دەوڵەتی کوەیت ناوەندی پێوەندییە فەرهەنگییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەو وڵاتە داخست و داوای کردوە لە ئێران کە رێژەی دیپلۆماتەکانی خۆی لە کوەیت کەم بکاتەوە.
کاناڵی هەواڵدەریی “ئسکای نیوز” رۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە کوەیت هاوکات لە گەڵ داخستنی ناوەندی پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ، داوای کردوە دیپلۆماتەکانی خۆی لەو وڵاتە کەم بکاتەوە.
دەوڵەتی کوەیت ئەم بڕیارەی بە بیانووی پەروەندەی گرووپی “ئەلعەبدولی” دەرکردوە. بە پێی ئەو دوسییەیە کوەیت، کۆماری ئیسلامی بە هەبوونی پێوەندی گرتن لە گەڵ ئەو گرووپە بە تاوانبار دەزانێ.
بە پێی هەواڵی ئسکای نیوز دەوڵەتی کوەیت هەم ناوەندی پێوەندییە فەرهەنگییەکانی کۆماری ئیسلامی داخستوە هەم نوێنەرایەتی نیزامیی ئێران و هەروەها مۆڵەتی چەند رۆژەی داناوە هەتا بەشێک لە دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو وڵاتە بە جێبهێڵێن.
شایانی باسە ٢٢ی گەلاوێژی ساڵی ٩٤ی هەتاوی دەوڵەتی کوەیت ڕایگەیاند کە گرووپێکی توندڕەو تیرۆریستی بەناوی “ئەلعەبدولی” دەسبەسەرکردوە
کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و حزبوڵلای لوبنان پێوەندییان هەبووە.
لەم دواییانە رۆژنامەی “ئەلسیاسەت” لە زاری چەند کەس لە بەرپرسانی پایەبەرزی کوەیت بڵاوی کردەوە کە ١٤کەس لە ئەندامانی گرووپی ناوچەی ئەلعەبدولی، دوای دادگایی کردن بۆ ئێران هەڵاتوون
جێی ئاماژەیە هەرکام لەو ١٤کەسە لە لایەن دادگای کوەیتەوە زیندانی دوور و درێژیان بۆ بڕاوەتەوە.