ڕاوێژکارێکی وەزیری دەرەوەی رووسیە رایدەگەیەنێ، کە سەرۆکی ئەو وڵاتە ئامادەیە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە و هەروەها ئەوەشی گوت کە وڵاتەکەی دژی ریفراندۆم نیە.
لە دیدارێکی یوری نەبەیف، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی یەکیەتیی سۆڤیەت و والێریان شۆڤایڤ، ڕاوێژکاری سێرگی لاورۆڤی وەزیری دەرەوەی رووسیە، پێداگریی لەوە کراوەتەوە، کە ”رووسیە بەهیچ شێوەیەک دژی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ناوەستێتەوە ە هەروەها ئەوەشی گوت کە ”ولادیمێر پوتین ئامادەیە پێشوازی لە مەسعود بارزانی بکات“.
سەرچاوەیەکی بەشدار لەو کۆبوونەوەیەدا راگەیاندووە، والێری شۆڤایڤ لە کۆبوونەوەکەدا گوتویەتی، کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی ریفراندۆم ”لە بەرژەوەندیی کورد دەبن“.
ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوەی رووسیا ئامادەیی وڵاتەکەی نیشان داوە، کە لە ئەگەری هەر سەردانێکی شاندی کوردستان بۆ رووسیە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان، ”لە ئاستی هەرە بەرز پێشوازیان لێ بکا“.
والێری شۆڤایڤ لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها رایگەیاندووە، کە ولادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیە ”بە خۆشحاڵییەوە ئامادەیە“ پێشوازیی لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکا.