرۆکەخانەی مێهراباد لە تاران عەبدولڕەحمانی قاسملوو کە ئەو کات تازەلاوێکی ١٨ ساڵە بوو، سواری فڕۆکە دەبێ و بەرەو پاریس وەڕێ دەکەوێ. ئەمە سەرەتای سەفەرێکە کە ٤١ ساڵی خایاند. ئەو سەفەرە سیاسییە لە ١٣ی ژوئییەی ساڵی ١٩٨٩ بە گیان لەدەستدانی لە ڤیەن لە پایتەختی ئوتریش کۆتایی پێهات.

ئەو کات کە ئەو سواری فڕۆکە بوو و بەرەو پاریس کەوتەڕێ، بۆ یەکەم جار بوو سەفەری دەرەوەی وڵاتی دەکرد و بۆ یەکەم جاریش بوو پاریسی دەبینی و هەرگیز نە بەفکری ئەودا دەهات و نە بە فکری کەسی دیکەدا کە ٤١ ساڵی دی لەو شارە ئەو بە خاک دەسپێردرێ و ئەوێ دەبێتە مەزارگەی ئەو.

ئەو ٤١ ساڵە سەفەرێکی دوور و درێژە و چەند ڕەهەندێکی گرینگ لە ژیانی سیاسی و خەباتکارانەی دوکتور قاسملوو دەگرێتە خۆ کە ئەمن لێرەدا تەنیا باس لە ڕەهەندێکی ژیانی سیاسی_فیکری دوکتور قاسملوو دەکەم.

ئەگەر بمانەوێ سیمای سیاسیی دوکتور قاسملوو وێنا بکەین، دوو هێلی سەرەکی سیمای سیاسی و فکریی ئەو تەرسیم دەکەن. ئەو دوو هێڵەش نەتەوەیی بوون و عەداڵەتخواز بوونە، واتە چەپ بوونە و دەمەوێ بەو پرسیارە بچمە نێو باسەکە کە ئایا ئەو دوو هێڵە سەرەکییەش لەو ٤١ ساڵەدا وەک خۆیان مانەوە؟ یان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هات و گۆڕان، هەرووەها ئامانج لەو باسە چییە؟ مەبەست ئەوەیە کە بڵێم ئینسان دەتوانی و دەبێ بگۆڕدرێ، ناکرێ هەر وا بە هێندێک شتی چەقبەستوو و دۆگم بنووسێ و ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەیە. ئەوەی دەمەوێ باسی بکەم ئەو دوو گۆڕانکارییە گرینگەن لە ژیانی سیاسی و فکری دووکتور قاسملوودا.

یەکەم قۆناغی ژیانی سیاسیی دوکتور قاسملوو ( ١٩٤٧ _ ١٩٧٠) بۆ ماوەی ٢٣ ساڵە. ئەو قۆناغە چۆنی پیناسە بکەین دوکتور قاسملو لەودا لە ڕووی فیکری و سیاسییەوە هەم چەپێکی کوردە و هەم چەپێکی ڕادیکاڵە، بەڵام دواتر ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێ و لە چەپێکی کوردەوە دەبێتە کوردێکی چەپ و لە چەپێکی ڕادیکاڵەوە دەبێتە چەپێکی میانەڕەو.

چالاکیی سیاسیی د.قاسملوو بە حیزبی تودەی ئێران دەست پێدەکا بە ڕەسمی، هەرچەند پاشخانی چالاکیی لە سازمانی جەوانانی ئەو حیزبەدا هەبوو، بەڵام پێناچێ زۆر جیددی بووبێ. چالاکیی ئەو لە حیزبی تودەدا بە گەیشتنی بە فەڕانسە و لەم وڵاتە دەست پێدەکا، دیارە براکەی «ئەحمەد قاسملوو» پێشتر لە فەڕانسە بووە و ئەندامی حیزبی تودە بوو.

دیارە چەپ‌بوونی دوکتور قاسملوو پاشخانێکی دوورتری هەیە و ئەو کات کە لە تارانیش قۆناغی دواناوەندیی دەخوێند، سیمپاتیی بۆ چەپ هەبوو، ئەو هەم بە کردەوە چەوسانەوە و ڕەنج و کوێرەوەری جوتیارانی گوندەکەی خۆی دەبینی کاتێک کە بۆ پشووی هاوین دەچووە گوندی قاسملوو و هەم لە دواناوەندیدا لە تاران بەهۆی مامۆستایەکی قوتابخانەی ئاشنا ببوو بە کتێب و نووسراوەی رێبەرانی چەپ وەکوو لێنین.

د.قاسملوو بۆ چەپ بوو؟ لەو کاتەوە کە مرۆڤ خۆی ناسیوە هەمیشە دەغدەغەی یەکسانی و عەداڵەتی بووە.  مرۆڤ هەموو کاتێ عەوداڵی عەداڵەت بووە. هەر ئایدۆلۆژییەک بانگەوازی یەکسانیخوازیی کردبێ و خۆی بەوە باسەوە خەریک کردبێ، لای خەڵک سەرنجڕاکێش بووە و خەڵک وەدووی کەوتوون. چەپیش یەکیک لەو ئایدۆلۆژیانەیە کە نە تەنیا خۆی بە مەسەلەی یەکسانی و عەداڵەتەوە  خەریک کردوە، بەڵکوو بانگەشەی عەداڵەت و بانگەشەی یەکسانی و بەرابەری دەکا، هەر بۆیە جەزابیەتی زۆرە بەتایبەت بۆ ڕوناکبیران و بە تایبەتیتر بۆ کورد.  چونکی کورد هەمیشە و بە درێژایی سەدان ساڵە زوڵمی لێکراوە و کەوتۆتە بەر تیغی غەدر، بۆیە هەمیشە عەوداڵی ئایدۆلۆژیایەک بووە کە بتوانێ ئەو یەکسانییە و ئەو بەرابەرییەی بۆ دابین بکا و ئەو زوڵمەی لێی دەکرێ، ئەوەی لەسەر بڕەوێنێتەوە.

ئێستا با بپرسین کە لە بنەڕەتدا فەزای سیاسیی ئەوکات چۆن بوو؟ فەزای ئەو کات و ئەو سەردەمە و گوتاری سیاسیی ئەوکات موتەئەسیرە لە ئەندێشەی چەپ. واتە گوفتومانی چەپ بەسەر کەش و هەوای فیکریی ئەو سەردەمەدا زاڵە و تەنانەت کاریگەریی کردووەتە سەر هێزە ئیسلامییەکانیش، با نموونەیەک بێنینەوە لە ڕیکخراوێکی کوردی، لە کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد.

کۆمەڵەی ژــ کاف ڕێکخراوێک  بوو نەتەوەیی _ ئیسلامی. یەک لە چوار کۆڵەکەکان کە ژــ کاف لەسەری ڕاوەستاوە ئیسلامێتییە، بەڵام دەبینین ئەندێشەکانی چەپ لەو ڕیکخراوەیەشدا ڕەنگی داوەتەوە و لە نۆ ژمارەی گۆڤاری نیشتماندا کە هەر نۆ ژمارەی بەرگی یەکەمی بە ئایەتەکی قورئان چاپ بووە، لە سێ ژمارەیدا لەسەر  شۆڕشی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩١٧ وتاری تێدایە و، عەکسێکی لێنینی تێدا بڵاو بۆتەوە کە تەواوی لاپەڕەیەکی گۆڤاری نیشتمانی گرتووە و هەروەها شێعرێکی تێدایە کە بە لێنینی‌دا هەڵکوتووە.

با نموونەیەکی دیکە بە ئێران بێنمەوە. «نهضت خداپرستان سوسیالیست» یەکەم ڕێکخراوی ئیسلامی بوو لە ساڵی ١٩٤٤ لە ئێران پێکهات، ئەو رێکخراوەیەی دواتر بوو بە نیهزەتی ئازادی؛ دەبینی ناوەکەی بەخۆوەیەتی و بۆ خۆیان دەڵێن بزووتنەوەیەکی خوداپەرستن بەڵام لە عەینی کاتیشدا سوسیالیستن.

سازمانی موجاهدینی خەلق ئەو ڕێکخراوەیەی لە ساڵەکانی 1343-1344دا پێکهات. سازمانی موجاهدین ڕێکخراوێکی ئیسلامییە، بەڵام ئەندێشەکانی مارکسیستی بەتایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە لەو سازمانەدا قەبووڵ کراوە.

یەکێک لە ڕێبەرەکانیان بەناوی مەحموود عەسکەری‌زادە کتێبێکی هەبوو بە ناوی «اقتصاد بە زبان سادە» ئەوە لە شانەکانی سازمانەکانی چەپ وەک دەرس دەگوترایەوە و دەخوێندرا. یان دوکتور عەلی شەریعەتی، ئیدئۆلۆگی بە ناوبانگی شۆڕشی ئیسلامی،  ئەو کەسەی سوخەنڕانییەکانی لە حوسەینییەی ئیڕشاد بە ناوبانگن و بوون بە کتێب؛ بەڵام ئەندیشەکانی شەریعەتی هەم کاریگەریی مارکسیزمی بەسەرەوەیە و هەم کاریگەریی ئیگزستانسیالیزمی بەسەرەوەیە؛ یانی شەریعەتی هاتووە ئەندیشەکانی مارکس و ژان پۆل سارتری لەگەڵ دین تێکەڵ کردوە، کەوابوو ئێمە چاو لە ژینگەکە و چاو لە دۆخەکە ده‌که‌ین.

فەزاکە ئەوەیە، ئەگەر سەیری گۆڕانکارییەکانی دەیەکانی ٤٠ و٥٠ و ٦٠ لە پاش دووهەم شەڕی جیهانی دەکەین، ئەو سێ دەیە لوتکەی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلانی ژێردەستەیە. بە دەیان وڵاتی تازە لەو ماوەیەدا هاتنە سەر نەخشەی جوغرافیا و لەو خەباتە ڕزگاریخوازانەیەدا مارکسیستەکان و چەپەکان دەوری سەرەکی دەبینن. دەبینین ژینگەکە و هەلومەرجەکە ئەوەیە و کەوابوو ئاساییە بۆ تازەلاوێکی تەمەن ١٧ ــ ١٨ ساڵ کە ئەندێشەی چەپ بۆ ئەو جەزابیەتی هەبێ. وەبیر قسەیەک لە ‹›ڕۆمێن ڕۆڵان›› کەوتمەوە کە دەڵێ: ئەو کەسەی لاو بێ و ڕادیکاڵ و شۆرشگێڕ نەبێ، دڵی نییە.

دوکتور قاسملوو ئەودەم کە ئیران بەجێ دێڵێ و دەچێتە ئورووپا، لە ئورووپایەش هەر بەسەر فەزایەک و بەسەر ژینگەیەکی وادا دەکەوێ. ئەو کاتەی د.قاسملوو دەگاتە پاریسە، ئورووپا ئێستا لە ژێر خۆڵەمێشی شەڕ سەری وەدەر نەناوە و وەخۆ نەهاتۆتەوە. لەوێ لە یەکەم هەڵبژاردنەکانی پاش شەڕدا کە دەکرێ، ژێنەڕاڵ دوگول کە سەمبوڵی مقاومتی فەڕانسەوییەکانە، _چونکی فەڕانسە تەسلیمی ئاڵمان بوو دوگول خۆی بە دەستەوە نەدا و سەرۆکایەتیی نەهزەتی مقاومەتی میللیی کرد_ کەچی ئەو لە یەکەم هەڵبژاردن کە لە دوای شەڕ کرا بە هاوپەیمانیی چەپەکانی دۆڕاند، دوکتور قاسملوو پێی نابووە وەها ژینگەیەک.

لە بریتانیا چی؟  لە بریتانیاش چێرچیل کە سەرۆکایەتیی ئینگلستانی دەکرد لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا، بەڵام ئەویش لە پاش شەڕ کایەکە دەدۆڕێنێ و هەڵبژاردنەکان بە زیانی وی و لە قازانجی چەپەکان دەشکێتەوە. دوکتور قاسملوو ساڵێک لە فەڕانسە دەمێنێتەوە و دوایە بۆ درێژەپێدانی خوێندن بە ناچاری فەڕانسە جێ دەهێلێ و دەچێتە چێکۆسڵواکی. دەچێتە وڵاتێک کە سوسیالیستییە و دەچێتە زانکۆ و لەوێ ئابووریی سوسیالیستی دەخوێنێ و لە ڕاستیدا لەوێ بە چەمک و مەقولەکانی مارکسیستی ئاشنا دەبێ. سرووشتییە کە هەموو ئەوانە کاریگەریی زۆریان لەسەر ئەو هەبوو تا کەسایەتییەکی چەپی لێ دەربچێ.

 

ئێستا پرسیاری دووهەم، ئەدی بۆ حیزبی توودەی هەڵبژارد؟

ئەو کات حیزبی توودە تەنیا حیزبی پێشکەوتوو و بە نفووزی چەپی سەراسەری لە ئێران بوو، ئەو کات حیزبی دیکە نەبوو کە ئیدعای چەپ بوون بکا و پێشکەوتنخواز بێ. دوکتور قاسملوو هەر بۆخۆی لە «چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادیدا» دەڵێ حیزبی توودە بە نفووزترین حیزبی ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو لەو کاتدا زۆربەی نووسەران، ڕووناکبیران، هونەرمەندان، خوێندەواران یا ئەندامی حیزبی توودە یا لانیکەم سەمپاتی ئەو حیزبە بوون، بە تایبەت سەرکەوتنی یەکیەتیی سۆڤیەت له شەڕ بە دژی فاشیزمدا ئێعتباری ئەو حیزبانەی زۆر سەیر بردبووە سەرێ.

ئێرنێست همینگوای، نووسەری بەناوبانگی ئەمریکایی بە دوای سەرکەوتنی سۆڤییەت بەسەر ئاڵمانی هیتلێری‌دا دەڵێ: هەر مرۆڤێک ئازادیی خۆش بوێ زۆر پتر لە تەمەنی خۆی قەرزداری یەکیەتیی سۆڤیەت و ئەڕتەشی سوورە، چوون فاشیزمی شکەست داوە.

فاشیزم هەیولایەک و ئەژدیهایەک بوو دنیای قووت دەدا. ئەم نەخش و دەورەی یەکیەتیی سۆڤیەت لە تێکشکانی فاشیزمدا ئیعتباری ئەو حیزبە کۆمۆنیستانەی یەکجار زۆر بەتایبەت لە جیهانی سێهەمدا و تەنانەت لە ئورووپایەش بردە سەرێ.

«هابز باوم» دەڵێ شتێکی زۆر سەیر نییە ئەگەر ئەو حیزبانە لە پاش شەڕ پێشوازییەکی زۆریان لێکرا. چوون ئەو فیداکارییە و ئەو دەور و نەخشەی یەکیەتیی سۆڤیەتی لە تێکشکاندنی فاشیزمدا ئیعتباری کۆمۆنیستەکانی لە جیهانی سێهەم و لە ئورووپاش زۆر بردە سەرێ.

ئەم قۆناغە لە ژیانی سیاسیی د. قاسملوو(1947_1971)، ئەو لە پێشدا چەپە و دوایە کوردە، واتە پرسی نەتەوەیی بۆ ئەو لە ئەولەوییەتی یەکەمدا نییە و پرسە چینایەتییەکان بۆ ئەو لە پێشەوەن.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٧.