٢٨ساڵ بەسەر شەهیدبوونی دوکتۆر عبدالڕحمان قاسملوو ڕێبەری گەورەی گەلەکەمان تێپەڕی. لە دوای پێشەوا قازی محەمەد ئەو دووهەم ڕێبەری حیزب بوو کە بە دەستی تاوانبارانی دەسەڵاتدار لە ئێراندا شەهید دەکرا و بەمجۆرە خەسارێکی گەورە لە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان کەوت. ئەم هەموو ساڵە ماوەیەکی زۆربوو کە گەلێک و حیزبێک بە بێ ڕێبەرێکی لێهاتووی وەک قاسملوو، ژیانی سیاسیی تێپەڕ بکا و دەکرا زۆر شت لە بیربباتەوە، کەچی لە دوای ئەو هەموو ساڵانە نە تەنیا هیچ شتێک لە بیر نەکراوە؛ بەڵکوو ساڵ بە ساڵ زیاتر گەلەکەمان، نەتەوەکەمان و دۆستەکانمان بە خەم و پەژارەیەکی زۆرترەوە بیر لەو ڕۆژە دەکەنەوە و بە جۆش و خرۆشێکی لەبننەهاتوو هەستی خۆیان بۆ ئەو خەسارە گەورە دەردەبڕن.
ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ، ئەو ڕۆژەی دەستی تێرۆری دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی، گیانی ئەو گەورە پیاوەی لە نەتەوەکەمان ئەستاند، ئیستا بووەتە ڕۆژی دەربڕینی ڕق و تووڕەیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لایەنگرانی ئاشتی و مرۆڤایەتی بەرامبەر بەو کردەوە دژی ئینسانییە. ئەوان دەیانەوێ بە دنیا بڵێن، ئەگەر قاسملوو بە جەستە لە نێویاندا نەماوە بەڵام ڕۆحی باڵی کێشاوە بەسەر ڕۆژهەڵاتدا و ژیانی سیاسی و داهاتووی ئەو گەلە بەبێ یاد و ناوی قاسملوو مانای نیە. لە خۆڕا نیە هەتا ئێستاش و بە دڵنیاییەوە هەتا سەرکەوتن بە سەر دەسەڵاتدارانی بکوژی قاسملوودا و وەدیهاتنی ئامانجەکانی ئەو، دروشمی قاسملوو، قاسملوو، ڕێگەت درێژەی هەیە دروشمی سەر زاری خەڵکی کوردستانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران.
بەڵام بۆ؟
مێژووی تێکۆشانی د.قاسملوو، هەر لە سەرەتای دەسپێکردنی ژیانی سیاسیی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستاندا و، هەوڵ و تێکۆشانی بێوچانی بۆ خستنە بەرچاو و جێبەجێکردنی بەرنامە و پڕۆژە سیاسییەکانی حیزب لەلایەک و هەروەها تواناییە زانستی و سیاسییەکانی ناوبراو، لەسەریەک د. قاسملوویان کردبوە کەسایەتییەکی دیار لە نێو حیزبی دێموکرات و دواتر لە نێو بزووتنەوەی کورددا.
لە باری کار و بەڕێوەبەریی ئەرکی حیزبیدا، تواناییەکان و بەردەوامی قاسملوو لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتدا، زۆر زوو دەوری حاشاهەڵنەگری ئەویان وەک ڕێبەرێک سەلماند. لە باری سیاسیشەوە تێگەیشتنی سەردەمیانەی ئەو کە بەدووربوو لە هەرچەشنە دەمارگرژی و ئایدیۆلۆژی پەرەستییەک، وایکردبوو کە لەهەر زەمانێکدا کە حیزبەکەی و بزووتنەوەی کورد لەگەڵ پرسێکی تازەی سیاسی بەرەوڕوو دەبۆوە، هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکرات بە ڕێبەری قاسملوو دەبوونە سەرەتایەک بۆ گۆڕانێکی جیدی لە کاری فیکری و سیاسیدا. هەرچەند لەو سەروبەندەدا کە بە شێوەیەکی دەمارگرژانە شەڕی ئایدیۆلۆژییەکان لە ئارادابوو زۆرجار لە لایەن هێندێک تاقم و گرووپی دژبەریەوە هێرش دەکرایە سەر ئەو بۆچوون و هەڵوێستانە، بەڵام بە تێپەڕبوونی زەمان هەموو تێدەگەیشتن کە د.قاسملوو بە پشتبەستن بە تێگەیشتنە زانستی و فیکریەکانی، سیاسەتەکانی دادەڕێژێ و ئەو بوو کە لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگە و دەسەڵات تێدەگەیی.
لە لایەکی دیکەشەوە، د.قاسملوو زۆر بە باشی ئاگاداری جێگەوپێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بوو کە لە درێژەی خەبات و تێکۆشانی بەردەوامی تێکۆشەرانی دێموکراتدا، متمانەی تەواوی خەڵکی کوردستانی بەدەست هێنابوو. هەر بۆیە کاتێک کەسایەتییەکی مەزنی وەک قاسملوو پاش دوو دەیە، وەک ڕێبەری ئەو حیزبە دەگەڕێتەوە نێو باوەشی خەڵکەکەی، زۆر زوو متمانەی پێدەکرێ و پشتیوانی جەماوەری بۆ ساز دەبێ. ئەو بە باشی لەوە تێگەیشتبوو کە ئەو متمانەپێکردنەی خەڵکی کوردستان، ئەرکی حیزبەکەی قورستر کردوە و بەو پێوانە دەبێ سیاسەت بکا. لە خۆڕا نەبوو کە هەرکات پرسێکی گرینگی سیاسی دەهاتە پێش د.قاسملوو بە هەست پێکردن بە بەرپرسیاریەتیی حیزبەکەی لە ئاست بەرەوپێشبردن و بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکەکانی بزووتنەوەی کورد و ئاگاداربوون لە پشتگیری خەڵکی کۆردستان قسەی نەتەوەیەکی دەکرد.
دوکتور قاسملوو لەگەڵ ئەوەی لە مەیداندا و بە کردەوە ڕێبەریی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی لە بەرانبەر ڕێژیمێکی جینایەتکاردا دەکرد، وەک ڕێبەرێکیش هەوڵی دەدا دوژمنەکانی ڕازی بکا بەوەی کە کێشەی کوردستان بە شەڕ چارەسەر نابێ. خەڵکی کوردستان لەمە تێگەیشتبوون کە ڕێبەرەکەیان لەبەر دەستەوەستانی و بێدەسەڵاتی نیە کە بەردەوام پەیامی ئاشتی بڵاو دەکاتەوە بەڵکوو جیا لە باوەڕی قووڵی بە ئایدیاکانی ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەری کێشەکان، بەشێکی لەبەر پاراستنی نیشتمان و خەڵکەکەی بوو لە ئاگری شەڕ، کە هەوڵی دەدا لە ڕێگەی وتووێژەوە هەلێک بۆ دابینکردنی مافەکانیان بەدەست بێنێ. ئەگینا ئەو باش دەیزانی کە تێکۆشەرانی کوردستان و بە تایبەت پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات هەرگیز لە بەرانبەر دەسەڵاتدارانی زۆرداری کۆماری ئیسلامیدا چۆک دانادەن و هەروەک ئیستاش دوای تێپەڕبوونی ٢٨ ساڵ بەسەر شەهیدبوونیدا، وەفادار بە فکر و ئەندیشەکانی قاسملووی ڕێبەریان، لە خەبات و تێکۆشان بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانیان بەردەوامن.
لایەنێکی بەرجەستەی دیکەی کەسایەتی دوکتور قاسملوو، دەوری ئەو بوو لە گەیاندنی پەیامی خەڵکی کوردستان بە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان. قاسملوو تاکە کەس بوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە هۆی پێوەندییەکانی لەگەڵ حیزب و کەسایەتییەکانی ئورووپایی ببووە زمانحاڵی کوردستانی دێموکرات و ئازادیخواز. لە ماوەیەکی کورتدا خەڵکی کوردستان دیتیان کە بە هۆی قاسملووی ڕێبەریانەوە بێ پشتوپەنا نین و دەنگیان سنوورەکانی بەزاندوە و تەنانەت تیمەکانی ڕۆژنامەنووسی و یارمەتی تیمە پزیشکییەکانی دوورەوڵاتانیان لە نێو خۆیاندا دەدی. هەر ئەو بوو کە توانی هاوخەمی و سۆزی خەڵک لە ئورووپا بۆ خەڵک و بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەدەست بێنێ کە بۆ هەتا ئێستاش ئیعتیبار و پشتیوانیەکە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان و خەباتە ڕەواکەی.
بەم هۆیانە و زۆر هۆی دیکەش دوکتور قاسملوو لەدوای ٢٨ ساڵ لە شەهیدبوونی، سەبارەت بە خەبات و تێکۆشانی، ڕێبەری و بەردەوامبوونی، فکر و ئەندیشەکانی و ئامادەبوونی بۆ فیداکردنی گیانی لە پێناو ئامانجەکانی گەلەکەیدا، ئیستاش ڕێبەرێکی زیندووە و خەڵکی کوردستان لەسەر درێژەدانی ڕێگەکەی سوورن.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٦.