Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۱ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 12/12/2017 |کاتژمێر:
هزروکولتور

ئیددیعای تیلێرسۆن بۆ گۆڕینی «ئاشتییانەی» ڕێژیمی ئێران، ڕاستە؟ ئەدی دوایە؟

23/07/2017 | 01:38:33
qalam
جاست سێکیوریتی – ئێریک پێلۆفسکی

و: کەماڵ حەسەنپوور
ئێستا لە دیسکۆرسی سیاسیی نێوخۆ، زۆر دەگمەن باسێکی سیاسەتی دەرەوە پتر لە خولێک لە نێو هەواڵەکاندا دەمێنێتەوە مەگەر ئەوەی کە پەیوەندی بە رووسیەوە هەبێ. بەڵام کەمێک پێشتر لەو مانگەدا، هەواڵێکی گرینگ وەک دەنگێکی زۆر لاواز لە ڕاداردا دەنگی دایەوە. لە لێکۆڵینەوەیەکی گشتیی لە کۆنگرەدا، وەزیری دەرەوە رێکس تیلێرسۆن باسی لەوە کرد کە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرامبەر بە ئێران دەبێ، لەگەڵ شتی دی پشتیوانیی بۆ گۆڕینی «ئاشتییانەی» رێژیمیشی تێدا بێ. لە باشترین حاڵەت دا ئەوە ڕەنگدانەوەی ناکارامەیی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ لە بارەی ئێران و لە خراپترین حاڵەتدا، ئەوە نیشاندەری دەستپێکی دەسکەوتی کۆنەپارێزە نوێیەکان لە سیاسەتی ترامپ بەرامبەر ئێرانە.

ئەو دارەی کە کەوتە نێو دارستانەوە
تیلێرسۆن لە وەڵامی پرسیاری ئەندامێکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە لە بارەی هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە گۆڕینی رێژیمی ئێران گوتی: «سیاسەتی ئێمە بەرامبەر بە ئێران ئەوەیە کە پاشەکشە بە هەژمۆنیی ئەوان بکەین، پێش بە توانایی دروستکردنی چەکی ناوەکیی ئێران بگرین و هاوکاریی ئەو لایەنانە لە نێوخۆی ئەو وڵاتەدا بکەین کە ببێتە هۆی گۆڕینی ئاشتیانەی دەوڵەت.» تیلێرسۆن دەڵێ «ئەو لایەنانە بێگومان بوونیان هەیە.»
ڕاپۆرتی نووسراوەی تیلێرسۆن ئەو ئیدیعایانەی تێدا نەبوو. لە جیاتان ئەو گوتی، «رێژیمی ئێران درێژە بە دەست تێوەردان و ناسەقامگیرکردنی خۆرهەڵاتی ناوین دەدا، پشتیوانی لە ڕێژیمی ئەسەد و پشیتوانیی ئابووریی لە میلیشیا و شەڕکەرانی بیانی لە عێراق و یەمەن دەکا بۆ بنکۆڵ کردنی دەسەڵاتی دەوڵەتانی ڕەوا و چەکدارکردنی رێکخراوی تێرۆریستیی وەک حیزبوڵڵا، کە هەڕەشە لە هاوپەیمانی ئێمە ئیسرائیل دەکا و ئێمە و هاوپەیمانەکانمان دەبێ بەرپەرچی هەوڵەکانی ئێران لە ناوچە بدەینەوە.»
بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە ئاخۆ تیلێرسۆن ئەو قسانەی بۆ بەهێزتر کردنی راپۆرتەکەی گوتن یا ئەو شتانەی لەپڕدا بە مێشکی داهاتن، وەڵامی ناوبراو جیاوازییەکی ئاشکرای لەگەڵ قسەکانی پێشووی ئیدارەی ترامپ لە بارەی ئێراندا هەبوو؛ لەوەش زیاتر لەگەڵ سیاسەتی لەمێژینەی ویلایەتە یەکگرتووەکان.
وتەبێژێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕایگەیاند کە «پشتیوانیی ڕاستەوخۆ» لە گۆڕینی ڕێژیمی ئێران سیاسەتێک نیە کە ئیدارەی ترامپ بیری لێدەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەراوەردکردنی ئەو ڕەتکردنەوە دەستبەجێ و شڵەژاوە لەگەڵ بۆچوونی وەزیری کاروباری دەرەوە کە لە کۆنگرەدا شاهیدی دەدا ئاسان نیە. جگەلەوە لە کاتێکدا کە پرۆسەی چاوخشاندن بە سیاسەت [بەرامبەر بە ئێران] بەردەوامە، ئەو دڵنیاکردنەوەیە ناتوانێ بەڵێنیی بدا کە خاڵی گۆڕینی رێژیمی تێدا نابێ، بەتایبەتیی کە تیلێرسۆن یاریکەری سەرەکی لەو پێداچوونەوەدایە. هەر بۆیە ئەوە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرامبەر ئێران هێندەی دیکە لێڵ و تەمتوماوی دەکا.

کاردانەوەکان لە ئێران
هەرچەند کە ئەو هەواڵە لە واشینگتۆن هەرایەکی نەنایەوە بەڵام ئێرانییەکان چاک پێی هەڵبەزینەوە. تاران ناڕەزایەتیی خۆی لە چەند شوێنێک دەربڕيی. لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لای سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان و، لای باڵوێزی سویس لە ئێران کە دەوڵەتەکەی لە ساڵی ١٩٨٠ وە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانە.
دەوڵەتی ئێران چەند نامەی بڵاو کردنەوە کە لەواندا قسەکانی تێلێرسۆنی وەک «نەخشەیەکی دەستتێوەردانی بێشەرمانە کە بە پێچەوانەی گشت پێوانە و پرەنسیپەکانی یاسای نێونەتەوەییە، هەروەها بە پێچەوانەی پێڕەوی نەتەوە یەکگرتوەکان و نیشاندەری ئاکاری ناپەسەند لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان» ناوبردوو. ئێرانییەکان لەوەش زیاتر چووبە پێشێ و گوتیان کە ویلایەتە یەکگرتووەکان رێکەوتننامەی ئەلجەزایریان (ئەو رێککەوتننامەیە کە کۆتایی بە قەیرانی بارمتەکان هێنا) ژێرپێ ناوە کە دەڵێ [ئامریکا] نابێ راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ دەست لە کاروباری نێوخۆی ئێران وەردا.
ئیدارەی ترامپ چاو بە سیاسەتی بەرامبەر بە ئێران دا دەخشێنێ، بەڵام ئێمە دەبینین کە بە چ ئاقارێکدا دەڕوا. وێدەچێ کاربەدەستان لەسەر هەڵویستێکی سێ بەرەیی کار بکەن کە ئامانجەکەی یەکەم سەپاندنی «بەرجام» بە شێوەیەکی چڕوپڕ و ئاماژە بە کەموکوڕیی و هەڵەکان (راستەقینە و هەست پێکراو)، دووهەم لاوازکردنی نفوزی ناوچەیی ئێران لە هەرشوێنێک کە بلوێ، و سێهەم بەهێزکردنی هاوپەیمانەکانمان لە ناوچە لە دژی ئێران.

ڕۆژێکی نوێ و شایەکی نوێ لە عەڕەبستانی سعودی
حەوتووی رابردوو، واشینگتۆن بەرەوڕووی دیمەنێکی نوێ لە عەڕەبستانی سعودی بۆوە، کە شازادەیەکی جێنشین (موحەممەد بین نایف) مەیدانەکەی بۆ شازادەیەکی جێنشینی نوێ (موحەممەد بین سەلمان) کە پیرۆزبایی و بڕیاری وەفاداریی پێگەیشت، جێهێشت.
موحەممەد بین سەلمان وەک ئەندازیاری قەیرانی یەمەن سەیر دەکرێ و هەروەها دەوری سەرەکیی لە لایەن سعودییەوە لە قەیرانی قەتەردا بینیوە. ئێستا، کە ئەو جێپێی خۆی وەک جێنشین بۆ پاشایەتیی قایم کردووە، ویدەچێ بەرپرسی سەرەکیی سیاسەتی کاروباری دەرەوەی عەڕەبستانی سعودی بێ. لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنییدا موحەممەد بین سەلمان هەڕەشەی لە ئێران کرد کە «هەوڵ بدا کە شەڕ لەگەڵ ئێران لەنێوخۆی ئێران دا بکا نەک لە عەڕەبستانی سعودی.» بێ گومان بەرنامەی سعودی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵە ناوچەییەکانی ئێران چڕتر دەبنەوە، جا ئەوە لە یەمەن، قەتەر یا هەرشوێنێکی دیکە بێ.
لە یەمەن بواری سەربازیی بە شێوەیەکی گشتیی تووشی دۆخی کوێر بووە و دانوستانە سیاسییەکانیش لە سەرەمەرگ دان.
قەیرانی قەتەر لە هی یەمەن دژوارترە، بەڵام سەرئەنجامەکەشی زۆر نادیارە. دەوڵەتانی سعودی و ئیمارات نیگەرنیی قووڵی خۆیان لەبارەی پشتیوانیی قەتەر لە ئیسلامیست و گروپە تووندئاژۆکان دەربڕێوە و ئابلۆقەیەکی بەربڵاوی ئابووریی و ئاسمانییان بەسەری دا سەپاندوە. لەو دواییانە دا داواکارییەکی ١٣ خالیی بۆ هەڵگرتنی ئابلۆقەکان پێشکەشی قەتەر کراوە، بەڵام بەربڵاویی داواکارییەکان وێناچێ هیچ رێگا چارەیەکی خێرا بۆ قەیرانەکە بهێڵێتەوە.
لە یەمەن و قەتەر، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرژەوەندیی بەرچاوی هەن و هەندێک یارمەتیی بە هەوڵەکانی سعودی و ئیماراتی گەیاندووە. سیاسەتی دەرەوەی سعودی بەرامبەر بە ئێران لەوانەیە فۆرمێکی چالاکتر بگرێتە خۆ. بڕیارەکانی داهاتوو لە بارەی ئێران دەتوانێ لە لایەن خاوەن بەرژەوەندییەکانی ناوچە لەبار ببرێ یا بە هۆی رووداوی چاوەڕوان نەکراو خێرا بکرێ (بۆ وێنە وەک رووبەڕووبونەوەیکی تر لە ئەلتەنف یا دەوروبەری ئەوێ). لە هەر حاڵدا، دەبێ بەڕێوەبەرایەتیی بە سەرنج و دیققەتێکی زۆرەوە ئەو بڕیارانە بدا.

دوایە چێ؟
بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ دەبێ بە جیددی بیر لەوە بکاتەوە کە ئاخۆ گٶڕینی رێژیم، چ ئاشتییانە یا بە شێوەیەکی دی، کارێکی ژیرانەیە بەرامبەر بەو موشکیلانەی کە ئێران درووستیان دەکا. وا باشترە ئەو کارە پێش ئەوەی کە وڵاتانی دیکە پێشنیاری دی پێشکەش بکەن ئەنجام بدرێ. ئەو «لایەنانەی نێوخۆی ئێران» کە تیلێرسۆن ئاماژەی پێکردن کە لایەنگری گۆڕینی رێژیمن، هەر چی بن بە نێشاندانی بوونیان بەهێزتر نابن، بە تایبەتیی ئاشکراکردنیان یا ئاماژە بەوەی کە یارمەتیی بیانییان پێ دەگا. بە تایبەتی ئەگەر کاربەدەستانی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەوە بڵێن. لە جیاتان، وتەکانی تیلێرسۆن رەسەنایەتیی ئەو «لایەنانە» لە ناو سیستەمی ئێران دێننە ژێر پرسیار و بیانوویەک دەدەنە دەوڵەتی ئێران کە جارێکی تر بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە خەڵکی وڵاتەکەی بکاتە ئامانج (جا ئەوە لەبەر گۆڕینی رێژیم بێ یا هەر شتێکی دی).
لەگەڵ بەرەوپێش چوونی پرۆسەکە لە واشینگتۆن، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێ وریا بێ کە بە شێوەیەکی نەخوازراو وەدوای سیاسەتی گۆڕینی رێژیمی ئێران نەکەوێ. ئەوە بە قازانجی بەرژەوەندیی کورتخایەن و درێژخایەنی ئامریکا نییە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٦.