ئەمساڵیش، لە دووحەوتوو بەر لە هاتنی ٢٢ی پووشپەڕەوە، رۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی دیکە ڕوخسارە شۆڕشگێڕانەکەی خۆی نیشان دایەوە. هۆگرانی ڕێگا و ئامانجەکانی د.قاسملووێ شەهید لە هەر چوار پارێزگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام، دووبارە قۆڵیان لە بەرز ڕاگرتنی یادی ڕێبەری شەهید د.قاسملوو هەڵماڵییەوە. سەرەڕای شەپۆلی گرتن و ڕاوەدوونانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و نیشاندانی چەنگ و ددانی خوێناوی لە لایەن سوپای پاسداران و “ئیتلاعات” بە دوای سیناریۆی ١٧ی جۆزەردانی تاراندا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تیرۆری ڕێبەری لێوەشاوەی خۆیان لە شاری ڤییەنیان لەبیر نەکرد و لە ٢٨ ساڵەی شەهید کرانیدا. بوێرانەو راشکاوانە، یادی د.قاسملوویان کردەوە. بازنەی چالاکییەکانی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕی دۆستان و دلسۆزانی حیزبی دیموکرات و هۆگرانی بیر و ئامانجەکانی د.قاسملوو هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا قەتیس نەمایەوە و شاری تارانیشی گرتەوە.
لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوودا، کەم ناوچە و شار و گوند و ڕێگا و بان و شوێنی گشتیی کوردستان هەبووە، چالاکیی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ و مەحکوومکردنی ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەیگرتبێتەوە. تەنانەت دامەزراوە دەوڵەتییەکان و بنکەکانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش، لە هەڵمەتی تەبلیغاتیی هۆگرانی ڕێگا و ئامانجی د.قاسملوو لە ئەماندا نەبوون. ئەم هەڵمەتە سەرانسەری و گشتگیرە، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێر و نووسینی دروشمی تایبەت بە تیرۆری ڤییەن و وەفاداری بە ڕێگای ڕێبەری شەهید د.قاسملوو، بە هەڵاوەسین و جێگیر کردنی ئالای کوردستان و وێنەی د.قاسملووی شەهید لە شوێنە بەرچاوەکان، بە وەبیرهێنانەوەی تیرۆری ٢٢ی پووشپەڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا و ناردنی سروود و فایلی دەنگی و تەسویری و وتە و بابەتی تایبەت بەم بۆنەیە بۆ خەڵکی تامەزرۆ، دیسان بە ڕێژیمی تیرۆریستی ئێرانی سەلماندەوە کە خۆشەویستیی د.قاسملوو و حیزبی دیموکرات و وەفاداری بە ئامانجەکانیان، بە هیچ هێزێک لە دڵ و یادی خەڵکی کوردستان ناسڕێتەوە.
ئەم بەشدارییە بەرین و بوێرانەیەی لاوانی کوردستان لە بەرز راگرتنی یادی د.قاسملوو دا و پێشوازی و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە چالاکییەکانی پیوەندیدار بەم یادە، لە لایەکەوە نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداری لە گەڵ ڕێبەری شەهید د.قاسملوو و درێژەدەرانی ڕێگای ئەو ڕێبەرە مەزنە بوو، لە لایەکی دیکەشەوە پێداگرتنەوە بوو لە سەر پێویستیی کرانەوە و وەگەڕکەوتنەوەی پەروەندەی تیرۆری ڤییەن لە لایەن دەوڵەتی ئوتریشەوە. شێلگیر بوونی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر بەرزراگرتنی یادی د.قاسملوو لە هەر بارودۆخێک دا، سەلماندنی ئەو راستیەیە کە هەتا ڕێبەران و بڕیاربەدەستانی تیرۆریست و تاوانکار، جڵەوی دەسەڵاتیان لە ئێران بە دەستەوە بێ، تا ئەو کاتەی پەروەندەی ئەم تیرۆرە لە لایەن دادگایەکی خاوەن سەلاحیەتەوە بڕیارێکی دادپەروەرانەی لە سەر نەدرێ، و هەتا گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر سەرکوت و بێمافی دابێ، کوردستانی سەربەرز و ئازادیخواز بە چۆک دانایە و لە خەبات و نارەزایەتیدەربڕین و بەربەرەکانی لە گەڵ ڕێژیمی دیکتاتۆر و تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی و هێز و دامەزراوە جینایەتکارەکانی، ناوەستێ.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ڕێز و پێزانینی خۆی بەرامبەر بەشداریی بەرینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرزڕاگرتنی یادی د.قاسملوو دا، ڕادەگەیەنێ و گەرمترین سوپاسیان پێشکەش دەکا. خەڵکی کۆڵنەدەر و بەهەڵوێستی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە دڵگەرم بە پشتیوانی و هاودڵیی ئەوان، لە درێژە دانی ڕێگای د.قاسملوو و، خەبات لە پێناوی ئەو ئامانجانەی ئەو ڕێبەرە و سەدان و هەزاران تێکۆشەری دیموکرات و گەلی کورد گیانیان لە پێناودا بەخت کرد، بەردەوام دەبین.
سەرکەوتن بۆ خەباتی شۆڕشگێڕانە و حەقخوازانەی خەڵکی کوردستان،
هەر بەرز و گەشاوە بێ ناو و یادی ڕێبەری لێهاتوو، شەهید د.قاسملوو،
ڕیسوایی و نەمان بۆ ڕێژیمی دژە کورد و تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
١٥/٧/٢٠١٧
٢٤ی پووشپەڕی ١٣٩٦