[ ژینگە و زیانەکانی سەر ژینگە باسێکە لە بن هەرای کایە سیاسی و خەسارە کۆمەڵایەتییەکاندا شاردراوەتەوە و خراوەتە پەراوێزەوە، بەڵام ئەم مەترسییانە وەک ئاگری بن خۆڵەمێش هەر جار ناجارێک کڵپە دەکەن. دووریش نییە ڕۆژێک هەموو کۆمەڵگا بەرەو قەیرانێکی جیددی بکەنەوە.
«کوردستان» ئەو بابەتەی لەگەڵ بەڕێزیان کە پێشێنەی ١٣ ساڵ وانەوتنەوەی لە زانکۆی ئازادی مەهاباددا هەیە و لە ئێستادا ئەندامی لێژنەی زانستی لە بەشی توێژینەوەکانی ئۆکۆلۆژیی زانکۆی «کیل»ی ئاڵمانە، هێناوەتە بەر باس]
لەگەڵ ئەوەی ڕۆژانە میدیاکان باس لە زیان و خەسارەکانی پیسبوونی ژینگە لە ئێران بە تایبەت پیسبوونی هەوا دەکەن، بەڵام وا هەست دەکرێ کە هێشتا کۆمەڵگا هەستی بەو مەترسییە گەورەیە نەکردبێ، ئایا ئەوە ناوشیاریی خەڵکی لەپشتە، یان سیاسەت و شێوەی مودیرییەتی دەوڵەتە نایەڵێ ئەو بابەتە بەو شێوەیە جێ بکەوێ؟
بەداخەوە گرنگی و سەرنجدان و پاراستنی ژینگە کەوتۆتە پەراوێزی کێشە و ئارێشەکانی دیکەی وەک کێشە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکانەوە و ئەمڕۆکە ژینگە کەڵکەڵەی سەرەکیی خەڵک و حکوومەت نیە. چونکی لە ڕوانگەی ئەوانەوە پرس و بابەتی گرنگتر و هەستیارتر هەن کە لەڕاستیدا ئەوەش بۆ خۆی ماکە و هۆکاری سەرەکی هەموو ئەو کێشانەن کە ڕووبەرووی ژینگە دەبنەوە.
ئەوەی ئێستا هەیە چەشنێک بێگانە و نامۆبوونی خەڵک و حکوومەتە دەگەڵ ئەو بابەتە گرنگە، بەڵام دەگەڵ ئەوەشدا خەڵک بە پێکهێنانی رێکخراوەو و گرووپی جۆراوجۆر لەو بوارەدا لە حکوومەت چالاکترە.
لە ئێستادا بە گشتی باوترین و زیاترین خەسارەکان بۆ سەر ژینگەی کوردستان و هەروەها زیانە ژینگەییەکان بۆ سەر ژیانی خەڵک لە ئێران و کوردستان چین و کامانەن؟
لەڕاستیدا هەموو بەش و لکەکانی ژینگە (ئاو، خاک، هەوا، لێرەوار، تاڵاو (زۆنگاو) و جۆراوجۆرییە ژینگەییەکان و …) لە ئێران تووشی کێشەن و بە جۆرێک لە قەیراندان. لە ئێرایش هەتا قەیرانەکە ناکەوێتەوە، فاکتۆرە ژینگەییەکان ناکەونە بەرسەرنج! پاش قەیرانەکەش هەموو لایەک بە جۆرێک لە جۆران دەکەونە بیر چارەسەری! لە حاڵێکدا فاکتۆرە ژینگەییەکان پێویستییان بە چەشنێک بەڕێوەبەریی چەند لایەنە و مۆنیتۆرینگ هەیە. لە ئێران پاش دامەزرانی کۆماری ئیسلامی و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی گەشە و پەرەپێدان بەبێ ڕەچاوکرانی توانایی و هەڵگریی ئیکۆلۆژیکیی وڵات، سەرچاوە سرووشتی و ژینگەییەکان تووشی خەسار و زیانێکی زۆر بوون. بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە بەفیڕۆچوونی زیاتر لە هەشتا لە سەدی سەرچاوەی ئاوە ژێرزەوییەکان بکەین.
ئەدی ئاوەکانی سەرزەوی چی؟ ئەوانە باش مودیرییەت کراون؟ ئایا ئەو هەمووە بەنداوانەی بە تایبەت لە کوردستان لێدراون خزمەتی ژینگە و ژێرخانە سروشتییەکانی کوردستانی کردوە؟
ئاوە ژێرزەوییەکان بەندن بە ئاوە خورێنەکانی سەرزەوی. بۆیە بەڕێوەبەریی چەوتی ئاوە ڕەوانەکانی سەرزەوی کاریگەریی لەسەر سەرچاوە ژێرزەوینەکانی ئاو دەبێ. لێدانی بەنداو کاتێ پێویست و گونجاوە کە هەموو فاکتۆرە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ژینگەییەکان و هەروەها پشکی نەوەکانی داهاتوو لە سروشت لەبەرچاو گیرابێ. بەڵام بە داخەوە لە ئێران بایەخێک بەو شتانە نەدراوە.
لە ئێران زۆربەی هەرە زۆری بەنداوەکان لەگەڵ کێشەی ژینگەیی بەرەوڕوون، ئەوەش لە جێی خۆی کە ئێستا لێدانی بەنداو لە دنیادا وەلانراوە و لەو جێیەدا کە مرۆڤ هیچ چارەیەکی دیکەی جیا لە دروستکردنی بەنداو نییە، لەوێ دەبێ بەو تایبەتمەندییانەی لەسەرەوە باس کران لێبدرێ. بە گشتی لێدانی بەنداوی زۆر نیشانەی پەرەسەندن و گەشەی ئابووریی وڵاتێک نییە.
لە پێوەندی لەگەڵ وشکبوونی گۆلێ ورمێدا، ئایا ویشکبوونی گۆلی ورمێ کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان هەیە؟
وشکبوونی گۆلی ورمێ لە بەڕێوەبەری و بەکارهێنانی هەڵە و نازانستییانەی ئەو سەرچاوە ئاوییانەوە سەرچاوە دەگرێ کە دەڕژێنە ئەو گۆلەوە! دەگەڵ وشکبوونی گۆلی ورمێ میکرۆکلیمای ناوچەکە تووشی گۆڕان هاتوە و ئەوەش کار دەکاتە سەر هەموو بەشە ژینگەییەکانی دەورووبەر. بەربێژی کراوە تۆف و تۆفانە سوێرەکان دەتوانن هەتا ٧٠ کیلۆمێتر ئەولاتری گۆلەکە بخەنە ژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی خۆیانەوە و تەنانەت بە شێوەیەکی دی تا ٥٠٠ کیلۆمێتریش کاریگەریی هەر بمێنێ.
هەوڵێکی زۆر و بەرنامەی زۆر هەیە کە لە رێگای تێکردنی ئاو کە زیاتریش ئاوی سەرچاوەکان لە کوردستانن، ئەو گۆلە بژێننەوە. ئەو هەوڵانە سەرکەوتوو دەبن یان نا، لە جێی خۆی، بەڵام ئایا خودی ئەوە زیان بە ژینگەی کوردستان ناگەیەنێ لە جێەکی دی؟
هەر لەبنەڕەتدا گواستنەوەی ئاو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە لە بواری ژینگەییەوە کێشەخولقێنە، لە پێوەندی لەگەڵ گۆلی ورمێشدا هەروەها. چونکی دەڤەرەکە دەگەڵ هەڵومەرجی ژینگەیی ناوچەکە کە بەرهەمی خۆگونجاندنێکی دووردرێژە ڕاهاتوە و یەکەم زیانی ڕاکێشانی ئاو بۆ ئەو مەڵبەندە، ملی جۆراوجۆریی ژینگە دەگرێتەوە. گۆلی ورمێ بۆ گەیشتن بە هاوسەنگی ئیکۆلۆژیک پێویستی بە سی و دوو میلیارد مێتری سێ جا ئاو هەیە! لە حاڵێکدا ئێستا ئاستی ئاوی گۆلی ورمێ کەمتر لە دوو میلیارد سێجا یە و دوای گەیشتن بە ئاستی ئیکۆلۆژیکی خۆی هێشتا دەبێ لە ساڵدا دوو میلیارد سێجا ئا برژێتە ئەو گۆلەوە کەچی ئەوەندە ئاوە دابین ناکرێ! بۆیە بە بڕوای من گۆلی ورمێ ناگەڕێندرێتەوە سەر هەڵومەرجی پێشوو، تەنیا بە بەڕێوەبەریی دروستە دەکرێ سەدا بیست و پێنجی ئاوەکە بپارێزرێ.
باسی ئاگرتێبەربوونی دارستانەکان لە کوردستان باسێکی تایبەتترە. ئێوە لەو بارەوە دەڵێن چی؟ ئایا ئەو هەمووە سووتمانە بە ئاسایی و سرووشتیی دەبینن؟
وەک بەرپرسان خۆیان دەڵێن هۆکاری زۆربەی ئاگرکەوتنەکانی دارستانەکانی ئێران خەڵکن، واتە مرۆیین، بەڵام ئەوەی حاشای لێناکرێ ئەوەیە کە دوای ئاگرکەوتنەوەکان لە نێو خودی دەسەڵاتیشدا دەستوبرد و هیممەتێکی بەرچاو نییە بۆ کووژاندنەوەیان، خەڵکیش کەلوپەل و ئیمکاناتی زۆریان بۆ پێشگیری لە ڕووداوەکان و کووژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەکان نیە، کەواتە دەسەڵات بەرپرسی سەرەکی ئەو قەیرانەیە کە زیاتریشی لە دارستانەکانی بناری زاگرۆس روو دەدا.
خۆڵبارینەکان بابەتێکی دیکەی خەسارەکانە لەسەر ژینگە و خەڵک. ئایا هۆکارەکان نێوخۆیین یان دەرەکی؟ بەڕاستی ئەو دیاردەیە پێشی پێناگیرێ؟
ئەو تەپوتۆزەی کە لە خوزستان و پاشان لە کوردستانیش دەبینرێ، سەرچاوەی دەرەکی و ناوەکی هەیە. هەروەک باسم کرد لە ئێران زۆربەی زۆنگاوەکان بەهۆی خراپ بەکارهێنان وشک بووون یان بەرەو وشک بوونن، دەگەڵ وشک بوونی زۆنگاوەکان، خاک و خۆڵەکەیان هەڵدەدا و بە سووکە بایەک هەڵدەستێ و وڵات دادەگرێ، کە ئەویش پێوەندی بە خێرایی با و کێشی خاک و خۆڵەکەوە هەیە کە جاری وایە سەدان کیلۆمێتر دەپێون و دەگەڵ تێکەڵ بوون بە هۆکارەکانی نەخۆشی لە هەوادا، زۆر بە قووڵی لەشساغی مرۆڤ و ژینگە دەخەنە مەترسییەوە. بۆ هۆکاری دەرەکیش زۆربەی ئەو تەپوتۆزە لە بیابان و سەحراکانی عێراق و سووریەوە دێن کە دوای ئەوەی تورکیە لە پەنجا سال پێشەوە لە سەر رووباری دیجلە و فووڕاتەوە خەریک ئاوبەند سازکردن بووە، زیاتری کردوە و هەتا گەیشتۆتە ئەمڕۆ.
کێ لە بەرامبەر ژینگەدا بەرپرسە؟ ئایا ژینگە و ژینگە پارێز لە ئێران و کوردستان لە بەرنامەکانی گەشەدا بایەخی دراوەتێ؟ لە ئۆڕگانیزمی دەوڵەتی و حکومیدا کێ «متولی»ی ئەو کارەیە؟
خەڵک بەگشتی، چ دەسەڵاتداران و چ خەڵکی دیکە سەبارەت بە ژینگە بەرپرسیارن، دیارە حکوومەت دەبێ بە پەروردە و رێنوێنی و بەرنامەڕێژی گونجاو بەگوێرەی توانای ئیکۆلۆژیکی ناوچە دەوری خۆی بگێڕێ و خەڵکیش بە بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری و تێگەیشتووی خۆیان هەوڵ بۆ پاراستنی ژینگە بدەن. سەبارەت بەو بابەتە گرنگە من پێموایە ئێستا خەڵک قۆناخێک لە حکوومەت و دوو قۆناخیش لە پێش حیزبە سیاسییەکانەوەیە.
کە باسی حیزبە سیاسییەکان دەکەی مەبەستت ئۆپۆزیسیۆنە؟ ئەوان چییان دەکەوێتە ئەستۆ کە نەیانکردوە؟ خۆ ڕەوشەنگەری و ڕەخنەکان لەو دۆخە زیاتر لەلایەن ئەوانەوەیە کە بە ڕۆژەڤ دەکرێ.
ئەمن پێموایە حیزبە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش زیاتر تەبلیغات و سیاسیکاری بەو بابەتەوە دەکەن و بەرنامەیەکی ڕوون و دیاریکراویان بۆ ژینگەی کوردستان نییە.
ئەمن لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەست بە بۆشایی بوونی حیزبی سەوز دەکەم، حیزبێک کە بە بەرنامەی سەرەکیی ژینگەییەوە بێتە نێو کایە سیاسییەکانەوە.
جیا لە مەسەلەی خۆڵبارینەکان، سووتانی دارستانەکان و حیکایەتی گۆلی ورمێ ئایا بابەتی دیکەی ژینگەیی و خەسارەکانی سەر ژینگە هەیە باسی بکەین؟
هەمووان دەبێ بزانین ژیانی ئێمە و نەوەکانی داهاتوومان لە گرەوی پاراستنی سرووشت و ژینگە دایە و بە فەوتاندنی بە پلەی یەکەم خاکەکەمان لە دەست دەدەن. پێشنیار دەکەم پارتە سیاسییەکان بە دەست هەڵگرتن لە درووشم بە کردەوە بێنە مەیدان و ئەگەریش بکرێ بوار بۆ پێکهێنای پارتی سەوزی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆش بکرێ.
جەنابت دیسان باست لە پارتە سیاسییەکان کرد، لەبەرچی ڕوو دەکەیە ئەوان و خیتاب بەوان دەدوێی؟ بۆ مەگەر ئەوانن قەرار لەسەر ژینگەی کوردستان دەدەن؟ یان مەگەر ئەوانن کە هۆکاری زیان گەیاندن بەو سرووشتەن؟ یان مەگەر ئەوانن کە دەبێ حیزبی سەوز پێک بێنن؟
حیزبە سیاسییەکان خەبات بۆ کوردستان دەکەن و ژینگەی کوردستانیش لە مەترسی دایە و لەوانەیە سبەی بۆ خەباتەکەی ئێمە ژینگەیەک و خاک و نیشتمانێک نەبێ کە سیاسەتی تێدا بکەن. ئەوە بابەتێکی گرینگە کە حیزبەکان کەمتر گرینگیی پێدەدەن.
مەسەلەکە ئەوەیە کە لەوانەیە نیشتمانەکەمان لەنێو بچێ و ئەگەر لە کوردستان بوار بۆ ژیان نەمێنێ کێ لێی بەرپرسە؟ هەموو دەزانین کە کۆماری ئیسلامی دژ و دوژمنی نەتەوە و نیشتمانەکەمانە، ئەو کاتەیە کە ئەو پرسیارە دێتە سەرێ کە بەرنامەی حیزبەکان بۆ پاراستن و پشتیوانی لە ژینگە چییە؟
لە کۆتاییدا هیوادارم هەموومان لە گرینگیی ئەو بابەتە تێبگەین و هەوڵەکانمان بۆ پشتیوانی و پاراستنی ژینگە چڕتر بکەینەوە، چونکی لەبەردەم ڕەوشێکی زۆر مەترسیدارداین.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٦.