Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۱ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 12/12/2017 |کاتژمێر:
هزروکولتور

کۆڵبەری و باڵادەستیی دەسەڵاتی ئەمنیەتی بەسەر ڕوانینی ئابووریدا

23/07/2017 | 01:44:57
sayrannbazidiiii
سەیران بایزیدی حوسەینی

ڕەنگە وشەی کۆڵبەری یەکەمجار بۆ هەموو کەسێک، پێناسەکەی وشەنامەکەی دێهخودای بیر بخاتەوە.
دێهخودا دەڵێ: کۆڵبەر کەسێکە شتێکی بە کۆڵەوەیە یان بەگشتی شتێکی هەڵگرتوە، بەڵام با بە چەند پرسیارەوە بچینە نێو دەقی باسەکە:
دەتوانین بڵێین کۆڵبەری پیشەیە یان کار؟ کۆڵبەران دەکەونە کام مەڵبەندی جوغرافیایی؟ ڕەگەز و تەمەن دەوریان هەیە لەسەر کۆڵبەری کردن؟ چییەتیی کۆڵبەری و هۆکارەکانی کامەنەن؟ ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی ڕووبەرووی کۆڵبەر دەبنەوە، چین؟ قازانجی ئەو کۆڵەی کۆڵبەران ئاودیوی دەکەن دەچێتە گیرفانی کێ؟ ئەو کاڵایانەی کۆڵبەران ئاودیویان دەکەن، زیاتر چ توێژ و کەسانێک داواکارین و بەکاری دێنن؟ رێژەی لەسەدی ئەو قاچاخەی لە کوردستانەوە دەکرێ لە چاو ناوەندەکانی دیکەوە چەندە؟
بەگوێرەی ماددەی ٧ی قانوونی دامەزراندن، کە ٣١/٣/١٣٤٥ پەسند کراوە، پیشە بریتییە لە کۆمەڵە ئەرکێکی پێوەندیدار و دیاریکراو کە لە لایەن ڕێکخراوەوە وەک کارێک دیاریکراو ناسراوە و بۆ پێگە و پلەی رێکخراوەیی لەبەر چاو گیراوە.
لە چوارچێوەی پیشەیەکدا بژاردەکانی وەک ڕادەی مووچە و وادەی کار و شوێنی کار و ئەرکە پێوەندیدارەکانی کارەکە بەڕوونی نووسراوە. حیرفە لە پیشەش بەربەرینترە و دەبێ بۆی بخوێنی و رابهێندرێی و لێزانی و لێهاتووییەکانی فێر بی و پسپۆریگەلێکی تاقانەن کە بەشیوە کۆمەڵایەتی و ئابووری بایەخ و نرخی دەدرێتێ.
ئێستا کاری کۆڵبەران دەکەوێتە چوارچێوەی کام بەشەوە؟ ئەرێ دەتوانین بڵێین کۆڵبەری کار و پیشەیە، لە حاڵێکدا ناکەوێتە چوارچێوەی رێکخراوەیی هیچ پێکهاتە و دامەزراوەیەک؟ ئایا کۆڵبەری دەگەڵ پێناسەی حیرفە دەگونجێ، دەگەڵ ئەوەی هیچ ڕاهێنان و فێربوونێکی ناوێ و هیچ خول و زانستێکی تێدا بەدی ناکرێ؟
دەبێ ئەوەشمان لەبیر بێ، هەم پیشە و هەمیش حیرفە باشیی خۆیان هەیە و لە داهاتوودا سەرچاوەن کە لەڕاستیدا کۆڵبەری لە هەموو داهاتوویەک بێبەرییە.
هەندێ شتی دیکەی وەک بیمەی دەرمانی، بیمەی خانەنشینی، مووچەی خانەنشینی، مەرەخەسیی سارێژبوونەوە، مەرخەسی بە مووچەوە، یارمەتیی نیشتەجێی، مووچەی خێزانداری، یارمەتیی پیسبوونی هەوا، پێدانی قەرز و زۆری دیکەش کە کۆڵبەران لێیان بێبەرین.
کەواتە لەبنەڕەتدا کۆڵبەری نە پیشەیە و نە حیرفەش.
ئەگەر تەنیا لە ڕووی رەگەزی و تەمەنەوە لەو پیاوانە یان لاوانە بڕوانین کە بە هێزی شان و باهۆیان خەریک کۆڵبەرین لە هەڵە داین، چونکی لە نیو کۆڵبەراندا ژنان و بەساڵاچووانیش دەبینرێن، کە بۆ پەیداکردنی پاروە نانێک سینگی خۆیان دەنێن بە فیشەکەوە.
دیارە ئامارێکی روون و باوەڕپێکراومان لەسەر چۆنێتی و چەندێتی تەمەن و ڕەگەزی کۆڵبەران نیە، بەڵام نیشانەکان دەربڕی ڕەوشی کارەساتباری دۆخی ئارایین.
کۆڵبەری ژن، پیاو، منداڵ، گەنج، بەهەڕەت و بێهەڕەتی بۆ نیە، ئەو هەژاری و نەدارییە هەمیشەییەی لە سایەسەری سیاسەتە چەوتە ئابوورییەکانی دەسەڵات بەرۆکی سنوورنشینانی گرتوە، خەڵکی بەرەو کۆڵبەری راکێشاوە.
ناوچە و شوێنی کاری کۆڵبەران بەگشتی سەر سنوورەکانە. لە ئێران خەڵکی پارێزگەکانی سنە، ورمێ، کرماشان و سیستان و بەلوچستان خەریکی کۆڵبەرین.
لە رۆژاوای ئێرانەوە ئەو شارانەی دەکەونە سەر سنووری تورکیە و هەرێمی کوردستان زیاترین رێژەی کاڵای وەک کەلوپەلی کارەبایی و مەنسوجات و جلوبەرگ و سیگار بەبێ دانی گۆمرۆک ئاودیوی وڵات دەکەن.
ئاودیوکردنی کاڵا بەبێ دانی کۆمرۆک بۆ نێو سنووری وڵاتێک بە قاچاخ پێناسە کراوە، کەچی ئەگەر ریئاڵییانە بە دوای ماکەکانی کۆڵبەریدا بگەڕێین، تێدەگەین هۆکاری سەرەکی ئاودیوی کاڵا بەبێ دانی کۆمرۆک سیاسەتەکانی هاوردەی کاڵا نیە کە لە لایەن وزارەتی کارەوە پارەیەکی زۆری پێوە بەستراوەتەوە، بەڵکوو ماکەی کۆڵبەری گەشەنەسەندوویی ئەو ناوچانەیە کە لە ناچاری ڕوویان لەو کارە کردوە.
هەژاری و نەداریی بەردەوام، بەرزترین رێژەی بێکاری لە وڵاتدا، پاشەڕۆیی گەشەی ئابووری و پشکی کەمتر لە یەک لە سەد لە بەرهەمی ناخالسی نێوخۆیی و داهات و سەرانە کەمتر لە سەرانە وڵات، فاکتەرێکی گرنگی ئابووریین کە نیشاندەری هەژاری و نەدارین کە لەو نووسینەدا ناپڕژێینە سەریان.
بەڵام بەدڵنیاییەوە گەشە نەکردنی شارە کوردییەکان تەنیا باری ئابووری ناگرنەوە، بەڵکوو هۆکارەکانی وەک ڕوانگەی ئەمنییەتی حکومەت بۆ کوردستان لە ماوەی تەمەنی خۆیدا و سیاسییانە هەڵسوکەوت کردن دەگەڵ ئەو مەکۆیە و دەنگەشە و پرۆپاگەندەی نەرێنی بەردەوام کاری کردووەتە سەر خاوەن سامان و دەوڵەمەندان کە سامانەکەیان کەمتر لەو ناوچانە بخەوێنن و لە ئاکامدا هێندەی دیکەی ناوچەکەی پاش خستوە. هەژار راگرتنی و سەپاندنی ئەو دۆخە بەسەر خەڵک بەهۆکاری نەتەوەیی و مەزهەبی و پەراوێزخستنیان هۆکاری سەرەکیی گەشەی ناسەقامگیرە.
ئەو مەترسییانەی کۆڵبەران دەستەویەخەنی:
بەڵا سرووشتییەکان: لە ناوچە کوێستانییەکانی و رژد و هەڵەمووتەکان کە کێوان سەر لە ئاسمان دەسوون، کۆڵبەران بە زستانان دەگەڵ بارینی بەفر رووبەڕووی مەترسی کەوتنی رنوو دەبنەوە.
مین: بەداخەوە ئەو مینانەی لە دوای شەڕی ئێران و ئێراقەوە جێ ماون هێستاش خەڵکی دەکەونە سەری و کۆڵبەرانیش لەو کەسانەن دەبنە قوربانی ئەو مینانە.
حکوومەت: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە کۆڵبەران بە تاوانی ئاودیوی کاڵا.
حکوومەت لە سەر دیاردەی کۆڵبەری دەبوایە دوو جاران وڵامدەری خەڵکی کورد بوایە:
یەکەم لەبەر ئەوەی ئەو ناوچانە پشکێکی زۆر کەمیان لە داهات و گەشەسەندن بەردەکەوێ، دوویەمیش بەهۆی تەقەی راستەوخۆ لە کۆڵبەران بەو تاوانەی بۆیان پێناسە کردوون و سزا دەدرێن.
بەڵام بەڕاستی تاوانی کۆڵبەران هێند قورسە دەبێ تەقەیان لێ بکرێ؟
کۆڵبەران تاوانبار نین هەتا بە تەقە و فیشەک و کوشتن وڵامی خواست و ویستەکانیان بدرێتەوە. پاشان بەڕاستی قازانجی ئەو کاڵایانەی بە شانی کۆڵبەران ئاودیو دەکرێن، دەچی لە باغەڵی کێوە؟
بەڕاستی یەک لە سەدی قازانجی مەزنی فرۆشی ئەو کاڵایانەی کۆڵبەران ئاودیوی دەکەن ناچی لە گیرفانی خۆیانەوە، بەڵکوو دەچی دە باغەڵی ئەو دەوڵەمەندانەی کە بە کڕی و فرۆشی بەکۆی کاڵاکان، وەەک کارک پێی هەڵدەتۆقێن.
بە واتایەکی دیکە کۆڵبەران تەنیا ئەرکیان ئاودیوی کاڵاکانە، دەنا هیچ دەورێکیان دە کڕین و فرۆشتنیدا نیە.
تەنیا پشکی کۆڵبەر قوورسایی بارە، کە بە شاخەکاندا بە هەزاران مەترسی و بەدبەختی و بە پارەیەکی کەم بۆ دابینی بژێوی ژیانی خێزان و ماڵومنداڵ ئاودیوی دەکەن.
بەسەرنجدان بەوەی کە ئەو کاڵایانە تەنیا لە ڕۆژاوای ئیران بەکارناهێنرێن و لە هەمووی ئێرانەوە داواکارییان هەیە، بڵاوکردنەوە و ڕاگواستنیان دە نێو وڵاتدا بە قاچاخ داناندرێ، بەڵکو تەنیا لە کاتی ئاودیوکردندا بە قاچاخ دەزاندرێ.
لە ئاکامدا بەرینایی جوگرافیایی بازاری کاڵاکان دوای ئاودیو بوون و چۆنێتی گواستەوەیان بۆ سەرانسەری ئێران جێگەی تێرامانە، بە چەشنێک ئەو کاڵایانە بە کانتینێر و ماشێنی گەورە لە ئێراندا بڵاو دەکرێنەوە.
ئێران وڵاتێکی پان و بەرینە بە سنووری ئاوی و وشکانی دوورودرێژەوە کە دامەزراو و ناوەندە حکوومەتییەکانی وەک سوپای پاسدارن و خاتەموئەنبیا بە هەموو رێگەیەکدا بۆ دەستخستنی قازانج و هاوردەی کاڵای قاچاخ دەستیان پێی ڕادەگا، بە چەشنێک لە بەندەرەکانی باشوور و باکووری وڵاتەوە لە ئیسکلەکانەوە مەزەندە دەکرێ بە ملیارد کاڵا هاوردە بکرێ کە بەبێ هیچ کۆنترۆڵ و چاوەدێرییەک و بە بێ دانی هیچ کۆمرۆکێک بازرگانی پێوە دەکرێ.
ئەو کەمە کاڵایەی لە سەر سنوورەکانی ڕۆژاواوە بە هەزاران کێشە و ناخۆشی و ڕێگەی ناخۆشەوە ئاودیو دەکرێ بەدڵنیاییەوە بەرچاو نیە، ئیدیعای کارناسانی حکوومەتیش لەمبارەوە تەنیا کۆنترۆڵ و چاوەدێری زیاتری خاکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و هیچی دیکە.
کۆڵبەری لە کۆمەڵگەیەکدا کە بە هۆکاری ناسیوناڵیستی و ئایدیۆڵۆژی رێژیمی دەسەڵاتدار لەسەر کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی بە چاوێکی سیاسی لێی دەڕوانرێ بەدڵنیاییەوە بیاڤی ئابووریش دەگرێتەوە و دەبێتە هێمای بەرچاوی دەسەڵات لەسەر بیاڤی ئابووری.

* تەها ڕەحیمی لە فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٦.